خـێزانـەكــــــــەم منـی كـردە كـچێكی قـەیـرە

خـێزانـەكــــــــەم منـی كـردە كـچێكی قـەیـرە
هەر مرۆڤێك كاتێك لەدایك دەبێت بەبێ خواستی خۆی دێتە دنیاوە، بۆیە نازانێت چی لەچارەنووسیدا دیاری كراوە.

یەكێك لەو چارەنووسانەی هەموو تاكێك پیادا تێپەڕدەبێت پرۆسەی هاوسەرگیریە، دەوترێت ژیانی هاوسەرێتی وەك پشت و پەنایەك وایە بۆ ئافرەتان، بەڵام ئەی ئەگەر زەواجی نەكردبێت داهاتووی چۆن دەبێت، بۆیە دەبینین ئەگەر كچێك شووی نەكردبێت پێی دەڵێن قەیرە بووە و چارەنووسی ژیانی بەرەو ئاقارێكی دیكە دەڕوات، هەرچەندە قەیرەبوون هەردوو رەگەز دەگرێتەوە، بەڵام بۆ كچ قورستر دەكەوێتەوە، تا رەگەزی نێر.

ئەوەی لەژیانی (گێلاس)دا دەبیستین چەندین خوێندنەوەی جیاواز بۆ خێزانەكەی دەكەین كە چۆن كردیانە قوربانی بیركردنەوە و بەرژەوەندیە تایبەتییەكانی خۆیان.

گێلاس هەرچەندە ئێستا تەمەنێكی تێپەڕاندووە، بەڵام بەروخساریدا دیارە كە لەگەنجیدا كچێكی شۆخ و شەنگ بووە، هەروەك خۆی دەڵێت ئەم جوانیە بووە هۆكارێك بۆ قەیرەبوونم!
گێلاس دەڵێت: ماڵمان لەگەڕەكی مەڵكەندی شاری سلێمانی بوو، پێنج برام هەبوو، هەمیشە دایكم پێی دەووتم كچی خۆم دەبێت تۆ شوو بەكەسێك بكەیت كە بەدڵی براكانت بێت، ئەگەرنا نابێت شوو بەكەسێك بكەیت ئەوان پێیان خۆش نەبێت، چەنێك دایكم ئەو قسەیەی دەكرد لەدڵەوە پێم ناخۆش بوو دەموت: بۆچی دایكم ئەوەندە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت كە من دەبێت بەخواستی براكانم شوو بكەم.

چۆن یەكترمان ناسی
لەگەڕەكەكەماندا، كوڕێك هەبوو زۆرجار بە بەردەم ماڵماندا تێدەپەڕی زۆر سەرنجی دەدام، نەمدەزانی ئەو كوڕە كێەو ماڵیان لەكوێیە؟ بەڵام كاتی تێپەڕبوونیم دەزانی، رۆژانە لەوكاتەدا لەدەرگای ماڵەوەمان سەرێكم دەهێنایە دەرەوە تا بیبینم، رێدەكەوێت بۆ چەند جارێك ئەمەم دووبارە دەكردەوە. خێزانەكەمان، خێزانێكی خوێندەوار بوون، بەهۆی ئەوەوە رێگەی ئەوەم پێدرابوو كە بێ بەش نەبم لەخوێندن، تەنیا شتێك كە خۆمم پێ سەرقاڵكردووە لەژیانی خۆمدا ئەوەیە كە توانیم بەهۆی خوێندنەكەمەوە لەیەكێك لەفەرمانگەكان دابمەزرێم.

هەموو دەمەو ئێوارانێك ببووە خویەك دەبوو ئەو كوڕەم هەر ببینیایە بەبێ ئەوەی یەك وشە لەگەڵ یەكدا بڵێین، لەگەڵ ئەوەشدا هەستم دەكرد ئەویش وەك من وابێت رۆژانە حەز بەبینینم بكات، بۆیە زۆر جار لەهەمان كاتدا بە بەردەم ماڵماندا دەڕۆیشتەوە. ئەم چاوەڕوانیە زۆری خایاند، بەڵام لەخەیاڵی خۆمدا كەسێكی زۆر گرنگ بوو لەژیانمدا، تا رۆژێك بەشێوەیەك رێككەوت قسە بكەین، كە هەرگیز چاوەڕێم نەدەكرد، بەڵام من وای بۆچووم خۆی ئەمەی رێكخستبێت، ئەگەرنا چۆن بەو شێوەیە دەبێت.

رۆژێك لەدەرگای ماڵمان درا، منیش چووم بزانم كێیە؟ كە چووم بینیم هەمان ئەو كوڕەیە كە رۆژانە بە بەردەم ماڵماندا تێپەڕ دەبێت، ئەوەندە شپرزە بووم نەمزانی چی دەڵێم، هەواڵی ماڵێكی لێ پرسیم و منیش وتم نازانم و یەكسەر دەرگاكەم داخستەوە. ئیتر هەموو گیانم كەوتە لەرزین، نەمدەزانی چیم بەسەر هاتووە.

پاش ماوەیەك كوڕێكی مامم هاتە خوازبێنیم، كەدایكم پێی وتم دەبێت شووی پێ بكەیت، وام دەزانی زۆری رق لێمە بۆیە وام پێ دەڵێت، ماوەیەك بێدەنگیم لێكرد سەرلەنوێ پێیان وتمەوە، بەڵام ئەم جارەیان دایكم پێی نەوتم، بەڵكو براكەم پێی وتم كە دەبێت شوو بەكوڕە مامەكەم بكەم، منیش پێم وت خۆشم ناوێت و شووی پێناكەم. هەرچەندە ئەوەم لەلا روون نەبوو ئەو كوڕە بێتە داوام، بەڵام لەناخەوە هەر چاوەڕێم دەكرد.
دیاربوو ئەویش زیاتر لەمن تامەزرۆ بوو بۆ بینینم، خۆی پێنەگیراو رۆژێك دایكی ناردبوو بۆ ماڵە دراوسێكەمان تا بزانێت من كێم و كچی كێم؟ كاتێك لەلایەن دراوسێكەمانەوە ئاگادار كرامەوە بۆ مەسەلەیەكی وا خەریك بوو لەخۆشیدا شاگەشكە بم چۆن شتی وابووە. منیش ئەوەندەی تر كەوتمە ململانێی لەگەڵ دایك و براكانم. بێگومان هەروەك چۆن ماڵی مام هاتنەوە داوام بەهەمان شێوەش ئەو ماڵەش هاتنە داوام، بەبێ ئەوەی هیچ قسەیەك لەسەر كوڕە مامەكەم بكەم بەدایكمم وت من شوو بە (كەمال) دەكەم، بەم قسەیە ئەوەندەی تر دایكم لێم توڕە بوو كە چۆن قسەی براكانم دەشكێنم بۆ كوڕێكی نەناسراو.

پەشیمان نیم لەبڕیارەكەم
لەسەر ئەم بابەتەی من بوو بەشەڕ و ناخۆشی، لەلایەك خێزانەكەمان لێم توڕەبوون، لەلایەكی تریشەوە خودی مامم تەدەخولی دەكرد، منیش بەقسەی كەسیانم نەكرد، ئەم شەڕ و ئاژاوەیە بۆ چەند رۆژێك درێژەی كێشاـ تا لەكۆتاییدا برا گەورەكەم كەوتە عینادی و وتی شوو بەهیچیان ناكەیت، بەڕاستی ناخۆشترین شت لەژیانمدا گوێبیستی بووبێتم هەر ئەوە بووە. منیش نەمدەتوانی پێ لەسەر ئەوە دابگرم كە دەمەوێت شوو بە(كەمال)بكەم، چونكە ئەو كاتە عادەت و نەریت بەو شێوەیەی ئێستا نەبوو كە گفتوگۆ لەگەڵ برا و باوك بكەیت بۆئەوەی ئەو كەسەی خۆت خۆش دەوێت شووی پێی بكەیت. بۆیە ناچاربووم شوو بەو كەسە نەكەم كە بەدڵ خۆشم دەویست، بەڵام لەگەڵ خۆم پەیمانێكم بەست هەرگیز شوو بەكەسی تر نەكەم، هەرواش بوو شووم بەكەسی تر نەكرد، هەرچەندە داواكاری و خوازبێنیەكی زۆرم هەبوو.

لەسەر مەسەلەی شووكردنی من چەندین جار لەگەڵ براكانم لێم بۆتە ناخۆشی و دەنگە دەنگ، چەندین جار تووشی تانە بوومەتەوە لەلایەن كەسوكار و دەوروبەرمەوە، پێم دەڵێن تۆ لەبەرخاتری كەسێك خۆت كردووە بەقەیرە كە ئەو، ئەو وەفایەی تۆی لەبەرچاو نەبووە، بەڵام توانیومە زاڵ بم بەسەر خۆمدا و هەموو ئەو قسانە پشتگوێ بخەم، ئێستاش هەركاتێك بمەوێت ئەو كوڕە (كەمال) دەبینم كە خۆشم ویستووە، چونكە دەزانێت لەسەر ئەو بووە من شووم نەكردووە، بەڵام ئەو وانەبوو ژنی هێنا، هەرچەندە تا ئێستا داوای لێكردوم شووی پێ بكەم، رازی نەبووم دەمەوێت هەر بەكچێنی بمێنمەوە لەگەڵ ئەو هەموو ناخۆشی و زەحمەتیەی لەژیانمدا دێتەپێشم.
Top