چاوان و زەبری رۆژگار و ماڵەباوان..

چاوان و زەبری رۆژگار و ماڵەباوان..
چاوان، ئەو كچەی هەروەك هاوڕێكانی باسیان دەكرد كە چەند كچێكی گونجاو بووە لەرووی مامەڵەو هاوڕێیەتیەوە، بەڵام ئەو بڕیارەی كە دابووی بووە هۆی كۆتایی هاتن بەژیانی، نەمزانی چۆن بیری لێكردۆتەوە.
هەموو كەسێك لەژیانیدا بەرنامەیەكی تایبەتی هەیە و هەوڵی بۆ دەدات، یەكێك لەو بەرنامانە پرۆسەی خوێندنە، خوێندن باشترین رێگەیە بۆ بەدەستهێنانی داهاتووەیەكی باش، بەڵام ئایا لەقۆناغەكانی خوێندندا دەگەینە چ ئاستێك؟ ئەمە پێویستی بەكۆشش و ماندوبوونێكی زیاتر هەیە، سەرنەكەوتن لەیەكێك لەقۆناغەكانی خوێندن نیشانەی ئەوە نییە كە مرۆڤێكین ناتوانین ئاستەكانی دیكە ببڕین، هەرچەندە ئەمە لەلای هەموو كەسێك بەو شێوەیە نییە، بۆیە كاتێك ژیان و بیركردنەوەی چاوان دەخوێنینەوە، دەبینین مرۆڤێك هەبووە كە زۆر پەرۆشی خوێندن بووە، بەڵام خێزانەكەی ئەم پەرۆشیەی نابینن:

مردنی دایكی چاوان
خێزانی چاوان، خێزانێك بوون كە لەرووی داراییەوە زۆر باش نەبوون، نەهامەتییەكانی ژیان بۆ چركەساتێكیش بەرۆكی ئەم خێزانەی بەرنەداوە، یەكە بەیەكەی ئەم خێزانەی كردۆتە كەسێكی ئیشكەر و خەمخۆر بۆ پارووی رۆژێكیان، باوكی چاوان كە بەكاری كرێكارییەوە سەرقاڵ بووە بۆداهاتێكی كەم، هەروەها دایكیشی بۆئەوەی بژێویان باشتر بێت، بڕیار دەدات دەست بكات بە نان كردن بۆ ماڵان، گێلاس كە دایكی چاوانە، بۆماوەی زیاتر لەساڵێك نانكەری دەكات و لانی كەم خەرجی رۆژانە لەسەرشانی مێردەكەی لادەبات.
لەبەیانیەكی زوودا لەكاتی خۆئامادەكردن بۆ نانكردنی ماڵێك بەهۆی گڕگرتنی پەرەمێزەكەوە، دایكی چاوان ئاگر لەجەستەی بەردەبێت و زۆر بەسەختی دەسووتێت، پاش مانەوەی بۆ چەند رۆژێك لەنەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات.

بێگومان خێزانێك كە هێشتا مناڵەكانی بچووكن پێویستیان بەكەسێك هەیە خزمەتیان بكات، باوكی چاوان بیر لەژن هێنان دەكاتەوە تا ئەو پێنج منداڵەی كە هەیەتی بۆی پەروەردە بكات، كە باوكی چاوان ژنی هێنا، چاوان لەپۆلی دووی ناوەندی بوو.

هاتنی كەسێكی تر بۆ ناو خێزانێك بۆ جێگرتنەوەی دایك شتێكی قورسە و هەروا بەئاسانی قبوڵ ناكرێت، جگەلەوەی باوەژنەكەیان چەندە بیانووی بە باوكی چاوان و مناڵەكان دەگرت، بەڵام هەر قبوڵیان بوو، ئەم خێزانە دووبارە وەك پێشوو نەهامەتی بێ پارەیی یەخەی گرتنەوە، بەڵام ئەمجارەیان باوەژنەكەیان نانكەری بۆ ماڵان ناكات، بەڵكو بیر لەوە دەكاتەوە، منداڵەكانی واز لەخوێندن بهێنن و بچن لەبازاڕ كارێك بكەن. ئەم بیركردنەوەیە لەلایەن باوكی چاوانەوە شتێكی باش نەبوو، چونكە هەموو خەمی ئەو تەواوكردنی خوێندنە لەلایەن منداڵەكانیەوە ئیتر چۆن ئێستا لەخوێندن دەریان دەهێنێت و كاریان پێدەكات، بۆیە ئەم بۆچوونەی بەباش نەزانی و قبوڵی نەكرد.

باوەژنەكەیان بەم بۆچوونە زۆر توڕە بوو، هەردەگەڕا بۆ شتێك كە ئەو مناڵانە لەو ماڵە دووربخاتەوە، لەكۆتاییدا وتی ئەگەر لەخوێندن سەركەوتوو نەبن و نمرەی باش بەدەست نەهێنن، ئەوا من ئامادەیی ئەوەم نییە بەخێویان بكەم و خزمەتیان بكەم، باوكی چاوان ئەم بۆچوونەی زۆر بەلاوە باش بوو وتی هاندەرێكی باشە بۆ ئەوەی زیاتر هەوڵ بدەن.

خۆسوتاندنی چاوان
یەكێك لە منداڵەكان چاوان بوو، لەخوێندندا زۆر باش نەبوو، بەتایبەت لەدوای مردنی دایكی ئەوەندەی دیكە خراپتر بوو، هەروەك هاوڕێكانی باسی دەكەن رۆژ هەبووە كە چۆتە قوتابخانە بەچاوی پڕ فرمێسكەوە چووە و باسی خراپی باوەژنەكەیانی كردووە، و وتویەتی: ناوێرم ئەم خراپیەی باوەژنەكەم تەنانەت بۆ باوكیشم باس بكەم دەترسم باوەڕم پێ نەكات.

ئەم خراپیە زۆر كاریگەری لەسەر لایەنی دەروونی چاوان دروست كردبوو، نەیدەتوانی وەك پێویست بخوێنێت و لەوانەكاندا دەربچێت، لەو كاتەشدا تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ دەستی پێكرد، رۆژانە قسەمان لەگەڵ چاواندا دەكرد كە گرنگی زیاتر بە وانەكانی بدات بۆئەوەی دەربچێت و لەماڵەوە كێشەی بۆ دروست نەكەن.

ئەو رۆژەی نمرەی كۆتایی ساڵمان وەرگرت ناخۆشترین رۆژ بوو بۆ چاوان، چونكە لە دوو وانەدا دەرنەچوو بوو، كاتێك نمرەكانی وەرگرت و گەڕایەوە بۆ ماڵەوە زۆر دەترسا: وتی دەبێت لەماڵەوە چی رووبدات؟ بێگومان كە گەیشتبووە ماڵەوە باوەژنەكەی لێی پرسی بوو كە دەرچووە یان نەْ ؟ چاوانیش لەبەر گریان نەیتوانیوە وەڵام بداتەوە، باوەژنەكەی دەیكات بە هاوار و دەنگە دەنگ كە بۆچی دەرنەچووە، خۆی پێناگیریت و تەلەفۆن بۆ باوكی چاوان دەكات، بەڵام باوكی زۆر بە ئاسایی وەری دەگرێت، بەمە چاوان دێتەوە سەرخۆی، بەڵام باوەژنی هەست بەوە دەكات لەو ماڵەدا گرنگی بەقسەكانی نادرێت لەبەرامبەر ئەوەدا هەوڵ دەدات قسەی خۆی بباتە سەر، بۆیە داخی دڵی بە براكانی چاوان دەڕێژێت و بەهەرشێوەیەك بێت قەناعەت بە باوكیان دەكات بیانرێت بۆ بازاڕ تا كارێك بكەن، هەرچەندە براكانی چاوان زۆر منداڵیش دەبن، بەڵام بۆ چەند رۆژێك هەر دەچنە بازاڕ و كار دەكەن.

چاوان زیاتر لەجاران دەترسا ئەگەربێت و لەتاقیكردنەوەی دووەمدا دەرنەچێت، زۆر هەوڵی دەداو زیاد لەجاران دەیخوێند، بەڵام نەهامەتی بەهیچ جۆرێك لەم خێزانە دوورنەدەكەوتەوە، ئەمجارەش چاوان وانەیەكی دیكەی بۆ هاتەوە، كاتێك نمرەكانی وەرگرت و گەڕایەوە بۆ ماڵەوە بەباوەژنەكەی نەوت كە نمرەی وەرگرتووە، بەڵكو بەدزییەوە تەلەفۆنی بۆ باوكی كرد و پێی وت، بەڵام باوكی خراپتر لەباوەژنەكەی چەندین قسەی ناخۆشی پێ وت.

كاتێك ئێوارە گەڕایەوە بانگی چاوانی كردبوو و لەبەرچاوی خوشك و براو باوەژنەكەی زۆری لێدابوو، لەبەرامبەر ئەوەی بۆچی دەرنەچووە، هەرچەندە چاوان هاواری كردووە كە ئەمساڵ نەیتوانیوە بەباشی بخوێنێت، سوودی نەبووە، بگرە ئەمە بووەهۆ ئەوەی كە باوەژنەكەشی توڕە بكات، لەدوای ئەوەی باوكی ماندوو دەبێت كە ئەوەندە لەچاوان دەدات، چاوانیش دەچێتە سەربان و نەوت بەخۆیدا دەكات و ئاگر لەجەستەی خۆی بەردەدات، هیچ هاوارێكیش ناكات تا ماڵە دراوسێكانیان دەیبینن، بەڵام لەو كاتەدا تەواوی جەستەی سووتابوو، دوای ئەوەی 3 رۆژ لەنەخۆشخانە دەمێنێتەوە گیان لەدەست دەدات.
هەرچەندە هاوڕێكانی باسیان لەوە دەكرد، لەدواییدا باوكی زۆر پەشیمان بۆتەوە لەوەی چۆن توانیویەتی لەچاوان بدات، چونكە هەرگیز لەژیانیدا بۆ جارێكیش لێیان توڕە نەبووە، چۆن لەوكاتەدا توانیویەتی ئەو بڕیارە خێرایە بدات.
Top