(فێنك) بەهەزار دەردە سەری لە فەرمانگەیەك دامەزرا

(فێنك) بەهەزار دەردە سەری لە فەرمانگەیەك دامەزرا
هەموو كەسێك بایی خۆی ناخۆشی و مەینەتی لە ژیانیدا دەبینێ، بەڵام كەم كەس هەیە ئامادە بێ بەسەرهاتەكانی خۆی بۆ رۆژنامەیەك یا گۆڤارێك بگێڕێتەوە كە خەڵكێكی زۆر بیخوێننەوە. لێ چونكە مرۆڤ بەهۆی ئێش و ئازاری ئەو دەردەسەری و مەینەتییانەوە كە دووچاری كراوەتەوە هەستدەكات سووكایەتی پێكراوە و لەناخەوە هەستی بریندار بووە، بۆیە، ئامادەن بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە. بۆ ئەوەی لەسەرێكەوە كەسانی دیكە ئەزموون لە بەسەرهاتەكەی وەرگرن و نەكەونە تەڵەی ئەو جۆرە كەسانەی كە بە خراپی و بێویژدانانە پێگە و دەسەڵاتی دارایی و كارگێڕی خۆیان بۆ مەرامە ناپەسندەكانیان بەكاردێنن و دەستدرێژی دەكەنە سەر كەسایەتی و ئابڕووی خەڵكانی دی. هەمیش وەك گەڕانەوەی جۆرێك لە ئیعتیبار بۆ زاتی خۆیان ئامادەن بەشێك لە ئەزموونی ژیانیان بیگێڕنەوە. (فێنك) هەر لەو سۆنگەیەوە بوو كە ئامادە بوو بەسەرهاتی دامەزراندنی خۆیمان وەك فەرمانبەر بۆ بگێڕێتەوە كە چۆن كەسی دەستڕۆیشتوو لەوەختی پێشكەشكردنی مامەڵەكەی هەبووە، كۆسپی بۆ دروستكردووە و بۆ دەست گەشتن پێی فشاری خستۆتە سەر. (فێنك) ئێستا تەمەنی بیستو چوار ساڵێكە، كچێكی تا بڵێیی جوان و قەشەنگ و نازدارە. ئەو هەر لەبەر جوانییەكەی دووچاری فشار و وەڕس كردن ببۆوە. ئەمڕۆ دوو ساڵێك دەبێ كە بەسەر دامەزراندنیدا وەك فەرمانبەر رەتبووە، بەڵام هێشتا رۆژانی پڕ زەحمەت و دژواری خەریكبوونی بە راییكردنی مامەڵەی دامەزراندنەكەی لە بیرنەچۆتەوە. (فێنك) كە داواكاری دامەزراندنی پێشكەش كرد تەمەنی بیست و دوو ساڵ بوو. ئێستا با لێگەڕێین بەخۆی ئەو رۆژانەمان بۆ بگێڕێتەوە و بزانین كێ و بۆچی كۆسپیان بۆ دروستدەكرد. (فێنك) بەم شێوەیە قسەی كرد و وتی : زۆرم پێویست بەوە بوو كە لە فەرمانگەیك یا لە دامەزراوەیەكی حكومی دابمەزرێم، بە تایبەتیش دوای ئەوەی باوكم بە رووداوی ئۆتۆمبێل مرد و بێكەس و بێسەرپەرشتیار و بەخێوكەر ماینەوە. باوكم تاكە كەسێك بوو لەماڵەوە كاری دەكرد و بەخێوی دەكردین. كە باوكم ئەمری خوای بەجێهێنا، ئێمە لە ماڵەوە سێ خوشك مابووین، دوو خوشكەكەی ترم قوتابی بوون، تاقە برایەكیشم هەبوو، ماشەڵڵای لێبێ، هەرچەندە كاروكاسبیشی باش بوو، بەڵام لەبەر ژنەكەی و ماڵە خەزوورانی ئاگای لە ئێمە نەبوو. بۆیە رۆژێك پێمانی نەوت چیتان پێویستە یا پێویست نییە، ئەو بەدوای رازیكردنی ژنەكەی كەوتبوو، كەی ئاگای لە ئێمە بوو؟! لەبەر هەندێ بۆ ئەوەی بۆ پاروە نانێك زەلیلی دەستی كەس نەبین و بشتوانین بەسەربەرزی بژین و خەرجی رۆژانەمان دەربێنین، لەگەڵ دایكم رێككەوتم لەسەر ئەوەی لە فەرمانگەیەكی حكومی دابمەزرێم و داواكاری دامەزراندن پێشكەش بكەم. جا لەبەرئەوەی من ساڵێك زیاتر بوو كە خوێندنی زانكۆم تەواو كردبوو، دەرگای دامەزراندنش بۆ پسپۆری ئێمە بە هەندێ قەید و شەرتەوە كرابۆوە، بۆیە بە دەرفەتم زانی كە لەم بارودۆخەماندا ئەم هەلە بقۆزمەوە. ئەوە بوو پێوەندیم بە كچێكی هاوڕێم كرد كە پێكەوە كۆلێژمان تەواو كردبوو، لەبارەی مەسەلەی دامەزراندنەوە قسەم لەگەڵی كرد، ئەویش هەمان بیرۆكەی هەبوو و خزمێكیشیان لە وەزارەتێك هەبوو گوتبووی ئێوە بڕیاری خۆتان بدەن وەرن داواكاری پێشكەش بكەن، من هاوكاری و رێنماییتان دەكەم. ئیدی یەك دوو رۆژان سۆراغی مەسەلەكەمان كرد و زانیمان كە چۆن و لە كوێ داواكاری دامەزراندن پێشكەش دەكرێت. سەرەتا كە دەستمان بە مامەڵەكە كرد زۆر بە ئاسایی بۆمان رایی دەكرا و بێكێشە كارەكانیان بۆ جێبەجێ دەكردین. هەر وامدەزانی دوو سێ رۆژی دیكەیە ئیدی لە فەرمانگەیەك دەستبەكاردەبم. بەڵام كاتێك مامەڵەكەمان كەوتە شوێنی رەزامەندی نیشاندان ئەوجا تووشی دەردەسەری كراین و ئەمڕۆ و سبەینێیان پێكردین و فشاریان خستە سەرمان. كاری هاوڕێكەم بەهۆی خزمەكەیەوە زووتر كرا و نەجاتی بوو، بەڵام هی من مەگەر خوا بیزانێ چەندیان ئازاردام و هاتووچۆیان پێكردم. با لە نووكەوە ئەو بینەوبەردانەتان بۆ باس بكەم كە تووشم هات، بەتایبەتی پیاوانێك هەبوون لەسەر كورسییەك دانیشتبوون چاویان لەوە بوو كورسی وەك هۆیەك بۆ بەدیهێنانی حەزەكانیان بەكاربێنن. بەهەرحاڵ رۆژێك دەبوو مامەڵەكەم بۆ ئیمزایەك ببەمە هۆبەیەك، كە بردم سكرتێری بەرپرسی هۆبە وتی : دانیشە چاوەڕێ بكە تا ئیمزای دەكات. نیو كاتژمێر چاوەڕێم كرد ئینجا سكرتێرەكە وتی: وەرە بڕۆ ژوورەوە بەرپرس بانگت دەكات. منیش چوومە ژوورەوە، كابرا كە زەلامێكی كەتەی ناشیرین و تەمەن لە سەرووی چل ساڵییەوە بوو، دیار بوو زۆر حەزی لە كش و فش و خۆ دەرخستن بوو، خۆی زۆر بە ئەتكێتەوە خەریك كردبوو. مۆبایلی لە دەست بوو قسەی دەكرد، كە چاوی پێمكەوت یەكسەر هەستم بە گۆڕانكاری رووخساری كرد. دەمێك بە تەلەفۆن قسەی كرد بێئەوەی بە من بڵێ دانیشە. كە لە تەلەفۆن بۆوە زۆر بە قوڵی دیقەتی دامێ و تەماشای ناو چاوی كردم و بە زمانێكی رەق پرسیی: بۆچی داوای دامەزراندن دەكەی؟ منیش بە زمانی ڵاڵم وتم: پێویستم بە وەزیفە هەیە، باوكم مردووە و گوزەرانمان باش نییە. ئای خوایە دوای ئەم قسەیەم ئەو كابرایە چۆن لەفزی گۆڕا و بە خۆشحاڵی و زمانێكی شیرین وتی: زۆر باشە ئێمە رەزامەندی نیشان دەدەین لەوەی كە پێویستیمان بە پسپۆڕیەكەت هەیە. زەنگێكی لێدا و سكرتێرەكەی هاتە ژوورەوە، پێیوت: دوو قاوە بێنە. كە وایوت سكرتێرەكەی بە تیلەی چاو لە ژێرەوە بە مۆنی سەیرێكی كردم و رۆیشت. كابرا ئیدی دەستی بە پرسیاری تایبەتی لێكردم: ئاخۆ باوكم بەچی مردووە و كێ بەخێومان دەكات و گوزەرانمان چۆنە و ئایا مێردم كردووە یان نە؟ ئیدی بە بیانووی ئەوەی بزانێت كە ئایا شیاوێتی ئەو وەزیفەیەم هەیە، نزیكەی كاتژمێرێك بەو پرسیارانە لای خۆی هێشتمیەوە. ئینجا بانگی سكرتێرەكەی كرد و نووسراوەكەی دایە دەستم و پێیوت بمباتە فڵانە ژوور. لەوێ نووسراوەكەیان لێوەرگرتم و وتیان بڕۆ هەفتەیەكی تر وەرەوە. كە چوومەوە پێیانوتم نووسراوەكەت چۆتەوە لای هەمان بەرپرسی هۆبەكە، لەوێ وەریبگرەوە. دەی ناچار، دیسان چوومەوە لای كابرای بەرپرس. دووبارە كاتژمێرێك لە دەرەوە رایگرتم و ئەوجا توانیم بیبینم. ئەمجارەش كاتژمێرێك زیاتر داینیشاندم و باس و بابەتی نامۆ و سەیری دەكردەوە خوا خوام بوو نووسراوەكەم بداتەوە لە دەستی رزگار بم. ژمارەی مۆبایلی تایبەتی خۆی لەسەر كاغەزێك نووسی و دایە دەستم گوایە هەر كاتێك كارێكم هەبوو پێوەندی پێوە بكەم و هی منیشی لەسەر كاغەزێكی لای خۆی نووسی. ئینجا وتی: نووسراوەكەت ئەمڕۆ تەواو نابێت دەبێ دوو رۆژی تر بێیتەوە وەریبگرییەوە. رۆژی دواتر شەو كاتژمێر دوانزە دەبوو كە تەلەفۆنی بۆ كردم، دوای چاك و چۆنی، ئینجا وتی: بەیانی وەرەوە لام كارەت تەواو بووە بیبەرەوە. منیش سوپاسیم كرد، ئیتر درێژەی بەقسەكانی دا و وردە وردەش دەستی بە قسەی سەیر سەیر كرد و پاشان هاتە سەر بابەتی سێكسی و هەندێ وشەی زۆر ناشیرینی بەكارهێنا و چەند جارێكیش خۆی بەقوربان كردم، منیش بەڕاستی لەوزەم نەما چیتر گوێ لەو قسە پڕوپووچانەی بگرم. هەستیشم كرد كە شێوەی قسەكردنی تەواو نییە، چونكە بە روونی دیار بوو كە سەرخۆشە، بۆیە مۆبایلەكەم لەسەری داخست و كوژاندمەوە. بۆ رۆژی دواتریش نەچوومەوە ژوورەكەی هەرلای سكرتێرەكەی وەستام تا بەخۆی نووسراوەكەی بۆی ناردمە دەرەوە. دیار بوو هەستی كردبوو كە چ قەباحەتێكی كردووە، بۆیە رووی نەبوو بانگم بكاتەوە ژوورەكەی، خۆ ئەگەر نووسراوەكەشمی دڕاندبایە نەدەچوومە ژوورەكەی. بەهەرحاڵ كارەكەم لەوێ تەواو بوو، ئەمجارە دەبوو مامەڵەكەم ببەمە شوێنێكی تر كە لە رووی فەرمان دەركردنەوە بەرزتر بوو. نووسراوەكانم بردە ئەو شوێنە و هەندێ شتیان بەبێ كێشە بۆ كردم تا كارەكەم گەیشتە لای بەرپرسی باڵای شوێنەكە. كابرای بەرپرس كچێكی تا بڵێی جوان و ناسكی وەك سكرتێرە راگرتبوو. كە من نووسراوەكانی خۆم پێیدا تا تێبینی خۆی لەسەر بنووسێ، خانم تا بردییە ژوورەوە جارێ پتر لە نیو كاتژمێرێك بە دیارییەوە دانیشتم و نووسراوەكەی لای خۆی گلدایەوە. ئینجا دوای بردنە ژوورەوەی نووسراوەكەش كاتژمێرێكیش چاوەڕێم كرد، ئەوە چییە كاكم كۆبوونەوەی هەیە یا مێوانی هەیە. ئینجا بانگی ژوورەكەی كردم و فەرمووی لێكردم كە دانیشم. منی لە دیار خۆی دانا و خۆشی خەریكی تەلەفۆن و بانگكردنی كچە سكرتێرە جوانەكەی بوو. كچە هەر جارەی كە دەهاتە ژوورەوە مەپرسە بەچ ناز و عیشوە و خۆ بادانێك دەهات، نەك دڵێك سەد دڵ حەیرانی دەبوو. كچە یەكێك بوو لە جوانییەكانی نووسینگەی بەرپرسەكە. ئەگەر هەڵە نەبم كابرای بەرپرس ئەو كچەی تەنیا بۆ وردە ئیش و خۆ دەرخستن لە پێش مێوان و كەسانی دی و بۆ خۆشی و فێنكی دڵی خۆشی بانگی ژوورەوەی دەكرد. دەمێك دانیشتم و بێزار بووم، چیتر تاقەتی چاوەڕوانیم نەما و هەڵسام و وتم : من دەڕۆم كارم هەیە ناتوانم چیتر راوەستم تكایە پێمبڵی كەی بێمەوە، وتی بەیانی، نیوەڕۆیەكەی. نزیكی تەواوبوونی دەوام چوومەوە، بەڵام سكرتێرەكەی وتی: كۆبوونەوەی هەیە ناتوانێت بتبینێ. سبەی وەرەوە. رۆژی پاشتر كە چوومەوە هەر یەكسەر بانگی ژوورەوەی كردم، قاتێكی نوێی لەبەركردبوو، خۆشی پۆشتە و پەرداخ كردبوو، بۆنێكی زۆر خۆشی لە خۆی دابوو. كە چوومە ژوورەوە لە سەر كورسییەكەی هەڵسایەوە و بەرەو پیرم هات و دەستی درێژ كرد و بەگەرمی تەوقەی لەگەڵ كردم، تووند دەستی گوشیم و تا ماوەیك دەستی بەرنەدام تا خۆم بە زۆری دەستم لەناو دەستی دەرهێنا. فەرمووی لێكردم كە دانیشم ئینجا هاتە سەر باسی مامەڵەكەم و وتی: تۆم زۆر بەدڵە و رەزامەندیم نیشانداوە كە دابمەزرێی، بەڵام ئەگەر پێتخۆش بێت هەر لێرە لای خۆمان داتدەمەزرێنم. منیش سوپاسیم كرد و وتم بەڵام ئەم شوێنە بۆ پسپۆڕی من ناشێت. كابرا زۆری لەگەڵ هەوڵدام، منیش هەر رازی نەبووم. دواجار وتی: بڕۆوە ماڵ یەك دوو رۆژێك بیری لێبكەوە ئینجا بڕیاری خۆت بدە. ویستم قسە بكەم و بڵێم بیركردنەوەی ناوێت من ئێرەم ناوێت، دەرفەتی نەدام، وتی: تەواو لەسەر ئەوە قسە مەكە، ئەمڕۆ نیوەڕۆ داوەتی منی. منیش سەرم لە قسەكەی سووڕما و لەدڵی خۆمدا وتم داوەتی چی و حاڵی چی كچ كەی داوەتی پیاو دەبێت، ئەوە من بەكێ و چی تێدەگات، زۆر زوو تێگەشتم كە ئەو كابرایە خراپ لەمن گەیشتووە و ئەوە لەو جۆرە كەسانەیە كە هەموو كچێك بە سكرتێرەكەی خۆی تێدەگات لەبەر هەندێ بە سوپاسەوە داوەتەكەیم رەتكردەوە. كەچی وتی رەت كردنەوە نییە من وتم داوەتی یانی داوەتی تەواو دەتوانین یەك دوو كاتژمێر دانیشین. كە وای وت ئیتر بڕیارم دا وەڵامێكی موستەحەقی بدەمەوە، ئەوجارەش بەتووندی رەتم كردەوە. هەرچەند هەوڵیدا، بێسێ و دوو لە ترسان بێ رووخسەتم لێخواستن و بێئەوەی چاوەڕێ هیچ قسەیەكی ئەو بكەم بەپەلە ژوورەكەیم بەجێهێشت و زوو خۆم گەیاندە دەرەوەی باڵاخانەكە و بەپێیان رۆیشتم و لە رێگەش هۆن هۆن فرمێسك بە چاوما دەهاتە خوارەوە. هەتا گەیشتمە ماڵەوە. لەبەر ئەوەی پارەی تەكسیم پێ زۆر بوو بۆیە وتم هەتا ئەو پارەیەی دەدەمە تەكسی هەڵیبگرم بۆ شتێكی تر كە پێویست تر بێت باشترە. كە دایكم بەو حاڵەوە چاوی پێمكەوت، زۆر شپرزە و تەنگاو بوو. چی بووە كچم بۆ وات لێهاتووە بۆ دەگری؟ منیش بەدەم هەنسكی گریانەوە لەنووكەوە قسەكانی كابرای بەرپرسم بۆی گێڕایەوە. بەر لەوەی لە قسەكانم تەواو بم كچە هاوڕێیەكەم تەلەفۆنی بۆ كردم، منیش بۆیم گێڕایەوە كە تووشی چ دەردەسەرییەك كراوم و وتم بڕیارم داوە كە واز لە دامەزراندن بێنم. وتی: تازە چۆن واز دێنی هیچی وات نەماوە راوەستە بە خزمەكەمان دەڵێم هاوكاریمان بكات. ئیتر ئەوەبوو بەیارمەتی ئەو خزمەیان كارەكەم تەواو كرا لەو شوێنەی كە پسپۆڕمە دامەزرام و دەستبەكار بووم و لە كۆڵ ئەو جۆرە كەسانە ببمەوە كە شوێنی خۆیان بۆ مەرامی كەسیی بەكاردێنن و دەستدرێژی دەكەنە سەر كەسایەتی خەڵكانی دی و دەبنە رێگر لەبەردەمیان.
Top