هـیوا بەهـۆی ژنـەكەیـەوە بوو بەبكوژی دایكی

هـیوا بەهـۆی ژنـەكەیـەوە بوو بەبكوژی دایكی
(هیوا) بەسەرهاتەكەی خۆی بۆ گێڕاینەوەو وتی: لە تەمەنی (12) ساڵیدا باوكم كۆچی دوایی كرد، من و دایكم و خوشكێكم ماینەوە، خوشكەكەم (8) ساڵ لەمن گەورەتر بوو، دوای مردنی باوكم ژیانمان قورس و ناخۆش بوو، چونكە تەنیا ئەو سەرقاڵی كارو پەیداكردنی بژێوی ژیانمان بوو، منیش قوتابی قۆناغی ناوەندی بووم و ناچار بووم واز لە خوێندن بێنم، لەگەڵ خاڵم دا كارم دەكرد، چونكە منداڵ بووم بۆ دایكم زۆر ناڕەحەت بوو بۆیە ئەویش بڕیاری دا ئیش بكات، دایكم لە كۆمپانیایەك بوو بە خزمەتكار، پاش دوو ساڵ بەسەر مردنی باوكمدا خوشكەكەشم شووی كرد و لەگەڵ مێردەكەی بەرەو (ئێران) رۆیشت، لەگەڵ دایكم بەتەنیا ماینەوە. ماڵێكی چۆڵ و بێ دەنگ، تەنیا شەوان دەرفەت هەبوو چەند كاتژمێرێك لەگەڵ دایكم یەكتر ببینین. بەم جۆرە ژیانمان بۆ ماوەی چەند ساڵێك بەردەوام بوو. چەند جارێك داوام لە دایكم كرد كە واز لە ئیشكردن بێنێ، دەموت من گەورە بوویمە و گوزەرانمان باش بووە، بەڵام دایكم رازی نەدەبوو واز لە كاركردن بێنێت. من لەكارەكەمدا زۆر ماندوو نەدەبووم، چونكە لەگەڵ خاڵمدا خەریكی ئیشی كارەباچی بووین، تا واملێهات بوومە كارەباچییەكی لێهاتوو. رۆژێك برادەرێك هات و داوای لێكردم كە كارەبای ماڵەوەیان بۆ چاك بكەمەوە، منیش لەگەڵ برادەرەكە چوومە ماڵیان و لەكاتی ئیشكردندا كچێكی ئەو ماڵە ئاوی بۆ هێناین، كچە زۆر سەرسامی كردم و سەرنجی بۆلای خۆی راكێشام زۆر زوو كەوتە نێو دڵم ئەویش هەستی پێكرد، چونكە زوو زوو ئەهات بۆ لامان، جارێ بە بیانووی چا و جارێ بە بیانووی ئاو، منیش زۆر دڵخۆش بووم وتم دیارە ئەویش منی چووەتە دڵەوە. ئیشەكەم كرد بە دوو رۆژ، عەشق لێی دام و هەر ئەو شەوە كە گەڕامەوە، بەدایكمم وت، دایكم دەیوت: جا كوا ئەو ئاواتەم بهاتایەدی، تۆ ژنت بهێنایە. من دووبارە داوام لە دایكم كردەوە كە واز لە ئیش كردن بێنێ، چونكە دەمزانی زۆر ماندووە، بۆیە پێموتەوە دایە گیان: بەڵێنم بدەرێ كە واز لە ئیش بهێنی، منیش ژن دەهێنم و ئاواتت دەهێنمە دی، دایكم وتی: كەی تۆ كەوتیتە سەر ئەوەی بەڕاستی ژن بهێنی، منیش واز لە كاركردن دەهێنم.
لەخۆشیان نەمزانی ئەو شەوەم چۆن لێڕۆیشت، هەربیرم لە ئەو كچە دەكردەوە، بیرم لەوە دەكردەوە چۆن قسەی لەگەڵ بكەم، تۆ بڵێی دەرفەتی ئەوەم هەبێت، بەهەرحاڵ ئەو شەوەم بەسەر برد و بەیانی چوومەوە سەر كارەكەم. كاتێ لە دەرگای ماڵیانم دا كچەكە دەرگای كردەوە، وەك مانگی چواردە هاتە پێش چاوم و چوومە ژوورەوەو دەستمكرد بە ئیشكردن و باوكی كچەكە بەدیارمەوە وەستا بوو، پاش كەمێك كچەكە بەسینییەك چاوە هاتە لامان و بەخێرهاتنی كردم، نەمزانی سەیری چی بكەم بیروهۆشم لای باوكی نەمابوو، زۆری پێ سەیر بوو، وتم ناخۆم سوپاس، چونكە هێزم نەبوو چاكە بەدەستەوە بگرم، بەڵێ پاش (2) كاتژمێر ئیشكردن باوكی كچە بانگ كرا كە بچێت خواردن بۆ نیوەڕۆ بهێنێ.
یەكسەر خۆشییەك كەوتە دڵمەوە وتم قسە لەگەڵ كچەكە دەكەم، باوكە رۆیشت و ئەویش ئاوی بۆ هێنام، یەكسەر پێم وت: بێ پێچ و پەنا پێت دەڵێم عاشقت بووم، توخوا دڵم مەشكێنە، بەخوا رازیبە یەك هەفتەی دیكە داوات دەكەم، بۆیە كچەكە لەشەرما هیچی پێ نەوترا، بەڵێ پاش كەمێ ناوی خۆمان بەیەك وت، بەچاو رەزامەندیی دەربڕی و بە زەردەخەنەوە بەجێیهێشتم. منیش خۆشی رووی تێكردم، كاتی نانخواردن هات و منیش لە ئیش كردن تەواو بووم، لەكاتی نانخواردندا، باوكی كچەكە، پرسی: كوڕم ژنت نەهێناوە؟ وتم: نەخێر مامەگیان بەس بەنیازم، وتی باشە كوڕم بە دڵی خۆت ئەبێ و تەمەن درێژ بی. ئەو رۆژە نەچوومەوە بۆ دوكان یەكسەر بۆ ماڵەوە لە خۆشیدا نەمئەزانی چی بكەم، چاوەڕێی دایكم ئەكرد بێتەوە، كە هاتەوە دایكم باوەشم پیاكرد تا ژوورەوە هەزارجار دەستیم ماچكرد، دایكە گیان، بەخوا ئاواتی هەردووكمان دێتەدی دەبێ سبەینێ بچیت بەشوێن خاڵمدا، بچن بۆ داوای ئەو كچەی كە باسمكرد بۆت، دایكم لە خۆشیا فرمێسكی وشك نەبوو. بۆ رۆژی دواتر دایكم و خاڵم چوون بۆ ماڵەكە. پاش دوو كاتژمێر گەڕانەوە وەڵامی خۆشیان پێبوو، كە رازی ببون. باوكی كچەكە زۆری پێخۆش بوو، چونكە وەسفی منی كردبوو لای دایكم و خاڵم. دوای تەواوبوونی رێورەسمی مارە كردن ژنم گواستەوە. تەمەنم (19) ساڵ بوو، دایكم وازی لە ئیش كردن هێنا، ژنەكەی منیش سەرەتا دایكمی خۆشدەویست، چونكە بەردەوام دایكم خۆی بە قوربانی دەكرد، منیش زۆر رازی بووم لە هەردووكیان. ژیان بەو شێوەیە بەردەوام بوو تا ساڵێك، هەستمان ئەكرد كە خێزانەكەم دوو گیانە زۆر دڵخۆش بووم. دایكم نەیدەهیشت خۆی ماندوو بكات و ئیشی زۆر بكات، بەڵام دوای (3) مانگی دیكە دایكم نەخۆش كەوت، چونكە خەمی زۆر دەخوارد بۆ دووری خوشكەكەم و درەنگ هەواڵ زانینی، خێزانەكەشم باری سەرشانی قورستر دەبوو، بۆیە وەك پێویست خزمەتی دایكمم بۆ نەدەكرا، بۆیە چەندەها ئێوارە نانی ئێوارانم بە حازری دەبردەوە و شەوان ئیشی ماڵم دەكرد، ژنەكەم گلەیی دەكرد دەیوت: دایكت نەخۆش نییە، بەدرۆ خۆی نەخۆش خستووە، بۆ ئەوەی ئیش نەكات، دیارە پێی ناخۆشە من سكم هەیە، منیش زۆرم پێ ناخۆش بوو، بۆیە لێم قبوڵ نەكرد، وتم: تۆ بێ ویژدانی دكتۆر كۆمەڵێك دەرزی بۆ نووسیوە، ئەی ئەگەر نەخۆش نەبێ چییە، بەڵام ئەو وتی: بۆ لەم كاتەی مندا نەخۆش دەكەوێ. بەراستی ناڕەحەت و بێتاقەت بووم هەستێكی ناخۆشی لا دروستكردم، لەگەڵ دایكم دانیشتم، ئەو نوستبوو بەسەریدا گریام، چونكە زۆر داماو بوو، ئەموت دەترسم رۆژێك بێت لەگەڵ دایكم جیا ببینەوە و رۆژگار لەیەكمان بكات. هەرچۆنێ بوو پاش ماوەیەك خوای گەورە كوڕێكی پێ بەخشین، دایكم چاكبۆوە. خۆشی هاتەوە نێوانمان و بە بینینی لەش ساغی دایكم و بینینی ژن و كوڕەكەم زۆر دڵ خۆش بووم. بەڵام كێشەی گەورەم ئەوە بوو هەستمدەكرد ژنەكەم وەك جاران دڵی بەدایكم خۆش نییە، بۆیە كاتی نووستن، بە ژنەكەمم وت: بۆچی وایت، چیت دەوێ، ژنەكەم وتی: دایكت زۆر باشە لەگەڵما وا ماچی دەكەیت، شەو و رۆژ دوعامان لێدەكات هیچ ئێمەی خۆش ناوێ. ئەو قسەیەی پەستیكردم، دەستم كرد بە قسە پێ وتنی، وتم: دەتكوژم، تەڵاقت دەدەم، گەر جارێكی دیكە قسەی وا بكەیت، دایكم ئاواتی بوو ژن بهێنم و منداڵمان ببێت ئێستا ئەو قسانە چییە دەیكەی؟ لەكاتی دەنگە دەنگ و تووڕەبووندا، دایكم پێیزانین و هات بۆ لامان، وتی چی بووە، بۆ وادەكەیت، بۆ تووڕە دەبیت، منیش وتم: دایەگیان هیچ نییە، بڕۆ بنوو، دایكم وتی: بەخوا لێت قبوڵ ناكەم یەك قسە بە خێزانەكەت بڵێیت، منیش وتم: باشە دایەگیان، ماچێكم كردوو رۆیشت، ئیتر ژنەكەم قسەی بۆ نەكرا لە شەرما.
خەمێكی گەورە چاوەڕێی دەكردم، بەردەوام خەونی زۆر ناخۆشم دەبینی، لە خەوەكانمدا، شەوێك كوڕەكەمم دەخنكاند، شەوێك ژنەكەمم دەخنكاند، شەوێك دایكم دەكوشت. كە دەگەڕامەوە، دەم و چاوی ژنەكەمم دەبینی دە ئەوەندەی تر بێزار دەبووم، ئەو كاتانەی لەماڵەوە نەدەبووم شەوانە ژنەكەم شەڕی بە دایكم دەفرۆشت، دایكیشم پێی نەدەوتم. تا شەوێك كە رۆیشتمەوە سەیرم كرد، ژنەكەم پەلاماری دایكمی داوە، زۆر ئازاری پێ گەیاندووە، لەو شەوە ناخۆشتر دیسان، خێزانەكەم دووگیان بوو بۆیە منیش بێ ئاگایانە كەوتمە لێدانی و ئازارم پێی گەیاند و بوورایەوە، لەگەڵ دایكم بۆ خەستەخانەمان برد، وتمان: لە سەر پەیژەی ماڵەوە كەوتۆتە خوارەوە، منداڵەكەی ناوسكی نەمابوو، دایكم زۆر بیتاقەت بوو، وتی: دوو ساڵە ئەمە رەفتاری ژنەكەتە بەس من قسەم نەكردووە، بۆچی تۆ واتكرد، وتم: دایە گیان تەواو من بەرگەی هیچ شتێكی دیكە ناگرم، بەرگەی خەم ناگرم. تەمەنی كوڕەكەم (2) ساڵان بوو دوای ئەم رووداوە ژیانمان ئاسایی بۆوە تا (5) مانگ هیچ دەنگێك نەبوو خێزانەكەم زۆر گۆڕا بوو، لەگەڵ دایكم زۆر باش بوو، بەڵام من هەر دەترسام. دەشموت: بەڵكو خوای گەورە دڵی ژنەكەمی چاك كردبێ دایكیشم دەیوت: زۆرباشە بێ عەیبە. ئەوقسانەی دایكم زۆر دڵخۆشیان كردم، رۆژێك ئیشم زوو تەواو بوو گەڕامەوە، دیسان شەڕی ژن و دایكم دەستی پێكردبۆوە، ئاخ لەو ژیانە تاڵە ئاخ لە نەفامی و بێ عەقڵی ئەم ژنەم لە داخدا نەمدەزانی چیبكەم، وەكو شێت زۆر بێ ئاگایانە رەفتارم دەكرد دەستمكرد بە لێدانی هەردووكیان پاشان جێمهێشتن لە خەفەتانا تا سێ شەو نەگەڕامەوە. خوایە ژنەكەم تەڵاق بدەم یان دایكم دەركەم. پاش گەڕانەوەم ژنەكەم رۆیشت بوو. دایكیشم نەخۆش كەوتبوو، لەكاتی لێدان و شەق وەشاندندا، شەقێك بەر كەلەكەی كەوتبوو، زۆر ئازاری دابوو، باوەشم پیاكرد و كەوتمە پاڕانەوە: دایەگیان توخوا بمبەخشە بەخوا بیئاگابووم، هەستم نەمابوو، دایكیشم وتی: قەیناكە گەردنت ئازاد بێ، بەس بچۆ ژن و كوڕەكەت بهێنەوە، رۆیشتەوە بۆ ماڵی باوكی منیش وتم: نایانهێنمەوە، دایكم وتی: ئەگەر نەیانهێنیتەوە دەڕۆم، منیش لەبەر دایكم چوومەوە بەشوێنیاندا سەیرمكرد، دەموچاوی ژنەكەم ئاوساوە، ئەویش ئازاری زۆری پێگەیشتبوو. زیاتر لە سێ كاتژمێر لەگەڵ دایكی و باوكی دانیشتین، گەیشتینە ئەنجام بیبەمەوە، بە مەرجێ كاری وا دووبارە نەبێتەوە، رۆشتینەوە دایكم زۆری پێخۆشبوو، بەڵام من هەر دەترسام. دوای ساڵێكی دیكە، خێزانەكەم منداڵێكی دیكەی بوو ئەویش هەر كوڕ بوو.
لەماوەی ئەو ساڵە بێ دەنگییەدا چەندەها شەڕی دیكە دروست بۆوە، بەڵام گوێم نە دەدایە، من شەوان دەرنگ دەهاتمەوە، بەردەوام هەموو شەوێ خەریكی مەی خواردنەوە بووم، هەست و سۆزم نەمابوو، تەمەنی منداڵە ساواكەمان (2) مانگ بوو، دیسان شەڕێكی گەورە دروستبوو كە زۆر بێتاقەتی كردم، هیچ توانام نەما، چونكە شەوان درەنگ دەهاتمەوە زۆرجاریش رێیان پێدەگرتم، دەماچەیەكم كڕی بوو، كە بەردەوام پێم بوو، ئەو رۆژەی شەڕەكەی دایكم و خێزانەكەم كە زۆر بێزار بووم لێیان، دەستمدایە دەمانچەكە ژنەكەم بكوژم، فیشەكم تەقاند بەر سەری دایكم كەوت و یەكسەر كەوتە سەر زەوی و گیانی لە دەستدا منیش وەك شێت دەمانچەم فڕێدا و رامكرد و بەگریان و خەم و خەفەتێكی زۆرەوە ملی رێگەم گرت. دەترسام و گیانیشم كەوتە لەرزین، بێهۆش و بێئاگا ملی رێم بەرەو ئێران گرتە بەر. بە نەشارەزایی و بە شپرزەیی پاش دوو سێ رۆژ گەشتمە ئێران، بەبێ ئەوەی هیچ هەواڵێكی دایكم بزانم. گەشتمە ئێران، لە سەرشەقام و كۆڵاناندا دەنووستم، هەتا رۆژیك گیرام، بەندیان كردم، بێئەوەی كەس بزانێ، بێئەوەی منیش ئاگام لە دایكم و ژنەكەم و منداڵەكانم بێت. سێ ساڵ زیندانی كرام، زۆر ئازار و ناخۆشیم بینی. دوای ئازادكردنم بە دزییەوە گەڕامەوە و چوومە ماڵی هاوڕێیەكم. هاوڕێكەم پێیوتم كە: بە داخەوە دەستبەجێ دایكت مردووە، ئێستا لە لایەن خاڵتەوە بۆت دەگەڕێن، كە تووشی سزاو بەندكردنت بكات، منیش وەكو شێتم لێهاتەوە، لاشەیەكی ساردو سڕ و بێ خوێن مامەوە، پاشان كە راستی دەركەوت، لێم خۆشبوون، بەڵام ژنەكەمم تەڵاق داوە ئێستا بێ ئاگام لە منداڵەكانم، نازانم خەڵك چیم پێدەڵێن، ئێستا لە ئێران دەژیم و ناشزانم رۆژگار بۆ كوێم دەبات.
Top