ئەو كوڕەی بەدەركردنـــی دایكی پەشیمان بۆوە

ئەو كوڕەی بەدەركردنـــی دایكی پەشیمان بۆوە
خۆشەویستی دایك و باوك زۆر لەوە گەورەتر و پیرۆزترە كە ئێمە لەبەرامبەر هەرشتێك كە پێمانوایە بەنرخترینە، لەدەستی بدەین. دایك و باوك هەمیشە لەخەمی بوونی منداڵ و داهاتووی منداڵەكانیاندان، سەرجەم ژیانی خۆیان دەكەنە قوربانی، منداڵ هەست بەم ئەرك و ماندوبوونەی دایك و باوك ناكەن، كاتێك دایك و باوك منداڵەكانیان پەروەردە دەكەن و لەسەر باشترین شێواز ژیانیان بۆ دابین دەكەن، تادەگاتە ئاستی پێكهێنانی پرۆسەی هاوسەرگیری، دەبینین لەو كاتەدا ئەگەر یەكێك لەدایك و باوك كۆچی دوایی كردبێت و ئەوەی دیكەیان مابێت، ئەوا ئامادەیی ئەوەیان نابێت خزمەتی بكەن، بەپێچەوانەوە لەبەرئەوەی رەزامەندی هاوسەرەكانیان(ژنەكانیان) بێنەدی ئاساییە ئەگەر بیانكەنە دەرەوەی ماڵ و لەسەر شەقامەكان ژیان بەسەر بەرن. سەیرە پیرەژنێك كە تەمەنی 73 ساڵ بێت دەبێت چۆن شەو لەبەردەم دوكانێكدا بەسەر بەرێت، كوڕەكەشی لەماڵەوە لەوپەڕی ئاسودەیی و دڵخۆشیدا بژی، تۆ بڵێیت وا هەستی كردبێت كە هەرگیز دایكی نەبووبێت؟ یان چۆن توانیویەتی لەژوورێكی گەرمدا سەرخەوێك لەوپەڕی ئارامی و بێ خەمیدا بشكێنێت كەچی دایكی بەم سەرماو سۆڵەوە كراوەتە دەرەوەی ماڵ. ئەوەی دەیگێڕینەوە لەدەمی ژنێكی 73ساڵەوە دەبیستین كە كوڕێكی لەو چەشنەی هەیە...

بەئاواتی لەدایكبوونی كوڕێك
ئەم دایكە چیرۆكی خۆی بەم جۆرە بۆ گێڕاینەوە و وتی: لەو رۆژەی كە من و باوكی رێكەوت پرۆسەی هاوسەرگیریمان كرد، چاوەڕێی ئەوەبووین كە یەكەم منداڵمان خوای گەورە كوڕێكمان پێبدات بۆئەوەی هەمیشە لەسەرەتاوە ماڵمان ئاوەدان و پڕ بەختەوەری بێت. رێكەوت كوڕی تاقانەم بوو، دوای شەش ساڵ لەچاوەڕوانی منداڵ، كچێكمان بوو، دواتر لەدوای سێ كچ، (رێكەوت) لەدایكبوو. هەربۆیە ناومان (رێكەوت) لەبەرئەوەی چاوەڕێی ئەوە نەبووم كە منداڵی دیكەمان ببێت. هاوكات ئەو رۆژەی كە (رێكەوت)ی تیا لەدایك بوو لەژیانی من و باوكیدا بەرێكەوت شتێكی زۆر خۆش روویدا كە هەموو ژیانی ئێمەی گۆڕی، بەخواستی هەردووكمان ئەو ناوەمان بۆ هەڵبژارد، نەمزانی هەر بەرێكەوت من لەو ماڵە دەكاتە دەرەوە.

دوای ژنهێنانی بۆ ماوەی هەشت مانگ (رێكەوت) كەوتە بیانو گرتن لێم بۆئەوەی لەماڵی ئەوان نەمێنم و بچمە ماڵی كچێكم بژیم. رۆژانە بووكەكەم دەكەوتە بۆڵە بۆڵ و توڕەبوون، دەیووت: من خاوەن بڕوانامەی بەرزم بێزم نایەت پیرەژنێك بەخێو بكەم، من بۆ ئەوە شووم بەكوڕەكەت نەكردووە كە خزمەتی تۆ بكەم، پێمدەوت: باشە من پێویستم بەخزمەتی تۆ نییە، بەڵام ئەوەندە هاوار مەكە بەسەرمدا، چونكە هەر خۆم دەزانم چۆن رێكەوتم پێگەیاندووە.
لەدوای ئەو هەموو بێزارییە دڵم نەدەهات بە(رێكەوت)ی كوڕم بڵێم، ئەموت با كێشە لەسەر من دروستنەكەن. بەڵام ئەم خۆڕاگریەم بێسود بوو، تا رۆژێك بە كوڕەكەمم وت: رۆڵەگیان خۆت باش دەزانیت لەهەموو دنیا تەنیا تۆم هەیە ئێستا بەم پیرییە چۆن دەتوانم بچمە ماڵی زاوایەكم بژیم لەوانەیە پێیان خۆش نەبێت، هەرچۆنێك بێت ئێرە ماڵی كوڕی خۆمە بێمنەتترە، بەڵام وا هەست دەكەم كە ئیتر من لەم ماڵە جێم نابێتەوە. (رێكەوت) هیچ وەڵامی نەدامەوە، منیش هەموو ئەو ژیانە تاڵەم بۆ گێڕایەوە كە چۆن لەبەر خاتری ئەو ژیانمان خستبووە ناڕەحەتییەوە. لەبەرئەوەی ناردمان بۆ دەرەوەی وڵات و خوێندنمان پێتەواو كرد. ئەمانەم هەموو بۆ باس كرد، بەڵام بێسوود بوو. لەوەڵامدا پێیوتم: دایە گیان ئەوەی تۆ باسی دەكەیت ئەركی دایك و باوكە بۆچی باسی دەكەیت، كە ئەم وەڵامەی دامەوە ترسم لێنیشت، لەوەی كە رۆژێك دێت ئەمیش بەهەمان شێوەی بووكەكەم لێم بێزار دەبێت.

ژیانی شەوی دایكێك لەسەر شەقام
دایكی كڵۆڵ بەردەوام دەبێ لەسەر گێڕانەوەی نەهامەتییەكانی خۆی و دەڵێت: لەشەوێكی زستانی زۆر ساردا بوو، هێشتا نانی ئێوارەمان نەخواردبوو لەبەرئەوەی ئەوان درەنگ دەهاتنەوە دەبوو چاوەڕێیان بكەم تا دێنەوە و خواردنێك دروستدەكەن. نزیكەی كاتژمێر 8ی شەو بوو، كە هاتنەوە، (رێكەوت): وتی دایە وەرە نان بخۆ خواردنم لەدەرەوە هێناوە، ئەمەی وت و ژنەكەی هاواری كرد وتی: بۆی بەرە بۆ ژوورەكەی من بێزم نایە نانی لەگەڵدا بخۆم، چونكە چەند رۆژێكە نەخۆشە. لەسەر ئەم قسەیە لەگەڵ رێكەوت لێیان بوو بەناخۆشی و دەنگە دەنگ، چەندین قسەی ناخۆش و ناشیرینان بەیەكتر وت هەرگیز هەستت نەدەكرد ئەم دوو كەسە ژن و مێرد و خاوەن بڕوانامەی بەرز بن. دوای مشتومڕێكی زۆریان ئاخیرییەكەی (رێكەوت) بەناچاری ملی بۆ ژنەكەی كەچ كرد و بە گوێی كرد و (رێكەوت) وتی: ئەوا من لەبەر خاتری تۆ دایكم دەكەمە دەرەوە بزانم تۆ ئاسودە دەبیت. وتم: رۆڵەگیان بۆچی دەمكەیتە دەرەوە هیچ نەبێت تەلەفۆن بكە بۆ خوشكێكت بابێت بمبات، خۆت دەزانی دەرەوە چەند ساردە و نانیشم نەخواردووە. وتی دەتۆش ئابڕوومان بەرە چۆن تەلەفۆن بۆ خوشكەكانم دەكەم. وتم: ئەی بەوە ئابڕووت ناچێت بمكەیتە دەرەوە؟!!!

هەرئەوەندەم زانی پەلاماری داماو بردمیەوە دەرەوە بۆ ناو ئۆتۆمبێلەكەی، هەرچەند هاوارم كرد بێسوود بوو وتی: هاوارمەكە با نەتكوژم. (رێكەوت) زۆر بێ بەزەییانە منی بردە سەر شەقامێك لەبەردەم دوكانێكدا فڕێی دام، تەنیا یەك بەتانی بۆ هێنابووم، هەتا گەیشتینە ئەوێ هەر دەگریام دەمووت: رۆڵە من دایكی تۆم بۆچی لەبەر خاتری ژنەكەت دەرم دەكەیت؟ كاتێك بەجێیهێشتم نەمدەزانی چی بكەم برسی و بێتاقەت لە شەقامێكی چۆڵ و تاریك، دەترسام گیانلەبەرێك پەلامارم بدات، ئیدی بەو ناڕەحەتییە و بەو سەرما و سۆڵەوە ئەو شەوەم بەسەر برد.

بۆ بەیانی كە خاوەن دوكانەكە هات و دوكانەكەی كردەوە لێیپرسیم بۆچی لێرەیت دایكە؟ لەبرسانا نەمتوانی وەڵامی بدەمەوە، هەر ئەوەندەم توانی بڵێم توخوا تیكەیەك نانم بدەیە زۆرم برسیە. دوای ئەوەی خواردنی بۆ هێنام و ئاگرێكی بۆ كردمەوە كەمێك هاتمەوە سەرخۆم، بۆم باسكرد كە چۆن منیان فڕێداوە، پێشمووت كە من دایكی كێم. بەهەرحاڵ دراوسێ دوكانێكی ئەو كوڕە هات بۆ لام كە ناوی (جەمال) بوو وتی: وەرەوە دەتبەمەوە بۆ ماڵی خۆمان دایكێكی وەك تۆ پیرم هەیە بۆ خۆتان پێكەوە بن. یەكەمجار رازی نەبووم، بەڵام دوایی زۆری لێكردم و منیش رازی بووم كە لەگەڵیدا بڕۆم.

پەشیمان بوون لەدوای (3) مانگ
دوای ئەوەی بۆماوەی (3) مانگ لەماڵی (جەمال) مامەوە، رۆژێك (جەمال) هاتەوە وتی: ئەمڕۆ كوڕەكەت هاتووە هەواڵی پرسیویت، ئێمەش پێمان وتووە كە نەمان بینیوویت، ئیتر رۆیشت. سەرباری هەموو خەمەكانی خۆم، خەمی دڵی(رێكەوت)م بوو. دووبارە پاش ماوەیەكی دیكە (جەمال) وتی: ئەمڕۆ كوڕەكەت دیسان هاتەوە بۆ دوكانەكەم و وتی: من هەموو سلێمانی گەڕاوم و چوومەتە خانەی پیران و لەوێش نەبووە، پێم بڵێن دایكم لەكوێییە؟ ئینجا دەستی كرد بەگریان و بەسەرهاتەكەی گێڕایەوە و زۆر خۆی بە تاوانبار دەزانی، زانیمان كە چەند پەشیمانە لەو كارەی كردوویەتی، بۆیە ئێمەش پێمانوت كە لەلای منە، بەڵام ناهێڵم بیبەیتتەوە و تەنانەت بیشی بینیت. ئیتر (رێكەوت) پێی وتبوو كە ژنەكەی بۆتە هۆكار بۆ دەركردنی دایكم بێجگە لە دایكم لەگەڵ منیشدا رۆژ بە رۆژ مامەڵەی خراپ دەبوو، بۆیە هەرزوو بڕیارمدا لەیەكتر جیاببینەوە، ئێستا هاتووم كە دایكم بەرمەوە، لەدوای وەرگرتنی بەڵێنێكی زۆر، رازی بووم كە بێت لەگەڵمدا.

كاتێك (رێكەوت) هات بۆ ماڵی (جەمال) زۆر سەیر بوو بەلامەوە، یەكسەر باوەشی پێداكردم و دەستی ماچ كردم و فرمێسك بەچاویدا هاتە خوارەوە و وتی: دایەگیان دەبێت لێم ببووریت، لەئاست تۆدا هەست بەشەرمەزاری دەكەم، بەهەرشێوەیەك بێت دەبێت لەگەڵمدا بێیتەوە، لەناو هاوڕێ و كەسوكارەكەمدا تووشی رووڕەشی هاتووم. پاش پاڕانەوەیەكی زۆر و لەبەر ئەوەی كە دایك دڵی زۆر میهرەبانترە لەرۆڵەكانی، بۆیە لەگەڵیدا رۆیشتمەوە، لەو رۆژەوە بەشێوەیەك خزمەتم دەكات كە هەرگیز بەو شێوەیە نەمبینیوە، دەڵێت تا تۆ لەژیاندا مابیت جارێكی دیكە من ژن نەهێنم نەوەك جارێكی تر ئازارت بدەمەوە.
Top