ئەوكچەی كە پەروەردەی هەڵە كردی بەمرۆڤێكی دز

ئەوكچەی كە پەروەردەی هەڵە كردی بەمرۆڤێكی دز
پەروەردەكردنی خێزان بۆ هەموو تاكێك زۆر گرنگە، بەتایبەتی لە قۆناغی منداڵیدا،چونكە ئەو كەلتوورەی كەمرۆڤ لەتەمەنێكی دیاریكراودا دەستی دەكەوێت دەبێتە بەرنامەی تاهەتای بۆژیانی داهاتووی رەنگە كارگەری زۆری هەبێت لەسەر هەموو قۆناغەكانی تەمەنی.

(هێرۆ) یەكێكە لەو كچانەی كەئێستا بەهۆی ئەنجامدانی تاوانەكەیەوە بەندكراوە و لەلایەن كۆمەڵگە و یاساشاوە سزا دراوە. ناوبراو بەسەرهاتی خۆی بەم شیوەیە بۆگێڕاینەوە و وتی: كچێكی منداڵ بووم ماڵمان لەگەڕەكێكی هەژارنشینی شاری هەولێر بوو. باوكم شوفێری تەكسی بوو، دایكیشم ئافرەتی ماڵەوە بوو. باوك و دایكم دوو مرۆڤی زۆر خێڵەكی بوون، بەبیركردنەوەیەكی دەشتەكیانە بیریان دەكردەوە و بە كەلتووری گوند دەژیان، لەبەرئەوە منیان لەماڵەوە دانابوو لەجیاتی فێری كارێكی باشم بكەن. هەرلە ناوچوار دیواردا تەمەنم دەبردەسەر تەنانەت نەمدەزانی ژیان چ جۆرە شتێكی تیادایە، بەڵكو هەموو شتەكانم بەپێچەوانەی واقیع دەبینی. چونكە دایك و باوكم هەموو شتەكانیان لێم قەدەغە كردبوو تەنانەت هاتنە بەردەرگاو چوونەماڵی دراوسێكانیش دەبوو لەگەڵ دایكمدا بێت.

ژیانێكی زۆر داخراو و ناهەموارم بردەسەر تاتەمەنم گەیشتە هەژدەساڵ و كوڕێكی خزممان هات بۆداوام منیان پێشكەشكرد. ئیتر ژیانی هاوسەریمان پێكهێنا. سەرەتا كوڕەكە خۆی زۆر باش پیشاندا، بەڵام دوای ماوەیەك زۆر بەئاشكرا ئازاری دەدام و هیچ پارەی نەدەدامێ بۆئەوەی جلوبەرگی پێبكڕم و تەنانەت هیچ جۆرە خواردنێكی باش و رێكوپێكیشی نەدەكڕی. ژیانم ناخۆش و نارەحەت بوو. حەزم دەكرد منیش وەك هەر ژنێكی دیكە تۆزێك خانەدانانە و بە خۆشگوزەرانی بژیم، بەڵام كە ئەو ژیانەشم نەبوو، ناچار دەمویست كە هەرچۆنێك بێت لەگەڵیدا بژیم و رازیبووم بەو ژیانە ناهەموارە. چاوەڕوان بووم رۆژێك لەرۆژان خودای تاك و تەنیا وەك گشت مرۆڤێك رەحمەتی خۆیم بەسەرداببارێنێت، بەڵام كات دەڕۆیشت و تەمەن ئاوادەبوو هەروەك خۆم مامەوە هیچ جۆرە رەحمێ منی نەگرتەوە، وەك ئاژەڵێكی دڕندە مامەڵەم لەگەڵ دەكرا و رۆژانە بەسەرخۆشی دەهاتەوەو ئازاری دەدام. منیش بڕیارم دا كە تۆڵەی خۆمی لێبكەكەمەوە و شوێنی پارەكەیم زانی و رۆژێكیان سەرجەم پارەو سامانەكەیم بردو دزیم و هەڵاتم بۆماڵی پورێكم، پاشان پیاوەكەم شكاتی لێكردم و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرام، ئێستا چاوەڕیی دادگایی كردنم. كە هەڵەم كرد و هیوادارم كەسانێك هەبن ئەگەر لە بارودۆخی وەك منیش دابن هەڵە بەهەڵە چارەسەر نەكەن، چونكە دواجار تەنیا خۆیان زەرەر دەكەن.

ئا: دیار سالار
Top