ئایا لێخوڕنی ئۆتۆمبێل لەلایەن ئافرەتانەوە حەزوو ئارەزوویەكی چاولێكەریانەیە یان پێویستییەكی رۆژانەیە؟

ئایا لێخوڕنی ئۆتۆمبێل لەلایەن ئافرەتانەوە حەزوو ئارەزوویەكی چاولێكەریانەیە یان پێویستییەكی رۆژانەیە؟
كۆمەڵگەی كوردیش وەكو هەموو كۆمەڵگەكانی تری ئەمڕۆ، بەرەو دنیای پڕ پێشكەوتن و جەنجاڵی ئەمڕۆكەدا كراوەتە و سیمای ژینی مۆدێرنی تیادا بەدەركەوتووە. یەكێكیش لەو سیمایانە ئەوەیە كە لەسەر شەقامەكاندا بەدەیان و سەدان ئۆتۆمبێل دەبینی كە ئافرەت لێیدەخۆڕێ. پرسیارەكە ئەوەیە ئەو ژمارە بێشومارەی شوفێری ئافرەت نیشانەی چاولێكەری ئەوانە، یانیش ئۆتۆمبێل كڕین و هاژۆتن ئەمڕۆ بۆتە پێویستییەكی ژیانی رۆژانەمان؟
(شێنێ نامیق) كە فەرمانبەرە لەوەزارەتی دارایی و ئابووری لەمەڕ لێخوڕینی ئۆتۆمبیل لەلایەن ژنانەوە دەڵێت: پێشتر ئەگەر ژنێك ئۆتۆمبێلی پێبایە و بە شەقامێكدا بڕۆیشتیایە، بەچاوێكی پڕ لەسەرسوڕمانەوە سەیریان دەكرد، وەك ئەوەی كارێكی زۆر ناشایستەی كردبێت، دەكەوتە بەر تیر و تواجی رێبواران و خەڵكی و شوفێرانی دی، بەڵام بەهۆی گۆڕانكاری بەسەر كۆمەڵگە و بەسەر ژیانی هەر تاكێكماندا هاتووە، چ لەباری ئابوورییەوە بێ، چ لە باری كۆمەڵایەتییەوە بێ، وایكردووە خەڵكیش بیركردنەوەیان بگۆڕێت و بەلایانەوە ببێتە شتێكی ئاسایی.
ئایا ئەمڕۆ كڕین و هاژۆتنی ئۆتۆمۆبێل لەلایەن ئافرەتانەوە بۆتە چاولێكەری یان وەك زەروورەتێك وایە؟
زۆرجار پێویستییەكانی ژیان ئەوەندەی وەك چاولێكەری بەكاردەهێندرێن ئەوەندە وەك زەروورەتێك سەیری ناكرێت، ئافرەتێك بەهۆی سەرقاڵی كارەوە ناتوانێت بەكارەكانی دەرەوەی خێزانەكەی رابگات، بەڵام ئەگەر سوود لەئۆتۆمبێلی خۆی وەربگرێت، لەوانەیە بەدەر لەو كارانە، بەكاری دیكەی رابگات، هەروەك (ساجیدە عەبدولڵا) چالاك لەبواری ئافرەتان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە: ئەمڕۆ ئۆتۆمبێل بۆتە زەرووریەتێكی ژیان، ئیتر بۆچی ژنان لێی بێبەش بن، بەڵام بەداخەوە بەشێكی زۆر لە ژنان ئەوەندەی وەك چاولێكەری سوودیان لێیوەرگرتووە ئەوەندە وەك پێویست تەماشای ناكەن. زۆرێك لەو ژنانەی كە ئۆتۆمبێلیان هەیە لێمپرسیون بۆچی ئەو ئۆتۆمۆبێلەت كڕیوە چییە ؟ وتویەتی: بۆچی من چیم لەو ژنانە كەمترە كە ئۆتۆمبێلی خۆیان هەیە!! بێگومان ئەم جۆرە بیركردنەوانە جێگەی پرسیارن. بۆچی دەبێت ئافرەتان وا سەیری ئەم شتە بكەن، بۆ وەك پێداویستییەك سەیری ناكەن كە كەی زۆر پێوستی پێنەبێت نەیكڕێت؟ راستە ئۆتۆمبێل مافی هەردوو رەگەزە، چۆن بۆ پیاوان ئاساییە ئۆتۆمۆبێلی خۆیان هەبێت، ئاواش بۆ ئافرەتان ئاساییە.
مامۆستا (كاروان سەعید)، پێیوایە:چۆنیەتی بیركردنەوەی ئافرەتان خۆیانن كە واهەست دەكەن دەبێت لەزۆر شتدا لەپیاوان جیاوازبن. تەنانەت لەكاتی لێخوڕینیشدا جۆرێك لەبێتوانایی خۆیان دەردەخەن، خۆ ئەمە پیاوان بۆیان دروست ناكەن؟ هەرئەمە وایكردووە كە پیاوان ترسیان لەشۆفێریی و جۆری لێخوڕینی ژنان هەبێ. لەخێزانی خۆماندا ئەوەندەی من كارەكان رادەپەڕێنم و یارمەتیان دەدەم، ئەوەندە براكەم ئەو كارانە ناكات، هەربۆیە باوكم هەمیشە داوا لەمن دەكات كارێكی بۆ ئەنجام بدەم. (شنۆ مەولودی) تەمەن 28 ساڵ، كە پیشەی پەرستیارە، باس لەوە دەكات كە ژن: ئەگەر ئۆتۆمبێلی خۆی هەبێت، ئەو كارانەی پێشتر هاوسەرەكەی ئەنجامی دەدا، ئێستا خۆی دەیانكات، هاوكات قورسایی لەسەر شانی هاوسەرەكەشی لادەبات.
(هاوناز ئومێد)، كە ژنی ماڵەوەیە رایوایە هەبوونی ئۆتۆمبێلی تایبەت بەخۆی لەسەر رای هاوسەرەكەی بووە، بۆئەوەی خۆی بتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت و چاوەڕێی هاوسەرەكەی نەكات، هەرچەندە لەرووی ئابوورییەوە هیچ سەرچاوەیەكی نییە، هەردەبێت هاوسەرەكەی خەرجی بۆ بكات، بەڵام لەلایەكی دیكەوە دەزانێت كە لەرووی كاری خێزانەوە بێ خەم دەبێت. كاتێكی زیاتریش بۆ هەردوولا دەگەڕێتەوە.
توێژەرە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە پێوەندی هاوسەرەكان لەسەر چەند بنەمایەكی خۆشەویستی بنیاد دەنرێت، نەك لەسەر بنەمای ماددی، لەم لایەنەوە (نەوزاد ئەبوبەكر) وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی خوێندنەوەیەك بۆ ئەم لایەنە دەكات و دەڵێت: سرووشتی ژنان بەشێوەیەكە خواستی لەسەر ئەو شتانەیە كەلەكۆمەڵگەكەیدا دیار و بەرچاون، بەتایبەت ئەو شتانەی كە لەلایەن ژنانەوە پەسەندە، بەشێكی زۆری ئافرەتان بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن كە بزانێت چی نییە لەچاو كەسانی دەوروبەری تا ئەویش بیكڕێت. لەهاوڕێ كچەكانم گوێم لێبووە كە تەنیا بۆ حەز ئۆتۆمبێلیان كڕیوە و مۆڵەتی شۆفێریان دەرهێناوە، ئەگەرنا لەرووی ئابووریەوە توانای دابینكردنی خەرجییەكانی ئۆتۆمۆبێلیان نییە، یاخود توانا و لێهاتووییەكی ئەوتۆیان نییە تا بزانن ئۆتۆمبێل لێبخوڕن، بەڵام بەدەر لەوحاڵاتانە ئۆتۆمبێل زەروورەتێكی گرنگە بۆ ژیانی تاكەكان، وای لێهاتووە كە وەك پێداویستییەكی سەرەتایی دابنرێت بۆ ژیان، بەڵام بەڕاستیش زۆر گرنگە بەسەر ئەو حاڵەتی چاولێكەرییەدا زاڵبین.
Top