دڵپیسی نێو هاوسەرەكان بەڵایەكە بۆخۆی

دڵپیسی نێو هاوسەرەكان بەڵایەكە بۆخۆی
یەكێك لەخاڵە سەرەكی و بنەڕەتیيەكانی ئاژاوەی ژن و مێرد كێشەی دڵ پیسییە، جگە لەوەش مەرجێكی زۆر سەرەكی ئافرەتان لەكاتی بڕیاری هاوسەریدا جەختی لەسەر دەكەنەوە. كە ئایا ئەو كەسەی شووی پێدەكەن دڵپیس نەبێت. هەرلەبەرئەوەیە كە زۆر بەوردی و لەرێگەی كەسە نزیكەكانی پیاوەكەوە لێیدەپرسرێتەوە. بۆیە ئەوەندەی ئەم لایەنە گرنگە ئەوەندە مارەیی بەلای كچانەوە گرنگ نییە.
گوڵزار ئەنوەر خاوەنی هاوسەرە و دەڵێت: پێش ئەوەی بڕیاری دروستكردنی ژیانی هاوسەری بدەم، زۆر دەترسام كە ئەو كەسەی دەبێتە هاوسەرم، دڵی پیس بێت لێم. ئەگەر چیی ئێستاش زۆرجار لەهەندێك شوێن و سەردانی تایبەتیدا لەگەڵ هاوسەرەكەم تووشی ئەو حاڵەتە دەبم، بۆ نموونە ئەگەر گاڵتەیەكی زۆر بكەم لە میوانداری دواتر نەوچەوان دەدات بەیەكدا و دەڵێت پێم خۆش نییە ئەوەندە گاڵتە دەكەیت لەگەڵ ئەم و ئەو. هاوسەرەكەم پێیوایە كە ئەگەر برای خۆشی بێت من زۆر گاڵتەی لەگەڵ نەكەم. بەپێچەوانەی بیركردنەوەی هاوسەرەكەمەوە زۆرم حەز لە گاڵتە كردنە، بۆیە زۆرجار كە پێشی دەڵێم تۆ دڵت پیسە پێی ناخۆش دەبێت و دەڵێت دڵم پیس نییە. زۆرجار حاڵەتەكانی دڵپیسی جۆرێك هەڵە لەیەك تێگەیشتنە، یاخود خودی پیاوان بۆخۆیان هۆكاری دروستكردنی ئەو هەڵەیەن، ئەم هەڵە لەیەك تێگەیشتنە هەمیشە لەناو گومان و دڵەڕاوكێی رووداوەكانی دۆڕاندنی شەرەف و ئەخلاقیاتی خێزانیە، هەر ئەم وێنەیە وا لەبەرامبەر دەكات ئەو دڵپیسیە درێژە پێبدات.
شەهلا قادر تەمەنی 22ساڵەو ماوەی ساڵێكە لە ژیانی هاوسەریدایەو دەڵێت: لەماوەی ئەم ساڵەدا تووشی چەندین حاڵەتی دڵپیسی بوومەتەوە لەگەڵ هاوسەرەكەمدا، لەكاتی هات و هاوار و شەڕەكان دا ئەوە بەیەك دەڵێینەوە كە دڵیی پیسە، بەڵام ئەو رەتی دەكاتەوە كە دڵی پیس بێت، تەنیا بەوەی دەشوبهێنێ كە غیرەیەكی خۆشەویستیەو هیچی تر. یاخود بەهۆی هەندێك قسەو باسی بنەماڵەییەوە تووشی ئەو حاڵەتە دەبین:.
ژیانی هاوسەری، نهێنی زۆر جۆراوجۆری تێدایە، پاراستنی ئەو نهێنیانەش لەئەستۆی ژن و پیاودایە و پێویستی بە متمانە هەیە لەنێوان ژن و پیاودا. ئەگەر بێت و متمانەی نێوان ژن و پیاو بمێنێت و نەیدۆڕێنن ئەوا ئەو دڵ پیسیە دروست نابێت، بۆنموونە ئەگەر ژن و پیاو هەردوو پابەندی رێكەوتنەكانی نێوانیان بوون لەكاتی سەردان و رۆیشتنیان بۆ شوێنە گشتی و تایبەتیەكان و نەكەوتنە ژێر كاریگەری عاتیفی و خزمایەتیەوە، خۆیان تێكەڵی كۆمەڵێك لە داب و نەریتە كۆمەڵایەتییەكان نەكەن، ئەوا ئەو دڵپیسیە دروست نابێت.
ئەرمەن رەئوف دوای چوارساڵ و نیو لەژیانی هاوسەریدا لەسەر كێشەی دڵپیسیی جیابووەتەوە و دەڵێت: لەو ماوەیەیەی كە لەژیانی هاوسەریدا بووم، زۆر بەناخۆشی گوزەراندومە، چونكە هەموو جوڵەیەكم لەو ماڵەدا لەگەڵ هاوسەركەم و كەسوكارم بە پرسیارو لێپرسینەوە تەواو كرد. تەنیا هاوسەرەكەم ئەو كێشەیەی نەبوو، بەڵكو زۆربەی ئەندامانی ماڵی هاوسەرەكەم دڵییان پیس بوو. وام لێهاتبوو هەركە دەمبینین، چاوەڕێی ئەوەم دەكرد خێرا پرسیاربكەن لەسەر ئەوەی كێهات بۆ ماڵمان بۆچی هاتووە خزمێكی چۆنە. ئیتر تەواو لەو ژیانە بێزارببووم، چونكە وام هەست دەكرد جنۆكەیەك هەمیشە لەگەڵم دەژی نەك هاوسەر تائەوەی تەواو بێزاربووم و بڕیاریی جیابوونەوەم دا. ئێستا زۆر ئاسوودەم نە كەس دەپرسێ، نە لەهاتنی كەسیش دەترسم. پێشموانیە چیتر بتوانم ژیانی هاوسەریی دروست بكەمەوە، چونكە لەپیاو ترساوم، لە هەركەسیش دەپرسی زۆربەی ژیانی وەك من دەگوزەرێت، بەڵام من نەمتوانی تەحەمولی ئەوە بكەم. یەكێك لە هۆكارەكانی هەڵبژاردنی هاوسەری دووەم ئەو ترسەیە كەلەئەنجامی ژیانی یەكەمەوە لەگەڵ هاوسەری دڵپیس تووشی دەبێت. بەهۆی ئەو زۆر و زوڵمە كە سەرەتا تووشی ژنان دەبێت، دواتر تووشی ئەو بێهیواییەیان دەكات كە نەتوانن بەئاسانی ژیانی هاوسەری دروست بكەنەوە، جگە لەوەش تووشی چەندین گرفتی دەروونی دەبنەوە.
Top