(ڤیان) بەسەرهاتی دوو ساڵی سكرتێرەیی خۆی دەگێڕێتەوە

(ڤیان) بەسەرهاتی دوو ساڵی سكرتێرەیی خۆی دەگێڕێتەوە
چۆنیەتی گێڕانەوەی ئەم گەشتە
(ڤیان) ئەوە چەند ساڵێكە لە وڵاتی سویدە و لەوێ وەكو هەر ئافرەتێك ئێستاكە بەوپەڕی خۆشی و ئارامییەوە دەژی و بێئەوەی ئاتاجی بەهیچ شتێكەوە بێت و وەكو خۆی دەڵێ «ژیانی ئێرەم تا بڵێی خۆشە و هیچ كێشە و كەموكوڕیەكم نییە. بۆ خواش دەڵێم ئەگەر من سكرتێرەی بەرپرسەكەم نەبوومایە و ئەویش هەوڵی بۆ نەدابام، بەخوا بەخەونیش ئێرەم نەدەبینی، كە من شەو و رۆژ خەونم بە گەشتن بە ئەوروپاوە دەبینی. «(ڤیان) ئێستا ژنێكی سی و دوو ساڵەیە و خۆی بە تەنیا دەژی و مێردی نەكردۆتەوە. لەڕێی هێڵی ئینتەرنێتەوە گفتوگۆیەكی چەند جارە و دوورودرێژمان لەگەڵ یەك بۆ رێكەوت. (ڤیان) ئەگەرچی قژێكی درێژی رەشی هەیە، بەڵام خۆی سپیلكەی چاو سەوزی برۆ و برژانگ گەورە و زێدە جوان و ناسكە و ئێستاش لەوپەڕی جوانی و شۆخ و شەنگیدایە، لەرێی وێنەیەكی سەر ئینتەرنێتەوە سەیریم كرد وبینیم و وتم: باشە ئەمە لەم وێنەدا و لەم تەمەندا وەها جوان بێ، ئەی كە لە تەمەنی بیستەكاندا بووە دەبێ چ جوانییەكی هەبووبێت. ئەو بەخۆی حەزی كرد بەسەرهاتی خۆیمان بۆ بگێڕێتەوە، هەم وەكو ئەزموونێكی كەسیی، هەمیش خستنەڕووی بەسەرهاتەكەی وەك نیشاندانی لایەنێكی ژیانی كەسانێك وەختایەك كە دەكەونە ناو تەماحی كەسیی دەستڕۆیشتووی خاوەن بەرپرسیاریەت كە چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ ئافرەتی جوان دەكەن و چی لەگەڵ دەكەن. با لێگەڕێین (ڤیان) بەخۆی ژیان و بەسەرهاتی خۆیمان لەگەڵ بەرپرسەكەی بۆ بگێڕێتەوە..(ڤیان) بەمجۆرە قسەی كرد و وتی: تەمەنم بیست و یەك ساڵ دەبوو كە لە وەزارەتێك وەك فەرمانبەرێك كە بڕوانامەی شەشی ئامادەیم هەیە، دامەزرام. سەرەتا كە دامەزرام دڵم یەكجار خۆش بوو و یەكەم رۆژی دەوامم زۆر بەشەوق و خۆش بوو وامدەزانی دنیا هەمووی هی منە. كە دەستم بەدەوام كرد سەرەتا لە ژووری كۆگایان دانام و ئیشی ئەم بەشەم دەكرد. مووچەكەم زۆر نەبوو، بەڵام هەر باش بوو. تازە شووم كردبوو. جا كە منیش دامەزرام پیاوەكەم زۆری پێخۆش بوو، چونكە باری داریمان باشتر دەبوو. كە دامەزرام زۆر تێكەڵی ئەم و ئەو نەدەبووم، بەڵام دەمدیت پیاوەكان چ ئەوانەی بەژن بوون چ ئەوانەی سەڵت بوون لە دەور و خولم دەسووڕانەوە. لەم ماوەیەدا چەند كەسێك لە فەرمانگە لێم نزیك بۆوە، بەڵام رووم نەدەدانێ خەمی من زیاتر ئەوەم بوو كە چۆن خەرجی رۆژانەی ماڵ و كرێی خانوو دابین بكەم، بۆیە سەرنج و چاو تێبڕینی دەوروبەرم ئەوەندە بەلاوە گرنگ نەبوو. بەهەرحاڵ یەك دوو مانگی پێچوو رۆژێك بەڕێوەبەری بەشەكەمان بانگی كردم و پێیوتم كە بچمە بەشەكەی بۆئەوەی فێری ئیشی تازە ببم. بەڵام دواتر زانیم كە مەبەستی تەنیا ئەوەبوو لێوەی نزیكبم. بەڕێوەبەرەكەم پیاوێكی زۆر چاو لەدەر و تەماحكار بوو.
چەند جارێك بوو تیر و توانجی ناڕاستەوخۆی تێدەگرتم، بەڵام رووم نەدەدایێ و وەڵامیم نەدەدایەوە. هەوڵمدەدا خەریكی كاری خۆم بم، بەڵام وازی لێنەدەهێنام بەخۆشی و ناخۆشی شەڕی پێدەفرۆشتم، ناچار فەرامۆشیم دەكرد ئیتر ئەو بە فەرامۆش كردن شێت و هار دەبوو. بەردەوام ململانێی دەكردم، لەسەر ئەوە یەك دوو جار بە هەنجەتی كەمتەرخەمی كردن لەئیش سزای دام. چەند جارێكیش مووچەی لێبڕیم. ئەم شەڕ پێفرۆشتنەی بەردەوام بوو، زۆر بێزاری كردبووم، هیچ مانگێك نەبوو مووچەم نەبڕێت، چەند جارێك داوای گواستنەوەم كرد كەچی كە داواكەم پێشكەش دەكرد، دەیوت گواستنەوەی چی فەرمانگەكەمان پێویستی بە میلاك هەیە چۆن رازی دەبم لێرە بڕۆی. زۆر بێزار و وەڕسی كردبووم. ئاخر لەلایەك پیاوێكی رەزاگرانی لەمن گەورەتر بوو. دەمتوانی راددەیەك بۆ شەڕپێفرۆشتنەكانی ئەو دابنێم، ئەگەر یەكجار تەنیا یەكجار قسەیەكی خۆشم لەگەڵ كردبا، بەڵام منیش لەرقان قەت نەمدەهێشت بەو ئاواتەی بگات. رۆژێك یەكێك لە كچەكانی هۆبەكەمان وتی: (ڤیان) تۆ بۆ ناچی لای فلان (كە بەرپرسێكی گەورە بوو) شكات لەم بەڕێوەبەرە شەڕفرۆشە بكەی مادام ئەوەندە ململانێت دەكات؟ منیش وتم جا من چۆن دەگەمە ئەو كەسە و ئەو من لەكێ دەناسێ تا داكۆكیم لێبكات؟ وتی من بەفلان كەس دەڵێم ئەو پێوەندی لەگەڵ خۆشە و بە ئاسانیش دەتوانێ بتباتە لای. وتم زۆریش مەمنوونت دەبم ئەگەر ئەم هاوكارییەم بكەی.
ئەو كاتەی بەرپرسەكەم ناسی
(ڤیان) بەردەوام دەبێ لەسەر گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆی و دەڵێ: ئەو كچە كابرای لە كێشەكەی من ئاگادار كردەوە و ئەویش هاتە لام كە چاوی پێمكەوت (چونكە پێشتر نەیبینیبووم) چاوی ئەبڵەق بوو، دیقەتی دەدام و لێم ورد دەبۆوە، كچەكە كە لەپێش من باسەكەی لەگەڵ كردەوە ئەویش یەكسەر ئامادەیی خۆی دەربڕی و بەڵێی دا كە بەزووترین كات مەوعیدێكم بۆ رێكبخات. ئەوەبوو هەر بۆ بەیانی مەوعیدی بۆ وەرگرتم و لەگەڵی چوومە لای ئەو بەرپرسە. كە چوومە ژوورەوە كابرای بەرپرس خۆی بە ئیمزاكردنی كاغەزەكانی بەردەمی خەریك كردبوو، گوایە ئاگای لەمن نییە ئیتر سەلامێكی لێكرد ئەویش سەری هەڵبڕی و تەماشای منی كرد و كابرا وتی: گەورەم ئەمە ئەو فەرمانبەرەیە كە باسی كێشەكەیتم بۆ كرد؟ بەرپرسەكە تەماشایەكی ورد و قوڵی كردم و دەموچاوی بەتەواوی گەشایەوە، بەڵام هەوڵی دەدا خۆی وا نیشان نەدا كە جێگەی سەرنجی نیم. بە منی وت فەرموو دانیشە. سەیرێكی كابراشی كرد واتە تۆ بڕۆ. ئیتر ئەویش تێگەیشت و یەكسەر رۆیشت. جەنابی بەرپرس دەرفەتی دام كە باسی كێشەكەی بۆ بكەم، منیش بەدوور و درێژی باسی ململانێی بەڕێوەبەركەمم بۆی كرد. كە قسەم بۆی دەكرد لەبنی پێمەوە تا تەوقی سەرم دیقەتی دەدام و وردە وردە بە گفت ولفتی خۆش و نەرم و نیانانە دڵی دەدامەوە. ئاخیریەكەی وتی: باشە بۆ نابیتە سكرتێرەی من وەزعت لە هەموو روویەكەوە باش دەبێ، هاوكاری ماددی و مەعنەویت دەكەم و پێوەندیشت بە یەكجارەكی بەو بەڕێوەبەرە نامێنێ. منیش یەكەسەر بێ سێ و دوو رازی بووم. شوێن و جێگەی بۆ دیاری كردم وەك سكرتێرەی شەخسی خۆی داینام، تەنیا ئەو ئیشانەم پێدەكرا كە خۆی دەیویست. كابرای بەرپرس بەڕێوەبەری نووسینەگەشی هەبوو، زۆرجار ئەگەر شتێكی لێم بویستایە راستەوخۆ بەمنی نەدەوت، بەڵكو لەرێی ئەوەوە پێمڕادەگەیەنرا. بێگومان كە لەو نزیكبوومەوە لەدەست بەڕێوەبەرە وەڕسكەرەكەم رزگارم بوو، سەرەتا بڕە پاداشتێكی بۆ سەرف كردم، بەڵام مانگی دواتر و بەولاوە بەقەت دوو هێندەی مووچەكەشم بڕی پاداشتی مانگانەی بۆ سەرف دەكردم. دەبوو تازەترین مۆدیلی جل لەبەربكەم چەندیش گران بوایە كێشەم نەبوو، چونكە ئەو خەرجی جلوبەرگیشی بە زیادەوە بۆ دابین دەكردم گوایە لەبەر هەیبەتی شوێنەكەیە. هەستم دەكرد كابرا رۆژ بەرۆژ لێم نزیك دەبێتەوە و هۆگرم بووە. هەر شتێكم بویستایە بێكێشە رەزامەندی لەسەر دەدا. هەر لەمۆڵەتەوە بیگرە تا سەرفكردنی پارەی سەفەر و پاداشت و هاندان وكارتی مۆبایل و نازانم چیدی. زۆرجار داوای لێدەكردم دوای دەوامیش لەگەڵی بمێنمەوە، منیش دەمامەوە. دیارە مێردەكەم ئەو شتانەی دەزانی، چونكە پێیمدەوت، ئەویش ناڕازیبوونی نیشان نەدەدا و دەیوت دیارە بەرپرسێكی چاو تێر و باشە بۆیە وا پاڵپشتی و هاوكاریت دەكات، ئەوندەش دڵسۆزە دوای دەوامانیش دەمێنێتەوە. با ئێمەش خۆمان دروستبكەین تا ئەو لەم شوێنە ماوە. زۆر جاریش لەگەڵی دەچوومە ماڵێكی كە تیایدا بەتەنیا دەژیا و گوایە ئەوێش هەر وەك نووسینگەی تایبەتی وایە. لەم ماڵەیدا جاری وا هەبوو تەنیا بۆ مەی خواردنەوە دەچوو، ئەو وای رایهێنابووم و بەشێنەیی رەفتاری لەگەڵ دەكردم و وای لەمن كردبوو رۆژ بە رۆژ ئەو شتانە بەشێوەیەكی ئاسایی وەربگرم و لەگەڵی بژیم. ئەگەر رۆژێك مەبەستی بوایە بچێتە ئەم ماڵە بۆ مەی خواردنەوە، پێشتر پێیدەوتم و داوای لێدەكردم جلی جوان لەبەر بكەم و لەگەڵی بچم. ئیتر پێوەندییەكەمان لە سكرتێرە و بەرپرس بووە پێوەندییەكی تایبەت و دۆستانە. ئیتر زۆر شت بە ئاسانی بۆم مەیسەر ببوو. ئینجا وردە وردە رووی لەخۆم كرد و داوای شتی تایبەتی لێدەكردم. سەرەتا ناڕازی بووم، ئەویش چەند جارێك لێمی دووپات كردەوە، بەڵام هەر ناڕازی بووم، ئیتر ویستی فشارم بخاتە سەر بەوەی تۆزێك ئیهمالی كردم منیش گوێم بە ئیهمالكردنەكەی نەدا. چەند جارێ فشاری تری خستە سەرم، بەڵام هەر خۆم بە دەستەوە نەدا وەك شەخسی خۆم. دواتر لێی كردمە راستی و رۆژێك دوای دەوام هەموو چوونەوە تەنیا منی هێشتەوە، بانگی ژوورەكەی كردم و داینیشاندم. هەندێ لەگەڵم دوا و بە یەك دوو قسە هەڕەشەیەكی نەرم و نیانی لێكردم و بڕیارەكەی بۆ خۆم بەجێهێشت. هەڕەشەكەی هی گاڵتە نەبوو، هەر ئەوكاتی دوای چەند خولەكێك ئیدی بە داواكەی رازی بووم و كاری خۆی لەگەڵ كردم لەو رۆژییەوە بوومە یەكێ لە عەشیقەكانی. تاكە داوای ئەو ئەمە بوو كە نەهێڵم بەهیچ شێوەیەك منداڵم نە لەو نە لەمێردەكەم بێت، مێردەكەم هەستی بە شتێك دەكرد، بەڵام نەیدەزانی مەسەلە چییە، گومانی لێم پەیداكرد و چەند جارێك كردییە كێشە و منیش بە بەرپرسەكەمم وت و ئەو وتی خەمت نەبی من چارەسەری كێشەكە دەكەم، بەڵام كارەكە هی ئەوە نەبوو بشاردرێتەوە، چونكە خەڵكیش هەبوو قسەیان دەكرد. كێشەی من و مێردەكەم تەشەنەی كرد و خەریك بوو ئیشەكە زۆر گەورە بكات و بیگەیەنێتە دادگا و تەڵاقم بدات. ماوەیەك زیز بووم و لە ماڵی ئەو دەژیام، ئێمە(من و كابرای بەرپرس) پێوەندییەكەمان نزیكەی دوو ساڵی خایاند بوو و خەریكبوو دەتەقیەوە، بۆیە ویستی راددەیەك بۆ ئەم پێوەندییە دابنێ، رۆژێك لەگەڵ هەردووكمان دانیشت و وتی: من چارەسەرێكی زۆر باشم بۆ كێشەكەتان داناوە بەدڵی هەردوولاتان دەبێ، ئەگەر ئێوە حەزتان لێیە دەتانێرمە دەرەوەی وڵات و نیشتەجێبوونیشتان بۆ دابین دەكەم. ئەوەبوو هەردوولامان بەم رێگە چارەیە رازی بووین و هەردووكان لە وڵاتێكی ئەوروپی گیرساینەوە و دواتر مێردەكەم تەڵاقی دام.
Top