ژیانێك لەپێناو خۆشەویستییەكی بێئاكام و بێدەرئەنجامدا

ژیانێك لەپێناو خۆشەویستییەكی بێئاكام و بێدەرئەنجامدا
سەرەتای یەكتر ناسین
ئەو چركە ساتەی لەسوپەرماركێتەكەدا( هێمن)م بینی و بەهۆی كەلوپەل كڕینەوە هەندێك گفتوگۆم لەگەڵیداكرد، هەستم بەخۆشییەكی زۆر كرد و تەواو سەرنجی راكێشم. لەو رۆژەوە ئەگەر تەنها كەلوپەلێكم بكڕیبایە سەردانی سوپەرماركێتی سەر سووچی كۆڵانەكەمان دەكرد، لەمەوە (هێمن) هەستی بەوە كردبوو كە خۆشەویستیەك و سەرسامیەكم بۆی هەیە،ئەویش زۆر راشكاوانە قسەی لەگەڵمدا كرد، لەم قسەكردنەدا ژمارەی مۆبایلمان گۆڕییەوە،لەمەوە رۆژانە بەنامەو تەلەفۆن قسەمان دەكرد.
كاتژمێر (9)ی شەو بوو شەوێكی زۆرسارد بوو هاوكات وردە وردە بەفریش پروشەی دەكرد، لەو كاتەدا زەنگی تەلەفۆنم بۆ هات و سەیری مۆبایلەكەم كرد بینیم (هێمن ) بوو، وەڵامم دایەوە، دوای سڵاوكردن (هێمن) وتی : (ژینۆ) گیان رات چیە ئەگەر من بچمە دەرەوەی وڵات و دواتر تۆش بەرم، بەبیستنی ئەم قسەیە تووشی شۆك بووم، چۆن بڕیارێكی وەها كتوپرت وەرگرت، وتی: دەمێكە بیرم لێكردۆتەوە بەرلەوەی تۆ بناسم بەڵام كاتێك تۆم ناسی زیاتر سوربووم لەسەر ئەو بڕیارە، ناچارم بۆ بژێوی خۆمان ئەم كارە بكەم. ئەو شەوە رازی نەبووم، بەڵام بۆ چەند رۆژی داهاتوو رەزامەندی خۆم نیشاندا .
بۆ بەیانی كاتێك لەپەیمانگا گەڕامەوە چوومە سۆپەرماكێتەكەو لەگەڵ (هێمن)دا لەسەر ئەو مەسەلەیە گفتوگۆمان كرد، پاش چەند رۆژێك (هێمن) خواحافیزی لێكردم و سەفەری كرد، پاش دوو هەفتە پەیوەندی پێوەكردمەوە و وتی : گەڕاومەتەوە بەڵام نایەمەوە بۆ سلێمانی لەدهۆك دەبم هەوڵ ئەدەم بڕۆمەوە . بۆیە جارێكی تریش رۆیشتەوە ودیسان بەهەمان شێوە گەڕایەوە . (هێمن) دایكی خۆی نەبوو بەڵكو باوەژنی هەبوو بۆیە زۆر لەگەڵ ماڵەوە كۆك نەبوو، لەبەرماڵەوەیان لەگەڵ هاوڕێیەكیدا تەنیسقیان كردبوو كە تەلەفۆن بۆ باوكی (هێمن) بكات و بڵێت (هێمن) گەیشتۆتە بەریتانیا لەكاتێكدا هەر لەدهۆك بوو.
(هێمن) زیاد لەساڵێك لەوێ بوو كە پێیوتم (ژینۆ) گیان زۆر بێتاقەتم حەز ئەكەم بێمەوە لەوماوەیەدا چەندین درۆی لەگەڵ باوكیدا كردبوو و قەناعەتی پێكردبوو كە لەدەرەوەی وڵاتە، وتم : ناتوانیت بێیتەوە چونكە ئاشكرا دەبێت دواتر بێیتە داوام لەماڵی ئێمە هەر ئاشكرا دەبیت لەبەرئەوە دەبێت تەنها ماڵەوەتان بنێریت بۆ ماڵی ئێمە، بەهەرحاڵ ئەم بەرنامەیەمان سەری گرت و مەسەلەی داواكردن و مارەكردن تەواوبوو، بەڵام ئەوەی مایەوە مەسەلەی رۆیشتنی من بوو، (هێمن) رۆژانە پەیوەندی پێوە دەكردم و رێگەچارەمان دادەنا، هەرچەندە هەمووی بێ سود بوو، تادواجار (هێمن) وتی : من لەگەڵ براكەتدا قسە دەكەم بەڵكو چارەیەكی پێ بێت.
(هێمن) لەگەڵ براكەمدا قسەی كرد و تەواوی راستییەكانی پێوت، براكەم پێی وت : كە بێتەوە بۆ سلێمانی، بەڵام نە من،نە (هێمن) رازی نەبووین.خۆم زۆر هەوڵم لەگەڵ براكەم دا تا رازی بكەم،بەڵام بێسود بوو. براكەم وتی : لەبەرئەوەی درۆتان كردووە من قسە لەگەڵ باوكمدا دەكەم، باسكردنی ئەو بابەتە لەماڵی ئێمە بوو بەدەنگە دەنگ و ئەنجامەكەی ئەوەبوو كە دەبێت (هێمن) بێتەوە، ئەویش لەبەر ماڵی باوكی نەیدەتوانی بێتەوە، بۆیە بڕیاردرا كە ئێمە جیاببینەوە.بەبێ ئەوەی من ئاگاداربم بە(هێمن)یان وتبوو دەبێت ژینۆ تەڵاق بدەیت.من بەباوكم وت بەوە رازی دەبم بچمە دهۆك لەگەڵ(هێمن)دا بژیم بەڵام باوكم بەهیچ شێوەیەك قبوڵی نەكرد، هاوكات (هێمن) وتی : منیش تەڵاقی نادەم، ئەوەندەی دیكە كێشەكەمان قووڵ بۆوە.
رۆژێك دایكم چوو بۆ ماڵی (هێمن) و پێیوتبون كە كوڕەكەیان لێرەیەو دەبێت بێن كچەكەمان تەڵاق بدەن، بەمەش ئەوەندەی دیكە لەهێمن توڕەببوون، باوكی رازی بوو كەمن و هێمن جیاببینەوە،من هەرپێم دادەگرت كە جیانەبینەوە و بچم بۆ دهۆك، لەم مەسەلەیەدا تەنها خوشكێكم پشتگیری دەكردم،بۆیە هێمن زۆر قسەی لەگەڵ براكەمدا كرد هەرچۆنێك بوو رازی كرد كە من بچمە دهۆك بەڵام كەسوكارم زۆر لێمتووڕە بوون.
نزیكەی شەش مانگ لەدهۆك ماینەوە، داوام لە (هێمن) كرد برۆینەوە بۆ سلێمانی، وتم : بگەڕێینەوە باشترە من هەوڵ ئەدەم لەدەزگایەك دابمەزرێم و ئەویش بچێتەوە سەركاری خۆی، بەڵام هێمن هەر رازی نەبوو، لەسەر ئەو مەسەلەیە لێمان بوو بەناخۆشی، وتی : من هەوڵ ئەدەم بڕۆین بۆ دەرەوەی وڵات و پارەشمان نەبوو هەردووكمان بڕۆین،بەڵام بێ وەفایی (هێمن) ئەوەبوو كە جارێكی دیكە رۆیشتەوە بۆ توركیا و منی بەجێهێشت، لەوێ زۆر مایەوە دواتر هەرچۆنێك بوو دەرچوو گەیشتە بەریتانیا، بەڵام گرفتی گەورە بۆ من دروست بوو، بەبێ ئەوەی خەمێكی من بخوات منی بەجێهێشت، و نەمدەزانی چی بكەم؟ ئەوەی كە منی زۆر ناڕەحەت دەكرد ئەوەبوو كە من سكم هەبوو، پاش ماوەیەكی زۆر ئینجا (هێمن) وتی : من چۆن رۆیشتووم تۆش بەو رێگەیەدا بڕۆ، ئەمەش گەورەترین گرفت بوو بۆ من، چونكە (هێمن) زۆر كەمتەرخەم بوو لەبەرامبەر من هیچ بیری لەمن نەكردەوە كە چۆن خێزانەكەم حاشایان لەمن كردووە و ناتوانم بگەڕێمەوە یان چۆن بەتەنها لەدهۆك بژیم. لەبەر سەخت ژیان و ناڕەحەتی خۆم بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ سلێمانی، بەڵام ئەوەی جێ خەفەتم بوو ئەوەیە كە ماڵی باوكم لەوپەڕی بێ بەزەییدا دەرگای سۆز و خۆشەویستیان لێداخستم و نەیانهێشت بچمەوە ئەو ماڵەو وتیان : قسەی ئێمەت شكاندووە بۆ كوڕێك كە ئەویش وەفای بۆت نەبوو بۆیە چۆن بەدوای ئەودا رۆیشتی با هەر ئەویش بەخێوت بكات و ماڵت بۆ دابنێت . بە داخەوە كە هەر بەمشێوەیە بێ جێگە و رێ مامەوە و تا ئێستاش (هێمن) نە هیچی بۆ كردم و نە ئاوڕێكیشی لێدامەوە . بۆیە بە ناچاری لەرێگەی هاوڕێیەكمەوە چوومە یەكێ لە رێكخراوەكانی ژنان و ئێستا لەوێ لە شلتەرێكیان كە بۆ ئەم جۆرە كێشانەیان دروستكردووە، ژیان بەسەردەبەم و لەچاوەڕێی لەدایكبوونی مناڵەكەم و هاتنەوەی (هێمن)دام . جا نازانم چارەنووسم بە چی دەگات و رۆژگار چیم بۆ دەكات؟
Top