قیستی عەرەبانەودەستگێڕ كێشەی خێزانی لێكەوتۆتەوە

قیستی عەرەبانەودەستگێڕ كێشەی خێزانی لێكەوتۆتەوە
دیاردەی فرۆشتنی كەلوپەلی ناو ماڵ و جلوبەرگی ژنان و كەرەستەكانی جوانكاری بە هۆی دەستگێڕولە سەر عارەبانە و ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە تەرخانكراوە بۆ فرۆشتنی ئەو جۆرە كەلوپەلانە دیاردەیەكە لەناوگەڕەكەكاندا دەبینرێت . ئینجا بەشێكی ئەو دەستگێڕ و عارەبانە و ئۆتۆمبێلانە بێجگە لەوەی كە بەنرخێكی گران شت دەفرۆشن، هەروەها كەلوپەلیش بەنرخی گرانتر بە قەرزدەدەن، ئەمەش وای كردووە تائێستا زۆر ئافرەت بە هۆیەوە توشی كێشە و ناخۆشی بن لە ماڵەوە لەگەڵ مێردەكانیان . تەنانەت حاڵەتی وا هەبووە ژن لە ماڵە مێردی زیز بووە یا مێردەكەی لە ماڵ دەریكردووە یا لە ئەنجامی پەرەسەندنی ناكۆكییەكانیان تەڵاقیش دراوە . چونكە لەوانەیە ئەو ئافرەتە پارەیەكی زۆر قەرزاربوبێت كە لە توانای مێردەكەی نەبووبێت ئەو بڕە پارەیە بداتەوە . بێگومان كەلوپەل بە قەرزگێڕانەوە چەند هۆكارێكی لە پاڵەوەیە و لەم راپۆرتەدا هەوڵمان داوە ئەم كێشە بورووژێنین...
سەرەتا بۆ بەسەر كردنەوەی ئەم باسە بەنێو هەندێ كۆڵان و گەڕەكی شاردا گەڕاین بۆ ئەوەی بەشێ لەو ئافرەت و دەستگێڕ و خاوەن ئۆتۆمبیلانە بدوێنین و بزانین ئەوان خۆین چ دەڵێن بۆ ئەم مەبەستە رێكەوتی (ئەمیر گەیلان)ی خاوەن عارەبانەمان لە گەڕەكێكی میللی كرد و لەسەر چۆنیەتی گەڕان و سوڕانیی بە نێو كۆڵان و گەڕەكەكان و چۆنیەتی مامەڵە كردنی لەگەڵ ئافرەتان گفتوگۆمان لەگەڵی كرد و ئەویش بەجۆرە قسەی خۆی بۆ كردین و وتی: من لە مێژە ئەم كارە دەكەم و قازانجەكەشی باشە و خۆمی پێبەڕێوە دەبەم . بەیانیان دەردەچم تا نیوەڕۆیە حەوت هەشت گەڕەك دەكەم . بۆ ئێوارەكەی ئەگەر پێڕابگەم یەك دوو گەڕەكی دیكەش دەكەم . لەهەندێ كۆڵانی ئەم گەڕەكانە كڕیاری خۆم هەیە لەهەندێكی تریشیان هەندێ لە ئافرەتان بە گوێرەی پێوستیان بە شتومەك و كاڵا رووم تێدەكەن . ئافرەتە كڕیارەكان زۆربەی شتەكانم بە قەرز دەبەن، جا سەرەتا نیوەی پارەكەیان لێوەردەگرم، نیوەكەی تریش بەقەرز و هەر جارەی بەشێكیان لێوەر دەگرم . من تا ئێستا لەسەر قەرزەكانم تووشی كێشە نەبوویمە لەگەڵ كڕیارەكانم چونكە شت نادەمە كڕیارێك بە قەرز ئەگەر نەیناسم و دڵنیا نەبم لەوەی كە قەرزەكەی لە كات و ساتی خۆی دەداتەوە . بەڵام هەبووە لەگەڵ كڕیارەكانی دووچاری كێشە بووە جا لەسەر كات و سات دانەوەی قەرزەكەی بووبێت یان لەسەر بڕی پارەكە بووبێ كە لەگەڵ مێردەكەی تووشی كێشە بوە و ئەویش لەگەڵ خاوەن عەرەبانەكە دەیكاتە كێشە . من نازانم چ ئافرەتێك لەسەر ئەمە لەگەڵ مێردەكەی تووشی كێشە بووە یان نە، بەڵام بۆ خۆم شت بەقەرزدانم پێباشە . بەڵام (وریا مستەفا) كە ئێ و ئەم كۆڵان ئەو كۆڵانان دەكات دەڵێ : كەلەپەلەكانی من زۆربەی كەرەستەی جوانكاری و جلوبەرگن و زۆر جار بەقەرز شت دەفرۆشمە كڕیارەكانم . بێگومان مادام بە قەرز بیدەم نرخەكەی دوو جار و سێ جارگرانتر دەبێ و كڕیارەكەش بە خۆی دەزانێ كە شتی بە قەرز گرانتر دەكەوێ لە شتی بە حازر . من دوو جاران بە چاوی خۆم بینیومە كە ژن و مێرد لە سەر شتكڕین بەقەرز لە سەر عارەبانەكەم تووشی دەمەقاڵە هاتوون . جارێكیان ژنێك بێپرسی مێردەكەی دووقاتی برد، كە ئێوارە مێردەكەی زانیبووی كردبویانە مشتومڕ و بۆ بەیانییەكەی كە چوومەوە كۆڵان ژنەكە هاتبوو جلەكانی هێنابۆوە منیش گوتم وەریناگرمەوە گوتی بەخوا ئەگەر لێمی وەرنەگرییەوە مێردەكەم سوێندی خواردووە و تەڵاقم دەدات منیش لەناچاریان لێموەرگرتەوە گوتم با لە سەر شتێكی وەها ماڵی لێتیكنەچێت . جارێكی تریش ژن و مێردێك هەر لەسەر عارەبانەكەم لەسەر ئەوەی ژنەكە بەقەرز كۆمەڵێك كەلوپەلی بەبێ پرسی مێردەكەی كڕیبوو كردیانە قڕەقڕ و مشتومڕ و مێردەكەی بەزۆر شتەكانی پێهێنابۆوە .
ئەم دیاردەیە لەناو رەتكردنەوە وسوودەكانی
(شێرزاد كانەبی) ئەم دیاردەیە بە دیاردەیەكی ناشیرن وەسف دەكات و دەڵێ: بەرانی من دیاردەیەكی ناشیرینە كە ئەمرۆ لە كوردستان بوونی هەیە ئافرەتانێكی زۆر كەلو پەل بە قەرز دەگێڕنەوە بە تایبەتی لە گەرەكە میللیەكان بە ریژەیەكی بەرز هەستی پێدەكرێت .بێگومان ئەم شتە تەنها چاولێكەرییە چونكە ئافرەتێك كاتێك دەبینێت دراوسێیەكەی شتێك دەگێرێتەوە بەقەرز دەڵێ دیارە باشە بامنیش بیگێڕمەوە . خۆ ئیرەییش بە یەكتر رۆڵی خۆی هەیە یەك لەرقی ئەویتر شت دەكڕێ . خەریكە بڵێم ئەم دیاردەیە وەكو كولتورێكی لێهاتووە واتە وەنەبێت تەنها یەك كەس و دووكەس ئەم كارە بكەن بەڵكو خەڵكێكی زۆر دەیكات.
بەڵام بە پێچەوانەی (شێرزاد)، مامۆستا (شەونم تەحسین) ئەم كارە بە كارێكی باش لە قەڵەم دەدات و دەڵێ: پێموایە كارێكی زۆرباشە چونكە یارمەتی ئەو كەسانە دەدات كە كەم دەرامەتن توانای دانی بە یەكجاری پارەكەیان نییە . بەڵام هەندێجار كێشەكە لەوە پەیدا دەبێت كە ئافرەتی وا هەیە چەند مانگێك لەسەر یەك كەلو پەل دەگێڕتەوە و پارەكەشی نادات تاوای لێدێت پارەكەشی پێنادرێت و هەم لەگەڵ فرۆشیارەكە و هەمیش لە ماڵەوە لەگەڵ مێردی دووچاری كێشە دەبێت . پێموایە ئەو جۆرە ئافرەتانە یا ئەوەتا ژنێكی كابان و ئیداری نین یا ئەووەتا لە رووی دەرونییەوە كێشەیان هەیە . چونكە دەبێت مانگانە پارەیەكی دیاریكراو بدەیت تا لەسەرت زۆر كۆنەبێتەوە . هەروەها خاتوو شەونم گوتیشی: من بەش بە حاڵی خۆم كەل و پەل بە قەرز دەگێڕمەوە بەڵام بەپێی توانی گیرفانی خۆم و هەفتانە پارەكەی دەدەمەوە نایەڵم لەسەرم كەڵەكە بێت و كەل و پەلی زۆریش ناگێڕمەوە كە توانای دانەوەی پارەكەم نەبێت . بۆیە داواكاریشم لە هەموو خانمان كە كەل و پەلی وا زۆر نەگێڕنەوە تا زۆر كۆببێتەوە و بەهۆیەوە توشی كێشەی ناو خێزان و لێكجیابوونەوە و تەڵاق ببن . چونكە لە ماوەی رابردوو دراوسێیەكمان لەبەر ئەوەی بەبێ پرسی هاوسەرەكەی شتی زۆر گێڕابۆوە پارەكەش زۆربوو گەیشتە ملیۆنونیوێك تاوای لێهات هاوسەرەكەی زۆر لێی توڕەبوو بوە كێشەیان و ئاخیرییەكەی تەڵاقیدا.
هەروەها بەشێكی ئافرەتان لەگەڵ ئەوەدانین كەلو پەل بە قەرز بگێرنەوە چونكە هەردەبێت بیدەیتەوە زوو بێت یاخود درەنگ دواتر لەوانە كێشەوگرفتی بە دواوەبێت هەروەك شیلان ئەحمەد دەڵێ: بەرای من هیچ مانایەكی نییە ئافرەت شتێك بە قەرز دەگێڕێتەوە بڕەكەی 1000 یان 2000 هەزارە هیچ مانایەكی نییە نازانم هاوسەرەكەی پارەی پێ نادات یاخو هەر خودی ئافرەتەكە خۆی حەز بە قەرزاری دەكات . من هەتاوەكو ئێستا كەل و پەلم بە قەرز نەگێڕاوەتەوە لەو عارەبانە و ئۆتۆمبێلانەی كە لە كۆڵانەكان كەلو پەل دەفرۆشن چونكە ئەوانەی لە كۆڵانەكان دەگەڕێن شتەكانیان باش نییە دواتریش بۆ دراوسێ لە شتە تایبەتیەكانت بزانێت هەروەها هەركاتێكیش كابرا هات بۆ داواكردنەوەی قەرزەكەی دێت لە دەرگا دەدات. لەبەر ئەوە خۆش نییە چونكە جاری وا هەیە تۆ میوانت هەیە لە پێش چاوی میوان داوای قەرزت لێبكات بۆیە من بەشتێكی هەڵەی دادەنێنم. (عەلی شەمسەدین) دەڵێێ : بۆ ماوەی 13 ساڵ زیاترە كمالیات و شتی ئافرەتان بە كۆڵانەكاندا دەگێڕم و دەفرۆشم، سەرەتا شتم بە قەرز نەدەدا بەڵام دواتر كڕیارێكی زۆرم پەیداكرد پێمباش بوو بە قەرزیش شت بدەم و لە هەندێكجار توشی كێشە دەبم چونكە هەندێك ئافرەت هەیە قەرزەكەم ناداتەوە و یاخود زۆر وەدرەنگی دەخات ناچارم هیچی تر شتی پێ نەدەم دواتر ئەگەر قەرزەكەی نەداوە ناچارم بە پیاوەكەی بلێم . ماوەیەك بەر لە ئێستا ئافرەتێك بۆماوەی 5 مانگ زۆربەی هەفتەكان كەلوپەلی بە قەرز دەگێڕایەوە هەر پارەی نەدەدا ناچار بووم بە هاوسەرەكەی بڵێم بەڵام كاتێك بە هاوسەرەكەیم گوت زۆر سەری سوڕما كە خێزانەكەی بایی 800هەزار دینار قەرزارە دواتر وتی : من پەیوەندیم پێوەنییە، پێت نەدابایە . دواتر كێشەكە چەند مانگێكی خایاند لە كۆتایدا بە زۆر پارەكەم لێسەند . بەڵام ئافرەتیش هەیە كەلوپەلی سەر عارەبانە و ئۆتۆمبیلە گەڕۆكەكان ناكڕن.. و دەڵێن هەمووی شتی خراپ و سادەن و پارەكەشیان پێ زۆرە .. خاتوو (ئەسما بیلال) كە دانیشتووی گەڕەكی بەختیارییە و ئەندازیارە دەڵێ : بۆ خۆم بە هیچ شێوەیەك كەلوپەلی سەر ئەو عارەبانە و دەستگێڕانە نەك هەر بە قەرز بەڵكو بە نەختینەش ناكڕم . چونكە كەرەستەكانیان هەمووی خراپ و بێكەڵكن، شتێكی واش ناهێنن سوودی هەبێ ئەگەر بشیهێنن دڵنیابە بەنرخێكی زۆر گران دەیفرۆشنەوە . جارێكیان ژنە دراوسێییەكمان لەگەڵ مێردەكەی ببوە كێشەی لەسەر ئەوەی كە ژنەكە چەند پارچە قوماشێكی لە سور عەرەبانەیەك كڕیبوو ئێوارە مێردەكەی كە زانیبووی كردبویە شەڕ لەگەڵی و دیار بوو مستێكی تووندی خێواندبووە چاوی و بۆ بەیانی بەری چاوی شین و مۆر ببوو . بەیانی كە یەكترمان بینی بەخۆی هۆی چاو شین و مۆر بوونەكەی بۆ باس كردم منیش گوتم چیت كڕیووە ئەویش پارچە قووماشەكانی پێنیشاندام، كە لە نرخەكەیم پرسی، نرخێكی خەیاڵی گوت منیش پێمگوت بەخوا ئەو نرخەی كە پێتی فرۆشتووە سێ هێندەی نرخی بازاڕە و پیاوەكەت هەقی بووە وا تووڕە بووە . ئیتر كە خاوەن عارەبانەكە هاتبۆوە پاش مشتومڕێكی زۆر ئەوجا رازی ببوو پارچە قوماشەكان وەربگرێتەوە .
(هێڤین سەلام) كە توێژەرێكی كۆمەڵایەتیە ئاماژە بۆ ئەوەدەكا كە: دیاردەی كەلوپەل فرۆشتن لە ناو كۆڵانەكان تەنها لە هەرێمی كوردستان هەیە چونكە نە لە وڵاتە ئەوروپیەكان نە لە ئاسیاش ئەم دیاردەیە نییە . بە بڕوای من پێشتر ئەمە لە گوندەكان باوبوو چونكە هیچ شتێك نەدەگەیشتە گوندەكان و دانیشتووانی گووندیش روویان لە شارەكان نەدەكرد ناچار ئۆتۆمبێلێك دەچوو بۆ گوندەكان و كەلوپەلی جۆراوجۆری لەگەڵ خۆی دەبرد . دەتوانم بڵێم پێش ساڵی 2007 ئەم دیاردەیە هەروەك خۆمان دەیبینین بەروكەمبوونەوە چووە لەبەرئەوەی خەڵەكە هۆشیارییەكی زۆری هەیە لە چاو جاران هاوكات باری گوزاری خەڵكیش بەرەوپێش چووە . بەڵام لە گەڕەكە میللییەكان زیاتر دەبینرێت . لە لایەكی ترەوە شت بە قەرز گێڕانەوە رەفتارێكی نەرێی زۆر خراپە ماكی كۆمەڵایەتی جۆراوجۆری لێدەكەوێتەوە،چونكە هەندێكجار بۆتە هۆی هەڵوەشانەوەی خێزانێك یان دروستبوونی كێشەوگرفتی گەورە.
Top