( چنار ) .. بەئومێدی خەیاڵێكی خۆشی وەدینەهاتوو سەری نایەوە
July 25, 2010
کۆمەڵایەتی
یەكترناسینی سۆران و(چنار) بەڕێكەوت بوو. چنار دەمێك ساڵ بوو فەرمانبەر بوو، لەو فەرمانگەیەش كە سۆرانی ناسی نێزیكی چوار پێنج ساڵێك دەبوو كاری دەكرد. سەبارەت بە چۆنییەتی یەكەتر ناسینی چنار و سۆران با گوێ لە (لەنجە) خۆی بگرین بزانین ئەم رێكەوتەمان بۆ باس دەكات: من و چنار بێجگە لەوەی كە لە یەك فەرمانگە بووین، چەند ساڵێكیش دەبوو كە ماڵمان دراوسێی ماڵیان بوو. نهێنییەكانی ژیانی ئەو تەنیا لای من بوو، چونكە ئێمە زۆر هاوڕێ و دۆستی یەكتر بووین، بۆیە هەر لە سەرەتای یەكترناسینیانیشەوە ئاگادار بووم. ئەو رۆژە بەرەبەری نیوەڕۆ بوو كە سۆران بە رێكەوت هاتە فەرمانگەكەمان و كارێكی تایبەتی خۆی هەبوو، نازانم چۆن بوو كە چاوی بە چنار كەوتبوو، ئەو رۆژە چنار هیچی پێنەوت، بەڵام دیار بوو كە زۆر دڵی خۆش بوو، چەندی لێمپرسی چییە وا ئەمڕۆ دڵ خۆش و بەكەیفی؟ نەیدەدركاند. رۆژی دواتر سۆران دیسان پەیدابۆوە، گوایە كاری لە فەرمانگەكەمان هەیە. چووە ژووری چنار و ئەویش بەگەڵی كەوت بۆ تەواوكردنی كارەكانی. نیوەڕۆ دوای تەواوبوونی دەوامی ئاسایی كە چووینەوە چنار دڵی خۆشتر بوو، لە هۆیەكەیم پرسی وتی: چوزانم بیرم هەر لەسەر ئەو كوڕەیە كە دوو رۆژە دێتە فەرمانگەكەمان. چەند رۆژێكی رابرد كوڕە دیسان پەیدابۆوە، هەمدیسان چۆوە لای چنار و پێكەوە خەریكی كارەكەیان بوون. ئەو رۆژە بوو كە چنار بۆی باس كردم كە دڵی چۆتە سەر ئەم كوڕە. خۆشەویستییەكەیان لێرەوە دەستیپێكرد كە وەك رۆمانێكی نەنووسراو وابوو. چنار هەموو جارێ دەیوت: مەگەر هەر سۆران بتوانێ خەمی مردنی دایكمم لەبیر بەرێتەوە، یا سووكی بكات. پاشان سۆرانی پێناساندم و بەیەكەوە هەندێك گفتوگۆمان كرد، پاشان چەند جارێكی تریش رێكەوت كۆیكردینەوە. بەڕاستی كوڕێكی تا بڵێی هێمن و سالار و بەڕێز بوو، لەگەڵ چنار زۆر میهرەبان بوو. كاتێك قسەیان بەیەكەوە دەكرد، حەزت دەكرد هەر گوێیان لێبگری. سۆران لە خێزانێكی دەوڵەمەند بوو، خۆشی ئەندازیار بوو، تازە نووسینگەی ئەندازیاری دانابوو، تەمەنی بیست و نۆ ساڵ بوو. دوای چوارپێنج مانگ پێوەندی خۆشەویستی و عیشق، هەردوولا گەیشتنە دانانی بەرنامەی پێكهێنانی خێزان. كەسوكاری سۆران بەدڵ و بەگیان حەزیان دەكرد زوو داخوازی چنار بكەن نەوەك قەدەر لەدەستیان دەربێنێ یا لێكیاندابڕێنێ، یا چنار دڵی بگۆڕێت..ماڵی سۆران خەریكی ئامادەكردنی تەدارەكی خوازبێنی و ناو ماڵیان بوون.
هەواڵێكی دڵتەزێن
مانگێك دەبوو كە هەردوولا خەریكی ناوماڵ دانان و شتەكانی تر بوون، رۆژی پێنجشەم بوو، كە سۆران هاتە فەرمانگە و لەگەڵ چنار تا نزیكی بەرەبەری تەواوبوونی دەوام پێكەوە دانیشتن، كە رۆیشت، چنار بەمنی وت: لەنجە قرچەیەك لە دڵم هەڵستا، هەستێكی زۆرناخۆشم هەیە، دڵم لەپڕ توند بوو، بەرچاوم تاریكە. منیش دڵیم دایەوە و دواتریش پێمگوت بەس ئەوندە ناز بكە هەمووی یەك دوو رۆژی ترە، ئیتر بەكەیفی خۆت ناز و عیشوە لەسەر سۆران بكە. سەرێكی ناڕەزایی لێمبادا و وتی بەخوا تۆش قسەی بێتام دەكەی. رۆژی شەمە كە چووینەوە دەوامی ئاسایی خۆمان، تازە دەستمان بەكارەكانمان كردبوو كە كوڕێك هات و لە چناری پرسی دیار بوو ژوورەكەیان پێنیشاندابوو، هەر هێندە كوڕە هاتە دەرەوە چنار چاو بەفرمێسك و بەهەڵەداوان هەڵاتە بەر دەرگا و تەكسییەكی گرت و رۆیشت، نەمزانی بۆ كوێ چوو، بەڵام كوڕەكەمان بانگ كرد پێش ئەوەی بڕوات و لێمان پرسی چیبووە، وتی: دوێنێكە سۆران ماڵەوەیانی بردۆتە سەیران و لە رێگەی گەڕانەوەیاندا ئۆتۆمۆبێلێك كە یەك دوو گەنجی سەرخۆشی تێدابووە بە خێرایی و بە رۆنگ ساید رۆیشتوونە، لەگەڵ ئۆتۆمۆبێلەكەی ماڵی سۆران خۆیان لێكداوە و گەنجەكان هەموویان مردوون و هی ماڵی سۆرانیش خوشكێكی و دایكی و سۆران مردوون. ئەم هەواڵە بۆ ئێمە یەكجار دڵتەزێن و بە ئازار بوو، كە گوێبیستی هەواڵەكە بووین ئێمەش بۆ بەهاناوە چوونی چنار چەند كەسێكمان چووینە نەخۆشخانە، بەڵام چی ببینین چنار شینێكی دانابۆوە مەپرسە، ئەوەی دەیدیت لەحەژمەتان دەستی بەگریان دەكرد..بەهەزار حاڵ بردمانەوە ماڵەوە. دوای دەوامیش لە ماڵەوە پرسەی دانابوو. بەمجۆرە دوای تەواوبوونی پرسەكەشی نەیتوانی بگەڕێتەوە دەوام. هەموو رۆژێك سەریم لێدەدا، بەڵام چیلێهاتبوو، نەتدەناسییەوە، دەساڵان لە تەمەنی خۆی گەورەتر بوو، ئەوندە خەفەتبار و لێو بەبار ببوو كە سەیریت دەكرد دڵت بۆی دەبوو بە بریان..دە رۆژێك بەمشێوەیەی رابرد، رۆژێكی نیوەڕۆ كە لە دەوام دەهاتمەوە وتم پێش ئەوەی بچمەوە ماڵ با سەرێك لە چنار بدەم بزانم ئەمڕۆ چۆنە لەدوورەوە بینیم قەرەباڵغییەكی زۆر لە بەردەم ماڵەكەیان هەیە كە نزیكبوومەوە پرسیارم كرد كە ئەم قەرەباڵغیە چییە وتیان چنار خۆی كوشتووە، بەم هەواڵە تەزییەكی سارد بەلەشمدا گەڕا و بەچاوم تاریكبوو، هەرهێندە چوومە ژوورەوە كە بیبینم بزانم چیبووە كە چوومە ژوورەوە دیتم لەلای تەباخی غازەكەیان كەوتووە و وەك ئەوەی تازە خەوی لێكەوتبێ، خەڵكەكە دەیانوت غازی كردۆتەوە و بە بۆنەكەی خۆی كوشتووە. ژنێكی دراوسێیان رۆژانە سەری لێداوە و دڵی داوەتەوە، كە چۆتە ژوورەوە رووداوەكەی دیتووە خەڵكی گەڕەكی لێئاگادار كردۆتەوە. كە چاوم پێیكەوت بەدەست خۆم نەبوو، چاوم پڕگریان بوو، چوومە لای و دەستم هاویشتە ژێر سەری بە ئەسپایی سەریم لەسەر سەرینێك دانا و تێر تێر بۆی گریام هەتا خەڵكەكە هاتن و هەڵیانگرت و تەرمەكەیان بردە ژوورێك بۆ ئەوەی بیشۆن و كفن و دفنی بكەن. ئەو ساتە رۆژێك بوو لە ژیانم كە قەت لە بیرم ناچێتەوە، بریا بە بریایی خودای نەمدیتبا كچێكی جحێڵی ناسك و نازداری شۆخ و شەنگ ئەمە چارەنووسی بێت.