(دڵشاد) لەبەر دەم دادگادا بەناچارەكیی دانی بەهەموو تاوانەكانی خۆی نا .. تلیاك كێشان و بەسەر تاوانەوەگرتن

(دڵشاد) لەبەر دەم دادگادا بەناچارەكیی دانی بەهەموو تاوانەكانی خۆی نا .. تلیاك كێشان و بەسەر تاوانەوەگرتن
ئێوارە بوو كە دڵشاد و هاوڕێكانی دانیشتبوون و سەرگەرمی كێشانی تلیاك بوون. دووان لە هاوڕێكانی كە تازە هاتبوونە نێو ئەم كۆڕەوە ئەوان پێیان دەگووتن نێچیرە قەڵەوەكان، چونكە لەسەرێكەوە تازەیان فێرە ئەم خووە كردبوون و لەسەرێكی تریشەوە كوڕە دەوڵەمەند بوون و باكیان بە پارە خەرجكردن نەبوو. ئەسڵەن هەر پێیان عەیب بوو باسی پارەش بكەن. ئەوان لە لەزەت و خۆشی و مەست دەگەڕان، گرنگ نییە پارەی زۆری گەرەكە یان كەم. هەموو جارێ كە مەست دەبوون و باس باسی پارە دەهاتە گۆڕێ دەیانگووت: كورە خۆ ئارەقەمان بەو پارەیە نەكردووە هەتا خەفەتی پێبخۆین، لەكێ دێ یان نایە، ئەوە هەر گرنگ نییە، ئەدی دنیا بۆ دنیا نییە، هەر یەكجار دێییە سەر دنیا ئێ نابێ ئەویش بەخۆشی ببەینە سەر.

دڵشاد كە سەردەستەی گروپێكی چوار كەسی بوو، لەڕێی كوردێكی تازە گەڕاوەوە، دوای دوو سێ مانگ برادەرایەتی فێری كێشانی بەنگەمەنی، بەتایبەتیش تلیاك ببوو. پاشان كەوتبووە ناو تۆڕێكەوە فێرببوو كە كڕین و فرۆشتنیشی پێبكات. ئەویش توانیبووی چەند كوڕە دەوڵەمەندێك بەم دەردە ئاڵودە بكات. لەمە هەم قازانجێكی باشی دەكرد هەمیش خۆی بەبێ پارە و خەرجییەكی ئەوتۆوە بە باشترین جۆری تلیاك سەرگەرم دەكرد. دڵشاد و برادەرەكانی دەمێك بوو خرابوونە ژێر چاودێرییەكی چڕو پری دەزگاكانی ئاسایشەوە، بەبێ ئەوەی بەخۆیانیش بزانن. ئەوان لەبیری ئەوەدابوون بازرگانێتییەكەیان باشتر و كاریكەرتر بەڕێوەببەن و بازنەی كارەكانیان فراوانتر بكەن. دلشاد پێشتر مامەڵەی لەگەڵ كابرایەكی بەئەزموون هەبوو، ئیشەكانی بە وریایی و زیرەكانە رادەپەڕاند. بۆیە دەمێك بوو خەریكی ئەم كارەبوو، كەچی نەببووە جێگەی گومانی هیچ كەسێكەوە، بۆیە تا گومانی لێكرابوو زۆری پێچوبوو، بەڵام كاریش لەكار نەترازابوو. ئەو ئێوارەیە برادەرە دەوڵەمەندەكانی یەكێكی دیكەی تازە ئاڵودەكراوی وەكوخۆیان دەوڵەمەند هێنابوو. ئەویش یەكێكی دیكەی لەگەڵ خۆی هێنابوو كە گوایە جێی بڕواو متمانەیان بوو، گوایە تازە فێركرابوو. دانیشتن خەریكی خۆ سەر گەرمكردن بوون، كەرەستە و تەدارەكی دانیشتنەكە ساز و ئامادەكرا، وردە وردە دەستكرا بەكێشانی تلیاك، ئینجا یەكە یەكە مەست دەبوون. لەناو خۆشی مەستبوون و سەرخۆش بوون دابوون، لەپڕ سێ چوار زەلامی دەمامكدرای بەخۆ و بە چەكەوە لێیان بەژوور كەوتن لووللەی تفەنگەكانیان لەسەر سەریان دانان. پاشان سەردەستەی چەكدارەكان هاتە ژوورەوە و فەرمانیدا كە هەموویان بە كەرەستەو ئەسبابی تاوانەوە دەستگیر بكرێن.

دوای لێكۆڵینەوە وداننان لەبەردەم دادگادا

پاش ئەوەی بەو حاڵەوە و بە تەواوی بەڵگەوە دەگیرێن، ئینجا رادەستی دادگای لێكۆلینەوە دەكرێن. دلشاد و جەماعەت پاش دوو رۆژ ئەوجا بەئاگا دێن دەزانن كە چیان بەسەر هاتووە و كەتوونەتە چ چاڵێكەوە. دادگا لێكۆڵینەوەی چڕ و پڕ لەگەڵیان دەكات و پاش سێ مانگ لێكۆلینەوەی بەردەوام و دەستگیركردنی كەسانی دیكەش، ئینجا رەوانەی دادگای تایبەتمەند كران بۆ دادگاییكردنیان. دڵشاد كە لەوپەڕی بێئومێدی و رووخان و حاڵەتی پەشیمانی دابوو، بڕیاری خۆی دابوو كە هەمووشتێك ئاشكرا بكات..دانیشتنەكانی دادگا دەستیپێكرد و دادگاییكردنەكان درێژەی كێشا تا نۆرە گەیشتە دڵشاد كە وتەكانی خۆی بڵێ سەبارەت بە تاوانەكەی، دڵشادیش داوی لە دادگا كرد كە ڕێگەی پێبدەن تاوانەكەی بەتەواوەتی و سەرلەبەر بگێڕێتەوە، ئەوانیش ئزنیان دا، دڵشاد دەستی بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی تووشبوونی بە تلیاك كێشانەوە بەمجۆرە بۆ دادگا گێڕایەوە و وتی: جەنابی حاكم، دان بەتاوانی خۆمدادەنێم، بەڵام بەخوا جەنابی حاكم ئەگەر بەسەرێكەوە خەتای خۆم بووبێت، بەسەرێكی تریشەوە برادەری خراپ و نەبوونیی و باوكی خراپیش خراپیان تێوەگڵاندم. باوكێكی تا بڵێی دڵڕەق و زاڵمم هەبوو، هەتا هەرزەكار بووم هەر زوو لە قوتابخانە دەریهێنام و خستمییە بەر كاركردنەوە، شەو و رۆژ هەر خەریكی كاركردن بووم و هەمیشەش گیرفانم بەتاڵ بوو، حەسرەتم هەموو شتێك بوو. چەند جارێكیش كە لێم تووڕە دەبوو، دەریدەكردم. ئاخر جار كە دەریكردم، بەیەكجاری لەماڵ چوومە دەرەوە و نەگەڕامەوە ماڵ ئیتر..پاشان زۆر بێ پارەو كار بووم لە ئوتێلێكی هەرزان دەژیام، لەوێ بە رێككەوت برادەرایەتیم لەگەڵ كوڕێك دروست بوو، پاش ئەوەی باسی حاڵ و باری یەكجار خراپی خۆمم بۆی كرد، ئەو كوڕە باری دارایی باش بوو، بەڵام نەمدەزانی لەو ئوتێلە خراپە چیدەكرد، زۆر بیرم لەوە دەكردەوە، بەڵام بۆم حەل نەدەكرا. دواجار وتم: دەی من چ كارم بەوەوە هەیە. ئەو كوڕە زۆر یارمەتی دەدام و هاوكاری دەكردم. تا رۆژێك نازانم بە رێككەوت بوو، یان خۆی رێكیخستبوو، بەكەسێكی ناساندم. ئیتر ئەویش كەزانی زۆر موحتاج و بێ كارو كاسبیم، لێم نزیكبۆوە و خۆی وەكو برای نیشاندەدام. جار جارەش داوەتی خواردنەوەی دەكردم، پاشان دوكەڵكێشێكی دەهێنا و ماددەیەكی وەكو قیڕی لەسەر ئاگر دەسووتاند و دوكوڵەكەی هەڵدەمژی. ئینجا دایە منیش كە دوكەڵەكەی هەڵمژم، منیش لەبەر خاتر ئەو وامكرد..سەرەتا دوكەڵێكی ناخۆش بوو، بەڵام دواتر هەستم كرد كە لەزەتێكی خۆش بەلەشم دادەگەڕێ..ئەو دانیشتنانەمان دووبارە و چەند بارە بۆوە و دواجار وەكو بەرنامەی لێهات. پاش یەك دوو مانگ دوای ئەوەی خەڵكی دیكەشی پێناساندم، ئەوجا كەوتمە ناو كارەكە و پارەم لێی دەسكەوت..زۆرم بێ پارەیی و نەبوونی دیتبوو، دامنابوو بڕە پارەیەكی باشی لێ وەدەست بێنم ئینجا لێیدەم بڕۆمە ئەوروپا. بەڵام ئەوروپای چی ئەوە هەر خەیاڵێكی پڵاو بوو بەس..بیرم لەو چارەنووسە رەشەی ئەمڕۆم نەدەكردەوە. دان بەهەڵە و تاوانی خۆم دادەنێم و چارەنووسیشم هەر چی بێت پێی رازیم، داواشم لە دادگا هەر ئەوەندەیە كەسی تاوانباری راستەقینە لەم داوایە لە سزای عادیلانە رزگاری نەبێ.

دادگا حوكمی (10) ساڵ زیندانی بۆ بڕیەوە

تۆمەتبارەكان كە شەش كەس بوون و هەر یەكەی بە راددەیەك لە كارەكەوە گڵابوون، دادگایی كردنیان نێزیكی سێ مانگی خایاند..پاش وردبوونەوە و لێكۆڵینەوەی تەواو لە دۆسییەكە، دواجار دادگا بڕیاری دا بە زیندانیكردنی تۆمەتباری سەرەكی بە زیندانی هەتا هەتایی و دڵشادیش بە زیندانیكردنی بە (10)ساڵی رێك..كە دادگا حوكمەكەی بۆ خوێندنەوە، دڵشاد چاوی پڕ گریان بوو، دایكی كە لە دەرەوەی هۆڵی دادگا چاوەڕێی چارەنووسی كوڕەكەی دەكرد، هەر كە كوڕەكەیانی بەدەستی كەلەپچە و چاو بەگریان هێنایە دەرەوە، زانی شتێك قەوماوە، لەو پۆلیسەی پرسی كە باسكی دڵشادی گرتبوو ئەویش پێی گوت دایە كوڕەكەت دە ساڵان حوكمدرا، دایكی كە گوێی لە قسەی پۆلیسەكە بوو، پێش چاوی رەشكەوپێشكەی كرد و یەكسەر تەپەی لێوەهات و بەربۆوە. دڵشاد ویستی هەڵیبگرێتەوە، كەچی پۆلیسەكە نەیهێشت و ئەفسەرەكە بەتوندی لە پۆلیسەكەی خوڕی كە حوكمدراو ببەنە ناو ئۆتۆمبیلی بەندیخانە..
Top