گەنجی ئەمڕۆ بۆچی خولیای خوێندنەوە نییە؟

گەنجی ئەمڕۆ بۆچی خولیای خوێندنەوە نییە؟
گەنج پەیڤێكە گوزارشت لەقۆناغێكی بایۆلۆژی پڕ لە گەشە و وزە و توانا دێت، واتە چالاكترین و باشترین قۆناغی ژیانی مرۆڤ. بەم پێییە كاتێكە بەرزترین توانای جەستەیی و بیركردنەوە دەبەخشێت. توانای گەنج توانایەكی سرووشتییەو لای هەموو گەنجێك، ئەوەی ئێستا لێرە و لەوێ باس دەكرێت ئەوەیە كە گەنجی ئێستا پێوەندییەكی گەرم و گوڕی ئەوتۆی لەگەڵ خوێندنەوە نییە، خۆ ئەوەندە خولیای لاسایی كردنەوەی مۆدیلاتە، ئەوەندە عەوداڵی خۆ رۆشنبیركردن و كتێب خوێندنەوە نییە. بەم راپۆرتە ئەم باسە بەسەر دەكەینەوە.
گەنجی پێش راپەڕین گەنجێك بوو هەمیشە سەرقاڵ و عەوداڵی خوێندنەوە و بەدەستهێنانی كتێب و سەرچاوەی جۆراوجۆری رۆشنبیری بووە. خولیایەكی راستەقینەی بۆ خوێندنەوە هەبوو، لەو رووەوە (غازی حەسەن) نووسەر و رۆژنامەنووس پیێوایە كە « گەنجی پێش راپەڕین خواست و ویستی جیاوازی هەبوو بە بەراورد لەگەڵ گەنجی ئێستادا، پێشتر بەشی هەرە زۆری گەنج بیری لەوە دەكردەوە زانیاری دەربارەی مێژووی كورد و فۆلكلۆر و ئەدەب و شیعر و چیرۆك بزانێت، هەروەها بە تام و عەشقەوە ئەم بابەتانەی دەخوێندەوە..(غازی حەسەن) زیاتر درێژەی دەداتێ و دەڵێ: بابەتی خوێندنەوەی ئەوكات دیاریكراو بوو، نەیدەتوانی بە ئاشكرا بابەتی سیاسی بخوێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەی بڵاوكراوەی حزبیش كەمبوو، هەروەها كتێب بە زمانی كوردیش كەمبوو. گەنجی ئەوكات خوێندنەوەی زیاتر و جددیتر بوو، هەروەها پێشتر كتێب بە زمانی شیرینی كوردی زۆر كەم بوو، كە كتێبێكی كوردی بە دەست دەكەوت، ئەوا بە عەشقەوە دەیخوێندەوە. ئاماژە بەوەش دەكات كە: پێش راپەڕین هیچ سەرچاوەیەكی تر نەبوو جگە لە كتێب بۆ خۆپێگەیاندن و وەرگرتنی زانیاری. سەبارەت بە گەنجی ئێستاش دەڵێت: ئێستا ئاستی گەنجی كورد گۆڕاوە، ئەوەندە بە دوای شتی بێسوود و مۆدێرن و خاریجدا دەگەڕێت، ئەوەندە بەدوای خۆ رۆشنبیر كردندا ناگەڕێت. «ئێستا گەنج بچێتە هەر كۆمپانیایەك یەكەم مەرجی وەرگرتنی دەبێت زمانی ئینگلیزی بزانێت، ئەمەش وا دەكات كە گەنج ئەوەندە بیر لە فێربوونی زمانی ئینگلیزی نەكاتەوە، دواتریش لەبەر ئەو هەموو زوڵمانەی كە لە رابردوودا لەلایەن عەرەبەكانەوە لە كورد كراوە، ئەمەش كاریگەری هەیە بەسەر گەنجەكانەوە...لە دوا قسەكانیشیدا وتی «گەنجی پێش راپەڕین لە هەڵسوكەوت و رەوشتەوە باشتر بوون».
د.مەسعود حوسێن رەخنەی توند لە گەنجی ئێستا دەگرێ و پێیوایە كە گەنجی ئەمڕۆ ئەوەندەی سەرقاڵی شتی بەكاربەر و كات كوشتنە، ئەوەندە لە خەمی خۆ رۆشنبیر كردن نییە. ئەو بەم شێوەیە رای خۆی دەربڕی و وتی: گەنجی ئێستا لەبەر مۆبایل و ئینتەرنێت و چات و فەیسبووك كاتی ئەوەی نییە كتێب بخوێنێتەوە»، وتیشی «ئێستا نەوەیەك پەیدابووە نازانێت دەستوور و دابونەریت چییە، بەڕاستی نا رۆشنبیرن. هەروەها د.مەسعود حوسێن ئۆباڵی بەشێكی ئەو بەرپرسیاریتییە دەخاتە ملی دایكان و باوكان و بەكەمتەرخەمیان دەزانێ و دەڵێ: دایك و باوكەكانی ئێستا هەست بە بەرپرسیاریەتی ناكەن، تەنیا نان دەدەن بە منداڵەكەیان و رەوانەی دەرەوەی دەكەن، واتە بە شێوەیەكی دروست پەروەردەییان ناكەن. بۆیە دەبینین نەوەیەكی زۆر خراپ بەڕێوەیە، منداڵی ئێستا پەروەردەی كۆڵان و گەڕك وەردەگرێت، نازانێت رێزگرتن و بەرپرسیاری و پەروەردەی كۆمەلایەتی و ئەرك و دابونەریت چییە. بۆیە لەسەر دایك و باوكان پێویستە ئاگاداری منداڵەكانیان بن و بە شێوەیەكی زۆر زانستیانە و دروستتر و جوان پەروەردەیەیان بكەن، چونكە رۆژ دوای رۆژ نەوەیەكی زۆر تەمبەڵ دێتە كایە».
سازان شێرزاد-یش كە قوتابی زانكۆیە پێیوایە :ئێستا كچان ئاستی رۆشنبیریان زۆر لاوازە و هیچ سەرچاوە و كتێبێك ناخوێننەوە، تەنیا بە دوای مۆدێلدا دەگەڕێن. زۆجار دەبینین كچێك جلێكی دوا مۆدێلی لەبەردایە و مەعریفەشی سفرە، بۆیە پێویستە كچان ئەوەندە بایەخ بە مۆدێل نەدەن زیاتر بایەخ بە ناخی شتەكان بدەن». وتیشی :كچی ئێستا هاوڕێی خوێندنەوە نییە، چونكە زۆرێك لە كتێبەكان بە زمانێكی قورس یا زۆر سەقەت و تێكشكاو نووسراون كە هەموو كەسێك لێیان تێناگات، هەروەها تەلەفزیۆنەكانیش هۆكارێكی نەرێ و سلبیترن لەوەی كە كچان كتێب بخوێننەوە و خۆیان رۆشنبیر بكەن، چونكە ئەوەندە فیلمی كات كووشتن و گۆرانی بێماناو نەشیاو پەخش دەكەن، ئەوەندە بەرنامەی بەسوود بۆ گەنجان پەخش ناكەن».
لە كۆتاییدا ئاشتی هەژار-ی لاویش وتی: توانای گەنج لە خوێندن و خوێنەوە و نووسین و ئاستی رۆشنبیری تا ئیستا لە وڵاتی ئێمە مایەی دلخۆشی و ئومێد نییە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆچەندان هۆكار و وەسیلە كە رێگەی تری لە بەرەم گەنج داناوە، وایكردووە گەنج كەمتر ئاشنای خوێندن و خوێندنەوە بێت، یەكیك لەوانە دروست نەبوونی ژینگەیەكی وەها لەماڵەوە، كەوا بكات پێش تەمەنی گەنجاتی واتا لە منداڵییەوە ئاشنای خوێندنەوە بكرێت بەپێی تەمەنی. بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە رێژیەكی زۆركەم خێزان توانیویانە ئەو ژینگەیە ئامادە بكەن، هەرچەندە تەواو لەئاستی پێشكەوتووشدا نین. نەبوونی هاندەرێك كە یارمەتی گەنەج بدات و پشتگیری بكات و ئاشنای خوێندنەوەی بكات، جا چ لە خێزان و چ لە دەرەوەی خێزان بێ». وتیشی «كۆلێژەكانمان كە مەڵبەندی رۆشنبیرین، هیج شتێكی وا بۆ هاندانی قوتابی بۆ خوێنەوە و دانانی كاتی دیاركراو بۆ یارمەتیدانی قوتابی بۆ خوێندنەوە چ لە مەنهەج چ لەلایەن مامۆستاكان و پرۆفیسۆرەكان نابینرێ. زانكۆكانمان شوێنیك نین كە گەنج تیایدا تەواو كاملأ و رۆشنبیر بێ. یەكێكی تر لە هۆكارەكان بەكارهێنانی بێسەروبەرانەی تەكنۆلۆژیای وەك كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و....تاد كە جیهانێكی بێسەر و بەری بێبەرنامە و ناكۆتاییان لەژیانی زۆربەی گەنجەكانمان دروستكردووە، كە زۆربەی كاتەكانی لەگەڵ ئەم ئامێرانە بەفیڕۆ دەڕوات، كە وادەكات دەرفەتی خوێندنەوەی لێ تەسك بكاتەوە. بەڵام ناشبێ ئەمە بەسەر هەموو گەنجاندا بگشتێنین، چونكە گەنجیشمان هەیە خاوەن توانایەكی زۆرە و زۆریش بەهرەدارە، بەڵام پشتگیری نەكراوە. گەنجیشمان هەیە لە خوێندنەكەی دەستڕەنگین و زیرەكە و خاوەن بڕوانامەی بەرزە. بەڵام دیارە رەخنەكەشمان ئەوانە دەگرێتەوە كە رێز لە كاتی خۆیان ناگرن و ئەو وەختە زێڕنەیان بە شتی پڕ و پوچی وەك چات و لاسایی كردنەوەی مۆدیلات و شتی رواڵەتی بەفیڕۆ دەدەن.
Top