ئەو منداڵانەی لە سۆزی دایك و باوك بێبەشن
July 9, 2010
کۆمەڵایەتی
پەروین نامیق توێژەری كۆمەڵایەتی لە خانەی نەوجەوانانی كچان "ئەو منداڵانەی كە بۆیان هەیە بچنە ناو خانەوە بەپێی یاسای تایبەت بە خانە وەردەگیرێن، ئەم منداڵانە یان دایكیان نەماوە یان باوكیان یان هەردوو پێكەوە نەماون یاخود لەیەكتری جیابوونەتەوە. پاشماوەی ئەم رووداوو كێشە كۆمەڵایەتیانە ئەم منداڵانەی ناو خانەن كە لەهەموو سۆزێك بێبەشن، ئەم منداڵانە لە رووی هەڵسوكەوتی كۆمەڵایەتی لە ژیانی كۆمەڵایەتی خۆیان و كۆمەڵگە جیاوازییەكی بەرچاوو هەیە و لەوەدا خۆی ئەبینێتەوە"، پەروین نامیق ئاماژەی بەوەدا كە ئەو جیاوازیە لەوەدا خۆی ئەبینێتەوە كە منداڵی ناو خێزان بەقۆناغێكی پڕ لە میهروو خۆشەویستیدا تێدەپەڕێت، دواتر بەهۆی ئەو رووداوە ناجۆرەی كە بەسەریدا دێت، ئەو سۆز و خۆشەویستیە نامێنێت و بەرەو پەرتەوازە بوون دەچێت، جگە لەوەش زۆربەی ئەو منداڵانەی لەناو خانەدا ژیان بەسەر دەبەن، ئەو منداڵانەن كە لەخێزانێكی نا سەقامگیر ژیانیان گوزەراندوە، لە كەسایەتی ئەم منداڵانەدا چەندین كێشە هەیە، وەك بێتاقەتی بەر دەوامایان و هەیانە كەئابەیان هەیە، بەڵام بۆ گەڕاندنەوەی ئەم منداڵانە بۆ ناو ژیانی كۆمەڵایەتیان یەكێك لە رێگە گرنگەكانی ئەم دروستبوونەوەیان خوێندنی بەردەوامی منداڵەكانەو پەروین نامیق لەو بارەیەوە وتی "ئەو منداڵانە هەموویانمان لە بەر خوێندن داناوەتەوە و هەر خوێندكارێك بەپێی نزیك و دووری خوێندنگە ئاساییەكانی ناو شار. لەهەوڵی بەردەوامین بۆ گەڕانەوەی تەواوەتی ئەم منداڵانە بۆ ناو ژیانی ئاسایی كۆمەڵگە، كاریگەری دەروونی، ئەم منداڵانەی تەواو جیاكردۆتەوە لە هەندێك لەسیفاتی ئاسایی كۆمەڵایەتی، زۆربەیان تووڕەبوونێكی بەردەوام و زۆر توندیان هەیە، زۆربەیان لەكاتی گفتوگۆدا وەڵامی ئێمە دەدەنەوە كە ئەوان هیچ ئینتیمایەكیان بۆ ژیانی خۆیان نەماوە، بەڵام ئێمە وەك توێژەری دەروونی ئەم منداڵانە ئاگاداری تەواوی ئەوانەی دەكەین كە بەو شێوەیە تووشی ئەو جۆرە دڵ توندی و فشاری دەروونیە دەبنەوە.
مامۆستا ئەنوەر لە خانەی نەوجەوانانی كوڕان ئاماژەی بە هەڵسوكەوتی كۆمەڵایەتی ئەو كوڕانەی ناو خانە دا، ئەو منداڵانەی لەناو خانەی نەوجەوانان ژیان بەسەردەبەن، ئەو منداڵانەن كە بەهۆی باری ناهەمواری ناو خێزان گەیشتونەتە ناو خانە، ئەم منداڵانە بە هۆی ئەوەی كە لەناو خێزانەكانیان كۆمەڵێك كێشە هەبووە وەك دابڕانی دایك و باوك یاخود لەدەستدانی دایك یاخود باوك كۆمەڵێك كێشەی دەروونی و كۆمەڵایەتی بەسەر هەڵسوكەوتیان و دەروونیان بەجێ دەمێنێ، لەوانە نەمانی هەست و خۆشەویستی لای ئەم منداڵانە بووەتە هۆی نەبوونی ئارامی لای، بەهۆی ئەوەی كە ناتوانن پێوەندیەكانیان توندوتۆڵ راگرن، كە ئەمەش ئەبێتە هۆی دروستبوونی كۆمەڵێك گرفتی دەروونی لەوانە ئەم منداڵانە بەهۆی ئەوەی كە زۆربەیان لەناو ئەو خێزانانەدا بوون كە كۆمەڵێك كێشەو گرفتیان هەبووە بەهۆی ئەو كێشەو گرفتانە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، ئەم رووبەڕووبوونەوەیە وای لەم منداڵانە كردووە كە تووشی كۆمەڵێك گرفتی دەروونی ببنەوە، ئەم منداڵانە هەندێك جار هەست بەگوناه دەكەن لەوەی كە بۆچی ئەمان خێزانیان نییە واهەست دەكەن كە خەتای ئەمان بووە.
سەبارەت بەوەڵامی پرسیاری ئێمە لەسەر هەڵسوكەوتی كۆمەڵایەتی و دەروونی منداڵانی ناو خانە مامۆستا یوسف عومەر وتی "منداڵانی ناو خانە دووجۆرن ئەوانەی كە دایك و باوكیان نەماون لەژیاندا ئەم منداڵانە هەست بەنەمانی جۆرێك لەهەست و سۆز دەكەن لە بەرانبەر باوكیاندا، باوك بۆ ئەوان ئەو وێنە جوانەیە كەبەردەوام خەونی پێوە دەبینن بەردەوام وێنەیەكی جوانی باوك و دایك لەزهنی ئەم منداڵانەیە واتە هەست بە ئەو كەمی دایك و باوكە ئەكەن كە بۆئەوان نەماوە، هیچ هیوایەكیان بەوە نەماوە كە رۆژێك لە رۆژان ئەو دایك و باوكە ببینەوە، جائەمە گرێیەكی دەروونی لای ئەم منداڵانە دروست دەكات كەباسی دایك و باوك بكرێت هەست بەو كەمیەی ئەوان دەكاتەوە وەك منداڵێكی ئاسایی نییە، بەڵام جۆری دووەم لە منداڵان ئەوانەن كە دایك و باوكیان لەیەك جیابووەتەوە، ئەمە جۆرێك لەدژایەتی لەناو ناخی ئەم منداڵانەدا دروست دەكات، ناتوانن ببنە مرۆڤێكی كۆمەڵایەتی، لە هەموو دایك و باوكێك دەترسن، ناتوانن بەشێوەیەكی باش پێوەندیان لەگەڵ منداڵەكانی ناو قوتابخانە بەردەوام بێت، چونكە بەردەوام وێنەی ئەو دایك و باوكەیان لەبەرچاوە، بەردەوام كۆستی دابڕان لەگەڵ ئەم منداڵانە دەژی، بووەتە هۆی ئەوەی كە جۆریك لەتوندوتیژیان پێوە دیار بێت، چونكە كەسانێكن هەر لە بناغەوە لەناو كێشە بوونەو بیر لەوە دەكەنەوە ئەكرا ئەم دایك و باوكانە لەپێناو ئەماندا لەو دابڕانە خۆش بوونایە، هۆی ئەوەی دایك و باوكیان لە ژیاندا ماوەو ناتوانن بیبینن وێنەیەكی خراپی دایك و باوكیان دەكێشن، ئەگەر بێت و پێیان بووترێت وێنەی دایك و باوكتان بكێشن زۆر ناشرین وێنەیان دەكێشن بەڵام ئەوانەی كە دایك و باوكیان نەماوە وێنەی دایك و باوكیان زۆر جوان دەكێشن و پیرۆز پیشانی دەدەن، ئەم منداڵانە ئاسایی تەمەنی هەرزەكاری تێناپەڕێنن لە كاتی گۆڕانكاریەكانی هەرزەكاریاندا تووشی جۆرێك لە پەشۆكاوی دەبن، تەئسیر لە گەشەی هەرزەكاریان دەكات و تەئسیر لە گەشەی دەروونی زۆر جار تووشی جۆرێك لەلادانیان دەكات واتە هەست دەكەن لە مەترسیدا دەژین دواتر كە گەیشتنە تەمەنی هاوسەری رەنگە نەتوانن ئاسایی ژیان بگوزەرێنن، ناتوانن هیچ داهێنانێك بكەن بەهۆی ئەو ترسەی كە لەگەڵیاندایە، هەستێكی سەیریان تووش دەبێت كە واهەست دەكەن ئەمە كۆمەڵگە ئەم كێشەی بۆ دروست كردوون، بۆیە رقێكی كۆمەڵایەتیان لە كۆمەڵگە دەبێتەوە، ناتوانن ببنە تاكێكی ئاسایی ناو كۆمەڵگە.
مامۆستا شەهلا مامۆستا لە زانكۆی سەلاحەدین "هەموو منداڵێك مافی خۆیەتی كە لەناو خێزانێكی ئارام و تەندروست ژیان بەسەر ببات، واتە منداڵ بە نەمانی دایكی یاخود باوكی تووشی گرفتی پەروەردەیی دەبێتەوە. ئەو منداڵانەی ناو داڵدەگاكان ئەمانە بەسروشتی خۆیان جۆرێك لە هەڵسوكەوتی كۆمەڵایەتی و دەروونیان بۆ دروست دەبێت بە هۆی ئەوەی كە تووشی گرفتی دابڕان بوون لە دایك یاخود باوك یاخود هەردووكیان بۆ نموونە ئەگەر بتەوێت ببیتە هاوڕیان درەنگتر لە منداڵێكی ئاسایی تێكەڵت دەبن و درەنگتر متمانەت پێدەدەن، هەتا ئەگەر هەشیان بێت خۆی بێنێتە پێشەوە، ئەوا تەمسیل دەكەن و دەیانەوێ رۆڵ بگێڕن، هیچ كات ناتوانن بە رووە راستیەكەی مامەڵە لە گەڵ تۆدا بكەن، ئەم منداڵانە بەهۆی ئەوەی كە فەراغی خۆشەویستی و هەست و سۆزی هەیە لەنێوان خۆیان و باوكیان یاخود دایكیان، واتە لەكاتی دروستبوونی ئەم فەراغەدا مامەڵەیەكی ئیداری لەگەڵ دەكرێت، ئەوا دواتر لەناو كۆمەڵگە ناتوانێت تاكێكی كۆمەڵایەتی ئاسایی لێدروست ببێت كە بەبێ زیان ژیان بگوزەرێنێت، بۆ نموونە كچێكی تەمەن 15 ساڵم دواند لەكاتی سەردانم بۆ ئەو خانانەیە و وتم ناوت چییە؟ پێی وتم ناوم نییە و ناشمەوێت ناوم هەبێت، هیچ ئیمانێكم بەو ژیانە نییە! ئەمە هۆكاری ئەو فەراغی هەست و سۆزو خۆشەویستیەیە، لەلایەنی كۆمەڵایەتیەوە لەوانەیە زۆربەیان كەسانێك دەرچن كە دوورە پەرێز بن لە پێوەندییە كۆمەڵایەتیەكانیاندا و متمانەیان بە خۆیان و بە دەوروبەریان كەمە كەسانێك دەبن كە ناتوانن مەحبوب بن لەناو خەڵكیدا، هەر ئەو گرێ و گۆڵەی لەناو مێشكیاندا چەسپاوە لە ژیانی كۆمەڵایەتیاندا رەنگ دەداتەوە .