لەسایەی نەبوونی سانسۆرێكی پەروەردەیی كاراوە، ژێرنووسی تەلـــەفزیۆنەكــانیش بوونەتە مایەی كێشە بۆ خێزانەكانمان

لەسایەی نەبوونی سانسۆرێكی پەروەردەیی كاراوە، ژێرنووسی تەلـــەفزیۆنەكــانیش بوونەتە مایەی كێشە بۆ خێزانەكانمان
دوابەدوای هاتنی ئامێرەكانی تەكنۆلۆژیاوە لەگەڵ بوونی لایەنە باشەكانیشی، بەڵام بەهۆی خراپ بەكارهێنانییەوە، چەندین كێشەی كۆمەڵایەتیش لەگەڵ خۆیدا هێناوە. لەوانەش بڵاوبوونەوەی دیاردەی ژێرنووسی تەلەفزیۆنەكان كە بەڕاستی بوونەتە مایەی سەر ئێشە بۆ سەدان خێزانی ئەم كۆمەڵگەیە كە ئێستا كۆمەڵێك لەبازرگانەكان و تیڤییەكان لەبەر قازانج و بەرژەوەندی ماددی خۆیان، بێ گوێدانە لایەنە پەروەردەییە یەكجار خراپەكانی بەسەر ئەم نەوەیە، بەخەرجییەكی زۆرەوە دنیایەك كێشەی كۆمەڵایەتیان دروست كردووە. لە رێگەی ئەم نووسینەوە هەركەسێك رقی لە یەكێك بێت دەتوانێ ژمارەی ئەو كەسە بڵاو بكاتەوە.
زۆر جاریش كچان و ژنان دەبنە قوربانی ئەو كێشە كۆمەڵایەتیانە، بەتایبەتی كە زۆر جار ژمارە مۆبایلی كچان بڵاودەكرێتەوە..

بۆچی كچانی ئێمە ئاڵوودە بوون بەم دیاردەیە؟
ئایا ئەمە كچان خۆیانن ئەم نووسین و نامانە بۆ تیڤییەكان دەنێرن، یاخود كوڕانن و بەناوەكانی كچان ئەم كارە دەكەن؟
جارێ با ئەوانە بدوێنین كە ئەمجۆرە نامانە بۆ ژێرنووسی تیڤییەكان دەنێرن و بزانین هۆی ئەم كارەیان چییە، ئینجا زیاتر دەچینە ناو ئەم باسەوە. ( سایە جەمال ) خوێندكاری قۆناغی ناوەندی دەڵێت «شەوانە زیاتر لە 10 نامە دەنێرم بۆ ژێرنووسیی تیڤیەكان. چەند نامەیەكی بۆ هاوڕێیان دەنووسم، چەند دانەیەكیش بۆ خۆشەویستەكەم. ئێمە لە رێگەی نامەی تیڤییەكانەوە خۆمان خەریك دەكەین. لەبەر ئەوەی مۆبایلەكەم خۆشەویستەكەم بۆمی كڕیوە ناتوانم ئەوەندە قسەبكەین، بۆیە بەو نامانە ئاگاداری یەكتری دەبین هەر بۆ خۆشی كارتم بۆدەنێرێت. جا شەوانە بەبیانووی سەعی كردنەوە ئەو نامانە دەنووسین».

(سەحەر محێدین) كە پسپۆری كۆمەڵایەتییە پێیوایە كە زۆربەی خوێندكارە كچەكان بەهۆی ئەم دیاردەی نووسینی سەر شاشەی تیڤییەكانەوە تووشی جۆرێك لە ئیهمالی و كەمتەرخەمی لەبواری خوێندن بوونە. ئەو دەڵێ: زۆر جار كێشەكە لەو چوارچێوەیە دەرچووە، لەوانە بووە ببێتە هۆی كوشتنیش. من چومەتە هەندێك ماڵ بینیومە كە لەزگەی رەشییان لەبەشی خوارەوەی تەلەفزیۆنەكانیان داوە. ئەم كێشەیە بەزۆری تەمەنەكانی شازدە و حەڤدە ساڵی گرتۆتەوە كەبەڕاستی تەمەنێكی یەكجار ناسك و هەستیارە و پێویستی بەچاودێرییەكی زیاتر و گەورەترەوە هەیە. بەداخەوە زۆربەشیان كچ و كوڕی هەرزەن. هۆكاری ئاڵوودەبوونی كچان بەم نامەو نووسینانە ئەوەیە كە كچانی ئێمە ناتوانن بە ویستی خۆیان یان بە شێوەیەكی سرووشتی بچنە دەرەوە بۆلای هاوڕێ و خۆشەویستەكانیان. واتە جۆرێك لە چەپاندنیان هەیە. هۆكارێكی دیكە ئەوەیە كە باوك و دایك زۆر باش ناتوانن چاودێری منداڵەكانیان بكەن، چونكە بەڕاستی منداڵی ئەمڕۆش پەروەردەی زۆر قورس بووە...
(تریفە عەلی) كە خوێندكاری پەیمانگایە دەڵێت «رۆژیك تەلەفۆنێكم بۆ كرا كچێك بوو، پێیوتم ئەمە مۆبایلی محەمەدە وتم نا مۆبایلی ئەو نییە. دیسانەوە دوای چەند سەعاتێك بۆی كردمەوە. پێموت: ئەم ژمارەی منت چۆن دەستكەوتووە بەناوی محەمەدەوە؟ وتی: ئەم ژمارەیەت لەسەر شاشەی (تەلەفزیۆنێك) نووسرابوو وتویەتی من محەمەدم كچێكی جوان پێوەندیم پێوە بكات. بۆیە منیش تەلەفۆنم بۆ كردی. بەڕاستی زۆر توڕەو بێتاقەت بووم لەم رەفتارە نابەجێیە. دەبێت كێبێت ئەوەندە نابەرپرسیارانە رەفتار بكات و ژمارەی من بخاتە سەرشاشەی تەلەفزیۆن؟ تۆبڵێت هاوڕێ و كەس و كاری خۆم بێت؟ وام لێهاتبوو ژمارەكەم بگۆڕم تا براكەم وتی رەنگە كەسێك بێت لەخۆوە ئەو ژمارەی نووسیبێت و تۆ دەرچووبیت».

مامۆستا (سامان سیوەیلی) لە سەنتەری راوێژی خێزانی، پێیوایە كە ژێرنووسی لەكەناڵە تەلەفزیۆنەكاندا كاریگەرییەكی سایكۆلۆژی و پەروەردەیی خراپی لەسەر باری دەروونی تاك و خێزانی كۆمەڵگەی ئێمە بە هەردوو رەگەزییەوە هەیە. ئەمانە لەلایەك كاتمان لە گەنجەكان لێ بەفیڕۆ دەدەن. لەلایەكی تریش پارەیەكی زۆریان پێ خەرج دەكەن. ئەمانە لەتەمەنی هەرزەكارییەوە فێری ئەزموونی پێوەندی سۆزداری دەكەن، كە ئەمەش تووشی هەندێك حاڵەتی دەروونی خراپیان دەكات، بەهۆی شكستهێنانیان لەو بوارەدا. بەگشتی ئەو گەنجانەی كە لەم كرداری نامەنووسییەوە بەشدار بوونە، بەتەواوەتی راهاتوونە لەسەر ئەم كارە. كە كاریگەری خراپیشی لەسەر ژیانی كۆمەڵایەتی خۆیان و خێزانەكانیان دروست دەكەن و هەموو كاتە باشەكانی خۆیان بەفیڕۆ دەدەن لە پێناوی ئەم رەفتارە بێسوودە كە هەموو ئەزموونی خوێندنی ئەم گەنجانە دەخاتە بەر مەترسی و لەهەمان كاتیشدا هەمیشە چاوەڕێی روودانی شتێكی ترسناكن كە بۆخۆشیان نازانن چییە. بێ لەوە ئەو كچانەی پەنا بۆ ئەم رەفتارانە دەبەن هەست بە نامۆیی و نائارامی دەكەن لەناو خێزانەكانیاندا، بۆیە پێویستە خێزانەكان لە سەرپەرشتیكردنی مناڵەكانیان زیاتر هۆشیار و چاوكراوە و هەستیار بن، بەتایبەتی لە قۆناغی هەرزەكاری كە زیاتریان پێویست بە چاودێری هەیە».

سەبارەت بەو كەسانەش كەدەچێتە سەنتەری راوێژی خێزانییەوە مامۆستا (سامان ) ئاماژەی بەوەدا كە چەندین كەیسی جۆراوجۆر لە سەنتەرەكەیان چارەسەر كراوە و زۆربەی كەیسەكانیش لەسەر كێشەكانی كچان بووە. بۆ نموونە چەندین كچ هەبووە دوای بەستنی پێوەندی لەگەڵ كوڕەكە و گۆڕینەوەی وێنەكان ئێستا كوڕەكە دەڵێت ئەگەر پێوەندی سێكسیم لەگەڵ نەبەستی ئەوە وێنەكانی لە مۆبایل و ئینتەرنێتدا بڵاو دەكەمەوە، كە دواتر چەندین كێشەی تر هاتۆتە كایەوە، بۆیە داوا دەكەم كە گەنجانی ئێمە زۆر هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم ئامێرەدا بكەن بۆ ئەوەی كەمترین كێشەی كۆمەڵایەتی و خێزانیان بۆ دروست ببێت».

دوا وتەشمان ئەوەیە كە پێویستە دامودەزگا و لایەنە پێوەندارەكان بەتایبەتیش وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردە سانسۆرێكی پەروەردەیی و زمانەوانی و یاسایی لەسەر ئەم تەلەفزیۆنانە دابنێن و پارێزگاری لە دواڕۆژی نەوەكانی داهاتوومان بكرێت و راددەیەك بۆ ئەم پشێوی و بێ بەرنامەیی و بێ سەر و بەرییە دابنرێت...
Top