گەورەیی مرۆڤ لە ئارامگرتنیدایە

گەورەیی مرۆڤ لە ئارامگرتنیدایە
مرۆڤ تا ئەو چركە ساتەش ماڵئاوایی لە ژیان دەكات، نازانێت لە ژیانیدا چی بەسەر دێت و بەرەو كوێ دەڕوات. گەورەیی مرۆڤ لەوەدایە بتوانێت زۆر خۆڕاگر بێت و خۆی بەدەست ئەو واقیعانە نەدات كە هەموو ژیانی دەشێوێنێت، راستە كارەساتەكان قورسن، بەڵام نابێت زاڵ ببن بەسەرماندا، چونكە نموونەیەكی وەك پەیمان نەك خۆی، بەڵكو هەموو خێزانەكەی كردە قوربانی قەدەر، دەبێت رازی بین بە ژیانمان، بەڵام بەو مانایە نا كە هەمیشە گریان بەرۆكمان بەرنەدات تا چارەنووس لە داهاتووی پەیمان خراپتر چاوەڕێمان نەكات.
بەهێواشی لەپلیكانەی ماڵی خۆیان دەهاتە خوارەوە و سەیری دەرگەی دەرەوەی دەكرد، دەیویست بزانێت كێیە لەدەرگە دەدات؟ بەرەو رووی دەرگەكە رۆیشت و كردیەوە، بینی دایكی (پەیمان)ـە هاتووە بۆ ماڵیان، بەسەر سوڕمانێكەوە پرسی بۆچی هاتوویت خۆ تۆ ناتوانیت بۆ خولەكێكیش بەپێیەوە خۆت رابگریت؟ دایكی پەیمان وتی: رۆڵە گیان ئەمە راپۆرتی كۆتایی پەیمان-م بۆ هێناوی كە ئێستا لە نەخۆشخانە وەرم گرتۆتەوە.
شێرزادی مێردی پەیمان دەستی بە گریان كرد و راپۆرتەكەی لێ وەرگرت و خوێندیەوە كە لیژنەی پزیشكی بڕیاریان لەسەر تێكچوونی باری دەروونی پەیمان داوە. شێرزاد كاتێك هۆكارەكەی بۆ باس كردین هەنسك و گریان نەیدەهێشت بە تەواوی قسەكانی بكات، هەرچۆنێك بوو بۆی گێڕاینەوە و وتی: من و پەیمان بۆماوەی (8) هەشت ساڵ هاوسەرگیریمان كردووە، بۆ چركەساتێكیش كێشەیەكی وامان نەبووە دڵمان ئازاری پێگەیشتبێت، بەڵام چارەنووسی ژیانمان بەرەو ئاقارێكی نادیار هەنگاوی نا كە هەرگیز چاوەڕێمان نەدەكرد.
پەیمان پیشەی مامۆستا بوو، كەسێكی زۆر جددی و بە ئیلتیزام بوو، هەرگیز نەیدەهێشت بۆ خولەكێكیش لە قوتابخانە دوابكەوێت و لەكاتی دیاریكراودا دەگەیشتە قوتابخانە، بەڵام رۆژێك هاتە پێشەوە كۆتایی هێنا بە كارە جددی و ئیلتیزامەكانی. ئەو رۆژەش ئەو چركەساتە بوو كە ویستی لە گەراجی ماڵی خۆمان ئۆتۆمبێلەكەی خۆی بباتە دەرەوە و بڕوات، كاتێك زانی گوێی لەچریكەی گریانی (زریان) بوو، لەو كاتەدا لە ژوورەوە بووم بەپەلە رامكردە دەرەوە كە چووم بینیم پەیمان لەهۆش خۆی چوو بوو، تاسابووم نەمدەزانی چی روویداوە، چونكە زریان لای منەوە دیار نەبوو، چوومە ئەو دیو ئۆتۆمبێلەكەوە بینیم زریان كەوتۆتە ژێر ئۆتۆمبێلەكەوە، پەیمان ئەو كاتەی ویستویەتی ئۆتۆمبێلەكە بباتە دەرەوە كە هاتۆتە دواوە زریانی نەبینیبوو بە ئۆتۆمبێلەكە بەسەر زریاندا رۆیشتبوو، زریانی كچم هێشتا (2) ساڵی تەواو نەكردبوو. نەمدەزانی پەلاماری زریان بدەم یان پەلاماری پەیمان بدەم و بیانبەم بۆ نەخۆشخانە بۆیە هەرئەوەندەم پێكرا هاواری ماڵە دراوسێكانمان كرد، تا فریامان بكەون.
شێرزاد پاش بێدەنگییەك دووبارە كەوتەوە قسەكردن و وتی: نازانم زریان چۆن چوو بووە دەرەوە، هەموو رۆژێك پەیمان جلەكانی زریان و دابانی دەگۆڕین و لەلای من بەجێی دەهێشتن تا پاسی دایەنگە دەهات بەدوایانداو بۆ دایەنگە دەیبردن، ئەو رۆژە ئاگام لە زریان نەببوو، پەیمانیش بەپەلە رۆیشت بوو نەیزانیبوو زریان دوای كەوتووە تا ئەو كاتەی زریان چۆتە بەردەم ئۆتۆمبێلەكەی پەیمان. لەدوای كارەساتەكە زریان و پەیمانمان بۆ نەخۆشخانە برد، پاش كەمێك پەیمان بەهۆش خۆی هاتەوە، بەڵام بەداخەوە هەر زوو زریان گیانی سپاردبوو. ئیتر لەم رۆژەوە دەروونی من و پەیمان زۆر خراپ بوو، هەرچۆنێك بوو من باشتر بووم، بەڵام لەبەرئەوەی پەیمان خۆی بە گوناهبار دەزانی لایەنی دەروونی خراپتر بوو، هەرچەند ئەوە قەدەرەو دەبێت پێی رازی بین، بەڵام سروشتی مرۆڤ لەبەردەم ئەو كارەساتانە زۆر لاوازەو هیچ بەرگەی ناگرێت، بەتایبەت كارەساتێكی لەو چەشنە، پەیمان رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی دەڕۆیشت.
شێرزاد هەستا و رۆیشت وێنەیەكی بۆ هێناین كە بەخێزانی چەند رۆژێك پێش ئەو كارەساتە گرتبوویان، وێنەكە زۆر كاریگەریی لەسەر شێرزاد تەنانەت لەسەر ئێمەش هەبوو، رۆژگارێك پیشان دەدا چەندە ئەو خێزانە بەختەوەر و دڵشادبوون. لەدواییشدا وتی: هەرچیەكم كرد بۆئەوەی ئەو كارەساتە لەبیر پەیمان بەرمەوە سوودی نەبوو، تەنانەت نەیتوانی درێژە بە خزمەت و مامۆستایەتیەكەی بدات، چونكە كۆنترۆڵی باری دەروونی خۆی بۆ نەدەكرا، هەمیشە ئەگریا و هاواری دەكرد.
بیرم كردەوە ئەگەر بێت و سەفەرێك بكەین و بۆ چەند رۆژێك لەو ماڵە دوور بكەوینەوە كەمێك باشتر دەبێت، بۆیە سەفەرێكمان بۆ شاری دهۆك رێكخست، بەڵام هیچ سوودی نەبوو، وتم خانوو و ئۆتۆمبێلەكەی دەفرۆشم، بۆئەوەی لەو خانووە نەمێنین، بەڵكو لەبیری بچێتەوە، بەڵام ئەوەش سوودی نەبوو، چونكە تەواو كاریگەری لەسەر پەیمان دروست كردبوو، تادەهات رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپیی دەڕۆیشت، ناچاربووم بیبەم بۆلای پزیشكی دەروونی تاچارەیەكی بۆ بكات، دوای چەندین دانیشتنی پزیشك، هەر سوودی نەبوو. بۆیە پزیشك پێی وتین دەبێت لەنەخۆشخانە بمێنێتەوە تاچارەسەری بۆ دەكرێت. من رازی بووم، بەڵام پەیمان رازی نەبوو. هەرچەند حاڵی خراپ بوو، شەو تا بەیانی كاروپیشەی هەر گریان بوو، لەدواییدا دەستی دەكرد بەقسەی بێسەر و بەرە و كاری زۆر نابەجێی دەكرد، دواتریش دەگریا. نەمدەزانی چی بكەم، ناچار دووبارە لەگەڵ دایكی و باوكی (كە زۆر بە تەمەن بوون) بردمانەوە بۆ نەخۆشخانە، پزیشك دووبارە پێیوتین نابێت ئەمجارە بیبەنەوە، چونكە حاڵی تا دێت خراپتر دەبێت و باری دەروونی زۆر خراپ بووە. بەناچاری بەجێمان هێشت، دوای (4) چوار رۆژ لە پشكنینەكان دەرچوو پەیمان باری دەروونی خراپە و تووشی نەخۆشی دەروونی بووە، ناتوانێت وەك كەسێكی ئاسایی رەفتار بكات و خێزانەكەی بەڕێوە ببات. لەو چركەساتەدا دایكی پەیمان راپۆرتەكەی نیشان دام تەواو هەموو ژیانم لەبەرچاو رەش بوو، ئیدی هیچ ئومێدێكم بە ژیان نەماوە، تەنیا لەبەر كوڕەكەم دان بەخۆمدا دەگرم و هەمیشە نزای چاكبوونەوەش بۆ (پەیمان) دەكەم.
Top