بـــۆچـی(ســـــــدیق) كوژرا

بـــۆچـی(ســـــــدیق) كوژرا
ئەنجامدانی تاوانێكی كوشتن

(سدیق) لە بەیانییەكەوە سەر گەرمی دابەشكردنی نەوتی پسوولەی خۆراك بوو، هیلاك و شەكەت ببوو، خەڵكەكە زۆر بوون هەر تەواو نەدەبوون، كەسیش سەبری نەبوو، هەر كەسەو و خوا خوای بوو نۆرە بڕی بكات و زوو نەوتەكە وەربگرێ و بڕوات، كەس یارمەتی ئەویتری نەدەدا، لەولاشەوە (سدیق) خوا خوای بوو دابەشكردنەكە زوو تەواو ببێ و لە دەست ئەو غەڵبە غەڵب و بۆڵە بۆڵە رزگاری ببێ كە ئەو خەڵكە دروستیان كردبوو، سێ بەشی خەڵكەكە جارێ نۆرەیان نەهاتبوو، رێگەیان نەدەدا كەس نۆرەبڕی بكات، پیرەژنێك چەند كەسێكی لە پێش بوو، ئەو ناوەی وەڕس كردبوو، پیرەژن نەیدەزانی هێمنی و بێدەنگی چییە، هەمیشە پرتە پرتی بوو، یەكێك نەوتی وەربگرتایە و بەرمیلەكەی پڕ بووایە ئیتر خوا هاوارە، تیر و توانج و ناڕەزاییەكەی تەواو نەدەبوو، هەمیشە دەیوت: بزانە (بزانە چ زوو نەوتەكەیان دایێ، خۆ زاری نەكردەوە بڵێ با نۆرەی خۆم بدەمە ئەو پیرەژنە و ئاخر بەو سەرمایە گوناهە رایبگرین، چ دەبوو، خۆ دنیا كاول نەدەبوو ئەگەر زووتریان بەرێكردبام. ئیتر بەردەوام دەبوو لەو قسانە...)(سدیق) و خەڵكەكەش نەیدەزانی چ بكەن. ئەوانە لەو بارودۆخەدا بوون(عەبدوڵلا) ناوێك بەرمیلی خۆی هێناو لە ریزی هەرە دواوەی دانا و بەخۆشی هاتە پێشەوە و سەیری هەرایەكەی دەكرد، كابرایەك دوو سێ هەنگاو لە پێش پیرەژن بوو، لەگەڵ ئەوانەی پێشەوەی و ئەوانەی پشتەوە بە تەواوەتی لە پیرژەژن بێزار و وەڕس ببوون، دەیانویست بەهەر رێگەیەك بایە پیرێژنیان لە كۆڵ بایەوە..(عەبدوڵڵا)ش كابرایەكی بێ ئۆقرە و بێ حەوسەڵە بوو، تەماشای چۆنیەتی پڕكردنی بەرمیلە نەوتەكان و بەڕێكردنی نۆرەی دەكرد، چاوی دەگێڕا دەرفەتێك پەیدا ببێ ئەویش بیكاتە هەرا و بیقۆزێتەوە و نۆرەبڕییەكەی پێ بكات، پیرەژنیش لە بۆڵە بۆڵەكەی بەردەوام بوو، هەتا دوو سێ پیاو لەگەڵ(سدیق) رێككەوتن، بەڕێی بكەن و رزگاربن لە دەستی، ئینجا بانگی پیرێژنیان كرد و بەرمیلەكەیان هێنایە پێشەوە و پڕ نەوتیان كرد(عەبدڵڵا) ئەوەی بەدەرفەت زانی و ئەویش چووە پێشەوە و لە دڵی خۆیدا بڕیاریدا ئەویش هەرایەك بخوڵقێنێ، جا یان دەبێ ئەویش نۆرەبڕی بكات و بەڕێی بكەن یان نابێ كەس نەوتی بەركەوێت و بیدرێتێ، پیرێژن بەرمیلە نەوتی بۆ پڕ كرا و بەڕێیان كرد(عەبدڵڵا) هاتە پێشەوە و رووی دەمی لە(سدیق) كرد و وتی: من لە بەیانییەوە لێرە راوەستاوم و چاوڕێم نەوتم بەركەوێت و بڕۆمەوە، كەچی تۆش نۆرەبڕی بۆ ئەو پیرێژنە دەكەی و بە پێشمانی دەخەیت..؟
(سدیق) و خەڵكەكەی ئەویش چەندی بۆیان روونكردەوە كەچی كابرا نەدەچووە گوێی، بڕیاری دابوو لە هیچ قسەیەك نەگات، كردیە هەڵڵا و یەك ئەوسەری دیار نەبێت، ئیتر مشتومڕ و بینە و بەردە گەورەتربوو، لەگەڵ(سدیق) بووە دەستەوە یەخەیان، سۆندە نەوتی لە دەست(سدیق) وەرگرت و نەوتی بەو گۆڕە وەركرد، ئەویش پەلاماری دا سۆندەكەی لێوەربگرێت، خەڵكەكە هەموو لایەنگری (سدیق) بوون، ئەوەش هێندەی دیكە شێتگیرتری كردبوو، ئیتر بووە شەڕە مستیان و كەوتنە گیانی یەكتر،(سدیق) سێ چوار مستی خێواندە قەبرەغەی(عەبدوڵڵا) و دوو سێ جارانی بە بەرمیلە نەوتەكانی دادا، كابرایەكی پۆلیسیش بەخۆو بە تفەنگەوە هاتبووە ناو شەڕەكە و دەیویست (عەبدوڵڵا) بەر زەوت بكات كەچی بەرزەوت نەدەبوو، ئیتر(عەبدوڵڵا) دەرفەت وەردەگرێ و تفەنگەكە لە دەست پۆلیسەكە دەڕفێنێ و سواری دەكات و لوولەی تفەنگ لە سینگی(سدیق) دەكات و دوو سێ گوللەی پێوە دەنێ و هەر لە جێیەوە تەپەی لێوە دێنێ و بەریدەداتەوە سەر زەوی، خەڵكەكەی ئەوێ كە چاویان بەو رووداوە دەكەوێ، لە ترسی گیانی خۆیان هەریەكەی بەلایەكدا هەڵدێ، بەڵام پۆلیسەكە دەزانێ چ تاوانێك بە تفەنگەكەی قەوماوە، خۆی دەهاوێتە سەر(عەبدولڵا) و بەریدەداتەوە سەر زەوی و تفەنگەكەی لێوەردەگرێتەوە و بەرزەفتی دەكات هەتا پۆلیس دێن.
دوای تاوانەكە
دوای ئەوەی دەستگیر دەكرێ، لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێ و لە لێكۆڵینەوەدا دان بە تاوانەكەی دەنێ، ئەو پۆلیسەی كە بەرزەوتی كردبوو، شایەتی راستەقینەی رووداوەكە بوو، لە دادگادا وتی: كابرایەكی تووش و بێ حەوسەڵە بوو، توڕە و شێتانی بوو، لە هیچ و خۆڕایی ئەو كێشەیەی دروستكرد كە هیچ پێویست بەو كێشەیە نەبوو، لەسەر شتێكی پووچ تاوانێكی گەورەی ئەنجامدا و كابرایەكی بێ سووچ و گوناهی و كوشت، وەڵڵا حەقەمستی هەموو سزایەكە. ئەوجا پاش چەند مانگێك لە لێكۆڵینەوە و دادگایی كردن، دادگا بڕیاریدا(10) ساڵی رەبەق زیندانی بكرێت، دەبی لە زینداندا بڕزێتەوە و ئەو عومرەی هەیەتی لە زینداندا بیباتە سەر.
بەمجۆرە سزای مستەحەقی خۆی وەرگرت و ئەویش لە خەفەتی ئەو كارە نا بەرپرسیارییە و ئەو تاوانە زەقەی كە كردبووی و ئەو حوكمە قورسە، لە زینداندا وەكو دێوانەی لێهات و مەگەر خودا بەخۆی بزانێ تا چەند لە زینداندا دەمێنێتەوە و بەرگە دەگرێ!
Top