چی وای لــە(بــارام) كــرد خــۆی &#

چی وای لــە(بــارام) كــرد خــۆی &#
بێزاری و وەڕس بوون لە ژیان
(بارام) گەنجێكی بیست و هەشت ساڵە دەبوو، شاگردی ئاسنگەری ئۆتۆمبێل بوو، هەفتانەیەكی هەبوو ئەگەرچی زۆر نەبوو، بەڵام دەیتوانی پێیەوە ئیدارە بكات، ژنێك و دوو منداڵی خنجیلانەی دوو سێ ساڵی هەبوو، رۆژێك لەگەڵ وەستایەكەی دەبێتە قڕە قڕیان و لە ئەنجامدا وەستایەكەی دەریدەكات،(بارام) بێ ئیش و كار دەمێنێتەوە، كرێچیاتی و دوو منداڵی ساوا و ئەرك و خەرجی ماڵەوە ئارامی لێهەڵدەگرێ،(ئامین)ی هاوسەری حاڵەتە دەروونییەكانی ئەوسای (بارام)مان بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێ: كە(بارام) بووە مشتومڕی لەگەڵ وەستایەكەی و لە دووكانەكەی دەریكرد، ئەو شەوە لە حەژمەتان دەرەتانی نەبوو تەنانەت بشخەوێت، دەمگوت: بۆ وا پەشۆكاوی، خۆ دنیا وێران نەبووە، ئەو نا وەستایەكی دیكە خۆ كەسێك هەر دەبێ كارێكت بداتێ، كەچی ئەو گوتی: ئافرەت من كرێچیم، خاوەن خانوو سەرە مانگان كرێی خۆی دەوێ، هەقی بەسەر ئەوە نییە تۆ كاروكارسبیت هەیە یان نە، ئەو دەڵێ: كرێیەكەی خۆت پەیدا بكە، ئەگەر نا لە خانووەكەی دەرمان دەكات ئەو وەختی بچمە كوێ، ئێ مەسەلەكەش هەر كرێی خانوو نییە، ئەدی ئەو منداڵانە نانێكیان ناوێت بیخۆن، ئەی بۆ خۆمان نابێ شتێكمان هەبێ بیخۆین. (بارام) زۆر نیگەران و بێ حەوسەڵە ببوو، لەگەڵ بچووكترین شت هەڵدەچوو، نەیدەزانی چی بكات، بەدبەختییەكە لەوەدابوو كە ئەو دوكانەكەی بەجێهشێت، سێ چوار رۆژی مابوو بۆ سەرە مانگ، سەرە مانگ داهات و (بارام) كارێكی دیكەی هەر بەدەست نەكەوت، خاوەن خانوو هاتە بەردەرگا و داوام لێكرد كە چەند رۆژێك سەبرمان لێبگرێت هەتا پەیدای دەكەین، ئەو چەند رۆژەش رەتبوو كارێك هەر پەیدا نەبوو، كابرای خاوەن خانوو هاتەوە ئەمجارە لەگەڵ(بارام) بووە مشتومڕیان، هۆشداری داینێ و گوتی: سێ رۆژی تر دێمەوە كرێتان ئامادە نەكردبێ كەلوپەلتان هەموو فڕێدەدەمە كۆڵان و خانووەكەتان لێدەستێنمەوە.
(بارام) هێندەی دیكە تەنگەتاو بوو، كابرا فشارێكی زۆری بۆ دەهێناین، چەندی لەوێ و لەوێ گەڕا كارێكی بەدەستنەكەوت، بەدبەختییەكەش لەوە دابوو، كە ئەو ساڵەی كە تێیدابووین، بێ ئیشی و بێ كاری بوو، كار بەزەحمەت بەدەستدەكەوت، بازاڕ وەك قاتوقڕی بێ، بێ بازاڕییەكی كوشندەی تێدابوو، بێ پارەیی ئەسەرێكی زۆری لەسەر ژیانمان دانابوو، چوومە لای باوكم و هەندێك پارەم لەلای هێنا، ئەویش چووە لای باوكی هێندێك پارەی لێوەرگرت و كرێی خانوومان پێدا و چەند رۆژێكیش پێی ژیاین، بەڵام دیسان وەكی جارانمان لێهاتەوە،(بارام) بەرگەی ئەو وەزعەی نەدەگرت، دوایی پێی گوتم: (ئامین) چیتر بەرگەی بێكاری ناگرم، قیروسیا دەچمەوە لای وەستاكەم و داوای لێبوردنی لێدەكەم و داوای لێدەكەم بمگەڕێنێتەوە سەر ئیش، ئەگەر هەر رازی نەبوو، نەرمییەكی زۆری لەگەڵ دەكێشم هەتا رازی دەبێ، منیش گوتم: باشە بڕۆ، قەیدی چییە، خۆ دوژمنداریتان لە نێواندا رووینەداوە، داوای كاری لێدەكەیەوە، ئەو پەڕەكەی رازی نابێ، ئەگەر رازیش نەبوو، ئەو وەختی خواش كەریمە، بە قسەكانم رازی بوو، چووە لای وەستاكەی، نیوەڕۆ كە هاتەوە ماڵێ، رەنگ و روخساری زۆر تێكچووبوو، خەمی دنیای لەسەر باری بوو، دەمی كەفی دەكرد، هەر كە پێی لە ژوورەوە نا و پێی گوتم: (ئامین) خێر لە خۆت نەبینی، ئاخر ئەوە ئیش بوو بە منت كرد، هەتا ماوم سووكایەتی ئەو ناپیاوەم لە بیر ناچێت، گوتم: باشە دەچی بووە پێمبڵێ بزانم چی گوت ؟ گوتی: كچێ چی گوت: پێی گوتم: من چۆن جارێكی تر ئیشت پێدەدەمەوە، تۆ شایەنی ئەوەنی هەر بێیتە دووكانەكەشمەوە، بڕۆ دەرێ دەنا بە پۆلیس دەرت دەكەم و راوت دەنێم، بڕۆ لە برسان بمرە، بزانم كێ كارت پێدەدا، چما تۆ چ كارێك دەزانی، هەتا من كارت پێبدەم، شاگردەكانی دیكە هاتنە نێوانمان و بە پاڵ كرامە دەرەوە، ئای كە چەندم نەفرەت لە خۆم كرد، هەزار جنێوی سارد و سووكم بەخۆمدا.
چۆن وازوو لەبەر ئەو لە برسان مردووە دامهێنا و چوومەوە لای!!؟
بێئومێد بوونی لە رادەبەدەر
(ئامین) بەردەوام دەبێ لەسەر قسەكانی و دەڵێ: لە مێژە گوتایانە برسێتی رەگێكی لە هاری دایە، لەخۆڕا ئەو قسەیە نەكراوە، تاوەكو نەبوونی و هەژاری و دەستكورتی نەبینی، قیمەتی سامان و پارە و مووچە و كار و كاسبی نازانی، پیاوەكەی من ماوەیەك بێكار بوو ژیانی نەمابوو، هەموو لەڕو لاوازببووین، لە بەدخۆراكیان، دیسان، دێوەزمەی كرێی خانوو هاتەوە پێشمان، رۆژێك (بارام) گوتی: وەختی خۆی وەستا نانەجیبەكەم رۆژانەی چوار رۆژی لێخواردم، دەچم داوای ئەو چوار رۆژەی لێدەكەمەوە گوتم:( بارام) مەچۆ، كابرایەكی بێ ئوسوڵە با نەبێتە شەڕتان، قیڕوسیا خواردی، خواردی لێی حەڕام بێت، گوێی پێنەدام، رۆیشت كە چووبووە ئەوێ یەكسەر پێی گوتبوو، رۆژانەكانمت لەلا ماوە و دەبێ بمدەیەوە، ئەویش وەك جاری جاران قسەی كردبوو، بە دەركردن وەڵامی دابۆوە، (بارام) چاوی گێڕابوو، ئامێركی كارەباریی بەرچاو كەوتبوو، دەستی دابوێ و هەڵیگرتبوو، گوتبووی ئەوە لە جیاتی پارەكەم دەبەم، دەموودەست سواری پاسێك بوو ئەوێندەرێی بەجێهشێتبوو، یەكسەر چووبووە، بازاڕ و ئامێرەكەی فرۆشتبوو، كرێی ئەو مانگەی خانووی پێدابوو، بۆ بەیانی وەستایەكەی لەگەڵ پۆلیسێك هاتبووە بەر دەرگا و گوتبووی ئەوە هەوە، پۆلیسەكەش گوتی: هەتا بنكەی پۆلیس لەگەڵمان وەرە كاریان پێتە و ئەو كابرایە سكاڵای لە دژت تۆمار كردووە، وەستایەكەشی گوتی: وەرە هەی دز، بەو خودایە، دەبێ لە بەندیخانە بتڕزێنمەوە، كە وایگوت: من چاوم لێبوو(بارام) پەلاماری دا و كەوتە سەر و گوێلاكی كوتانەوەی مستێك لەم و مستێك لەو، وەستایەكەی پڕی دایە كلاشنكۆفی پۆلیسەكە و لێی ستاندبوو(بارام)یش تاوی دابوێی و لە وەستایەكەی وەرگرتبوو لە جیاتی ئەوەی ئەو رەفتارە دوژمندارییەكەی لەسەر بكاتە ماڵ، میلی تفەنگەكەی لێڕاكێشا و لوولەكەی ئاڕاستەكرد و گوللەیەكی لە تەختی نێوچەوانی دا و كابرای دەموودەست تەواوكرد، كەلاكی كابرا لە بەردەرگەی ماڵمان كەوت و ئەو ناوەی لە خوێن وەردا، پۆلیسەكەش لە ترسان زراوی رژا و لێیدا هەڵات كلاشنكۆفەكەشی بەجێهێشت، گوتم: كوڕە( بارام) ئەوە چت كرد، ئەو كەتنە چبوو قەوماندت، ئەو كابرایەت بۆ كوشت گوتی: ئێستا وەختی ئەو قسانە نییە، وەرە دەستی منداڵەكانت هەڵگرە و بڕۆ ماڵی باوكم، منیش وا دەچمە بنكەی پۆلیس و خۆ تەسلیم دەكەم، ئێمە چووینە ماڵی باوكم و مەسەلەكەم بۆ گێڕانەوە، ئەوانیش پاش قسەكەی من چوونە بنكەی پۆلیس(بارام) لەوێ دەستگیركرابوو، لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرد، كەسوكاری كابرای كوژراویش لەوێ بوون.
حوكمی بەندی هەتا هەتایی و خۆ كوشتن لە ناو زینداندا
(ئامین) بەردەوام دەبێ لەسەر گێڕانەوەی بەسەرهاتی دوای دەستگیركردنی(بارام)ی مێردی و دەڵێ: خاوو خێزانی وەستا كوژراوەكەی (بارام) داوای تۆڵەكردنەوەیان دەكرد و دەیانگوت: هەر دەیكوژینەوە، هەقمان بەسەر ئەوە نییە كە دادگا حوكمی دەدا یان ئیعدامی دەكات یان بەڕەڵڵای دەكات.
نە سوڵحیان دەكرد و نە لێی خۆش دەبوون، نە دەستبەرداریشی دەبوون(بارام) دادگاییكردنی دەستیپێكرد، بەڵام زانیشی چوومەتەوە ماڵی باوكم و ئەوان خۆم و منداڵەكانم بەخێو دەكەن، زۆری قەهری بەو وەزعە دەخوارد، رۆژێك كە چوومە سەردانی لە بەندیخانە، دیار بوو زۆر پەرێشان و بێ رەنگ بوو، قسەی بۆ نەدەكرا، تاقەتی راوەستانیشی نەبوو، گوتی: (ئامین) باشت ئاگا لە منداڵەكان بێ، ئەگەر حوكمێكی قورس نەدرام، پشت بەخوا هەوڵدەدەم ئەو هەڵەیەم راست بكەمەوە كە كردم، ئەگەر حوكمێكی قورسیش درام، ئەو وەختی خوا كەریمە، بۆ خۆت ئەگەر ویستت دەتوانێ مێرد بكەیەوە، گوتم: دە بەسە توخوا، كەی وەختی ئەو قسانەیە مێردكردنی چی، هەر چۆنێك بێت ئەوە لە ماڵی باوكم و بەسەر بڵندی خۆم و منداڵەكانم بەخێو دەكات و وەكو ئەوەی لە ماڵی خۆم بم.
كە ماوەی سەردان تەواو بوو، چاوی پڕ فرمێسك بوو، ئاخێكی هەڵكێشا، دووبارە و سێ بارە منداڵەكانی لە باوەش كرد و ماچیانی كردەوە و گوتی: ئاخ، نەبوونی چ لە مرۆڤ دەكات، بزانە ئەو سندان كوشتییە، خۆشی فەوتاند و منیشی خستە ناو كونجی زیندان و لە ناو چوار دیواری ئەو بەندیخانەیە تووندی كردم، بریا دەرۆزەم بكردبایە، بەڵام نەچووبامایەوە لای ئەو كابرایە كە قسەكانی تەواوكرد گوتم:(بارام) خوا كەریمە، خوا كەسی بێ كەسانە، تازە شتەكە روویداوە و ناگەڕێتەوە، پەنا بەخوا ئەگەر دادگا حوكمێكی سووكت بدات، باوكم گوتوویەتی: لەگەڵ ئەو ماڵەش پێكدێین، ئینجا خوا حافیزیم لێكرد و رۆیشتین، كە دادگایكردنەكانی تەواوبوو، دادگا بە پانزە ساڵ زیندانی حوكمی دا، كە لە دادگا هێنایانەوە، لە ناو بەندیخانە فرسەت دەهێنێ و بە تفەنگێك لە ناو حەوشەی بەندیخانە خۆی دەكوژێت و لەو كارەی ویستبووی خۆی لەو وەزعە دەروونییە ئاڵۆز و دژوارەی كە تێيكەوتبوو رزگار بكات، منیش و منداڵەكانیشی بە تەنیا جێهێشت و كۆڵێك خەم و خەفەت و كەسەری بۆ بەجێهێشتين.
Top