كێشەی نێوان ژن و مێـردەكە و كوژر
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
چیتر گلەیی و گازاندەتان لای من مەكەن، خۆتان بڕۆن، چۆن خۆتان لەگەڵ یەك دەگونجێنن بگونجێنن، نە كۆتایی بە كێشەكانتان دێنن، نە بە گوێی منیش دەكەن. (حەمە غەریب) ئێوارە چۆوە ماڵ و سیناریۆیەكە دیسان دووبارە بۆوە.
ئەو جنێوی بەم دەدا ئەم جنێوی بەو دەدا، كەسیان لە كەسی قبوڵ نەدەكرد.(سەدرەدین) برا گەورەی(سەبری)بوو، هەر ئەوی وەكو برا گەورەی مابوو، چونكە نە دایكی و باوكیان نەمابوون، خوشكەكانیشی خۆیان لە كێشەی(سەبریە و حەمە غەریب) نەدەگەیاند و پێیان چارەسەر نەدەكرا، بە كورتی كێشەی ئەو دووانە نەدەبڕایەوە و لێنەدەگەڕان(سەدرەدین) تاوێك بەسەری رەحەتەوە دابنیشێ، لەبەر هەندێ لەو دووانە زۆر بێزار و وەڕس ببوو، بۆیە بڕیاریدا چیتر خۆیان تێنەگەیەنێ، بە(سەبریە)ی گوت: ئەرێ تۆش بێتامت كرد، نە لەگەڵ كابرا ئیدارە دەكەی نەبێ ئەویش دادەسكێی، ئەگەر پێی رازی، ئەوە لەلای دانیشە و چ گۆبەندیش مەنێوە. ئەگەریش لەلای دانانیشی، بڕۆ دادگا و تەڵاقی خۆتی لێوەرگرە و لای من دانیشە، تا ئەو رۆژەی پێتخۆشە بەخێوت دەكەم.
هەرایەكی گەورە و سەر تیاچوون
(حەمە غەریب) كە زانی(سەدەردین) چیتر خۆی لە كێشەی خۆی و ژنەكەی، كە دەكاتە خوشكی(سەدرەدین) ناگەیەنێ، هەستی بە حاڵەتێكی دەروونی ناخۆش كرد، وای لێكدەدایەوە وەك ئەوەی بڵێ لە ماڵێ دەریكردبێ لەبەر ئەوە كەوتە ژێر گوشاری فشارێكی دەروونییەوە وەك دەڵێن پتت لێدابایە دەتەقی، دوو سێ رۆژان بەو حاڵەوەی گوزەراند، (سەبری)ش هەروا، دەیویست تۆڵەی بێباكی براكەی لە مێردەكەی بكاتەوە، لەسەر خەرجی ماڵ بوو كە شەو بووە دەمەقاڵیان، منداڵەكانیان كە سێ ساڵی و چوار پێنچ ساڵە بوون دەرپەڕینە دەرەوە و لە ترسان خۆیان لە ماڵی دراوسێیەكیان نا.
دەمە قاڵی و مشتومڕیان درێژەی كێشا هەتا درەنگانێك، ئەوجا كەوتنە سەر و پۆتەڵاكی یەكتر، دراوسێكان چوونە ناوبژیوانیان هێندەی دیكە لێكگردبوون و شەڕیان خۆشتر كرد، نە ئاگایان لە منداڵەكانیان مابوو، نە رێزێكیشیان بۆ ژن و مێردایەتیان دادەنا، (حەمە غەریب) قسەیەكی پێگوتبا(سەبریە) دووانی پێدەگوتەوە، ئەوجا كەوتنە شەڕە چەپەڵۆك و یەكتر هێنان و بردن و مست وەشاندن، یەكێ لە دراوسێكانیان تەلەفۆنی بۆ (سەدرەدین) كرد، دیار بوو، بەشێوەیەك تەلەفۆنی بۆ كرد كە(سەدرەدین) بێتە ئەوێ یەكسەر دەست بداتە تفەنگـ، پاش كەمێك(سەدرەدین) بە هەناسە سواری و توڕەییەوە گەیشتە ئەوێ، لە هەردووكیانی خوڕییەوە و تێری جوێن پێدان، بەو سەرزەشت كردنەیان خوشكەكەی هێندەی دیكە شتێگیر بوو، رایكردە ماڵەوە و هەراكەی گەورەتر كرد.
بەكورتی شەڕ كەوتەوە ناو حەوشەی ماڵەكە، نە ئەم وازی دەهێنا و نە ئەویش دەچووە دەرەوە و شەڕەكە بكوژێنێتەوە، ژنە تفێكی گەورەی لە دەمووچاوی(حەمە غەریب) كرد، ئەویش ئیتر لەوزەی دانەما و چاوی گێڕا، مقەسێكی گەورەی دوورمانی كەوتە دەست، هەتا هێزی تێدابوو بۆ(سەبریە)ی راوەشاند، بەڵام لە جیاتی ئەوەی بە(سەبریە) بكەوێت، لە سینگی(سەدرەدین) چەقی خوێن خوارەی كرد، (سەدرەدین) كەوتە سەر زەوی بەمە شەڕەكە راوەستا و چیتر ململانێی نێوان ژن و مێرد نەما، خەڵك و دراوسێ تەنیا چاویان بڕیە(سەدرەدین)كە دەتگوت بەئەنقەست خۆی خستۆتە سەر زەوی و دەستی لەسەر سینگی داناوە، دیاربوو یەك دووانێك لەوانەی لەوێ بوون تەلەفۆنیان بۆ پۆلیسی فریاكەوتن كردبوو، ئەوەندەی پێنەچوو پەیدابوون، ژن و مێردیان هاوێشتە ناو ئۆتۆمبێل و (سەدرەدین)یشیان بە هێواشی بڵند كرد و لە ناو ئۆتۆمبێلی دراوسێیەكی ماڵی خوشكەكەی دانا و بردیانە نەخۆشخانە.
مردنی(سەدرەدین) و سزادانی ژن و مێرد
كە(سەدرەدین) گەیەندرایە نەخۆشخانە، پزیشكەكان هەر زوو بردیانە هۆڵی نەشتەرگەری و داوای خوێنیان كرد، مانەوەی (سەدرەدین) لە ناو هۆڵی نەشتەرگەری زیاتر لە سێ كاتژمێری خایاند، پاشان پزیشكێكی نەشتەرگەری لە هۆڵەكە هاتە دەرەوە و گوتی: سوودی نەماوە، هەوڵی زۆرمان دا، مقەسەكە پەڕەی دڵی هەڵدڕی بوو، چاكبوونەوەی مەحاڵ بوو، بۆیە مرد، دیارە قسمەتی لە دنیا هەر هێندە بوو، كە پزیشكەكە وایگوت ژن و منداڵ كەوتنە لە خۆدان و قیژە(حەمە غەریب) دەستگیركرابوو، كە هەواڵیان پێدا ئەویش كۆستی كەوت و سەری خۆی كێشا بە دیواردا، چونكە لەسەرێكەوە(سەدرەدین)ی خۆشدەویست، لەسەرێكی ترەوە بە هەڵەی ئەو بوو مرد، كە هەرگیز لەو بڕوایەدانەبوو، ئەو ببێتە هۆی مردنی، تەنانەت مردنی ئەو شتێكی هەر زۆر چاوەڕواننەكراوبوو، بێجگە لەوەش كەوتە ناو دۆخێك ئیتر چاككردنەوەی نەبوو، هەرچۆنێك بێت، ماوەی هەفتەیەك ژنەكەشی دەستگیركرا و پاشان ئازادكرا.
دواتر دوای دوو مانگ و نیو، دۆسییەی(حەمە غەریب) رەوانەی دادگای تاوان كراو، دەست بە دادگاییكردنی كرا.
بۆ دادگاش روونبۆوە كە مەسەلەكە چی بووە، بۆیە پاش دادگایی كردن و روونبوونەوەی بەڵگەكان، دادگا بڕیاریدا ساڵێك زیندانی بكرێت، (حەمە غەریب) زۆری پێ سەیر بوو كە ئەو حوكمەی بۆ دەرچووە، ئەو لەو بڕوایەدا بوو كە ئازاد بكرێت و حوكمی بێ تاوانی بۆ بدرێت كەچی ساڵێك زیندانی بۆ بڕایەوە، ئیتر ئەویش لە توڕەییان لە هۆڵی دادگا هاتە دەرەوە لە پێش كەسوكاری هەردوولا، رووی لە(سەبریە) كرد و پێی گوت: دەبڕۆ ئەوە منیش تۆم سێ بە سێ تەڵاق دا.