گێڕانەوەی بەســەرهاتی دایكێك ل

گێڕانەوەی بەســەرهاتی دایكێك ل
(زانا) كە ئێستا تەمەنی لە سەرووی (بیست) ساڵییەوەیە، هەمیشە بە جۆرێكی تایبەتی باس لە منداڵێتی خۆی دەكات و بە ئەزموونێكی ترسناكی دادەنێت، ئەو لە منداڵییەوە تووشی شۆك هات، وەك خۆی دەڵێ نازانێ (دایكایەتی) مانای چییە و ئەزموونی نەكردووە، ئەو وەكو منداڵانی دیكە، دایكی خۆش ناوێت، یان راستتر وایە بڵێین نەیتوانیووە دایكی خۆش بوێت، بەڵام لەگەڵ هەندێش ناتوانێ رقی لە دایكی بێتەوە، هەمیشە دڵی بە دایكی سووتاوە، ئەم رقە لەدایك و خۆشەنەویستنی لەلایەك و دەستبەرداربوونی ناچارەكی خۆشەویستیشی لەلایەكی دیكەوە، كاری زۆری لە پێكهاتەی دەروونی (زانا) كردووە و بەدرێژایی قۆناغی مێردمنداڵی و سەرەتای قۆناغی هەرزەكاری نیگەران بووە، هەمیشە بە ئازارێك ناڵاندوویەتی! دەبێ چی بێت ژیانی ئەم كوڕەی وا شێواندبێت و وەها بەدەستییەوە ناڵاندبێتی؟ بالێبگەڕێین بەخۆی بەسەرهاتی ناخۆشی خۆی و ئەو هۆیانەی كە گرنگترین قۆناغی ژیانی لێ تاڵ كردبوو لە زاری خۆی ببیسین.
لەسەرەتادا (زانا) ئێمەی گەڕاندەوە بۆ قۆناغی منداڵێتی خۆی و بەمشێوەیە گوزارشتی لەخۆی كرد و گوتی: ئێمە لە ماڵەوە دوو براو خوشكێك بووین، هەتا پۆلی پێنجی سەرەتایش كێشەی نێوان دایكم و باوكمم بە بیردانایە، منداڵێیتیم شتێكی ئاسایی بوو، شتێكی وام بەبیردانایە كە نائاسایی بێت، تا ئەو رۆژەی كە مامی گەورەم هاتە ماڵمان، لەگەڵ باوكم كردیە مشتومڕ و دەمەقاڵی،وەك ئێستام لەبیرە كە نیوەڕۆ بوو تازە لە قوتابخانە هاتبوومەوە، لەناو هەیوانی ماڵەكەمان بە باوكمی گوت: كوڕە ئاخر تۆ ئەو ژنەت بۆ وا بەرەڵڵا كردووە، بۆ لێیناپێچیتەوە، خەڵك قسەمان پێ دەڵێن و دەڵێن ژنی (حەمید)ی دۆستی هەیە و (حەمید)یش دەیزانێ و قسە ناكات، كوڕە ئەو قسەو قسەلۆكانە لەخۆوە نییە، چاودێری ژنت بكە و ئاگات لێی بێت و بزانە چی دەكات، باوكیشم سەری دەلەقاند و دەیگوت: ئێ، باشە وا دەكەم. مامم گوتی: (حەمید) وا من دەڕۆم، خوا دەزانێ ئەو ژنەت بەرزەوت نەكەی، بەخۆم چارەی دەكەم، پاش ئەو قسەیە لێیدا رۆیشت، باوكم لە هەیوانەكەی ماڵ بەبێ دەنگی دانیشت و سەرێكی بادا و لەبن زمانەوە گوتی: ئەو ژنە بۆ وا دەكات، بۆ هێندە روو قایم و كەللە رەقە؟، تۆزێك پیشی خواردەوە و سەیرێكی منی كرد و گوتی: (زانا) كوا دایكت، لە كوێیە؟ گوتم: نازانم من تازە لە قوتابخانە هاتوومەتەوە، زانی نانمان نەخواردووە، هەستا چووە مەتبەخەكە و دوو سێ هێلكەی لە روونی كرد و بانگی كردین و گوتی: وەرن نانتان بخۆن، لەو دەمەدا دایكم هاتەوە، تەماشایەكی باوكمی كرد، لە دوورەوە زانی شتێك بووە، بۆیە بێ ئەوەی بهێڵێ باوكم قسەیەك بكات گوتی: لە دەست ئەو دائیرەیە مردوومە، هەتا ئێستاش جەنابی بەڕێوەبەرە فەندی ئیشی زیادەی دوای دەوامی پێدەكردین، باوكیشم گوتی: مادام ئیشی زیادەی پێدەكردن، جەناب پێتان بگوتایە فەڕاشێك بنێرە بۆ ماڵەكانمان، با ماڵەوەمان ئاگادار بكاتەوە، نەوەكو قسەی ئەم و ئەومان بێتەسەر. دایكم یەكسەر زانی مامم هاتووە، بۆیە گوتی: چییە دیسان (عەلی) هاتبوو؟ باوكیشم گوتی: بەڵێ ئافرەت كاكم هاتبوو، نەمزانی چۆن وەڵامی بدەمەوە، تۆ هەروا زەمان كورتم بكە، كەباوكم وای گوت، دایكم زانی مەسەلەكە جددییە، دەیزانی چۆنی ساردی بكاتەوە، بانگی دەكردە ژوورەكەی تر و چارەكە سەعاتێك دەمانەوە و كە دەهاتنە دەرەوە، وەك ئەوەی هیچ رووینەدابێ، بارودۆخەكە ئارام دەبۆوە، نەمدەزانی لەو ژوورە دایكم چی پێدەگوت، یان چیان دەكرد و چۆن وەها باوكمی ئارام دەكردەوە، باوكم دایكمی زۆر خۆشدەویست، نەمدیت رۆژێك لێیدا، یان تەنانەت دەستیشی لێ بڵند بكا، بەڵام نیگەرانیش دیار بوو، ترسێكی لەدڵدا هەبوو، ئارام نەبوو، حەزی دەكرد ژیانێكی خۆش و ئارام بباتە سەر و وەكو هەر پیاوێكی دیكە دەیویست ژیانێكی خۆشی هاوسەرێتی هەبێت، بەڵام هەستم دەكرد قەت ئارام نییە، نەمدەزانی بۆ؟
پەیوەندییە تایبەتییەكەی ژنەكەی (حەمید)
(زانا)بەردەوام دەبێ و دەڵێ: ئەو نائارامییەی باوكم، ماڵیشمانی تۆزێك نائارام كردبوو، ئەوان نەیاندەتوانی وەكو ژن و مێردێك بەیەكەوە دانیشن، چ بەتەنیا و چ لەگەڵ ئێمەدا، باوكم زۆر نازی دایكمی دەكێشا، بەڵام پێدەچوو هاوسەرێتی نێوان باوكم و دایكم هاوسەرێتییەكی ناچاری بوو. باپیرم واتە باوكی دایكم بەخواستی خۆی دایكمی دابوو بەباوكم. پاشان بیستمەوە بە زۆری بەمێردی دابوو، بەڵام بۆچی بە زۆر بە مێردی دابوو مەسەلەكە لە بنەڕەتدا چی بوو تا ئێستاش نەمزانی. باری ناوماڵمان هەروا لەرزۆك بوو، یا با بڵێین شلۆق بوو، ناوە ناوە مامم دەهاتە ماڵمان و دەیگوت: (حەمید) من چم بەتۆ دەگوت: تۆ هەروا دابنیشە و لە گوێی گادا بنوو، من تۆزێك هەراش بووم، خوشك و براكەشم هەروا، كە هەردووكیان لەمن بچووكتر بوون، ئەوەندە منداڵ بوون لەو كێشانە نەدەگەیشتن، بەڵام من وانەبووم. تازە چووبوومە ناوەندی و پۆلی دووی ناوەندیم تەواو كردبوو لە قۆناغی هەرزەكاریدا بووم. جارجارە شەوان كێشە لە نێوان باوكم و دایكم دروست دەبوو، نەمدەزانی چییەو لەسەرچییە! بەڵام هەموو جارێ دایكم لە ژووری خۆیان دەهاتە دەرەوە و دەهاتە ژووری ئێمە و دەرگاكەی دادەخست و باوكمی لە ژووری خۆیان بە تەنیا جێدەهێشت! رۆژێك كە پشووی رەسمی بوو، نیوەڕۆ بوو، دایكم خواردنێكی بۆ ئامادە كردبووین و دەوری كاتژمێر (11)ی پێش نیوەڕۆ بوو، لەماڵ دەرچوو، نیوەڕۆیە كە باوكم هاتەوە، من خواردنەكەم بۆ باوكم و بۆخۆشمان گەرم كردەوە. باوكم زانی دایكم لەماڵ نییە، كە پرسیاری كرد و وەڵامەكەیمان پێگوت، نیگەران بوو، نانەكەی بەساردی خوارد و هەر زوو دەستی لێكێشایەوە و كەوتە داڵغە لێدان، ئەوەندەی پێنەچوو مامی گەورەم و مامەكەی ترم پێكەوە بەدیار كەوتن و بێ سەلام كردن بە ژووركەوتن. مامی گەورەم، لە باوكم نزیك بۆوە و بە دەنگێكی نزم، چووە بن گوێی و گوتی: ئەفەندی خانم لەگەڵ جەنابی بەڕێوەبەر بینراوە، خۆ ئەمڕۆ دەوام نییە، ئەی چی ئەوی گەیاندۆتە لای ئەو، خۆمان بە چاوی خۆمان بینیمان لە كوێ و كەی ژوانیان هەبوو، دەمانەوێ جەنابیشت بێی و بتبەینە شوێنەكە و بەخۆت دڵنیا بێت، ئەگەر لەوێش نەمابن، لە مەوعیدی ئەمجارەدا دێینە دوات تا بە چاوی خۆت ببینی، لە پاش ئەو گفتوگۆیەی نێوان ئەو دوو مامەم و باوكم زانیم مەسەلەكە چییە، رقم لە دایكم بۆوە، بەڵام نەشمدەزانی دەریببڕم، چونكە بەتەواوەتی لە كێشەكان نەدەگەیشتم، باوكم و مامەكانم دوای ئەو مشتومڕە لە ماڵ دەرچوون و ئێمە لەماڵ ماینەوە. خوشكەكەم گوتی: كاكە ئەوە مامەكانم بۆ رقیان لەدایەیە؟ چ وەڵامێكم پێنەبوو، بێدەنگ بووم، قەت هەستم بە ئاسوودەیی نەدەكرد، دوای ئەوەی لایەنێكی نهێنی كێشەی دایكم و باوكم زانی، لەدڵی خۆمدا هەستم بە نارەحەتییەكی قوڵ دەكرد و زۆرم خەفەت پێوە دەخوارد.
چۆنییەتی كۆتایی هێنان بە كێشەكە؟
(زانا) لەسەر گێڕانەوەی باسەكە بەردەوام دەبێ و دەڵێ: ئێمە لە ماڵدا ژیانێكی ناجێگیرمان هەبوو، دایكم وەكو ژنانی دیكە سەرپەرشتی نەدەكردین، ئەو خەمی ماڵ و منداڵی هەر نەبوو، ئێستاش نازانم بۆ وابوو، ئێمە وەكو دەڵێین خۆرسكانە گەورە بووین، باوكم زیاتر ئاگای لێمان بوو، من بەم تەمەنەوە هەستم دەكرد دایكم حسابی مێردی بۆ باوكم نەدەكرد، نازانم باوكم بۆ وا هێمن و بێدەنگ بوو، یا لاواز بوو لەبەرامبەریدا! مشتومڕی نێوان مامەكانم و دایكم بۆ ئێمە بەدیار كەوت، ئێوارەیەك مامەكانم لەگەڵ باوكم لەماڵ دانیشتبوون و چاوەڕێی هاتنەوەی دایكمیان دەكرد، لەپڕ ئەویش بەدەركەوت، ئەوان لێی راست بوونەوە و هەر زوو لێیان پرسی لە كوێ بووی؟ گوتی لە بازاڕ، ئەوانیش گوتیان نەخێر، لەگەڵ فڵانەكەسدا سواربووی و لە فڵانە شوێنیش بووی و بەدواتەوە بووین، ئیدی بووە مشتومڕ و مامەكانم پەلاماریان دا و هەندێكیان لێدا، ئەویش رووبەڕوویان بۆوە و بە هەرحاڵ لەماڵ دەریانكرد، بەڵام باوكم پاش ئەوەی مامەكانم رۆیشتن دوای دوو كاتژمێر، لەگەڵ خۆی هێنایەوە، هەرچەند نەمانزانی لەم ماوەیەدا بۆ كوێ چوو بوو؟!
پەیوەندی مامەكانم و دایكم رۆژ بەرۆژ خراپتر دەبوو، شەودرەنگانێك، لەگەڵ چرپە چرپ و خشەخشی پێ و هێنان و بردنی شتومەك لەخەودا بووم، بە ئاگاهاتم و هەر لەناو جێگادا بووم و چاوم كردەوە، بینیم دایكم درێژكراوە و وەكو كەلێشێكی لێهاتووە، خستیانە ناو بەتانییەك و بە گوریسێك لوولیان دا، مامەكانم خەریكی ئەو شتانە بوون، خاكەناس و پێمەڕەشیان لەسەر زەوییەكە دانابوو، خستیانە ناو گونیەیەكەوە،، باوكم لەسوچێكی ژوورەكە دانیشتبوو، پاڵی بە دیوارەكەوە نابوو، فرمێسكی لە چاواندا دەهاتە خوارەوە. ژوورەكە زۆر رووناك نەبوو، بۆیە دەموچاوی باوكم بەباشی دیار نەبوو، بەڵام لەخۆوە هەستم كرد تاوانێك روویداوە، بەڵام نەمدەوێرا خۆم ئاشكرا بكەم، نە توانای ئەوەشم هەبوو هەستم بزانم مەسەلەكە چییە، لەخۆوە سامێك گرتبوومی! نازانم چۆن بوو، لە بن جێگاكەم هاتمە دەرەوە، باوكم چاوی بە من كەوت، وەكو بزانێ كە ئەوەی ئاگام لە هەموو شتێكە، لەلای خۆی دانام و دەستی لە ملم كرد و هۆن هۆن دەگریا، كە مامەكانم هاتنەوە ژوورەوە و چاویان بە من كەوت و لە پەنای باوكم دانیشتوومە، وایانزانی هەموو شتێكم زانیوە، هاتنە لام دەستیان لە ملم كرد و مامی گەورەم گوتی: (زانا) كوڕم دەبێ زۆرت ئاگا لە خوشك و براكەت بێ، بەتایبەتی (نازێ)ی خوشكت كە یەك دوو ساڵی تر هەراش دەبێ و جاحێڵ دەبێ، ئێمە لە خەمی ئێوە بووین، ئەگەر بە فریاتان نەكەوتباینە ئەو دایكەتان ئێوەشی سەرگەردان دەكرد، جارێ وەختی گێڕانەوەی هیچ نییە با باوكتان لە مەسەلەكەتان بگەیەنێ، لەگەڵ ئێمەش وەرە، سواری ئۆتۆمبیل بووین و تەرمی دایكیشم لەناو بەتانییەك لوول درابوو، بە دووان مامم و باوكم خستیانە ناو سندوقی ئۆتۆمبیلەكە و مامی بچوكم لێیخوڕی، شەو درەنگ بوو، باران لەنیوەڕۆیەوە دەباری، جار جار نم نم و جارجاریش بە خوڕ دەبوو، كە گەیشتینە گۆڕستانێكی دەرەوەی شار باران كڕی كردبۆوە، چووینە ئەوپەڕی گۆڕستان و دیار بوو پێشتر قەبرێكیان لێدابوو، تەرمەكەیان هێنایە خوارێ و گوریسەكەیان كردەوە و بە بەتانیەوە شۆڕیان كردەوە ناوقەبرەكە و ئەوجا بە خاكەناس خۆڵیان پێدا كرد، تا قەبرەكە پڕ بۆوە،
جارجارە سەیرێكی باوكمم دەكرد و بەردەوام فرمێسكی لە چاواندا دەهاتە خوارەوە. چووە لای ئۆتۆمبیلەكە و قورئانێكی بچووكی هێناو كردیەوە، لەسەر گۆڕەكە راوەستا و دەمێك لە بن لێوانەوە دەستی بە خوێندنەوەی قورئانەكە كرد، تا نزیكەی دە دەقیقەیەك ئەوجا مامی گەورەم گوتی: حەمید درەنگە و زوو تەواو بە، با تووشی كێشەیەك نەبین، مامم هاتە لای من و گوتی: كوڕم (زانا) ئەو باسە لەلای كەس نەدركێنی، ئێمە تازییەی بۆ دانانێین و خۆشمان وا نیشان دەدەین كە ئاگامان لە هیچ نییە و نابێ خوشك و براكەشت بەهیچ شتێك بزانن و بەهیچ شێوەیەك هیچیان پێناڵێیت دەنا خۆشت و باوكت و ئێمەش تووشی كێشە دەبین، تەنیا ئەوەندە دەڵێین دایكتان رۆیشتووە و كەس نازانێ بۆ كوێ چووە، ماوەیەكی دیكە ئێمە بۆخۆمان ژن بۆ باوكت دێنینەوە و ئەو ژنەش دەبێ لە دایكتان زۆر باشتر و بە رەحمتر و بەوەفاتر بێت، ئەگەر هەر كەموكوڕییەكی بەرامبەرتان هەبوو ئێمە لێی بەرپرسیارین،
ئەو شەوە كە گەڕاینەوە مامەكانم لەگەڵ ئێمە هاتنەوە، ئەوان نووستن، بەڵام من قەت خەوم لێنەدەكەوت، هەم لەترسان هەمیش لە حەپەسان، باوكم كە نووست، ماوە ماوە لە خەو رادەچنی و یان هەر لەناو خەودا دەگریا و ئەوجا بە ئاگا دەهاتەوە، سەیرێكی دەوروبەری دەكرد و پاشان تەماشایەكی منی دەكرد، منیش خۆم دەخەواند، كە دەیدی نووستوومە، دەهاتە لام و بەتانییەكەی بە جوانی پێدادەدام و ماچی دەكردم و دەستی بەسەرم دادەهێنا، ئینجا هەر بەوحاڵەوە دوای چەند خولەكێك دەنووستەوە، منیش چاوم دەكردەوە و فرمێسك وەك رووبار بەچاومدا دەهاتە خوارەوە، دایكم بەبێ دەنگی نێژرا، زۆر سكم بە دایكم دەسووتا، دەمزانی كوشتیان، یان خنكاندیان، بەڵام بە چاوی خۆم نەمدیبوو، نەمدەزانی چۆن مرد، یا كامیان و چۆن كوشتیان، دەمزانی دایكم دەستی لەگەڵ پیاوێكی دیكە تێكەڵە، یان با بڵێین پیاوێكی دیكەی خۆش دەوێ. باوكم باری دەروونی خراپ و خراپتر دەبوو. مامم ئێمەی بردە لای خۆی، هەر بۆ بەیانی ماڵمان باركرد و چووینە ماڵی مامم، مامۆژنم زۆر نازی دەكێشاین، خانووەكەیان زۆر گەورە و پڕ ژوور بوو، زۆر بە باشی ئاگادارمان بوو، هەموو جارێ بە منداڵەكانی خۆی دەگوت: نەكەن وا بكەن هەست بە فەرق و جودایی یا غەریبی بكەن، ئێوە خۆتان لە ئاست ئەوان بە خاوەن ماڵ نەزانن، دوو سێ رۆژ بوو باوكم باری دەروونی بەتەواوی تێكچووبوو. مامم بەزووترین كات بردیە لای پزیشكێكی دەروونی و تۆزێك بە دەواو و دەرمان وەزعی باش بوو، ئینجا دوای مانگێك ژنێكی تریان بۆ هێنا، بە هێنانی ژنی دووەمی وەزعی خراپتر بوو، جارجارە باش دەبوو، جارجارەش خراپ، چەند جارێك لە نەخۆشخانە خەوێندرا چاك دەبۆوە، بەڵام پاش ماوەیەكی دیكە باری تەندروستی خراپ دەبۆوە، نزیكەی ساڵێك وەها مایەوە، زڕ دایكەكەم زۆر لەگەڵمان باش بوو، هەرچەندە ئێمە منداڵیش نەبووین بەڵام زۆر باش چاودێری دەكردین و دەتوانم بڵێم خزمەتی دەكردین. خوشك و براكەم زۆر بە پەرۆشی باوكم بوون، بەڵام سەریان لەوە سوڕما بوو، ئاخر باوكم چ عەیبی نەبوو، بۆ وەها تێكچوو، دایكم بۆ شوێن بزر بوو، چۆن رۆیشت و ئاوا نەگەڕایەوە، بۆ كوێ چوو بۆ رۆیشت؟ ئەوە ئەو پرسیارانە بوو هەموو جارێ خوشكم و براكەم دەیانكرد، منیش خۆم دەخواردەوە وەڵامم نەدەدایەوە،
باری تەندروستی باوكم گەیشتە رادەیەك، جاری وا هەبوو بە مانگ لە نەخۆشخانە دەمایەوە، بە كورتییەكەی 
Top