بەسەرهاتی حوكمدانی (شاكر)
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
كابرا خراپ تووشكرابوو، بێ ئەوەی بەخۆشی بزانێ، پاشنیوەڕۆیەك، هەر وەك جاری جاران چووبووە ئەو شوێنەی كە جێی ژووانی پێشتری بوو، هەر لەوێ دوای ماوەیەك چاوەڕێكردن، هەر هێندە زانێ چوار كەس لێی بەژوور دەكەون و قۆڵبەستی دەكەن! (شاكر) چاوی ئەبڵەق دەبێ و باوەڕ بەخۆی ناكات! وا دەزانێ برادەرەكانی گاڵتە و شۆخی لەگەڵ دەكەن، بەڵام كە دەبینێ جەماعەت بەڕاستی و بەجددیانە، ئەوجا تێدەگات كە كەوتۆتە چ چاڵێكی قوڵەوە، پاش قۆڵبەستكردنی، چی بەسەردێنن. بۆ گێڕانەوەی تەواوی باسەكە با گوێ لەخۆی بگرین كە دوای ساڵ و نیوێك حوكمدان و بەسەربردنی تەواوی ماوەی بەندییەكەی، لە زیندان دێتە دەرەوە و وەك ئەزموونێكی تاڵ و تفت، بەڵام سوودبەخش و بە كەڵك ئەو بەسەرهاتەیمان بۆ دەگێڕێتەوە، بەمەبەستی ئەوەی كەسانی دیكە، چ ئەوانەی هاوشێوەی ئەون و چ ئەوانەی لەو ئەزموونە زیانبەخش و ترسناكە گڵاون، چ ئەوانەی تووشی نەبوونە و لە دوورەوە ئاسەوارە خراپ و زیانە زۆرەكانی ئەم ئافاتە دەبینن بۆیان ببێێتە پەند و ئەزموون. (شاكر) ئەزموونە تاڵە پڕ لەوانەكەی بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە و دەڵێ:
چەند جارێك بوو دەچوومە ماڵێك لەوێ(تریاك) مان دەكێشا، بەڵام هەروا یەكسەر و راستەوخۆ ئەو ماڵەم نەدیتبۆوە، با لە نووكەوە بگێڕمەوە، ماوەیەك لەگەڵ برادەرێك لەسەر سنوور كەلوپەلمان دەهێنا و دەمانهێنایە شار و دەمانفرۆشت، ئەو برادەرەم بەڕێكەوت كۆنە برادەرێكی خۆی لەیەكێ لە شارۆچكەكانی سەر سنوور دەبینێتەوە، برادەرەكەی ناوی (رێباز) دەبێت، ئەم (رێباز)ە، وەكو ئێمە لاو دەبێت، ماوەی چەند ساڵێك بوو ئاودیوی ئەو دیو ببوو كاسبی دەكرد، قاچاخچیاتی دەكرد، ئەوەیان نازانم، بە كورتی نەمدەزانی خەریكی چییە، ماوەیەك ئەو برادەرەم و (رێباز) پێكەوە قسەیان كرد، ئەوان خەریكی گفتوگۆی خۆیان بوون، لەوكاتەدا تەلەفۆنێكم بۆ هات، بەمەبەستی وەڵامدانەوەی تەلەفۆنەكەم، رووخسەتم لێخواستن و لێیان دووركەوتمەوە، من لە دوورەوە ئەوانیش رووبەڕووی یەكتر خەریكی قسەكردن بوون، كە لە تەلەفۆنەكەم تەواوبووم، دیاربوو ئەوانیش لێكجیاببوونەوە و گفتیان لە یەكتر دابوو، لە شوێنێك كە بەخۆیان دەیانزانی یەكدی ببینەوە، دیاربوو پاش چەند رۆژێك(رێباز) و برادەرەكەم یەكتریان بینیبۆوە، بەڵام ئەو برادەرەم لە بارەی خۆی و(رێباز) هیچی بەمن نەدەگوت، هەفتەیەك دووانی پێچوو، ئەوانە چەند جارێكی دیكە چاویان بەیەك كەوتبۆوە و پەیوەندییەكەیان قایمتر ببۆوە، كابرا تامی(تریاك) ی بە برادەرەكەم كردبوو، چونكە یەك دوو شەوان كە لەگەڵم دەبوو هەستم دەكرد ، باری دەروونی و زەوق و سەلیقەی جارانی نەماوە. گومانم لێكرد كە شتێك بەكاردێنێ، بەڵام هیچی نەدەدركاند، وایلهێاتبوو ئیشی نەدەكرد، یان راستتر وایە بڵێم چیدی وەكو جاران نەدەهاتەوە بۆ سەر كار، كە دەشهات لە جیاتی ئەوەی لەگەڵم بمێنێتەوە و خەریكی راپەڕاندنی كارەكان بێت، دەیگوتە من(شاكر) تۆ خەریكی كاری خۆت بەو من دەڕۆم و فڵانە كاتژمێر یان فڵانە رۆژ دێمەوە لات.
پاشان ئێوارەیەك پێیگوتم ئەمشەو میوانی برادرەكەمم و تۆش لەگەڵم وەرە، شەو چووین و میوانی كابرا بووین، پاش دانیشتن و دەمەتەقێ كردن كابرا شتێكی وەك قیڕی هێنا و سووتاندی، پاشان بە لوولەیەكی باریك دوكەڵەكەی هەڵمژی، ئینجا لوولەكەی دایە منیش و گوتی تۆش هەڵیمژە تووتنێكی زۆر بۆنخۆشە و بۆ ژانی لەش یەكاو یەكە، ئەو شەوی دوو رۆژ بوو هەموو ماسولكەكانی لەشم لەسەرمان رەق ببوون، ژانەسەرێكی تووندیشم هەبوو خوا خوام بوو حەبێك، دەنكۆڵەیەك، شتێك هەبێ ژانە سەرەكەمی پێ بشكێنم، كەوای گوت، بیرم نەكردەوە ئەوە مادەیەكی بێهۆشكەرە، بەڵام پاشان زانیم چییە، چەند جارێكیتر كێشامەوە، پاش ماوەیەك خۆشییەكی بەلەزەت بەنێو لەشمدا گەڕا و سەرتاپای لەشی گرتمەوە، راستییەكەی هەرچی ئازار هەبوو، لەسەرم پەڕی و ئەوەی ژان بێت نەما، كابرا ئەو بڕە قیڕەی بەبێ پارە دامێ. دوو سێ رۆژی تری پێچوو، دیسان برادەرەكەم ژوانێكی دیكەی رێككخستەوە، ئەو جارەش وەك بەزمی جاران شەو درەنگانێ كەلوپەلی دووكەڵ كێشانەكەی هێنا و دیسان دووكەڵەكەمان كێشایەوە، هەستێكی سەیری لەلا دروستكردم، وەكی جاران ئێشی جەستەی نەهێشتم، شەو لەوێ نووستین. بەیانییەكەی كاتژمێر ببووە یانزە و نیو ئینجا بەئاگاهاتین.
بەمجۆرە هەفتەیەكی دیكەی پێچوو كاتێك ئیشەكانمان تەواوبوو، ژوانمان لە كابرا وەرگرتەوە و چووینەوە بۆ كێشانێ، بەڵام كابرا گوتی:
برادەرینە ئەو ماددەیە كە ئەو دوكەڵە حەیاتەی لێدەردەچێ، هەندێك گرانە، منیش پارەی ئەوەم نەماوە بیكڕم، بە پیاوەتی هەندێكم لە برادەرێك وەرگرتووە و هەر بەشی خۆشم دەكات، ئەگەر حەزتان لێ بێت ئەو بڕەی خۆمتان دەدەمێ ئەگەر نا، پارە بدەن، دەنێرم بۆتان بێت، ئێمەش گوتمان نابێ، بۆچی بەشی تۆ زەوت بكەین، بايی هێندەمان پارە پێیە بنێرە بەشی خۆمانمان بۆ بێت، پارەكەمان دایە، ئەویش وەریگرت و چووە دەرەوە، پێنچ خولەكێكی پێچوو، ئینجا بەخۆی و بە بڕە قیڕەكە هاتەوە، هەر وەك رابردوو كردمانە دوكەڵ و كێشامان.
ئەو بەنگ كێشانەمان چوار پێنج جاری تر دووبارە كردەوە، ئەوسا زانیم كە ناوی(تریاك) و بەنگەمەنییەو نرخەكەشی گرانە و ماددەیەكی بێهۆشكەرە و یاساغە.
تێوەگڵان لە كارێكی یاساغ
(شاكر) لە گێڕانەوەكەیدا كە گەیشتە ئەو شوێنەی كەوا هەستی كرد كە لە كارێكی یاساغ گڵاوە. بەینێك لە گێڕانەوەكەی راوەستا و سەرێكی بادا و ئینجا گوتی: بەخوا منیش نەزان و ساویلكە بووم، كە زانیشم یاساغەو كارێكی ترسناكە هەر لەسەری بەردەوام بووم، بەهەر حاڵ وەكو دەڵێن (تۆبەی گورگی مەرگە)، ئەوەم بە هەند وەرنەگرت كە رەنگە تووشی چ دەردەسەرییەك ببم، ئەو دوو كەسە(رێباز) و برادەرەكەم چاك لە ئیشەكە گڵابوون، (رێباز) وەك خۆی باسی دەكرد چەندی دیكەشی وا فێركردبوو، دەیویست لەسەر ئەو مادانە رایانبهێنێ و پاشان تووشیان بكات بۆ ئەوەی دواتر هەر بەخۆی بە پارە بیانفرۆشێتەوە، زۆری دیكەشی تووش كردبوو، برادرەكەی منیشی هەروا تووشكردبوو، بەڵام ئەو برادەرەم فێرببوو، دەیفرۆشتە ئەو كەسانەی كە بەخۆی فێری كردبوون، ئەوان بە كورتی هەم بەكاریان دەهێنا و هەمیش بازرگانیان پێوە دەكرد،كە گیراشن، ئەوان پێش من گیرابوون و ناوی منیشیان دابوو، بەڵام خوا رەحمی كردبوو نەیانگوتبوو كڕین و فرۆشتنی پێدەكات، ئەگەرنا رەنگە چارەنووسێكی دیكەم هەبایە، خۆ ئەگەر وەشیان بگوتایە ئەوە گوناهێكی گەورەیان دەرهەقم كردبوو، چونكە راست نەبوو، ئەوجا هەتا راستییەكە بەدەر دەكەوت خوا دەیزانی چارەنووسم بەچی دەگەیشت، فێرببووین شەوان دەچووینە ئەو ماڵە هەر كەسە و بەقەد توانای گیرفانی ماددەی بێهۆشكەری پەیدا دەكرد و دەیكێشا. شەوێك دانیشتبووین، بەڵام كەس فكری خراپی نەدەكردەوە، یان بڵێین كەس فكری بۆ ئەوە نەدەچوو تووشی شتێك ببین، ئەوەبوو، بەزمەكەمان دەستپێكرد، درەنگانی شەو، هەمووم ان سەرخۆش ببووین، لە پڕ چەند كەسێك بەژوور كەوتن و هەموومانیان قۆڵبەست كرد، من وامزانی هەر برادەرانی خۆمانن كەوا دەكەن و گاڵتەمان لەگەڵدا دەكەن، كەچی كە سواری ئۆتۆمبیلیان كردین بۆمان دەركەوت كە نە گاڵتەیە و نە پێكەنین، بەڵكو راستییەكەی وەكو رۆژی رووناكە!
پاشان بردیانین بۆ لێكۆڵینەوە و تاوانەكەمان لەسەر ساغ بۆوە و ئەوجا دراینە دادگا و هەر یەكەی بە جۆرێك بەپێی جۆری تاوانەكە و بەشدارییەكەی حوكممان وەرگرت، (رێباز) و برادەرەكەم بە یەكی پانزە ساڵ حوكمدران و من و یەك دوویەكی دیكەش تەنیا بە ساڵ و نیوێك، دووانی تریش بە چوار ساڵ حوكمدران.
ئەوەشی دەرەنجامی ئەو كارە ناپەسندەمان بوو، بەڕاستی ئەو ماوەیەی زیندان بۆ هەتا هەتایە تەمبێی كردم و فێری كردم كە جارێكی تر ببڕای ببڕ نەك هەر نزیكی ئەو جۆرە كارانە نەكەومەوە، بەڵكو نیزیكی هیچ جۆرە تاوانێك نەكەومەوە، چونكە هەتا ژیانی ناو زیندان نەبینی، نازانی قیمەتی ئازادی و كەرامەتی ئینسانی ئازاد چەندە.