شاناز بە زیندانی هەتا هەتایی حو

شاناز بە زیندانی هەتا هەتایی حو
(شاناز) تا ئەو وەختەی وەك تۆمەتبارێك دەستگیر دەكرێ خاوەنی سێ كچ و كوڕێك بوو، ژنە وەكو بۆ خۆی گوتووبووی "راستییەكەی لە هیچمان كەم نەبوو، خانوومان هەبوو، ئۆتۆمبیلمان هەبوو، پارەی ئیشكەمان هەبوو، تەنانەت بۆ خۆم نێزیكی چارەگ كیلۆیەك زێڕیشم هەبوو، ئەوەی كردم و روویدا لە نەفامی و نەزانی خۆم بوو دەنا مێردشم لەگەڵم باش بوو، بەڵام ئیدی شەیتان پێیكردم،" ئەمە بەشێك لە گوفتارەكانی بوو لەبەردەم ئەفسەری لێكۆڵینەوەدا.(شاناز) تەمەنی سی و یەك ساڵ بوو، كە مێردی بە(دلاوەر) كرد تەمەنی بیست و سێ ساڵ بوو(دلاوەر) گەنجێكی قۆز و بەرچاوبوو، كە(شاناز)ی خواست ساڵێك دەبوو پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵدا دروستكردبوو، پەیوەندییەكەیان جۆرە بۆ یەك سووتانێك بوو، مەگەر بە چیرۆك و رۆمان بگێڕدرێتەوە. ماڵی(دلاوەر) ماڵێكی هەبوو بوون، كاروكاسبیان باش و لە هەڕمێن دابوو، سەرەڕای ئەوەش(دلاوەر) بۆ خۆشی گەنجێكی ئیشكەر و زیرەك و زرنگ بوو، لەهەڕەتی گەنجێتی، كە هێشتا ژنی نەهێنابوو، خاوەنی ئۆتۆمبیل و خانوو و ناو ماڵی خۆی بوو.
كاتێكیش كە ژنی خواست پتر لە مانگێك (شاناز)ی لەگەڵ خۆی بردە دەرەوەی وڵات بۆ بەسەر بردنی مانگی هەنگوینی و بەحسابی ئەو كاتی پتر لە دە هەزار دیناری سویسری خەرج كرد.(دلاوەر) نموونەی مێردێكی ئیشكەر و دڵسۆزی ماڵ و منداڵ بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش (شاناز) كە دەبێتە خاوەنی چوار منداڵ، رق و كینەی تۆڵەسەندنەوە بەرچاوی تاریك دەكات بە كوشتنیشی دەدات، چۆن بە كوشتنی دەدات و بۆ ئەم تاوانە دەكات و چۆنی جێبەجێ دەكات با رێگە بدەین راستییەكان وەكو خۆی لە زاری خۆیەوە ببیستین.
نەخشەكێشان بۆ كوشتن
(شاناز) كە پتر لە نیوەی حوكمەكەی لە زینداندا بەسەر دەبات و دواتر بە بەر لێبوردنی گشتی دەكەوێت و ئازاد دەبێت، لەسەری ئازاد بوونیشیەوە كە سوكاری(دلاوەر) لەبەر خاتری منداڵەكانیان و پاڕانەوەی خۆی و خەڵكی دیكە لێی خۆش دەبن، و رێگەی دەدەن لەگەڵ منداڵەكانی دابنیشێت كە لە ماڵی باپیرەیان، باوكی باوكی منداڵەكان دەبن. (شاناز) بەمجۆرە دەست بە گێڕانەوەی بەسەرهاتەكەی دەكات و دەڵێ:
كە چوومە بەندیخانە هێشتا لە هەڕەتی لاوێتی خۆم دابووم، منداڵەكانم بچووك بوون گەورەكەیان شەش ساڵان بوو، ئێستا ماشەڵڵا جاحێڵ بووە، بەڵام ئێستاكە كە وەبەر لێبوردنی گشتی كەوتم وا دەمبینی تەمەنم چل و دوو ساڵێكە كەچی ئەگەر یەكێك تەمەنی راستەقینەی من نەزانێ، تێدەگات كە تەمەنم پەنجا ساڵ بێت، دەمووچاوم هەمووی چڕچ و لۆچ بوونە، گەنجێتیم بە فیڕۆ چوو و هەموویم لە چوارچێوەی شیشەكانی زیندان، بە هەموو ناخۆشییەكانی و گەرماو سەرمایەوە بە هەدەردا، منداڵەكانم دوور لە چاوی خۆم بەژنیان كرد و گەورەبوون، نەمدەزانی چیان پێویستە و چیان پێویست نییە، چۆن گەورە دەبن و باڵا دەكەن، بەدەیان شەو لەناو زینداندا سەرینەكەم بە فرمێسكی نەبڕاوەم تەڕ دەكرد و هەناوم بۆ منداڵەكانم دەسووتا، بەڵام كە كار لە كارترازا ئیدی پەشیمان بوونەوە چ فایدەیە.(دلاوەر) بۆ من هیچ عەیب و كەموكوڕییەكی نەبوو، هیچیش كەمتەرخەم نەبوو، بەڵام ئەوەی روویدا و ئەوەی پێیكردم هەمووی(رزگار)ی هاوڕێی بوو.(رزگار) برادەرێكی نزیكی(دلاوەر) بوو، كابرایەكی بە كەیف و سەفابوو، زۆری حەز لە رابواردن و خواردنەوە و خۆشی و سازكردنی بەزم و گەڕان و گەشت بوو، لەبەر ئەوەی لە هەندێ لە كارەكانی(دلاوەر) هاوبەش بوو، پێكەوە هەندێ كاروباریان رادەپەڕاند، ئەم پەیوەندییە بەهێزەیان و ئەم هاوبەشیەیان وایكردبوو، هەفتەی جارێك دووان(رزگار) لە ماڵمان بێت، جاری وا هەبوو بە تەنیا دەهات و پاشان دەڕۆیشت، رۆژێك كە بڕیار وابوو بچمە ماڵی باوكم و دوو شەو لەوێ بمێنمەوە،
ئاگاداری(دلاوەر) م كردەوە و گوتم من ئەمڕۆ چێشتی نیوەڕۆت بە ئامادەكراوی بۆ بەجێدێڵم و دەچمە ماڵی باوكم تا رۆژی شەممە نایەمەوە، گوتی : باشە.
كە رۆیشتم لە ماڵی باوكم، یەكێ لە منداڵەكانم داوای خەرجی رۆژانەی لێكردم، منیش چەندی گەڕام جزدانە بچووكەكەم نەدۆزیەوە، زانیم كە لەماڵەوەم لە بیر كردووە، بە منداڵەكانم گوت ئێوە لێرەبن من دەچمەوە جزدانەكەم لەماڵەوە لە بیر كردووە، دەیهێنم ئەوەبوو تەكسیەكەم گرت و چوومەوە ماڵ.
كە دەرگام كردەوە، هەستم كرد كەسێك یان زیاتر لە ماڵەوەیە، منیش چاوم گێڕا بەملا و بەولادا، وردە وردە دەچوومە پێش و دیقەتی هەمووشتێكم دەدا، كە زێدەتر چوومە پێشەوە لەبەر دەرگای یەكێك لە ژوورەكان پاپۆجێكی ئافرەتانم بینی، سەرم سوڕما، خۆ من پاپۆجی وەهام نییە، ئەی ئەوە چییە...! گوێم سووك كرد و هەستم راگرت، گوێم لە دەنگی ناسكی پێكەنینێك بوو، دڵنیابووم كە دەنگی ژنێكە، بەسرتە چوومە پێشتر و باشتر هەستی خۆم راگرت، ئەوسا بەتەواوەتی دڵنیابووم كە ژنێك لە ماڵەوەیە، بە ئەسپایی چوومە پێشتر و لە پڕ دەرگاكەم كردەوە بینیم(دلاوەر) لەگەڵ ژنێك پاڵكەوتووە و شەڕاب دەنۆشن، (رزگار)یش لەسەر قەنەفەیەك دانیشتووە، هەمووان قسە دەكەن و پێدەكەنن، كە دەرگاكەم كردەوە و (دلاوەر) چاوی پێم كەوت، چاوی ئەبڵەق ما و دەمی وەك تەڵەی تەقیوی لێهات، تا ساتێك هیچی پێنەگوترا ژنە واقی وڕما و هەستا و جلەكانی كۆكردەوە. (رزگار)یش هەر وەك چۆن بە دەمی بەش و چاوی سەرسوڕمانەوە تەماشای كردم هەروا مایەوە، كە ئەمانەم بەو زەعەوە بینی، وەك فیشەكە شێتەم لێهات، پڕم دایە ژنەكە و تێكم راكێشا و دامنابوو بەو رووتیەوە فڕێدەمە كۆڵان و دەریكەم بەڵام(دلاوەر) نەیهێشت وگوتی: لێیگەڕێ با جلەكانی لەبەر بكات، با حەیامان نەچێت دوایی چیت پێخۆشە، بۆخۆت وابكە ئەوەبوو جلەكانی لەبەر كرد و دوو قسەی مزرم پێگوت و ئەویش تێیتەقاند و دەرچوو، مایەوە(رزگار و دلاوەر) هەردووكم دەركردنە دەرەوە، پاشان بە خۆشم ماڵم بەجێهشێت و زیز بووم و چوومەوە ماڵی باوكم، حاڵ و مەسەلەكەم بەماڵی باوكم گوت و منداڵەكانیشم لای خۆم گل دایەوە، شە وو رۆژ دەكوڵام و دەجۆشام، زۆرم پێناخۆش بوو، كە(دلاوەر)م بەم وەزعەوە دیت و ئەو خیانەتەی لێكردم، مانگ و نیوێك لە ماڵی باوكم مامەوە، ئینجا بە هەوڵی ناوبژیوانی ماڵە خەزوورانم و پاش تكا و رجایەكی زۆر رازی بووم بگەڕێمەوە، بەڵام ئەم كارەی (دلاوەر) زۆر دڵ و دەروونی داخ كردبووم.
لە ناخمەوە بڕیارم دابوو كە تۆڵەی لێبكەمەوە ، بەڵام نەمزانی هەستی تۆڵەكردنەوە وەها چاوم كوێر دەكات، چونكە چەندی بیرم دەكردەوە و بەهەر جۆرێك كە دەمویست تۆڵەی لێبكەمەوە دڵم دانەدەكەسا، تا گەیشتمە ئەو بڕوایەی گوتم با بە(رزگار) خۆی بە كوشتنی بدەم، هەم تۆڵەی خۆم لە(دلاوەر) دەكەمەوە هەمیش(رزگار) بە گرتن دەدەم و لە ناو زینداندا دەیڕزێنمەوە، ئەوەبوو رۆژێك كە(رزگار)م بە تەنیا بە مەبەستی كارەكانیان هێنایەماڵ و دانم یشتاند و دوواندم و پێم گوت بەدرێژی بۆم بگێڕەوە كە چەند جاری دیكە خۆت و(دلاوەر) كاری واتان كردووە، ئەویش لە سیری هەتا پیازی بۆی گێڕامەوە كە چەند جاری دیكە كاری وەهایان كردووە، بە قسەی(رزگار) پتر لە حەوت هەشت جاری دیكە ئافرەتیان هێناوەتە ناو ماڵ و چەندی دیكەش لە شوێنی دیكە كاری وایان كردووە، بە قسەی خۆشی هەموو جارێ (دلاوەر) بەخۆی داوای كردووە و هاندەری بووە، بەڵام من بەو قسەیەی كە دەیگوت(دلاوەر) خۆی هاندەری بووە باوەڕم نەدەكرد، چونكە بەخۆشی ئافرەتی بۆ دەهێنایە ماڵم.
پتر لە كاتژمێرێك لەگەڵی دوام، گفتم پێدا ئەگەر هاوكاریم بكات پارەیەكی باشی دەدەمێ، هەندێ تەماحم خستە بەری و بڕە پارەیەكشم دایە و داواشم لێكرد(دلاوەر) هەرچی دەكات و ناكات ئاگادارم بكاتەوە، چەند جارێكی دیكە لەگەڵی دانیشتمەوە بێ ئەوەی (دلاوەر) بەهیچ رازو نیازێكی من بزانێ، ئاخیرییەكەی گەییشتمە رێككەوتنێك لەگەڵی و پێمگوت: ئەگەر تۆ(دلاوەر) بكوژیت، من مێردت پێدەكەم و هەرچی هەمە و نیمە، دەیدەمە تۆ ناشهێڵین كەس بە نهێنی كوشتنەكەی بزانێ، چەند جارێك گفتوگۆیەكی دوور و درێژمان لەسەر نەخشەی كوشتنەكەی كرد، دواجار لەسەر ئەوە رێككەوتین كە شەوێك دیاری بكەین(رزگار) لە دەرەوە بیباتە بارێك و سەرخۆشی بكات و بەسەیارەكەی بیهێتەوە و دایبەزێنێت، كە دێتە ژوورەوە منیش بێمە ژووری نووستن، پاشان دەرگای حەوشەكە بە كراوەیی بەجێبهێڵم و ئەویش خۆی بەژوور دابكات و پێكەوە بچینە ژوورەكە و بچیتە سەر سینگی و بە بالفێك، كە دەیخەینە سەر دەموچاوی و بیكوژین، پاشان(رزگار) ئۆتۆمبیلەكە ببات و منیش هاوار بكەم و بانگی دەرو دراوسێ بكەم و بڵێم دز هاتۆتە سەرمان و ئۆتۆمبیل و زێڕ و پارەی برد و(دلاوەر)یشی كوشت، نەخشەی كوشتنەكەمان بەمشێوەیە داڕشت، رۆژی دیاریكراو دەستمان كرد بە جێبەجێكردنی نەخشەكە، ئەوەبوو(رزگار) شەو (دلاوەر)ی بردبوو بۆ مەیخانە و تێری مەیی و شەڕاب دابویێ، كە سەرخۆشی دەكات دەیهێنێتەوە ماڵ، منیش بردمە ژووری نوستن و دەرگای حەوشەشم بە كراوەیی بەجێهێشت، بەڵام(رزگار) دەمودەست نەهاتە ژوورەوە دیار بوو، ترسی گەیشتبووێ،(دلاوەر)یش دەمودەست خەوی لێنەكەوتبوو، بەڵكو پاڵی دابۆوە ، پێدەچوو تۆزێك مەستییەكەی بەریدابوو، یەك دووجار چووە دەرەوە و چاوم گێڕا دیتم(رزگار) لە ناو ئۆتۆمبیلەكەی(دلاوەر) خۆی مات كردووە، چاوم لێكرد و ئاگادارم كردەوە كە بێت، ئەوجا هاتە ژوورەوە وەكو نەخشەمان دانابوو، هەردووكمان چووینە ژووری نووستن كە(دلاوەر) تیایدا پاڵی دابۆوە، بەدووان پەلامارماندا، بالیفمان خستە سەری و بەهەموو هێزێكمانەوە خۆمان بەسەر دادا و لەسەری ماینەوە تا هەناسەی بڕا، ئینجا (رزگار) بە ئۆتۆمبیلەكەی پێی لێناو رۆیشت، منیش كردمە قیژە و هات و هاوار، دراوسێكان دەرچوون و هاتن بزانن چییە، پاشان ئاگاداری پۆلیس كرایەوە و یەك دوو مەفرەزە هاتن و دەستیان بەلێكۆڵینەوە كرد، یەكێ لە ئەفسەرەكان كە سەیری سیسەمەكەی كرد، تێبینیەكی لەسەر دەفتەرێكی بچووك كە بەدەستیەوە بوو نووسی.
من ترسم گەیشتێ و تەماشایەكی منی كرد و زانی كە شپرزە بووم و رەنگ و رووخسارم تێكچووە، ئەفسەری لێكۆڵینەوە و لێكۆڵەری دادییەكە پرسیاریان لە دەرو دراوسێ كرد، پاشان تەرمەكەیان بردە نەخۆشخانە و لەوێ بردرایە دادپزیشكی، بۆ بەیانی كە پزیشكی دادی، تەرمەكەیان پشكنی گوتبووی خنكێندراوە، ئەفسەرەكە لێكۆڵینەوەیەكی دوور و درێژی لەگەڵدا كردم و ئاخیرییەكەی وایلێكردم دان بەڕاستی تاوانەكە بنێم.
خۆم بۆ نەگیرا هەرچیم كردبوو، هەرچی روویدابوو هەموویم ئاشكرا كرد، من دەستگیركرام، بەڵام (رزگار) توانی هەڵبێت زانیبووی دەستگیركراوم و هەموو شتێكم ئاشكراكردووە، پاشان لێكۆڵینەوەی چڕ و پڕم لەگەڵدا كرا كە چۆن بوو وەهام كرد و چۆنم ئەنجامدا و لەگەڵ كێ كردم و هەتا دوایی.
پاش چەند مانگێك بردرام بۆ دادگای تاوانەكان و دادگایی كرام و دادگا بە زیندانیكردنی هەتا هەتایی حوكمی دام و بردرامە بەشی حوكمە قورسەكان و ژیانی راستەقینەی زیندانیم دەست پێكرد، وەختێكیش كە نزیكەی هەشت مانگێك دەبوو، كە لە بەندیخانە دابووم، هەواڵم بیست كە (رزگار) كوژراوە، كێ كوشتبووی و لەسەر چی بوو نەمزانی، بە كوژرانی ئەو منیش ئاسوودە بووم، بەڕاستی هەڵەیەكی گەورە و تاوانێكی قێزەونم كرد، و ماڵم لەخۆم و مێردم و منداڵیش تێكدا و هەڵەیەكم بە هەڵەیەكی زۆر گەورەتر چارەسەركرد و عوزرم لە قەباحەتم گەورەتربوو، ئەگەرچی ئێستا هیچ نەما بەڵام ئاگر، پەشیمانی هەموو رۆژێ هەناوم دەسووتێنێ، ئاگری نەزانی و نەفامی، ئاگری تۆڵە سەندنەوە ژیانی لێكردمە دۆزەخ و ماڵ و حاڵی لێوێران كردم، بەڵام ئایا پەشیمانی هیچ دادێك دەدات.
Top