تاوانی دەرمانخواردنەكە ئاشكرا

تاوانی دەرمانخواردنەكە ئاشكرا
مردنی كتوپڕی باوك
بەرەبەری كاتژمێر حەوت و نیوی بەیانی بوو، كەچی (چالاك) دیقەتیدا باوكی هەر لەخەو هەڵنەستایە، زۆری پێ سەیر بوو. خۆ هەموو رۆژێك باوكی هەر كە لە مەلا بانگدانەوە لەخەو بە ئاگا دێت بۆ نوێژی بەیانی ناخەوێتەوە، هەتا دەوروبەری دوای نیوەڕۆ كە ئەوسا ماوەی كاتژمێرێك سەرخەوێك دەشكێنێ. ئەدی عەجایب ئەمڕۆ تەنانەت وەختی مەلابانگدانیش دەنگ و خواستی نەبوو، ترسا لەوەی نەبادا باوكی نەخۆش كەوتبـێ بەڵام پاشان هەر لە دڵی خۆشیدا گوتی: با ئەو چارەگە سعاتەش لێبگەڕێم ئەوسا بەخۆم بە ئاگای دێنم. هەندێك خۆی بە ئامادەكردن و لەبەركردنی جلوبەرگ خەریك كرد و جار جارەش ئاوڕێكی لە باوكی بێ هەست و خوستی دەدایەوە، ئەو رۆژانەی بەبیر هاتەوە كە جارێ دایكی مابوو، دایكی زۆری خەمی باوكی بوو، دەیگوت (كوڕم چالاك) پێمخۆش نییە چیدیكە باوكت هەموو رۆژێ و بەبەردەوامی بچێتە دوكان. لە خودای بەزیادبێ، زۆری كرد بۆتان و زۆریشی بۆ كۆكردنەوە، ئەوە لەجیاتی خانوویەك سێیان و لە جیاتی پارچە خشڵێك ئەوە نیوكیلۆ زێڕمان لەماڵدا هەیە، هەروەها ئۆتۆمبیلێكی پیكەبی بۆماڵ و یەكێكیشی بۆ تۆ كڕیوە و هەر چوار خوشكتی بە سەربڵندی بەڕێكردووە و ئێستا و ئێستاش بە باوكیانەوە چ بۆ خۆیان و چ لەبەرچاوی مێرد و كەسوكاری مێردیشیان سەربڵندن، ئەوجا لە خوای بەزیادبێ، ئێستا تۆزێك كەوتۆتە ناو ساڵان و ئەوە تەمەنی شەست و دوو ساڵێكە، بەسە با هەفتەی سێ جاران بڕواتە دوكان و سێ جارەكەی تریش تۆ بڕۆ. كە ئەو قسانەی دایكی بەبیر هاتەوە، پێكەنینێك كەوتە سەر زاری و قسەو ناڕازیبوونەكەی باوكی كەوتەوە یاد كاتێك باوكی لە گەرماوەكە دەهاتە دەرەوە و گوێی لەو قسانە بوو، بە دەنگێكی گڕ و ناڕازییەوە لە دایكی خوڕییەوە گوتی: كچێ ئافرەت تۆ هەتاكەی عەقڵت نابێ، من تازە وا گەنج دەبمەوە كە دەبینم (چالاك) هەفتەی یەك دوو جارێك، سەرەڕای خوێندنیشی دێتەلام لە دوكان و ئاوەدانییەكم پێ دەبەخشێ، پیاو كە تەمەنی هەتا نەگاتە حەفتا و پێنج ساڵانش بە پیروپەككەوتە دانانرێت. تۆش جارێ هێشتا هیچ نەبووە وا بەپیرم دادەنێی!!
(چالاك) لەو خەیاڵاتە دابوو، كە بە زەنگی كاتژمێرەكەی سەردیوارەكە بە ئاگاهاتەوە كە زەنگی كاتژمێرەكە هەشتی تەواوی لێدا، خۆی تەواو پۆشتە كردبوو، بچێتە پەیمانگا، بەڵام كە دیتی باوكی لەخەو هەڵنەستاوە، لەناخەوە هەستی بە نارەحەتییەكی شاراوە كرد و ترسێك كە نەیدەزانی سەرچاوە و هۆیەكەی لەچی و لە كوێیوەیە بەر دڵی گرت، بە ئەسپایی لێی نزیك بۆوە و جارێك بە بابە بابە بانگی كرد، وەڵامی نەبوو "بابی دەمێك بوو، نزیكەی حەوت هەشت مانگێك بوو، لە دوای مردنی دایكییەوە ژنێكی تری خواستبوو كە یانزە ساڵ لەخۆی بچووكتر بوو، هەر لەسەرەتاشەوە (چالاك) كەیفی بەو ژنە زڕدایكەی نەدەهات و هەمیشە بە خوشكەكانی دەگوت: ئەو زڕدایكەمان تەماحكارێكی وەكو خۆی نییە، خوا دەزانێ بۆی هەڵكەوێ هەموو موڵك و ماڵی باوكم بەناوی خۆی دەكات و یەكەم كەسیش من لە ماڵ دەردەكات ئەوجا باوكم..."
كە باوكی وەڵامی نەدایەوە هەستی كرد بابی تەنانەت هەناسەشی نییە. (چالاك) دەستی درێژ كرد و رووی باوكی وەرگێڕا، بینی رەنگ وروویەكی زەرد و سیس و بێ گیانی هەیە، دڵی بە توندی لێیدەدا، دووبارە چەند جارێكی تر بەبابە بابە بانگی كردەوە. هەر وەڵامی نەبوو، هەستی لێداگرت، دیتی هەناسە نادات، دەستی دایە مەچەكی، تا ترپەی دڵی بگرێت، هەستی بە لێدانی دڵی نەكرد. تەواو تەنگاو و تێكچوو، بانگی زڕدایكەكەی كرد كە ناوی (ناهیدە) بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی باوكی بە (ناهید) بانگی دەكرد، ئەویش فێر ببوو هەر بەو ناوە بانگی بكات، ئەوجا بانگی كرد (ناهید، ناهید) ئەویش وەڵامی نەبوو، سەیرە باشە ئەو ژنە بۆ كوێ چووە بەم بەیانییە، باشە چ بەیانییەك وا زوو بەبێ هۆ و ئاگاداری دەرنەچووە، ئەی ئەم بەیانییە زووە بۆ كوێ چووە، چووە لای باوكی ماوەیەكی خەریكی بوو، تەواو دیقەتی دا ئەوجا زانی كەوا مردووە، چاوی پڕ فرمێسك بوو، دەستی بە گریانێ كرد. تەلەفۆنی بۆ خوشكەكانی كرد. لەو كاتەشدا (ناهید) هاتەوە، وەك ئەوەی ئاگای لەهیچ نەبووبێ گوتی چییە (چالاك) ئەوە بۆ دەگری، ئەویش گوتی: وەرە سەیری باوكم بكە مردووە. كەوایگوت: گوتی: چۆن مردووە، مردنی چی، ئەوەی كەی؟ ئینجا خۆی شپرزە كرد و كردیە قیژ و هۆڕ و لەخۆدان و باوكەڕۆ، پاشان خوشكەكانی گەیشتن، ئیدی قیژ و هۆڕی ژنان دەستی پێكرد و خزمان و دەرودراوسێ گوتیان با تەرمەكەی ببەینە مزگەوت و بیشۆین. بەڵام لەو ساتەوە گومان لە ئەنجامدانی تاوانێك لە دڵ و دەروونی (چالاك) چەكەرە دەكات، جا لێرەوە با رێگە بدەین (چالاك) بەخۆی ئەو وردەكاریانەی دواتر بگێڕتەوە. (چالاك) لەمەڕ ساتەكانی گومانی یەكەمی لە زڕدایكەكەی و دواتر چی كرد و مەسەلەكە بە چی گەیشت، بەم شێوەیە بۆمان دواو گوتی: باوكم چەند رۆژێك پێشتر هیچ عەیبێكی نەبوو، سەیر لەوەدایە بابم بە درێژایی ژیانیشی بەدەگمەن نەخۆش كەوتووە، زۆر ئاگاداری تەندروستی خۆی بوو. تەنیا ئێوارەی رۆژی مردنەكە، گوتی: نازانم بۆ سەرم دێشێ. دەترسێم سەرمام بووبێ و قۆڵنجم كردبێ. گوتم: بابە بتبەمە دكتۆر، گوتی نا نا دكتۆری بۆچییە، حەبێكی ژانەسەرم بدێ و بەسە. ئیدی ئەو شەوە چۆن نووست، هەروا خەوی لێكەوت و بۆ بەیانیش هەڵنەستایەوە.
ئینجا كە بەمردنەكەیم زانی بەراستی دوای بیركردنەوەیەكی زۆر گومانم كەوتەسەر زڕدایكەكەم. چونكە لە مردنی باوكم تەنیا زڕدایكم سوودمەند دەبوو، ئەو هەموو جارێ بە ناراستەوخۆ داوای لەباوكم دەكرد خانوو و دوكانەكانی بەناو بكات و دەشیگوت دوای مردنی تۆ هەر بۆ من دەمێنێتەوە، ئەوجا هەر لە ئێستاوە بەناوی من بكرێت باشتر نییە، قسەكەی زۆر زمان لووسانە دەكرد بە جۆرێك كە قەت باوكم هەست بە هیچ نیازێكی خراپ نەكات. لەبەر هەندێ زۆر بیرم بۆ ئەوە چوو شتێك بكات كە ئەو مەرامانەی بێتە جێ. كە باوكیشم مرد، بە مامەكانم گوت: من ناهێڵم تەرمی باوكم ببرێتە مزگەوت بەڵكو ئاگاداری پۆلیس دەكەمەوە و دەڵێم دەمەوێ هۆی مردنەكەی بزانم چونكە من گومانم هەیە بە مردنی خۆی مردبێ، ئەوەم بە خوشكە گەورەكەشم گوت و گوتم با جارێ ژنان مەسەلەكە نەزانن و بڵاونەبێتەوە، هەر لە نێوان خۆماندا بمێنێتەوە هەتا دەگەینە بنج و بنەوانی مەسەلەكە و راستییەكانمان بۆ روون دەبێتەوە.
ئەوەبوو ئەوانیش گوتیان باشە و مامی گەورەم گوتی: من ئەو كارە دەكەم و پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەكەم با (ناهید) شك و گومان لە تۆ نەكات، تۆ خەریكی خەڵكەكە بە. ئیدی ئاگاداری پۆلیسمان كردەوە لەگەڵ هاتنی پۆلیس، دیقەتی زڕدایكم دا، رەنگ و رووی تێكچوو، ئاگای لە تازیە و لەخۆدان و گریان و باوكەڕۆ هەر نەما. هێندەی دیكە شكم لێی كرد، پۆلیس لێكۆڵینەوەی خۆی دەستپێكرد و مامم بەنهێنی بە ئەفسەری لێكۆڵینەوەی گوتبوو كە گومانمان لە (ناهید) هەیە دەستی لە مردنی باوكم هەبێ، بەڵام چونكە چ بەڵگەیەكی وامان لەدەست نییە بۆیە تەنیا گومانی لێدەكەین، دوای تەواوكردنی لێكۆڵینەوە تەرمەكەیان رەوانەی دادی پزیشكی كرد و لەوێش پشكنینی پزیشكی دەریخست كەوا دەرمانخوارد كراوە، ئەفسەری لێكۆڵینەوە ئێمەی ئاگادار كردەوە كە ئەنجامی پشكنین و توێكاری تەرمەكە دەریخستووە كە باوكم تاوانی دەرهەق كراوە و دەرمانخوارد كراوە. ئێمە بەشێوەیەكی ئاشكرا و رەسمی شكایەتمان لە زڕدایكم كرد و گوفتاری خۆماندا و هەرچی دەمزانی و نەمدەزانی هەموویم بۆ ئەفسەری لێكۆڵینەوە باس كرد. ئەوانیش دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد لەگەڵ زڕدایكم و چەند سەعاتێك لێكۆڵینەوە ورەی پێ بەردا و دانی بەهەموو شتێك نا.
دانپیانانی تاوانبار
(چالاك) لە گێڕانەوەكەیدا ئاماژە بە ئاشكرابوونی تاوانەكە دەكات و دەڵێ: زڕدایكەكەم خۆی لەبەردەم پرسیارەكانی لێكۆڵرەكە ناگرێت و لە كۆتاییدا بەمجۆرە دانی بە تاوانەكە و پاڵنەرەكانی دەنێت و دەڵێت: كە مێردم بەو پیاوە كرد بەراستی یەكەمجار لە تەماحان بوو. دووەمیش من كە بێوەژن بووم لە ماڵی براكەم دەژیام، ئەویش ژنەكەی لەمن بەردابوو، شەو و رۆژ كاری پێدەكردم، وەكو خزمەتكار تەماشای دەكردم، رازی نەدەبوو لەلای براكەم بم، تەنیا بەو مەرجە نەبێ كە خزمەتیان بكەم. منیش تازە مێردم مردبوو هیچی بۆ بەجێنەهێشتم و تاك و تەرا مامەوە، دەبوایە شوێنێك بدۆزمەوە كە تیایدا بحەوێمەوە. بۆیە دوای ساڵێك مامەوە لەلای براكەم، خواخوام بوو كەسێك بێتە خوازبێنیم كە لە تەمەنی خۆم نزیك بن و لەو دۆزخە رزگارم بێت. ئەوە بوو كە ژنە دەڵاڵێك هات و گوتی: دەتوانم مێردێكی چاكت بۆ بدۆزمەوە، منیش بەڵێنی دیاری و بەخششێكی باشم دایە ئەگەر ئەو كارەم بۆ مەیسەر بكات.
دوای مانگ و نیوێك هەواڵی دامێ كە كابرایەك حەوت هەشت مانگێكە ژنی مردووە و چەند دایەرە و خانوویەكیشی هەیە و تەنیا كوڕێكی جاحێڵی هەیە و لەگەڵی دەژی. منیش تكام لێكرد ئەم كارەم بە زووترین كات بۆ رێكبخات و تەواو بكات، ئەوە بوو بەدوو هەفتە هەموو شتێكی كۆتایی پێهێنا و گەیاندمیە مەبەست، خۆم لەدەست براژنە دڵڕەق و بێویژدانەكەم رزگار كردزماوەیەك وەكو ژن و مێرد ماینەوە، نە مێردەكەم و نە كوڕەكەی بۆم خراپ نەبوون، بەڵام بەراستی تەماح بەری چاوی گرتم، ئەوەبوو ئاخیرییەكەی بریارمدا بە ژەهری مشك دەرمانخواردی بكەم. هەموو شتێكیشم كرد بۆ ئەوەی كەس شكم لێنەكات.
دوای دانپیانانی (ناهیدە) بە تاوانەكانی و تەواوكردنی لێكۆڵینەوەی پێویست، رەوانەی دادگای تایبەتمەند كرا و دوای چەندین مانگ دادگایی كردن، دادگا حوكمی عادیلانەی خۆی بەسەردا سەپاند.
Top