بەسەرتاوانەكەیەوە دەستگیر كرا
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
(كاروان) بڕیار خۆی دابوو، وەكو بەخۆی بۆی گێڕاینەوە و گوتی: ویژدانم زۆر ئازاری دەدام كە ئەو شتە بشارمەوە و لێیبگەڕێم ئەو كەسە فاسیدە بەردەوام بێ لە جێبەجێكردنی نییەتە گڵاوەكانی خۆی، لە دڵی خۆمدا دەمگوت: تو خوا گوناه نییە، ئەو زەلامە بەو تەمەنەوە ئەو كارانە بكات و منیش پێی بزانم و خەبەری لێنەدەم. ناوی خوام لێنا و چوومە لای ناسیاوێكم كە رێپێدراوێكی پۆلیس بوو، گوتم: شتێكی وا دەزانم و دەمەوێ ئاگاداری پۆلیس بكەمەوە، بەڵام كەس نەزانێ من ئاگاداری پۆلیسم كردۆتەوە. گوتی: وەرە من دەتبەمە لای ئەفسەرێكی پۆلیس كە ئەفسەری بنكەیە و ئەوەی تۆ دەتەوێ ئەو هات لەگەڵ دەكەن. ئیتر منی بردە لای ئەفسەرێكی بنكەی پۆلیس و باسەكەی تێگەیاند. ئەویش زۆر سوپاسی كردم و بەڵێنی پێدام كە كەس ئەو شتە نەزانێ و هەرچی بڵێم وەكو نهێنی لای خۆیان هەر بە نهێنی هەڵیبگرن. كە منیش بەوە رازی بووم. گوتی ئەو شتە چییە كە دەتەوێ بە پۆلیسی بڵێی، بە وردی و بە درێژی بۆمی باس بكە، منیش بەمشێوەیە مەسەلەكەم بۆ باسكرد و گوتم: ئێمە چەند پیاوێك و ئافرەتێكین لای كابرایەك كە كارگەیەكی هەیە كاردەكەین. ئەو كابرایە تەمەنی نزیكەی چل ساڵێك دەبێ یان نابێ. ماوەی ساڵێك دەبێ ژنەكەی تەڵاق داوە. پێشتر كرێكاری ئافرەتی دەهێنا، بەڵام بۆ ئەوەی باش ئیش بكەن ئافرەتی بێ مێرد و گەنجی وەردەگرت. بەڵام ئێستا فێر بووە هەندێ ئافرەتی بێوەژن یان دایك و كچ یان ئافرەتی بە مێرد كار پێدەكات.
ئێستا ئافرەتێكمان لایە كە ئەوە چوار مانگ دەبێ لامانە، بێوەژنە بەخۆی و بە كچە هەژدە ساڵییەكەی كاردەكەن. هەم ئافرەتەكە و هەمیش كچەكەی تا بڵێی جوان و بەرچاون. ئەوانە چونكە پیاویان نییە بەخێویان بكات، ناچارن بەخۆیان كاردەكەن. ئەوە نزیكەی مانگێك دەبێ شەڕ بە ژنكە دەفرۆشێ. سەرەتا بۆ ئەوەی بگاتە مەرامەكانی زیاتریان دەداتێ. دوایی دەیگوت: ئێوە هەموو بڕۆنەوە بەس فڵان و فیسكە بمێننەوە. بەناوی ئەوەی كەرەستەی خواردەمەنی بۆ بەیانی بۆ كرێكارەكان ئامادە بكەن و پارەی زیاتریان دەداتێ. ئەو دایك و كچەی دەهێشتەوە.
سەرەتا كچەكەی بۆ كڕینی كەرەستە دەناردە بازاڕ، خۆی و دایكی لەناو كارگەكە دەمانەوە، لەوێوە دەستی كرد بە شەڕ فرۆشتن بە ژنەكە. زۆری لەگەڵ ژنەكە هەوڵدا، ئاخیرییەكەی بە زەبری زۆری و بە هەڕەشە و نان بڕین و ئەو شتانە ملكەچی كرد. ژنەی داماو هەموو جارێ دەبوایە خۆی بخاتە ژێر ركێفی ئارەزووەكانی. ئێمە كەسمان لە كارگە ئەو شتەمان نەدەزانی، تا رۆژێك ژنەكە بەخۆی بەنهێنی و بەتەنیا پێی گوتم كە فڵان ئەوەهای لەگەڵدا دەكات. دەیگوت لەبەرخۆم ناوێرم هیچ شتێك بڵێم، دەترسم دەرمانبكات و نان بڕاومان بكات. یان ئابڕووم ببات. ناشوێرم بمنێمەوە چونكە تەماحی لە كچەكەشم داوەو وازناهێنێ. بۆیە بەتۆش دەڵێم چونكە بڕوام پێتە، تكات لێدەكەم یارمەتیم بدە، كە لەدەست ئەو ئەژدیهایە دەرباز بم و ئابڕوشم نەچێت. منیش دوای بیركردنەوەیەكی زۆر گەیشتمە ئەو بڕوایەی كە بەشێوەیەكی نهێنی بە پۆلیس بڵێم، ئینجا هەر بە دزییەوە بیرۆكەكەی خۆم پێگوت. گوتی: چۆنت پێ باشە وابكە، بەس مەهێڵە ئابڕووم بچێ. بەڵام گوتم بە مەرجێك، بەو قسەیە ژنە رەنگی تێكچوو، شەرمی بەخۆدا هاتەوەو هەستم كرد زۆر بەو قسەیەم تەریق بۆوە، ئەوجا گوتی: من هانام بۆتۆ هێنا كەچی تۆش وەك ئەو تەماح لە ئابڕووم دەكەی، بەو قسەیەم ئەوجا تێگەیشتم كە بە هەڵە لە قسەكەم گەیشتووە، منیش گوتم: نا خوشكی من نە تەماحت لێدەكەم و نە قەت نیازیشمە پڕ دەمە ئابڕووت. بە هەڵە لێمتێگەیشتی، مەرجەكەم ئەوەیە، ئەوەی تۆ دەیڵێی بە بەڵگەوە بیزانم و بیبینم. تۆ قسەیەك دەكەی بەڵام هیچ بەڵگە و نیشانەیەكی قسەكەت نەداومەتێ. ئاخر لەو گۆڕە من لە كابرا بكەومە ملان، خواش قبوڵ ناكات. لەوەتەی لەو كارگەیەیە كاردەكەم شتێكی وەهام بەچاوی خۆم نەبینیوە. قسەو قسەلۆك هەیە، بەڵام خۆ مەرج نییە ئەو قسانە راست بن، ئەویش گوتی: باشە خۆ دەتوانی لە دەرگای پشتەوەی كارگەكە بەدزییەوە بێیتە ژوورێ و، لە پشت جامخانەكەی ئەودیوی نووسینگەكە چاودێریمان بكەی. گوتم باشە كلیلی پشتەوەی دەرگام بۆ بێنە هەر ئەمڕۆ بەو مەسەلەیە دەگەم، بەڵێن بێت ئەگەر وابێت هەرچی لەدەستم بێت تەخسیری نەكەم و كلیلەكەی بۆ هێنام. رێك بەو جۆرەی كە پێویست بوو ئەنجامم دا و قسەكەی سەد لەسەد راست بوو، بەچاوی خۆم بینیم كابرا دەستی بۆ دەبرد و بە زۆر شەڕی پێدەفرۆشت و هەڕەشەشی لێدەكرد كە ئەگەر كچەكەی بۆ رازی نەكات زۆر زەرەر دەكات. تەنانەت پێی گوت هەر ئەو یەك دوو رۆژە لەسەری دەوەستێ و دەبێ كچەكەی بۆ رازی بكات و بیخاتە ژێر ركێفی خۆی. من كە ئەوانەم بەچاوی خۆم دیت، ئەوجا زانیم ئەو كابرایە چ دڕندەیەكە، بۆیە بڕیارمدا پۆلیسی لێ ئاگادار بكەمەوە.
ئەفسەری بنكە قەناعەتی بە قسەكانم هات و هەندێ پەڕاوی هێنا و دۆسییەكیان رێكخست و نیو كاتژمێرێك خەریكی كاربوون و پاشان بە منی گوت: ئامادەی بچینە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە گوتم: بەڵێ، گوتی: ئەوجا تۆ بەتەنیا بڕۆ فڵانە شوێن و با كەس بەرێكەوت نەتبینێ كەلەگەڵ ئێمەی و خۆت بڕۆ ناو دادگای لێكۆڵینەوە و ئێمەش دێینە ئەوێ.
بڕیاری دەستگیر كردن
(كاروان) لە قسەكانی بەردەوام دەبێ و دەڵێ: هەروەك ئەفسەرەكە نەخشەی بۆ كێشابوو، وامان كرد و چوومە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە، ئەویش داوای لێكردم كە مەسەلەكەی بەدرێژی بۆ باس كەم، منیش وەك دەڵێن لە سەری هەتا پیوازی بۆم گێڕایەوە و شریتەكەم بۆ لێدەدایەوە. ئەوجا چەند پرسیارێكی لێكردم، دواتر زانیم پرسیارەكانی بۆ ئەوە دەكرد، بزانێ داخۆ من هیچ كێشەیەكی تایبەتیم لەگەڵ خاوەن كارگە كە هەیە یان نە. ئینجا بڕیاریدا تیمێكی پۆلیس بۆسە دابنێنیەوە و كابرا لەسەر تاوانەكە دەستگیر بكەن. ئەو رۆژی من ئاگاداری ئافرەتەكەم كردەوە كە خۆی و كچەكەی بێنە دەرەوە و شوێنێكیان دیاریكرد بۆ ئەوەی لەوێوە كەس نەمانبینێ ئەفسەرەكە و لێكۆڵەری دادی قسەی لێوەربگرن و دڵنیابن لە قسەكانی من و ئەوجا نەخشەی دەستگیركردنی كابراش دابڕێژن.
ئینجا ئافرەتەكە گەڕایەوە ناو كارگە، ئەوانیش دەستیان بە جێبەجێكردنی نەخشەكە كرد. ئەوەبوو لەناو كارگەكە كابرا دەستی بە كردەوەكانی خۆی كردەوە و ئەمجارە هەر بە كردارەكی پڕی دایە كچەكەی و ویستی ئەتكی بكات. دایكەكەشی لێی هاتە دەست و دەستی دایە بۆرییەكی ئاسن و كەوتە سەری و یەك دوو بۆڕی لە پشتی داو پاشان یەك دووەكیشی لەسەروپۆتەڵاكی دا و دەموچاوی لە خوێن وەردا. كابرا خۆی كۆكردەوە و بۆی چوو تا لێیبدات، پۆلیسەكان لێی دەرپەڕین و بەرزەوتیان كرد و بەسەر تاوانەوە گیرا. كابرا سەری لەو بۆسەیە سوڕما، چاوی ئەبڵەق بوو، نەیدەزانی ئەوەی روودەدات راستییە یان خەیاڵ، كەلەپچەی لەدەست كراو سورای ئۆتۆمبیل كرا، ژنە بووە دادخواز لەسەری و دوو كێشەی لەسەر كرایەوە. سەرەتا نكوڵی كرد پاشان هەر زوو بەو هیوایەی كە سزاكەی سووكتر بكرێتەوە. دانی بە تاوانەكانی نا، چی كردبوو، چۆن شەڕیان پێفرۆشتبوو، هەمووی گوت و وەكی دەڵێن هیچی بۆ دادگا نەهێشتەوە، ئینجا رەوانەی بەندیخانەی ناوەندی كرا. پاش تەواوكردنی لێكۆڵینەوەی چڕ و پڕ، پەڕاوەكەی رەوانەی دادگای تایبەتمەند كرا. دادگا بۆ ئەوەی دڵنیابێ لەوەی داخۆ دەستدرێژی نەكردۆتە سەر كچەكە، بڕیاریدا كچە رەوانەی پشكنینی پزیشكی بكرێت. لەوێ پشكنینی بۆ كرا دەركەوت كە هەر كچە و دەستدرێژی نەكراوەتە سەر. پاشان دادگا دەبوو گوێ لە ئافرەتەكەش بگرێت بزانێ ئەو چی دەڵێ، ئایا ئەوەی لە پەڕاوەكەی نووسراوە ئافرەتەكە هەمان رووداوەكانی ناو پەڕاوەكە دووپات دەكاتەوە؟ ژنە لە شەرمی ئابڕووی خۆی نەیدەزانی چی بكات، ئەفسەرەكە دەیزانی كە دادگا هەر بانگی دەكات بۆ ئەوەی گوێ لە وتەكانی بگرێت، گوتی خەمت نەبێ من دەچمە لای دادوەر و داوای لێدەكەم كە دادگاییكردنكە بكاتە نهێنی و تۆش بەعەبا و پێچە وەرە دادگا، بەمجۆرە ژنە چووە بەردەم دادگا كە لە ئەندامانی دەستەی دادوەری زیاتر كەس لە ژوورەكە نەبوون، ژنەكە وەكو ئەفسەرەكە گێڕایەوە بەمجۆرە قسەكانی كردبوو: جەنابی دادوەر ئەو كابرایە كە زانی من بێكەس و بێلانەم، پیاوم نییە و ئامادە نیم لەشفرۆشی بكەم یا دەرۆزە بكەم، كچەكەشم وا هەراش بووە، تەماحی لێكردبووم. من پیاوەكەم بەرووداوی ئۆتۆمبیل ئەمری خوای كرد. دەبوو بەخۆم بەدەستی خۆم نانی خۆم و منداڵەكانم پەیدا بكەم. دوو كوڕی بچووك و ئەو كچە جاحێڵەم هەیە، لەبەر ناچاری و ئەو وەزعەی كە تێیدابووم دەستم دایە كاركردن و لەلای ئەم پیاوە من و كچەكەشم دامەزراین. سەرەتا هیچم لێ نەبینی و هیچ رەفتارێكی ناشیرینی نەدەكرد، دوایی وردە وردە دەستی بە شەڕ پێفرۆشتن كرد، هەتا رۆژێك كچەكەمی لەگەڵ كرێكارێك بە ئۆتۆمبیل ناردە بازاڕ، بۆ كڕینی كەرەستەی خواردەمەنی. منی هێشتەوە. ئیتر دەرگای نووسینگەی پێوەدا و دەستدرێژی كردە سەرم. بەهەموو شێوەیەك هەڕەشەی ئابڕوو بردنی لێدەكردم ئەگەر ئاشكرای بكەم یا شكایەتی لێبكەم، پاشان مرخی لەكچەكەشم خۆش كرد. بەڵێ چەند جارێك دەستدرێژی كردە سەرم، هەر جارەی كە دەستدرێژی لێدەكردم ودەمردم و دەژیامەوە.
ئەو پیاوە زۆر بێشەرمانە پڕی دەدایە ئابڕووم، تەنانەت زۆر لەوەش دەترسام دووگیان ببم، زۆرجار كە لەناو كارگە بەتەنیای دەهێشتمەوە، چەقۆی لەسەرسەر دادەنام و هەڕەشەی پارچەپارچەكردنی لێدەكردم، ئەگەر دەنگ بكەم، یان ناڕازی بم، یان ئاشكرای بكەم و شكایەتی لێبكەم، شەو و رۆژ خوێنی خۆم دەخواردەوە، هەموو جارێكیش دەمگوت ئەوە منی هیچ قیروسیا، بەڵام ئەو كچەم چۆن بپارێزم، ئەوە خۆم پێناپارێزرێت چ جای ئەو كچە جاحێڵەم، هێندێك جار بیرم لەوە دەكردەوە خۆم بكوژم، پاشان شەیتانم بە نەفرەت دەكرد و دەمگوت ئەوەش هەر تاوانە دەرهەق بە خۆمی دەكەم. هەستم بە لانەوازی و بێهێزی و تەنیایی و بێكەسییەكی زۆر دەكرد. كچەكەم هەستی كردبوو، كێشەیەكم هەیە، بەڵام نەیدەزانی چییە. نەشمدەوسیت بزانێ مەسەلە چییە لەلایەكی دیكەش دەمویست تێبگەیەنم كە ئاگای لەخۆی بێت و نەكەوێتە داوی ئەو ئەژدیهایەوە. نازانم چۆن بە فكرم داهات ئەو مەسەلەیە بە (كاروان) بڵێم. لە دڵی خۆمدا دەمگوت ئەو گەنجە كوڕێكی بە حەیا و بەشەرمە، مرۆڤ لە ئاكاری رادیارە، پێی دەڵێم بەڵكو هەتا كار لە كار نەترازاوە بە فریام بكەوێت. ئێمە دوو مانگ زیاتر دەبوو، بەیەكەوە كارمان دەكرد، بۆیە باش شارەزای خوو و رەوشت و هەڵسوكەوتی ببووم، هەرلەبەر هەندێش هانام بۆ ئەو برد. بەڵێ جەنابی دادوەر، ئەو زەلامە وەكو دڕندە دەستدرێژی دەكردە سەرم. زۆرم زەرەروزیانی مادی وگیانی و مەعنەوی لەسەر دەستی ئەو و بە هۆی كارو كردەوە ناشیرینییەكانی پێگەیشتووە. بۆیە داوا دەكەم توندوترین سزای بدرێت و لەهیچ شتێكی خۆش نابم و داوا دەكەم دادگا بایی تۆزقاڵێكیش بەزەیی پێدانەیەتەوە و لێیخۆش نەبێت.
بڕیاری حوكمدان و دوا وتەی
تۆمەتبار
ئەو ئەفسەرەی لێكۆڵینەوە كە لە ژووری دادگا بوو، پێی گوتین كەوا: دوای ئەوەی ئافرەتەكە گوفتاری خۆیدا و هەموو شتێكی بۆ دادگا روون كردەوە، دوای ئەوەی تۆمەتبار دانی بە تاوانەكەی ناو داوای بەزەیی و رەحمەتی لە دادگا كرد، ئیتر دادگا نیو كاتژمێر خەریكی تاوتوتوێكردنی كێشەكە بوو، پاشان گەیشتنە بڕیاری خۆیان و هەموو راوەستان و دادگا بڕیاری خۆی خوێندەوە كە بە (15) ساڵ زیندانیكردن حوكمی دا و (50) ملیۆن دیناریشی وەك قەرەبووكردنەوەی ژنەكە و كچەكەی، لەو زەرەرە مەعنەویانەی لێیانكەوتبوو لە بەرژەوەندیان دا.