بۆچـی پیاوێكی پیــر؟

بۆچـی پیاوێكی پیــر؟
ژنەكە لە رارەوێكی فەرمانگەكە لەسەر كورسیەك بەكەساسی دانیشتبوو، دیاربوو فەرمانبەرەكە پێی گوتبوو كە جارێ دابنیشێت تا خۆی بانگی دەكات، ئەویش وەك ئەوەی خووی پێوەگرتبێت لچێكی عەباكەی بە نیوەی دەموچاوییەوە گرتبوو، بۆ ئەوەی ئەو بەشەی دەموچاوی كە لێوەكان و لووت و لاروومەتێكی بوون دیار نەبن. بە رێكەوت لە تەنیشتەوە لەسەر ئەو كورسییە درێژەی كە بۆ هاووڵاتییان دانرابوو لەسەری دانیشن، منیش چووم دابنیشم.
دوای چەند چركەیەك وەك ئەوەی هەردووكمان حەزمان لە دواندنی یەكتر بێت، كەوتینە قسە، سەرەتا ئەو گوتی: لە بەیانییەوە لێرەم هێشتا ئیشەكەشم تەواو نەبووە، نازانم كاری ناو فەرمانگەكان بۆ وا درەنگ رادەپەڕێنرێت و ئەو خەڵكە بۆ هێندە ئازار دەدەن. ئینجا درێژەی دایە و گوتی: هاتووم ناسنامەكەم بگۆڕم و ناوی مێردەكەم لەسەر ناسنامەكەم رەش بكەمەوە و ناسنامەیەكی تر دەربێنم، ئینجا پرسی ئەی تۆ؟ منیش گوتم: كارێكی تایبەتیم هەیە و چاوەڕێی تەواوكردنیم، بەڵام بۆچی ناوی مێردەكەت رەش دەكەیەوە، خۆ تەڵاقی نەداویت؟ گوتی: با دەمێكە نزیكەی ساڵێك دەبێ، تەڵاقی داوم، ئەگەر حەزت لێی بێت بۆتی دەگێرمەوە. گوتم: زۆرم پێخۆشە كە بەسەرهاتەكەت بزانم. ئیتر ئەویش بەمشێوەیە دەستی بە گێڕانەوەی بەسەرهاتەكەی كرد و گوتی: گەنج بووم، تەمەنم (23) ساڵێك دەبوو، لەسەر تاقەت و شەنگ و جوانی خۆم دابووم. باوكم مردبوو، من و دایكم و دوو سێ خوشك و دوو برا بووین، من كاروباری ماڵەوەم رادەپەڕاند، هەر لە جل شتن و كوڵ كردنەوە بگرە تا ماڵ پاككردنەوە و چێشت لێنان. رۆژێك غازمان نەمابوو، توانای كڕینی غازیشمان نەبوو، لەبەر ئەوەی ئەو كاتی گرانی بوو، ئێمەش بۆ هەموو شتێ هەر پرێمزمان بەكار دەهێنا، بۆ ئاو گەرم كردن، بۆ چێشت لێنان و بۆ زۆر شتی تر. رۆژێك ویستم پرێمزەكە هەڵكەم، پەمێكی زۆرم لێدا هەڵنەبوو، نەوت فیچەقەی دەكرد و شقارتەم لێدەدا هەڵنەدەبوو، منیش هێندەی دیكە پەمپم لێدەدا و شقارتەكەم لێ نزیك دەكردەوە، لەپڕ هەر هێندەم زانی گڵپەیەكی كرد و هروژمی ئاگر بۆ دەمو چاو هات و لەبەر خۆكشاندنەوە پشتاوپشت بەربوومەوە. دەموچاوم هەمووی بووە دوكەڵ زانیم دەموچاوم سووتا، بەڵام جارێ خۆم نەدیتبوو، كە مەشخەڵە ئاگرەكە بۆم هات، منیش زیڕەم لێهەڵسا، دایكم یەكسەر گەیشتە فریام. دەرودراوسێ كۆبوونەوە و یەكێ لە دراوسێیەكانمان ئۆتۆمبێلەكەی بە ئیش خست و خەڵكەكە بە پەلە منیان گەیاندە نەخۆشخانە و لەوێ داوای ئاوێنەیەكم كرد و ئەوجا رووخساری خۆم بینی و زانیم چیم لێقەوماوە و چۆن تووشی كارەسات هاتووم. پزیشكەكان لە نەخۆشخانە خەواندیانم و دەستیان بە چارەسەركردنم كرد، نزیكەی مانگێك لە نەخۆشخانە مامەوە و پاشان كە دەریشچووم مانگێكی تر خەریكی تیماركردنی برینەكانی دەموچاوم بووم. دەموچاوم زۆر نەسووتابوو، تەنیا لێوەكانم و سەری لووتم و لاروومەتێكم نەبێ. بەڵام ئەوەی كە ناشیرینی كردبووم لووت و لێوی سەرەوەم بوو. كە بەتەواوەتیش چاك بوومەوە، جوانییەكەی كوشتم، شەو ورۆژ سەیری ئاوێنەم دەكرد و خەم و خەفەتم دەخوارد و دەگریام. پێش سووتانم هەفتە نەبوو خوازبێنیم نەیەت، بەڵام من دەمگوت جارێ مێرد ناكەم، دایكم بەجێ ناهێڵم. كە دووچاری سووتانیش هاتم، تەمەنم گەیشت بە (32) ساڵی ئینجا توانیم مێرد بكەم. ئەویش دوای ئەوەی دایكم مرد و خوشكەكانم مێردیان كرد و دوو براكەشم ژنیان هێنا و ئەو خانووەی هەمان بوو، خوشك و براكانم هەموویان لە بەشە میراتی خۆیان خۆش بوون و دایانە من و خانووەكەیان بەناو كردم. یەكێك لە براكانم كە ژنی هێنابوو گوتی: ناهێڵم بەتەنیا بیت، تاوەكو بۆخۆت مێرد دەكەیت من لەگەڵت دادەنیشم و چاوم لێت دەبێت. ئەوجا بەراستیش وابوو، زۆر بە پەرۆش بوو بۆم و چاوی لێم بوو، تاوەكو پیاوێك كە تەمەنی (52) ساڵێك دەبوو، ژنیشی هەبوو، بەڵام ژنەكەی منداڵی نەدەبوو، دەیویست ژنێك بێنێت، منداڵی ببێت، هاتە خوازبێنیم، من سەرەتا رازی نەبووم، بەڵام پاشان كەسوكار و ناسیاو گوتیان: بەخوا وا باشە بۆخۆت مێردێك بكەی و لە ماڵی مێردی خۆت بە قەدر و قیمەت بی و لە دەست تەنیایش رزگارت دەبێت، باشترە لەوەی وا بمێنیتەوە. هیچ نەبێ بۆخۆت منداڵێك دوانت دەبێ و پاشان بۆخۆت پێیان دەخافڵێی. براكەشم هەر وای دەگوت و پێی گوتم: ئەگەر حەزیشت كرد هەر لەو خانووە بمێنێەوە، ئەوا من دەچمە دەرێ، ئەگەرنا ویستت لەگەڵت دادەنیشم، ئەگەر حەزیشت كرد بچیە لای مێردت و لەلای ئەو، لە خانووی ئەو جا ئەگەر خانووی بە كرێ بوو یان هی خۆی بوو، دابنشی هیچ رێگریت لێناكەم، ویستت خانووەكەت بە كرێ بدە و من خانوویەكی دیكە بە كرێ دەگرم،ویستت من لەناوی دەمێنمەوە هەتا تۆ پێتخۆش بێت. منیش گوتم: برام چۆن دڵم دێت بەتۆ بڵێم بڕۆ دەرەوە و بۆخۆت خانوو بگرە، بە هەرحاڵ رازی بووم لەسەر مێردكردنم بەو پیاوە. چونكە بەراستی منیش گەیشتبوومە قەناعەتێك كە ئیدی گەنجێك نایەتە داخوازیم كە من ئێستا وا لە سیم تێپەڕاندووە، ئەگەر لەو یەك دوو ساڵەش مێرد نەكەم ئیتر كەس نامخوازێ مەگەر كابرایەكی پیر نەبێت، بۆیە منش رازی بووم مێرد بەو پیاوە بكەم. كە مێردم كرد خانووەكەم بۆ براكەم بەجێهێشت. نزیكەی حەوت هەشت مانگ لەلای مێردم مامەوە سكم نەبوو، پیاوەكەم هەموو رۆژێ پرتەو بۆڵەی دەكرد، ژنەكەشی (هەوێیەكەم) دەیگوت: باشە تۆ خۆت لە ئاوێنەدا دیوە، ئەگەر جوان بای ئەو پیاوەش نەتیدەخواست، ئەوە لە نەزۆكیشت هەر گەڕێ، كابرا تەنگەتاوی منداڵ بوو، ژنەكەش واتە هەوێیەكەم وەك دوژمن لە بۆسەم دابوو، بیست و چوار سەعاتی خودای ئەوە ململانێی دەكردم و توانج و قسەی برینداركەری پێدەگوتم، ئاخیرییەكەی مێردەكەم منی بردە لای پزیشكێك و ئەویش دوای پشكنین گوتی: پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە و پارەیەكی زۆریشی تێدەچێ، تا ئەو نەشتەرگەرییەشی بۆ نەكرێت هیچ ئومێدێكی نییە توانای سكپڕی هەبێ. كابرا بەتەواوەتی لێم ساردبۆوە، پاش ساڵێك و هەندێك گوتی: من تۆم ناوێت. تەڵاقی دام، براكەشم لە رقان پارێزەرێكی بۆ گرتم و ئەویش هەموو هەقەكانی بۆم وەرگرت. ناچار گەڕامەوە ناو خانووەكەم لای براكەم، پێكەوەین ئەو ژن ومنداڵی هەیە و منیش بە منداڵەكانی غافڵ بوویمە، براكەم و براژنەكەم لەگەڵم زۆر باشن، لە خوای بەزیاد بێ، منداڵەكانیش زۆر هۆگرن و بەردەوام لای منن، ئیتر سەبووریم بەوان دێت و جارێكی تر ببڕای ببڕ مێرد ناكەمەوە بۆیە لێرەشم هاتووم عەرز و حاڵێكم نووسیوە بەڵكو ناوی مێردەكەم لەسەر ناسنامەكەم رەش بكەمەوە و ناسنامەیەكی تازە دەربێنم.
Top