ژنێك باجی هەڵەكانی دەدات

ژنێك باجی هەڵەكانی دەدات
(سەربەست) بەدڵێكی پر لەحەسرەتەوە باسی ئەو رۆژانەی دەكرد كە چەند پەیوەست بووە بەژیانی هاوسەرێتیەوە، وەك خۆی دەڵێت ئەگەر بەخەویش بمینیایە باوەڕم نەدەكرد، بەڵام مرۆڤی خراپ خەونەكانیش دەكات بەواقیع و دەیانهێنێتەدی، لەبەرئەوەی ئێمە لەخێزانەكەماندا پێنج برا بووین و تەنها خوشكێكی بچوكمان هەبوو ئەویش قوتابی بوو، دایكم زۆر فریامان نەدەكەوت تا خزمەتی تەواوەتیمان بكات،، لەبەرئەمەش بوو هەر زوو ژنی بۆ هێناین، من كە كوڕی ناوەندی ئەو خێزانە بووم و باری ئابووریشم تاڕادەیەك لەبراكانی دیكەم باشتر بوو زوو بیر لەمن كرایەوە كە پرۆسەی هاوسەرگیری پێك بهێنم، دایكم و باوك و براكانم زۆر هەوڵیاندا كچێكی مامم بخوازم بەڵام من رازی نەبووم، تا بەڕێكەوت رۆژێك چوومە ماڵی برادەرێكم، و ئافرەتێك هات بۆ ماڵیان، ئەم ئافرەتە كەناوی (رووخۆش)بوو دراوسێی (كەمال)ی هاوڕێم بوو، لەدوای هاتنە ژوورەوەو دانیشتن كەمال بە (رووخۆش)ی ناساندنم و دەستمان كرد بە گفتوگۆ كردن لەسەر مەسەلەكانی ژیان و هەندێك بابەتی دیكە، بەڕاستی لەسەرەتادا نەمزانی كە بێوەژنە، زۆر چوو بەدڵمەدا و گووتم ئافرەتێكی رۆشنبیر و وریایە، كاتێك رووخۆش رۆیشتە دەرەوە پرسیارم لەكەمال كرد گووتی ئەوە دراوسێمانە وماوەی (6) شەش مانگ دەبێت لەگەڵ مێردەكەی جیابوونەتەوە، لەسەرئەوەی كە مێردەكەی دڵی لێی پیس بووە!!!
من هەر كە لەماڵی كەمال چوومە دەرەوە عەشقی رووخۆشم لەلا دروست بوو، زۆر بیرم لێدەكردەوە و چەندین پرسیارم لەخۆم دەكرد ئەگەر من بیر لەهێنانی رووخۆش بكەمەوە دەبێت خێزانەكەم رێگرنەبن یاخود خەڵك لۆمەم نەكەن؟ بەڵام سەرنج راكێشانی و سەرسام بوونم بۆ رووخۆش هیچ گرنگییەكی بەو پرسیارانە نەدەدا، پاش چەند رۆژێك پەیوەندیم بەكەمالەوە كردوو باسەكەم لەلا دركاند، كەمال لەوەڵامدا گوتی: سەربەست گیان ئەو ئافرەتە بۆ تۆ زۆرباش نییە بەڵام پێت ناڵێم لەبەر چییە؟ دوا بڕیار لای خۆتە، ئەم قسەیە بوو بەگرێیەك لەلام، بۆیە پێمگووت دەمەوێت ئەمرۆ لەپاركێك یەكتر ببینین و لەسەر ئەو مەسەلەیە قسە بكەین.
بێگومان شاردنەوەی راستییەكان لەلایەن كەمالەوە زیاتر هاندەربوو بۆئەوەی سەربەست رووخۆش بهێنێت بێئەوەی سەربەست بزانێت كەمال و رووخۆش چ پەیوەندییەك لەنێوانیاندا هەیە، كەمال نەیدەویست سەربەست رووخۆش بهێنێت بەڵام پێداگیرییەكانی سەربەست وای لەكەمال كرد كە ئەگەر ئەو دووانە هاوسەرگیری بكەن لەوانەیە كارەكان بۆیان ئاسانتر بێت، هەروەك سەربەست دەڵێت: ئەو رۆژە هەموو شتێكمان سەبارەت بەو بابەتە باس كرد و بڕیارمدا كە چوومە ماڵەوە لەلای خێزانەكەشم باسی بكەم.
ئەم مەسەلەیەم لەلای خێزانەكەم دركاند،هیچ كام لە ئەوان پێیان خۆش نەبوو من هاوسەرگیری لەگەڵ بیوەژنێكدا بكەم لەگەڵ مێردەكەی جیابووبێتەوە چونكە پێیان وابوو هۆكارێكی نهێنی لەپشت ئەم جیابوونەوەیە هەیە، من هەر پێمداگرت لەسەر ئەو پرۆسەیە، ئەم مەسەلەیە یەك مانگی زیاتر خایاند بەڵام ماڵەوە زانیان بێ سوودە بۆیە بەنابەدڵی رازی بوون.
دەبوو زوو بمزانیایە بۆچی كەمال ئەم مەسەلەیەی لەگەڵ ماڵی باوكی رووخۆش زوو بڕاندەوە و هەموو كارئاسانییەكیان بۆ كردم، تەنانەت نە ئاڵتون و نە ماڵیشی نەویست چونكە رووخۆش بۆخۆی باری ئابووری زۆر باش بوو تەنها خانووی نەبوو ئۆتۆمبیل و ئاڵتون و ماڵێكی زۆری هەبوو، من لەدوایشدا زانیم ئەم شتانەی هەیە، هەموو ئەم بابەتە دوو هەفتەی نەخایاند چوینە ماڵی خۆمان.
رووخۆش فەرمانبەر بوو لەیەكێك لەفەرمانگەكان، بێگومان رووخۆش ئافرەتێكی شۆخ و شەنگ و سەرنج راكێش بوو، ئەمە وای لێكردبووم هەمیشە دڵم لای بێت چونكە جگە لەجوانییەكەی ئافرەتێكی زۆر كراوە بوو، لەگەڵ هەموو كەسدا دەكەوتە قسەكردن و پێكەنین، منیش ئەمەم زۆر بەلاوەوە پەسەند نەبوو، بەڵام نەدەكرا هەر زوو بیدركێنم، هەوڵم دەدا ناڕاستەوخۆ قسە لەسەر ئەو جۆرە ئافرەتانە بكەم لەناو كۆمەڵگە بەچاوێكی جیاوازترەوە سەیر دەكرێن بەتایبەت ئەگەر ئافرەتێك پێشتر پرۆسەی هاوسەرگیری پێك هێنابێت و دواتر جیابووبێتەوە، هەموو هەوڵەكانم بێ سود دەبوون، هەرچەند بیرم دەكردەوە نەمدەزانی چۆن چارەسەری ئەم حاڵەتە بكەم، بەردەوام خەفەتم لێ دەخوارد. تارۆژێك لەبازاڕ سەرقاڵی كەلوپەل كڕین بووین لەسەر ئەم حاڵەتە لێمان بوو بەناخۆشی و بەبێ هیچ پرسێك بەجێی هێشتم و هەرچەند بانگم كرد و ودواتر تەلەفۆنم بۆ كرد وەڵامی نەدامەوە، كە رۆیشتمە ماڵەوە بینیم لەماڵەوە نییە و مۆبایلی كوژاندۆتەوە، نەم دەویست كەسیش لەم شەڕەمان بزانێت، ناچاربووم تەلەفۆن بۆ ماڵی باوكی بكەم، دایكی وەڵامی دامەوە گووتی: رووخۆش نەهاتووە بۆ ئێرە، بێگومانیش بووم كە نەچووە بۆ ماڵی باوكم، بۆیە تەلەفۆنم بۆ كەمال كرد گووتی: بەڵێ ئاگام لەرووخۆشە ئەوە ئێستا لە كافتریایەك دانیشتووم، گووتم لەكوێن؟ بەداخەوە شوێنەكەی پێ نەگووتم، بەراستی ئەمە بووە مایەی پرسیار و گومانێكی زۆر، لەلای خۆمەوە زۆر بڕیاری قورسم دەدا، كاتژمێر شەشی ئێوارە لەگەڵ كەمالدا هاتنەوە، رەفتاری كەمال لەگەڵ رووخۆشدا دەتگووت برا گەورەیەتی، كەمال پێی گووتم سەربەست گوێ بگرە هەرگیز لێت قبوڵ ناكەم بەو شێوازە رەفتا لەگەڵ رووخۆشدا بكەیت، خۆت دەزانی كێ یارمەتیدەرت بووە، ئەگەر نا لەتۆش جیادەبێتەوە، تووشی شۆك بووم بەبیستنی ئەم قسانە، لەدوای رۆیشتنی كەمال لەرووخۆش توڕەبووم تا كار گەیشتە لێدان، زۆرم لەرووخۆشمدا بەڵام رووخۆش تەنانەت هاوارێكیشی نەدەكرد بەلایەوە زۆر ئاسایی بوو، گووتم جارێكی تر پەیوەندی بەكەمالەوە بكەیت، دەتكوژم!!
بێدەنگی رووخۆش ئەوەندەی دیكە توڕەی كردم، ئەو شەوە تابەیانی نەم دەزانی چی بكەم؟ بەهەرحاڵ ماوەیەك بەم شێوەیە تێپەڕی، رۆژێك رووخۆش لەدەوام بوو تەلەفۆنی بۆ كردم گووتی دەچم بۆ نەخۆشخانە لەوانەیە درەنگ بێمەوە، گووتم با بێم لەگەڵتدا رووخۆش رازی نەبوو، منیش چوم بۆ ماڵی باوكم و پێم گووت دوایی بێت بۆ ئەوێ، بەڵام بەداخەوە رووخۆش دووبارە ئەو رۆژە لەگەڵ كەمالدا موعیدی هەبوو، چەندێك تەلەفۆنم بۆكرد وەڵامی نەبوو لەدوایدا خۆی پەیوەندی پێوەكردم و گووتی لەماڵەوەم، بەهەرحاڵ ئەمانەش تێپەرین، هەتا رۆژێك بەسەر هەموو راستییەكاندا كەوتم، رۆژێك بەبێ تەلەفۆن چووم بۆ ماڵی باوكی رووخۆش بەبێئەوەی ئاگام لەوە بێت كە رووخۆش لەماڵی باوكییەتی، كاتێك چووم بۆ ماڵیان دەرگای حەوشەیانم كردەوە گووتم خەسوم پیرە ناتوانێت دەرگا بكاتەوە، كە چوومە ژوورەوە پێڵاوەكانی رووخۆشم بینی بەلامەوە سەیر بوو چۆن رووخۆش هاتووە بۆ ئێرە خۆ هێشتا دەوام تەواو نەبووە، بەبێ هیچ دەرگا لێدانێك چوومە ژوورەوە بینیم رووخۆش و كەمال لەژوورەوەن ئەوەی لیێ دەترسام بینیم، بەبێ هیچ تووڕە بوونێك یەكسەر چوومە چێشتخانەو چەقۆیەكم هێناو پەلاماری كەمالم دا و دوو چەقۆم لێدا، چەقۆكان بەر ئەندامێكی نەكەوت كە بیكوژێت، رووخۆش نەیدەوێرا تەنانەت هاواریش بكات چونكە دەیزانی ئابڕوویان دەچێت، لەدوای ئەوە زۆر بەشپرزەیی لەماڵ چوومە دەرەوە، نەگەیشتمە ماڵەوە كە پۆلیس گەیشتە سەرم و دەستگیریان كردم، كاتێك بردیانم و لێپرسینەوەیان لەگەڵ كردم هەموو راستییەكانم گووت هەرچەند رووخۆش و كەمال شاردیانەوە، لەدوای 17رۆژ لەدەستگیركردنم كەمال لێم خۆش بوو و لەزیندان بەریاندام بۆیە لێمخۆش بوو تا نییەت و كارە ناشیرینەكانی خۆیانی پێ بشارنەوە، رووخۆش بۆئەوەی لای خێزانەكەی و خەڵكی دیكە ئابڕووی خۆی بكڕێتەوە داوای لەمن كرد لێی خۆش بم، سروشتی من بەچەشنێكە هەركەسێك خراپترین رەفتارم لەبەرامبەردا بكات بەڵام داوای لێخۆش بوون بكات لێی دەبوورم بەتایبەت ئەگەر هاوسەرەكەم بێت، هەرچەند تەنها لێ خۆش بوون بوو چونكە بڕیارمدا تەنها لەماڵەكەدا بێت و هیچ هەڵسوكەوتێكی خێزانی لەگەڵدا نەكەم، و دواتر ژنی دیكە بهێنم. رووخۆش زۆر پاڕایەوە بگەرێتەوە بۆ ماڵەوە، بەهەرحاڵ جارێكی دیكە رووخۆش بۆ ماڵەوە گەڕایەوە، پاش گەڕانەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر مۆڵەتی لەدائیرە وەرگرت و نەڕۆیشتەوە بۆ دەوام، بەڵام مرۆڤ سروشتی چۆن بێت هەرگیز ناتوانێت وازی لێبهێنیت یان بەشێوەیەك لەشێوەكان گۆرانی بەسەردا بێت.
شەوێك كە ماوەی دوو مانگ بەسەر ئەو مەسەلەیەدا تێپەڕببو وتم دەمەوێت ژن بهێنم بۆیە پێت دەڵێم با ئاگادار بیت، رووخۆش هیچ وەڵامێكی نەدامەوە، منیش بریاری خۆمم دابوو و ئامادەكاری باشیشم بۆكرد و تەواوی مەسەلەكانم بەكۆتا گەیاند، لەگەڵ كچێكی پورمدا زەماوەندمان كرد و ماڵێكی جیامان دروست كرد، بەڵام هەڵەی من لەوەدابوو ئەو شەوانەی دەچوومەوە بۆلای ژنی دووەم رووخۆشم بەتەنها بەجێ دەهێشت، بێگومان ئەویش ئەم هەلەی بەفرسەت زانی بوو جارێكی دیكە دەستی لەگەڵ كەمالدا تێكەڵكردبۆوە، ئەم راستییەش دراوسێیەكمان پێگووتم، بۆیە لەشەوێكی زستانی باراناویدا چوومەوە بۆ ماڵەوە هەروەك پێشوو بەیەكەوە گرتمن، بەڵام ئەمجارەیان بەیەكەوە دانیشتبوون، خۆم كرد بەژوورەوەدا و بەهەردووكیانم گووت ئەگەر دەتانەوێت خیانەت دووبارە بكەنەوە بەم شێوەیە نابێت، لەبەرئەوەی ئێوە دەزانن چی منن؟ كەمال تۆ هاوڕێی نزیكی من بووی ئێستا دەزانم بۆچی ئەم زەماوەندەت بۆمن رێكخست؟ تا نیەتە خراپەكانت لەگەڵ رووخۆشدا بخەنە بوارێكی ترەوە و مومارەسەی سێكسی بەئاشكرا بكەن، تەنانەت ئەگەر رووخۆش سكیشی پڕ ببێت كەس نەزانێت، رووخۆش خیانەتی لەمن كردووە، گووتم ناتان كوژم بەڵام بەیانی رووخۆش دەبێت بێیت بۆ دادگاو جیادەبینەوە، رووخۆش پەلاماری دام و زۆری ماچ كردم تا كاری وانەكەم، گووتی كەمال تەنها سەردانی كردووم و هیچ كارێكی نەكردووە، من باوەڕم پێنەكردوو و بەكەمالم گووت من كە جیابوومەوە لەرووخۆش دەتوانیت مارەی بكەیتەوە، هەر ئەو شەوە بڕیاری كۆتاییم داو لەرووخۆش جیابوومەوە، بەڵام رووخۆش كە دواتر كەمال بۆی گێڕامەوە زۆر داوای لەكەمال كردووە بیخوازێت یان نەهێڵێت من تەڵاقی بدەم، كەمال هیچ كام لەو دوو داوایەی بۆ جێبەجێ نەكرد، لە ئێوارەیەكدا رووخۆش خۆی دەرمان خوارد كرد و كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا، كاتێك ئەو هەواڵەم بیست زۆر گریام،بەڵام گوناهی خۆكوشتنی روخۆشم بۆ ناپاكی كەمال گەڕاندەوە كە تا كاری بەرووخۆش هەبوو ژنی چاك بوو لەدوایشدا چەندین تۆمەت و كاری ناڕەوای خستە پاڵی.
سەبارەت بەو پەیوەندیە ناپاكەی نێوان كەمال و رووخۆش و دروستكردنی كێشە بۆ سەربەست، توێژەری كۆمەڵایەتی "زانا وەلید" دەڵێت: هەردوو رەگەز دەبێت لەپێش پرۆسەی هاوسەرگیریدا بڕیاری ئەوەبدەن لەگەڵ كێدا زەماوەند دەكەن؟ گونجانی ئاستی ئابووری و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی بناغەن بۆئەوەی هەڵبژاردنەكە ئاكامێكی دروستی لێبكەوێتەوە،؟ لەپرۆسەی هاوسەرگیریدا لایەنی كۆمەڵایەتی لەسەروو هەموو لایەنەكانی دیكەوەیە، دواتر وەرگرتنی بیروبۆچونی خێزان رەهەندێكی ترە، زۆربەی هاوسەرگیریەكانی ئێستا دووچاری هەڵوەشانەوە دەبنەوە، ئەوەیە كە هیچ گرنگییەك بە رای ماڵەوەیان نادەن، بێگومان خۆشیان تەنها بەرووخسار و جوانی هەڵدەخەڵەتێن و لەدوایدا رووبەرووی گرفتی ئابووری و كۆمەڵایەتی دەبنەوە، بەڵام ئەوەی بەسەر سەربەستدا هاتووە كەم پیاو هەیە لەم كۆمەڵگەیەدا ئەو رەفتاری خێزانەكەی پەسەند بكات، بەراستی بیركردنەوەیەكی جیاوازی هەیە، لەلایەكی دیكەوە ناپاكی هاوڕێ و خێزان قبوڵكردنی كارێكی ئەستەمە، ئەمەی روویداوە چەندان نمونەی هاوشێوە هەیە كە تووشی كوشتن و زیندان بوونەتەوە، بەڵام سەربەست بیركردنەوەیەكی دروستی هەبووە و ژیانی خۆی تێك نەداوە، لەئاكامدا رووخۆش باجی هەڵەكانیدا، دەبێت چاوەرێی ئاكامی خراپتریش لە كەمالی هاوڕێی بكات چونكە مرۆڤ پاداشتی هەموو كارێكی دێتەوە رێگای.
Top