كـــێ تاوانبـــاری راستەقـــی

كـــێ تاوانبـــاری راستەقـــی
(شێرزاد) بڕیاری وابوو ئەو نیوەڕۆیە بچێتەوە ماڵەوە نانی نیوەڕۆ بخوات، پێش نیوەڕۆیەكەی بە تەلەفۆن بە (سازان)ی گوتبوو كەوا ئەو رۆژە لە دەرەوە نانی نیوەڕۆ ناخوات، بەڵام (سازان)پێی گوتبوو كە تاقەتی خواردن ئامادەكردنی نییە و بۆخۆی وەك رۆژانی تر لە دەرەوە نان بخوات. (شێرزاد) داخێكی هەڵكێشا و لەبەرخۆیەوە گوتی: بزانە تووشم بە تووشی چ ژنێك بووە، ئاخر بووە ژن خواردن بۆ مێردی ساز نەكات!؟ باشە تۆ چ كارێكت هەیە لە ماڵەوە تەنیا سێ منداڵی بچوكت هەیە و ئەوانیش هەر پێویستیان بە چێشتێك و خواردنێكە!؟ ئاهێكی هەڵكێشا و چووە سەر كارەكەی خۆی، نیوەڕۆ سواری ئۆتۆمبێلەكەی بوو بەرەو ماڵەوە چۆوە بەتەماحی ئەوەی ژنەكەی خواردنێكی خۆشی بۆ لێنابێت، كە چۆوە دەست و پلی شوشت و بە ژنەكەی گوتی: كوا دەبێنە خواردنەكەم بۆ بێنە زوو، زۆرم برسییە، كەچی ژنەكەی گوتی: ئەی باشە نەمگوت لە دەرەوە وەكو رۆژانی تر نانی خۆت بخۆ، پێم ئامادە ناكرێت. (شێرزاد) باوەڕی بە قسەكەی نەكرد هەر وایزانی بەگاڵتە ئەو قسەیە دەكات، ئەوەبوو قسەكەی خۆی دووپات كردەوە، بەڵام هەمان وەڵامی وەرگرتەوە. (شێرزاد) كە زانی بەراستیەتی و هیچی ئامادە نەكردووە و هیچ حسابێكی بۆ قسەكەی نەكردووە، بووە دەمە قاڵێیان و پێی گوت: ئاخر من شەو و رۆژ خەریكی كاركردن و نان پەیداكردنم بۆتان، تۆ كە نیوەڕۆیەك نانێكی گەرمم بۆ ساز نەكەی، پێمناڵێی كارت چییە؟
(سازان)یش لە جیاتی ئەوەی دان بە هەڵەكەی بنێت كەچی پێیگوت: ئەرێ من خزمەتی منداڵت بكەم، خزمەتی تۆ بكەم، چێشت لێبنێم، چەند كارت بۆ بكەم؟ ئەم وەڵامەی (سازان) هێندەی دیكە هەرایەكەی گەورە كرد و بووە شەڕیان. (شێرزاد) پەلاماری (سازان)ی دا و چەند مستێكی خێواندێ، بووە قیژە و هات و هاوار دراوسێكانیان گوێیان لەو دەنگە دەنگ و هەرایەیان بوو، یەكێ لە دراوسێكانیان ماڵی مامۆستا (وەهاب) بوو، ئەویش لەبەر پەرۆشی دراسێیەتیان لەگەڵ (خەسرۆ)ی زاوای و (مشیر)ی دراوسێیان هەرسێكیان لە ماڵەكانیان هاتنە دەرەوە و بزانن ئەو هەرایە چییە. مامۆستا (وەهاب) و (خەسرۆ) لەیەكیان پرسی و پاشان كە زانیان شەڕیانە، گوتیان با بچینە ناوبژیوانیان. ئەوە بوو دەرگایان كردەوە و چوونە ژوورەوە دیتیان (شێرزاد) بە سۆندە كەوتۆتە گیانی (سازان)ی خێزانی. هەرچۆنێك بێت (سازان)یان لە ژێر دەستی دەرهێنا. ئیتر با بزانین دوای ئەوەی كە (سازان)یان لە بن دەستی دەرهێنا و (شێرزاد)یان دوورخستەوە كێشەكە بەچی گەیشت، با لێیگەڕین مامۆستا (وەهاب) بۆخۆی بۆمان بگێڕێتەوە. مامۆستا (وەهاب) لە گێڕانەوەی شەڕەكەدا بەمشێوەیە قسەی كرد و گوتی: كە (شێرزاد) مان دوورخستەوە، گوتمان ئەوجا (سازان) نەرمی دەكێشێ و ئێمەش بە قسەی خۆش و بە ئامۆژگاری هەردوولا سارد دەكەینەوە و پێكیان دەهێنینەوە و (سازان)یش زیاتر ئامۆژگاری دەكەین. بەڵام هەر هێندەی زانیمان (سازان) دەستی بە جنێودان كرد. بەڵام جنێوی زۆر ناشیرین و نابەجێ و گوتی: ئێستا تەلەفۆن بۆ براكانم دەكەم و بێن (وەها وەهات) لێبكەن. زۆری هەڕەشە لێكرد. (شێرزاد) كە ئەو جنێوە ناشیرینانە و ئەو هەڕەشانەی لە ژنەكەی لە پێش ئێمە بیست، بەڕاستی زۆری شەرم بەخۆدا هاتەوەو ئارەقەی رەش و شینی كرد و سوێندی خوارد و ئێمەشی لەسەر سوێندەكە كردە شایەت و گوتی: لەسەردەستی ئەو شایەتانە گەر براكانت بێن، من لە پێش براكانت تەڵاقت بدەم، مادام تۆ ئەو هەموو قسە ناشیرینانەت كرد.
دوای چارەگە سەعاتێك دوو لەبراكانی هاتن و كەهاتنە ژوورەوە و یەكسەر پڕیاندایە (شێرزاد) و بووە شەڕە مسیتان. ئەوان دوو كەس بوون و بە دوانیش هێرشیان كردە سەر. بەراستی پێمان ناخۆش بوو، چونكە لەسەرێكەوە بەدوان تاویان دایە، لەسەرێكی تریشەوە نەدەبوایە بەبێ پرسیاركردن یەكسەر بە قسەی خوشكەكەیان بكردایە. بەلایەنی كەمەوە كە هاتنە ژوورەوە دەبوایە بیانپرسیایە كە هۆی شەڕەكەیان چییە و گوێیان لە هەردووكیان بگرتایە. بەتایبەتیش ئەگەر بیانزانیبایە خوشكەكەیان خەتابارە، فشاریان بخستایەتە سەر ئەو و یەكسەر لەسەریان نەكردبایەوە. بەڵكو ئەگەر بۆیان دەربكەوتبایە كە هەڵەكە بەهۆی ئەوەوەیە پشتگیریان لە مێردەكەی بكردبایە بۆ ئەوەی پارێزگاریان لە شیرازەی خێزانیان بكردبایە و ژنەكەشی دەستی لەو جۆرە هەڵسوكەوتانە هەڵبگرتایە. بەهەرحاڵ كە دیتمان هەردوو برا بۆ (شێرزاد) چوون و من و (خەسرۆ) ی زاوام و (مشیر)ی دراوسێمان بۆیان چووین و (شێرزاد)مان پاراست و نەمانهێشت دەستی لێوەبەشێنن. هەوڵیشیماندا ئەوان سارد بكەینەوە و دابنیشن بە گفتوگۆ و بەتەگبیر كێشەكەیان چارەسەر بكەن. بەڵام (شێرزاد) كە دیتی ئەوانە بێ سێ و دوو لەسەر خوشكەكەیان دەكەنەوە، زۆری هەست بە غەدر كرد و دیار بوو زۆری پێ تێكچوو و لە حەژمەتان ئێمەی كردە شایەت و لە پێش براكانی ژنەكەی تەڵاق دا. كە تەڵاقی فڕێدا براكانیشی هێندەی دیكە شێتگیر بوون و دووبارە پڕیان دایەوە و دیسان یەخەگیری یەكتری بوونەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی مەترسی بوو یەكێ لە براكانی (سازان) دەمانچەی پێبوو كە ئێمە نەماندەزانی و تا ئەوكاتیش دەمانچەكەی شاردبۆوە و دەرینەهێنابوو، بەڵام كە یەخەی یەكتریان گرتەوە ئەو برایەیان دەمانچەكەی دەرهێنا. بەڵام پێدەچوو (شێرزاد) پێشی ئێمە هەستی پێكردبوو، بۆیە زوو پڕی دایە، برای ژنەكەی هەر هێندەی پێراگەیشت دەمانچەكە سوار بكات، (شێرزاد) توانی دەستی بگرێت براكەی دەمانچەكەی لە دەستی بوو، (شێرزاد) یش تووند دەستی ئەوی گرتبوو، دوو سێ گوللە هەر لەناو دەستیان تەقێنرا، بەڵام بەكەس نەكەوت. ئێمەش شێوابووین نەماندزانی چی بكەین، گاڵتە لەگەڵ دەمانچە ناكرێت، هی ئەوە نەبوو لێیان بچینە پێش، براكەی تری ژنەكەی (شێرزاد) نازانم خوترمەیەكی لە كوێ پەیدا كربوو، لە (شێرزاد) چووە پێشەوە دوو سێ خوترمەی توندی خێواندە پشتی و (شێرزاد) زۆر رەنگ و رووی پێتێكچوو وەكو بڵێی ئاگر لە چاوی بەرببووبێت، دەستی توند هەر لەسەردەستی براكەی تری (سازان) بوو كە دەمانچەكەی لە دەست بوو، رووی لەخۆی وەرگێڕا و بەرەو لای براكەی تری كە خوترمەیەكی لەدەست بوو، بەڵكو ببینێ و ئەگەر خوترمەیەكی دیكەی لێبدات بەڵكو خۆی لێ دەرباز بكات، لەگەڵ خۆ سوڕاندنی، دوو گوللە لە دەمانچەكە تەقی و یەكێكیان بەسەر دڵی و ئەویتریان بە گەرووی براكەی ژنەكەی كەوت و دەمودەست بەربۆوە. ئینجا لەم هێنان و بردنە و لەم خۆراتەكاندنەی هەردوولا كە ئێمەش نەدەوێراین، بچینە پێش، هەردووكیان بەربوونەوە و گوللەیەكی دیكەش تەقی ئەویش بە سینگی ئەو برایەی كەوت كە دەمانچەكەی لە دەست بوو، بەمجۆرە دەمانچەكەی لەدەست بەربۆوە، ژنەكەی (شێرزاد) كە چاوی بەو هەموو خوێنە كەوت و دیتی دوو برای كەوتنە سەر زەوی و ئەو ناوە هەمووی بووە خوێن، كردیە قیژە و هاوارێك نەبێتەوە، چووە دەرەوەی ماڵ و خەڵكی گەڕەكی كۆكردەوە. دوای ماوەیەك كە نازانم چەند بوو پۆلیس هات و بە حەوشەكە وەربوون، ئەو برایەی كە دەمانچەكەی لەدەست بوو هێشتا مابوو، دەیتوانی قسە بكات، لەسەر هەموو حاڵانیش ئەوجا هێشتا (شێرزاد) پەرۆكێكی گەورەی خستبووە سەر برینەكەی و هۆڕ هۆڕ دەگریا و فرمێسكانی دەڕشت، بەراستی ئێمەش سكمان پێی دەسوتا، كە لەپای ژنێكی وا خراپ و نابەرپرسیار ئەو كابرایەی بەو رۆژەگەیاند. كە پۆلیسەكان گەیشتن ئەفسەرەكە كە گەنجێكی زۆر رێك و پێك و تێگەیشتبوو بوو، زانی چی قەوماوە فەرمانی دا (شێرزاد) ببەنەناو ئۆتۆمبیلێك كە مەدەنی بێت و لە هەراكەی دوورخەنەوە نەبادا كەسێك لەو دەمودەستە بێت زەبرێكی لێ بوەشێنێ و بەیەكێك لە رێپێدراوە لێكۆڵینەوەكانی كە لەگەڵی بوون گوت، بڕۆ لەگەڵ دوو پۆلیس لەناو ئۆتۆمبیلێكی مەدەنی ئەو ناوە پارێزگاری لێبكە و بەشێنەیی و هێمنیش، بەبێ فشار خستنە سەر و توندی نیمچە لێكۆڵینەوەیەكی سەرەتایی لەگەڵدا بكە و مەبەستت تەنیا وەرگرتنی زانیاری بێ. بەڵام لەكاتی پرسیار لێكردندا زوو زوو دڵی بدەوە و سەبووری پێ ببەخشە. ئەفسەركە چووەلای ئەو برایەی كە یەك گوللەی پێكەوتبوو، بریندار ببو و هێشتاش هەر مابوو، هۆشی لەخۆی بوو، لێی نزیك بۆوە و فەرمانی كرد كە بە شێنەیی و وریایی و بە دەستوبردی هەڵیبگرن و بیگەیەننە نەخۆشخانە، كەچی براكەی (سازان) گوتی: كاكی ئەفسەر ئەوەی قەوماوە قەوماوە، هەڵەكە لە ئێمە بوو، بەڵام فیتنەكاری گەورە ئەو خوشكە نارەسەنەم بووە، كەلاكی ئەو برایەم وا لێرە لەبەردەم ئەم دەرگایە كەوتووە، بە گوللەی من و دەمانچەی من بووە، برینداربوونی خۆشم هەر بەهۆی خۆم بووە. ئەو قسانەم بنووسە و با هەموو ئەوانەی لێرەن ببنە شایەت، ئەگەر مام بەخۆم ئەو قسانە لە پێش دادگا دەكەم، ئەگەر مردیشم ئێوە لە جیاتی من بیكەن..
دوای دادگایی كردن و بڕانەوەی كێشەكە
مامۆستا (وەهاب) ئاخێكی قوڵی هەڵكێشا و دەستی بە گێڕانەوەی ئەم بەرسەرهاتەی كرد و گوتی: ئەو نیوەڕۆیە هەموومان تاسایین، بەتایبەتی كابرایەك لەو ناوە خوێنی رژاو و سەری تیاچوو، یەكێكیش بریندار بوو، مەترسی كەوتبووە سەر ژیانی ئێمەش، خەریكبوو كە بۆ ناوبژیوانی چووبووین، سەرمان تیا بچێت، كە تەرمەكەیان هەڵگرت و بردیانە نەخۆشخانە ئەفسەرەكە داوای ئێمەشی كرد كە لە بنكەی پۆلیس ئامادەبین و گوفتاری خۆمان بدەین لەبەر ئەوەی شایەتی رووداوەكە بووین. ئێمە و چەند كەسێكی تریشیان بانگ كرد و ئێمەش چۆنمان دیتبوو، چیمان دیتبوو، وەها گوفتارمان دا. چۆن ژنەكەی كە پێی گوترا بوو نانی نیوەڕۆ ئامادە بكات و كابراش كە هاتبۆوە هیچ ئامادە نەكرابوو، ببووە كێشەیان و ژنەش گرفتەكەی گەورەتر كردبوو، تەلەفۆنی بۆ براكانی كردبوو، ئەوانیش لەگەڵ مێردەكەی كردبوویانە دەمەقاڵی و دواتر هێرشیان كردبووە سەری و یەكێك لە براكانی دەمانچەی دەرهێنابوو، هەربەخۆشی تەقەی كردبوو، بە كورتی ئەوەی روویدابوو وەكو خۆی گێڕامانەوە، بنكەی پۆلیس بەدواداچوونی تەواویان بۆ رووداوەكە كرد، لەو ناوەش ئەو برایەی (سازان) كە بریندار ببوو برابووە هۆڵی نەشتەرگەری بەڵام لەبەر ئەوەی خوێنێكی زۆری لەبەر رۆیی بوو، بۆ ئێوارەكەی گیانی سپاردبوو. پاشان كەسوكاری دیكەی (سازان) و (شێرزاد)یش بە مەسەلەكەیان زانی و هاتن، هەر ئەو رۆژە (شێرزاد) دەستگیركراو رەوانەی بەندیخانە كرا، ئەو رۆژە بۆ ئەوەی دوژمنداری و هەڵە تێگەیشتن روو نەدات لە نێوان كەسوكاری هەردوولا، ئەفسەرەكە زوو، رووداوەكەی وەكو ئەوەی كە لێكۆڵینەوەی لێكردبوو، بۆ كەسوكاری ژن و مێردەكە گێڕابۆوە و ئەوانیش چاوەڕێی دەرەنجامی لێكۆڵینەوەیان كرد و ئێمەش لەگەڵ مامۆستای ئایینی گەڕەكەكەمان و لەسەر داخوازی (شێرزاد) خۆی پێش ئەوەی رەوانەی بەندیخانە بكرێت، بەشێنەیی و نەرمی بە جۆرێك كە هەردوولا هێمن و لەسەرخۆبن و رووداوەكە بە قەزاوقەدەر بزانن، رووداوەكەمان وەكو خۆی بۆ گێڕانەوە و مامۆستا هەر دوولای هێنایە قەناعەت كە وا بزنن لەهەردوولایان قەوماوە و پشتی یەك بگرن و پێكڕا وا بكەن تازییەكە بەڕێوەببەن و ئاسەواری رووداوەكە كەم بكەنەوە. ئەوانیش پیاوانە جوڵانەوە و بە گوێیان كرد. كە هەواڵی مردنی كوڕەكەی تریشیان پێگەیشت تەنیا شوكرانە بژێری خودا بوون و پوختە و جوان تازییەكی هاوبەشیان دانان و هەر خۆشیان دوای تەواوبوونی تازییە چوون لە (شێرزاد) خۆشبوون و لە بەندیخانە دەریانهێنا. ئەوجا بەسەرپەرشتی و رێنمایی ئەو مامۆستایەمان (شێرزاد) تەڵاقەكەی چاك كردەوە و ژنەكەشی هێنایەوە ژێر نیكاحی خۆی، بەڵام بەراستی باوك و براكانی تری (سازان) تەواو توڕە و بێزار ببوون لە (سازان) و دوو لە براكانی زۆریان سزا داو تەمبێیان كرد، كە دادگایش كرا، دادگا بڕیاری بێتاوان بوونی (شێرزاد)ی داو ئازادی كرد، كە كێشەی دادگایی و تازییە و ئەو شتانەیان تەواو بوو، (شێرزاد) لە شەرمان و بۆدووركەوتنەوە لە یاد و یادگارییەكانی ئەو رووداوە دڵتەزێنە، لەو خا نووەی كە رووداوەكەی تێدا روویدابوو، باری كرد و ئێستاش نەمانبینیەوە.
Top