ژیان و نامــووسی قوربانی پـــا
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
سەرەتای كێشەكە لەچییەوە پەیدابوو
(بەهزاد) ئۆتۆمبیلەكەی لە پێش بنكەی پۆلیس راگرت و راستەوخۆ چووە ژووری ئەفسەری بنكە و ورد و درشتی رووداوەكەی بۆ گێڕایەوە، ئەویش ئەفسەرێكی لێكۆڵینەوەی بۆ رووداوكە تەرخان كرد تاوەكو لێكۆڵینەوە لەم كێشەیە بكات، ئەفسەری لێكۆڵینەوە چووە شوێنی رووداو، دیتی كابرا بەكوژراوی لەو ناوە كەوتووە و یەك دوو گوللەی بە لەشی كەوتووە و هەندێ قەوانە فیشەكیش لەدەوربەریەتی. هێڵكاری شوێنی رووداوەكەی كرد و تەرمەكەشیان هەڵگرت و ناردیانە نەخۆشخانە. ئەوجا (بەهزاد)یان بە كەلەپچەكراوی هێنایەوە بنكەی پۆلیس و دەستیان كرد بە لێكۆڵینەوە لەگەڵی، ئەفسەری لێكۆڵینەوە پاش ئەوەی چەندین پرسیاری لێكرد، ئەوجا داوای لێكرد بە دورودرێژی هۆی رووداوەكە و ئەنجامدانی تاوانەكە باس بكات، ئەویش بەمشێوەیە دەستی بە گێڕانەوەی كێشەكە كرد و گوتی: من بۆخۆم بەكاروباری بازرگانییەوە خەریكم،(دژوار) هەر ئەوەندە دەمناسێ كە دەزانێ بازرگانم، یەك دوو جار لەناو بازاڕی جوملەفرۆشان رێكەوتی كردووم، تەلەفۆنیشی هەر ئاوا پەیداكردووم، كە وەدەست خستنی زەحمەت نییە و زۆربەی بازرگان و جوملە فرۆشەكان تەلەفۆنی یەكتر دەزانن و بڵاویشی دەكەنەوە، ئەوەش لەبەر سروشتی ئیشەكەمانە. نیوەڕۆیەك زەنگێكم بۆ هات كە ژمارەیەكم نەدەناسی، وەڵامم نەدایەوە، دووبارە تەلەفۆنی كردەوە، نە جارێك و نە دوان، بەراستی بێزار بووم، وەنەبێ تەلەفۆنەكەشم داخەم، لە بێزاریان هەڵمگرت، گوێم لە دەنگی ئافرەتێك بوو، هەندێ قسەی كرد، بەڵام گوتم من ناتناسم و نازانم كێی. تەلەفۆنەكەم داخستەوە، چەند جارێكی تریش كردیەوە، ئەمجارە تەلەفۆنەكەم كوژاندەوە و لە كۆڵ خۆمم كردەوە، دوو رۆژان تەلەفۆنم بە كوژاوەیی هێشتەوە، بە ژمارەیەكی تر كارەكانم مەیسەر دەكرد، دوای دوو رۆژەكە، ژمارەكەم كردەوە، پاش كردنەوەی ژمارەكەم، بە هەفتەیەك دووبارە تەلەفۆنی كردەوە. هەڵمگرت و دوای ئەوەی كە زانیم هەمان ئافرەتە، پێمگوت: چیت لەمن دەوێ، دەتناسم دەمناسی..؟ ئەویش گوتی: من دەتناسم و تۆم دیوە، دڵم تۆی گرتووە، حەز دەكەم پەیوەندیمان بەیەكەوە هەبێ، ئەگەر پێشت خۆشە دەتوانی لە كاتی گونجاودا كە خۆم پێت دەڵێم بێیتە ماڵمان. ئەو قسانەی كاری تێكردم و وردە وردە وەكو دەڵێن (كەوی) كردم و دواجار رازی بووم بچمە ماڵیان، ئەوە بوو رۆژێك ژوانی بۆ دانام كە گوایە كەسیان لەماڵ نییە و پیاوەكەی سەفەری كردووە و هەتا دوو سێ رۆژان ناگەڕێتەوە، منیش ملم لێنا و جڵەوم بۆ غەریزەكەم شل كرد و چووم، كە لە دەرگام دا ژنەكە دەرگاكەی بۆ كردمەوە و داوای لێكردم بچمە ژوورەوە. بردمییە ژوورێك و داینیشاندم، ئەو چووە ژوورێكی تر و دەمێكی پێچوو، كەهاتەوە گوتی: جلوبەرگت داكەنە و مەترسە كەس لێرە نییە، منیش بە قسەم كرد و تەنیا جلی ژێرەوەم لەبەرما، ژنەكە لێم نزیك بۆوە و دەستی گرتم و دەمی خستە سەردەمم. هەر هێندەم زانی لەچاو تروكانێكدا، كابرایەك بەخۆ و بە تفەنگەكەی لێمان بە ژووركەوت، ژنەكە زیڕاندی و گوتی: ئەیەڕۆ پیاوەكەمە: كابرا مێردی بوو، دوو سێ شەقەزللە لە ژنەكەی هەڵداو فڕێیدایە ئەولا، تفەنگەكەشی سوار كرد و خستیە سەرسەرم و بە پێلەقە كەوتە گیانم. منیش لە تاوی گیانی خۆم دەستم بە پاڕانەوە و نووزانەوە كرد و داوام لێكرد كە سوڵح بكەین و چی بوێ دەیدەمێ، تەنیا نەمكوژێت، ئەوەبوو رازی بوو، كە بەپارە لێمخۆش بێت و نەمكوژێت، لەگەڵ خۆم بردمەوە ماڵ پێنج هەزار دۆلارم دا پێی و ئەویش دەستی لێهەڵگرتم. بەمجۆرە گیانم رزگار بوو، من وامزانی ئیتر تەواو بوو كێشەكەم لەكۆڵ بۆوە، كەچی نەمزانی وەكو قیڕ پێمەوە دەنووسێت و وازم لێناهێنێت. دوای دوو سێ هەفتە دووبارە یەخەگیرم بۆوە و دیسان داوای پارەی لێكردمەوە، ئەوجارەش بڕە پارەیەكم دایە. جارێك دوو جاری تر، رۆژێك لەگەڵ ژنەكەی دەبێتە شەڕیان و زۆری لێدەدات، نازانم لەسەر چی بووە، بەڵام ئەوەندە دەزانم رۆژێك ژنەكەی بە ژمارەیەك تەلەفۆنی بۆ كردم و پێی گوتم: گوێ بگرە بزانە چیت پێدەڵێم، من فڵانەكەسم، دەمەوێ چیتر پارە نەدەیە (دژوار)ی مێردم، ئیتر تەواو، ویژدانم قبوڵ ناكات، لە وزەم نەما بەرگەی هەموو رۆژ لێدانی ئەو مێردە دەبەنگەم بگرم و ئەو تاوانەی كردیشم لەناخی خۆم هەڵیبگرم، بزانە با راستییەكەت پێ بڵێم، ئەو قسەكردن و ژوان دانان و هاتنە ماڵ و شەڕەكە و هەرچی روویدا، هەمووی تەمسیل بوو، هەمووی درۆ بوو، هیچی راست نەبوو، ئەوە هەموو مێردەكەم پێی كردم، هەر بۆ ئەوەی پارەت لێوەربگرێت، ئەو زۆری لێكردم كەوابكەم، چارەم نەبوو، لێیدەدام. بۆیە چیدیكە پارەی مەدەیە، ئەوجا تەلەفۆنەكەی داخستەوە. بەینێك تاسام و داڵغە بردمییەوە، ئاخیر سەیرە، كابرا تۆ هێندە خوێڕی بی، شتی وا بەژنت و بە خەڵكیش بكەی!؟ بۆیە كە (دژوار) تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی: یان پارەم بۆ دێنی یان من تۆ دەكوژم یان تۆ من دەكوژی، گوتم چاوت بە دینارێكی تر ناكەوێت و ئەوەی وەریشت گرتووە، لێت وەردەگرمەوە، ئەوەبوو، كە هات زۆرم ئاگادارم كردەوە، بەڵام ئەو لە جیاتی ئەوەی بڕوات و بگەڕێتەوە و واز لە مەسەلەكە بێنی، تەقەی پێوەنام، ئیتر دەبوایە یان رێگەی بدەم بمكوژێت یان بیكوژم، ئەوە گوفتار و یەكەم و دوا قسەی منە.
دادگایی كردن
كە لێكۆڵینەوە تەواو بوو، پاش ئەوەی دوو سێ مانگان (بەهزاد) ژیانی لەناو بەندیخانە بەسەر برد، دادگا پاش وردبوونەوە لە كێشەكەی و هەڵسەنگاندنی بەڵگەكان بە دوو ساڵان زیندانیی حوكمی دا، بەمجۆرە كێشەكە بڕایەوە.