چــــــۆن ســەری خۆی هەڵگرت؟

چــــــۆن ســەری خۆی هەڵگرت؟
(شەماڵ)، كە پێی نابووە (24) ساڵی تەمەنی، لەسەر كورسییەك لەیەكێ لە قاوەخانەكانی شارێكی وڵاتی (سوید) دانیشتبوو، لەگەڵ مژی دووكەڵی جگەرەكەی و فڕكردنی قاوكەی بەردەمی، سەربوردەی عەشقی خۆی بۆ (دلاوەر)ی هاوڕێی دەگێڕایەوە. (شەماڵ) لەسەرێكەوە لە ژێر فشاری هەڕەشەی كوشتنەوە، دوچاری دەردی غەریـبـی و دوورە وڵاتی و دوورە كەس و كاری ببوو، لەسەرێكی تریشەوە، ناچار كرابوو دەست لە خۆشەویستەكەی هەڵبگرێ، كە چوار ساڵان بە هەموو ژان و ژوورەكانییەوە خۆشی ویست.
(شەماڵ) كەتازە لە وڵاتی (سوید) وەرگیرابوو، خەریكبوو سەقامگیر دەبوو، لە وەڵامی پرسیاری (دلاوەر)ی هاوڕێی كە چۆن بووە كەوتۆتە داوی خۆشەویستی و پاشان زۆری لێكراوە كە وازی لێبێنێ و سەرهەڵگرێ، گوتی: هەتا تەمەنی بیست ساڵیش نەمدەزانی خۆشەویستی چییە و چۆنە، چونكە نەكەوتبوومە داوی خۆشەویستی و نەمتوانیبوو هیچ پەیوەندییەكی خۆشەویستی ببەستم، هۆیەكەشی ئەوەبوو كە سەرقاڵی كاركردن بووم، كارەكەم ئەوەبوو لەگەڵ براكانم بەتایبەتی (جەلال)ی براگەورەم بەشێوەی بەڵێندەرایەتی خانوومان دروست دەكرد، دەرفەتی ئەوەم نەبوو بپڕژێمە سەرخۆم و تۆزێك گەنجایەتی بكەم. رۆژێك برا گەورەكەم پێی گوتم: (شەماڵ) خانوویەكی تازەم گرتوە، یەك نهۆمییە و زەوییەكی بەتاڵی لە پشتە، خاوەنەكەی دەیەوێ زەوییەكەی تریشی بكاتە خانوویەكی یەك نهۆمی و لەگەڵ خانوەكەی تر لێكدی بدات، كارەكەی داوەتە من، دەمەوێ تۆ سەرپەرشتی بكەی، پاش ئەوەی نەخشە و شتەكانی تەواو دەكەین و كە دەستمان پێكرد، شتە سەرەكییەكانت پێدەڵێم، ئەویدیكە بۆخۆت بەجێدێڵم، منیش پێم گوت باشە لاریم نییە، ئەوەبوو یەك دووجار چووینە ماڵی خاوەن خانوووكە، چاوم بە كچێكیان كەوت و دواتر زانیم ناوی (نیان)ە و كچە گەورەی خاوەن خانووەكە بوو، پاش ئەوەی كارەكانمان وەرگرت و دەستمان بەجێبەجێكردنی كرد، (نیان) جارجارە بەخۆی یان بە منداڵێك ئاوی سارد یان چایەی بۆ دێناین، چەند جارێك وا رێكەوت بەخۆم ئاوەكە یان چایەكەم لێوەردەگرت، بەراستی بێ ئەوەی بەخۆشم بزانم كە (نیان) دەهات هەستم بە گوڕوتینێكی سۆزداری لە رادەبەدەر دەكرد، بێئەوەی هیچ شتێك لە نێوانماندا هەبووبێ وام هەست دەكرد دەمێ ساڵە دەیناسم، من لەخۆشی دیتنی ئەو هەموو رۆژێك دەچوومە سەر ئیش. باوكی (نیان) كەدەیدیت وا هێندە بە پەرۆش و دڵسۆزییەوە كار دەكەم و ئیشەكەی زۆر بە جوانی و رێكوپێكی بۆ رادەپەڕێنم، زۆری خۆش ویستم، بە ماڵەوەیانی گوتبوو، هەموو نیوەڕۆیەك بچمەوە یان نەچمەوە دەبێ ژەمە خواردنێكم بۆ دابنێن، منیش ئەو رۆژانەی كە دەمامەوە، كرێكارەكانم ئیزن دەدا و بەتەنیا بۆخۆم دەمامەوە، چونكە دەمزانی (نیان) بەخۆی سێنیە خواردنەكەم بۆ دێنێت، چەند جارێك من و (نیان) بەیەكەوە بۆ ماوەی چەند خولەكێك دادەنیشتین و گفتوگۆمان دەكرد و پرسیارمان لە یەك دەكرد، بەرە بەرە مەیل و هۆگریمان بۆ یەكتر زیاتر بوو، تا رۆژێك هەردووكمان دوو بەدوو دانیشتین و رازی دڵی خۆمان بۆ یەكتر ئاشكرا كرد و بە تەواوەتی بووینە خۆشەویستی یەكتر. ئەو خۆشەویستییە نزیكەی ساڵێك و هەندێكی خایاند بەڵام بێ ئەوەی كەس پێی بزانێ، من مەسەلەكەم بۆ براگەورەكەم باس كرد و ئەویش گوتی: با جارێ ئەو باسە بمێنێتەوە و بە نهێنی بیپارێزە تا كارەكانمان تەواو دەكەین، ئەوسا بە ئاشكرا دەچین داوای دەستی كچە دەكەین، با ئێستا بە جۆرێكی خراپ لێكی نەدەنەوە و نەڵێن تەماشا كەن نانیان خواردین و چاوی تەماحیشیان تێبڕین، من بیرۆكەی برا گەورەكەم زۆر پێ باش و مەعقول بوو،
من و (نیان) یش باسەكەمان لەگەڵ كردەوە و ئێمەش رێكەوتن لەسەر ئەوەی كە پەیوەندییەكەمان هەروا بە نهێنی بمێنێتەو نەبادا دواتر دوچاری كێشە و ئاڵۆزی بین، بەڵام پەیمانمان بەیەكدا كە لە هەموو حاڵەتێكدا هەر دەبێ بۆ یەك بین.
ئاشكرابوونی پەیوەندییە خۆشكەویستییەكە
(شەماڵ) بەینێك بێ دەنگ بوو، جگەرەیەكی دیكەی داگیرساند و دوو سێ مژی قوڵی لێداو فڕێكی لە قاوە ساردبووەكەی بەردەمی دا و دەستی بە گێڕانەوەی باسەكەی كرد و گوتی: خانووەكەمان تەواو كرد و حساب و كتابمان لەگەڵ یەك كرد و خواحافیزیمان لێك كرد، بەینێكی پێچوو، نزیكەی هەفتەیەك دەبوو، بەهەنجەتێك خۆم گەیاندەوە ماڵی (نیان) و دەرفەتمان وەرگرت و بەیەكەوە قسەمان كرد، چەند جارێكی تریش هاتووچۆم كردنەوە، ئەوە قسەكردن بە مۆبایلیش هەر هیچ، هەموو رۆژێك، كەم تا زۆر بەیەكەوە قسەمان دەكرد، لەو هاتوچۆیانەمدا، باوكی هەستی بەشتێك كرد، رۆژانی تر، بەهەر هۆیەك ئەگەر لەگەڵ باوكی چاومان بەیەكتر بكەوتبایە، بە مۆن و گرژییەكی ئاشكراوە، بە رەقی و بێ موجامەلە قسەی لەگەڵ دەكردم، كەچی پێشتر زۆری خۆشدەویستم، بۆیە دووبارە مەسەلەی خوازبێنییەكەم لەگەڵ براگەورەكەم و ماڵەوەمان باس كردەوە، ئەوە بوو رێكەوتین و چووینە خوازبێنی و داوای كچەمان كرد. كەچی باوكی كچە بە هەڵچوونێكی زۆر و رەتكردنەوەیەكی ئاشكراوە وەڵامی داینەوە و داوای لێكردین كە جارێكی تر ئەو باسە نەكەینەوە، دەتوانم بڵێم هەر دەریكردین، بەم وەڵام و هەڵوێستەی باوكی تووشی پەشۆكان و شكستێكی گەورە هاتم، بڕوام نەدەكرد ئەوە هەڵوێستی بێت، پاش ئەو هەڵوێستەی باوكی گڕوتینمان بۆ یەكتر زیاتر و زیاتر بوو، شەوانە تا درەنگانی شەو خەریكی قسەكردن بووین لەگەڵ یەك. لەسەر تەلەفۆنیش چەند جارێك باوكی لێیدا و دووچاری فشاری زۆر هات، بەڵام ئەوەی كە چاوەڕوان كراو نەبوو، بڕیاری باوكی بوو لەسەر بە شوودانی بە ئامۆزایەكی خۆی، جا لەبەر ئەوەی مۆبایلەكەی لێوەرگرتبۆوە، پەیوەندیمان پچڕابوو، ماوەیەك هەواڵیم لێپچڕابوو، تا رۆژێك لە رێگەی خزمێكیانەوە زانیم كەوا لەو ئامۆزایەی مارە كراوە، (نیان)یش گوتبووی مارەشم بكەن و بشمگوازنەوە بە مردن و ژیان ئەمن هەر هی (شەمال)م.
بەهەر حاڵ بەخۆشی بێ یا ترشی (نیان) گوازرایەوە، نە من دەمتوانی دەستبەرداری بم نە ئەویش، بەڵام ئاخیرییەكەی برا گەورەكەم گوتی وازی لێبێنە با تووشی كێشەیەك نەبین، تازە ئەو مێردی كردوە و خاوەن ماڵ و مێردی خۆیەتی، منیش لەسەر قسەی ئەو ماوەیەك وازم لێهێنا، بەڵام (نیان) لەسەر هەوڵی خۆی كە پەیوەندی لەگەڵم نەپچڕێ هەر بەردەوام بوو، ئیتر سەركێشی گەورەمان دەكرد، ژوانمان دادەنا و كە دەچووە بازاڕ ئاگاداری دەكردمەوە و منیش دەچووم و یەكتریمان دەبینی، تا رۆژێك مێردەكەی زانی، كارەكە گەورە بوو، ماڵی خەزوور و باوكی (نیان) كۆبوونەوە و بڕیاراندا كە هەردووكمان بكوژرێین، ئەوان كچی خۆیان و برا گەورەكەی منیش، من بكوژێت. برا گەورەكەشم زۆر لەمن توڕە و پەست ببوو، دەیگوت: پێتم گوت وازی لێبێنە، تازە مێردی كردووە و پیاوێكی دیكە لە ژیانیەتی، دەتەوێ هەموومان بە قوربانی هەواوهەوەسی خۆت بكەی و گوێ بەكەس نادەی. ئەوان دەیانگوت ئێمە كچی خۆمان دێنینە ئاقار و ئێوەش كوڕی خۆتان بێنن، هەردوولا هەر كەسە و هی خۆی دەكوژێت، براگەورەكەم منی برد و ئەوانیش كچی خۆیان هێنا، ئەوان دەیانگوت یەكەمجار ئێوە كوڕی خۆتان بكوژن، ئینجا ئێمە كچی خۆمان دەكوژین، لەو قسانەدابووین، بەڵام دواتر باوكی كچە گوتی من كچی خۆم ناكوژم كوڕی ئێوەیە وازی لێنەهێنا، تەنیا دەبێ (شەماڵ) بكوژرێت، بووە مشتومڕیان، برا گەورەكەم منی سواری ئۆتۆمبیل كرد و هێنامییەوە ماڵەوە، تەلەفۆنی بۆ وان كرد و گوتی: نە ئێوە كچی خۆتان بكوژن، نە ئێمەش كوڕی خۆمان دەكوژین، من (شەماڵ)دەنێرمە ئەوروپا و ناهێڵم جارێكی دیكە چارەی ببینینەوە و ئێوەش بەردێك لەسەر مەسەلەكە دابنێن و كۆتایی پێدێنین، ئەوانیش بە مەرازی بوون و دوای مانگێك بە قاچاغ گەیشتمە (سوید) و وا لێرە ژیان بەسەر دەبەم.
Top