روَمانسییه‌ت له‌ ژیانی هاوسه‌ر

روَمانسییه‌ت له‌ ژیانی هاوسه‌ر
ئا:هێمن قه‌سره‌یى

توێژه‌رێكى كۆمه‌لاَیه‌تى:پێویسته‌ ئه‌و رۆمانسیه‌ته‌ بمێنێته‌وه‌
پیاوێك:ئه‌و هه‌سته‌ گرنگترین هۆكاره‌ بۆ سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وام بوونى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى
ژنێك: پێویسته‌ له‌دواى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى هه‌ستى رۆمانسیه‌ت زیاتر بێت


هه‌ندىَ كه‌س له‌و برِوایه‌دان كه‌ هه‌ستى رِۆمانسیه‌ت په‌یوه‌سته‌ به‌ قۆناغى پێش هاوسه‌رگیرى،
هه‌ندێكى تر پێیان وایه‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌و هه‌سته‌ بوونى هه‌بێت و به‌رده‌وام بێت له‌نێوان هاوسه‌ره‌كاندا له‌دواى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى، ئایا به‌ رِاى تۆ خۆشه‌ویستى و رِۆمانسیه‌ت تا چه‌ند گرنگه‌ له‌ژیانى ژن و مێرد دا؟


(په‌یمان) 23 ساڵ"پێویسته‌ هه‌موو كاتێك هه‌ستى رۆمانسیه‌ت و خۆشه‌ویستى له‌نێوان هاوسه‌ره‌كاندا هه‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ هۆكارێكى سه‌ره‌كییه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى و دابینكردنى ژیانێكى به‌خته‌وه‌ر، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ دانیم ته‌نها پێش هاوسه‌رگیرى ئه‌وه‌ هه‌بێت به‌ڵكو ده‌بێت دواى ئه‌وه‌ى ده‌بنه‌ هاوسه‌رى یه‌كتر زیاتر بێت"
(محه‌مه‌د) 26 ساڵ"له‌وانه‌یه‌ هۆى كه‌مى خۆشه‌ویستى له‌نێوان هاوسه‌ره‌كاندا بۆ ئه‌و كێشانه‌ بگه‌رِێته‌وه‌ كه‌ رِووبه‌رِوویان ده‌بنه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پێش ئه‌وه‌ى بچنه‌ ناو ژیانى هاوسه‌رییه‌وه‌ ئه‌و كێشانه‌ نین یان زۆر كه‌من به‌لاَم به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ده‌بێت هه‌ ستى رۆمانسى رۆژ له‌دواى رۆژ زیاتر بێت له‌نێوانیان، ئێستا زیاتر له‌ جاران هاوسه‌ره‌كه‌م خۆشده‌وێت هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندىَ كێشه‌ هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ بارودۆخى بژێوى ژیانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌لاَم نابێت ئه‌مه‌ ببێته‌ رِێگر"
(په‌روین) 31 ساڵ"پێویسته‌ خۆشه‌ویستى و ده‌ربرِینى هه‌ستى رۆمانسى له‌دواى پێكهێنانى ژیانى هاوسه‌رى زیاتر بێت به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تاكه‌ى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ژیانێكى دوورودرێژ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌بن ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندى پێویستى به‌ به‌بوونى هه‌ستى خۆشه‌ویستى و رێزگرتن له‌هه‌ستى یه‌كتر و ره‌خساندنى كه‌شێكى رۆمانسى هه‌یه‌ له‌ژیانیاندا"
(عه‌لى) 36 ساڵ" زۆر كه‌س به‌ خۆشه‌ویستى ژیانى هاوسه‌رى پێكهێناوه‌ به‌لاَم به‌ره‌به‌ره‌ ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ له‌نێوانیان كه‌م ده‌بێته‌وه‌، هه‌ندىَ كچ و كورِ به‌ رِێكه‌وت ده‌بنه‌ هاوسه‌رى یه‌كتر كه‌چى رۆژ له‌دواى رۆژ خۆشه‌ویستى له‌نێوانیان زیاد ده‌كات، من پێم وایه‌ بوونى هه‌ستى خۆشه‌ویستى و رۆمانسى گرنگترین هۆكارن بۆ سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وام بوونى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى"
(نارین) 27 ساڵ" نه‌ك ته‌نها له‌نێوان هاوسه‌ره‌كاندا ده‌بێت هه‌ستى خۆشه‌ویستى و رۆمانسى هه‌بێت به‌ڵكو پێویسته‌ مرۆڤ به‌درێژایى ژیانى به‌دڵێكى فراوان و پرِ له‌خۆشه‌ویستى هه‌ڵسوكه‌وت بكات، به‌لاَم له‌نێوان ژن و مێرد پێویسته‌ ئه‌و هه‌سته‌ بگاته‌ لوتكه‌، بۆ ئه‌وه‌ى كاریگه‌رى پۆزه‌تیڤ له‌سه‌ر منداڵه‌كانیان درووست بكات و ئه‌وانیش به‌ سۆزى دایك و باوكیان گه‌وره‌ ببن و ژیانیان خۆش بێت، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رِێته‌وه‌ بۆ هه‌ردوو رِه‌گه‌زه‌كه‌ له‌وه‌ى تاچه‌ند ئه‌توانن بگونجێن له‌گه‌ڵ یه‌كتر"
(سه‌ردار) 42 ساڵ" ئه‌مه‌ به‌ پێى كه‌سه‌كان ده‌گۆرِێت، من به‌ خۆشه‌ویستى ژنم نه‌هێناوه‌ به‌لاَم ئێستا له‌دواى تێپه‌رِبوونى یازده‌ ساڵ ژیانمان له‌وپه‌رِى خۆشیدایه‌ و رِێز له‌هه‌ستى یه‌كتر ده‌گرین، برِوامان به‌ یه‌كتر هه‌یه‌ و تێگه‌یشتن هه‌یه‌ له‌نێوانماندا، سه‌باره‌ت به‌ رۆمانسیه‌ت پێم وایه‌ ئه‌وه‌ زۆر گرنگه‌، من كه‌سێكى زۆر رۆمانسیم، هیوام وایه‌ هه‌موو كه‌سێك پێش ئه‌وه‌ى ژیانى هاوسه‌رى پێكبهێنێت و له‌دواى ئه‌وه‌شدا رێز له‌هه‌ستى یه‌كتر بگرن و هه‌ستى یه‌كتر بریندار نه‌كه‌ن و خۆشه‌ویستیه‌كى راسته‌قینه‌ به‌یه‌كتر ببه‌خشن بۆ ئه‌وه‌ى منداڵه‌كانیشیان به‌و هه‌سته‌ په‌روه‌رده‌ بكرێن"
(توانا) 29 ساڵ"هه‌ندىَ هاورِێم هه‌ن هه‌ست به‌ بێزارى ده‌كه‌ن په‌شیمانن له‌پێكهێنانى ژیانى هاوسه‌رى، ئه‌مه‌ش به‌رِاى من بۆ نه‌بوونى خۆشه‌ویستى و له‌یه‌كتر تێگه‌یشتن ده‌گه‌رێته‌وه‌، به‌لاَم من هیچ كاتێك په‌شیمان نیم و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م وه‌ك دوو هاورِىَ هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ین، من به‌خۆشه‌ویستى ژیانى هاوسه‌ریم پێكهێناوه‌ و ئێستاش خۆشم ده‌وێت"
له‌كۆتاییدا ویستمان رِاى (به‌یان رِه‌فیق) توێژه‌رى كۆمه‌لاَیه‌تى و ده‌روونى وه‌ربگرین، به‌یان ره‌فیق سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ گوتى" به‌دڵنیاییه‌وه‌ رۆمانسیه‌ت ئه‌و كه‌شه‌ درووست ده‌كات ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین رۆمانسیه‌ت هۆكارێكه‌ بۆ به‌یه‌ك گه‌یشتنى كچ و كورِ به‌لاَم ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین له‌ كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌دا تاچه‌ند له‌دواى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى ئه‌و رۆمانسیه‌ته‌ ئایا هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ وه‌ك پێش پرۆسه‌كه‌ یان گۆرانكارى به‌سه‌ردادێت، پێویسته‌ ئه‌و رۆمانسیه‌ته‌ بمێنێته‌وه‌، زۆر جار ئافره‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت پیاوه‌كه‌م وانه‌بوو بۆ خراپ بووه‌ به‌رامبه‌رم به‌لاَم خۆى خراپ نه‌بووه‌ به‌ڵكو له‌وانه‌یه‌ كه‌م بووبێته‌وه‌، له‌كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌دا رۆمانسیه‌ت له‌دواى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیریدا كه‌م ده‌بێته‌وه‌ به‌تایبه‌تى له‌لایه‌ن پیاوه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌زانىَ ئه‌و هه‌سته‌ ده‌رببرِێت یان نا ئه‌و ئافره‌ته‌ هى خۆیه‌تى، هه‌ردوو لا ده‌ور ده‌بینن زۆر جار ئافره‌ته‌كه‌ش ده‌ور ده‌بینێت، زۆر جار پیاو و ئافره‌ت ئه‌و هه‌سته‌ ده‌رنابرِن به‌ چاو یان جولاَنه‌وه‌كانیان زۆر جار ئافره‌ت خه‌مى هه‌یه‌ به‌ چاولێكردنێكى پیاوه‌كه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌قه‌د رۆمانسیه‌تى كاتى ده‌زگیرانیه‌كه‌ رۆمانسیه‌تى بداتىَ به‌لاَم ناتوانىَ ئه‌و رۆمانسیه‌ته‌ ده‌رببرِێت. من شازده‌ ساڵه‌ له‌پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى دام له‌وانه‌یه‌ به‌ چه‌ندین كێشه‌دا رۆیشتبم له‌قولاَیى كێشه‌كاندا گه‌رِاومه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ چونكه‌ ناكرێت دوو هاوسه‌ر رِقیان له‌یه‌كتر بێت، رۆمانسیه‌تیش به‌پێى ته‌مه‌ن ده‌گۆرێت له‌گه‌نجیدا پێویستمان به‌ شێوه‌یه‌ك له‌رۆمانسیه‌ت هه‌یه‌ له‌ته‌مه‌نى ناوه‌راست دا پێویستى به‌شێوه‌یه‌كى تر هه‌یه‌ دواى ئه‌وه‌ش له‌ته‌مه‌نى پیریدا پێویستى به‌ جۆرێكى تر هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كى گشتى رۆمانسیه‌ت زۆر گرنگه‌ له‌نێوان هاوسه‌ره‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ى ژیانیان به‌خته‌وه‌ر بێت"
Top