لەســــەر ژن هــــێنان دەستگیر

لەســــەر ژن هــــێنان دەستگیر
پاشنیوەڕۆیەكی فێنك بوو، جەماعەت هەموو لە ژێر هەیوانی ماڵی(حەسەن) دانیشتبوون دابوویانە پێكەنین،(شێروان) بە پێكەنینەوە رووی دەمی لە( حەسەن) كرد و پێی گوت: كاكە دە بگێڕەوە بزانین لە دادگا چت بەسەرهات و بۆ كە لەپچەیان لە دەستی كردی و سواری ئۆتۆمبێلی پۆلیسیان كردی و ئەمجا دایانبەزاندییەوە و كەلەپچەیان لە دەستی كردییەوە،(حەسەن) تێر پێكەنی و لەبەر قاقای خۆی و جەماعەت پینەدەكرا قسە بكات، كە هێوەربوونەوە، ئەوجا دەستی بە گێڕانەوە كرد و گوتی: كاكە بە خۆتان دەزانن ئەوە ساڵێك زیاترە ژنی یەكەمم بەسەر منداڵەوە گیانی لە دەست دا و چووە بەر دلۆڤانی خودێ، ئێ بە خۆشتان دەزانن دوو منداڵی وردم هەنە و منداڵیش بەبێ دایك یا سەرپەشتیار، بە باوك بەخێو ناكرێت، بەخێوكردنی منداڵ ئیشی پیاوان نییە، كوڕە هەر لێشی نازانن، بە برای خۆم بڵێم بڕیارمدا ژنێكی دیكە بێنمەوە، ئەوەبوو خودا(سەبیحە)ی بە قسمەت كردم و لەلای مەلا بە شاهێدی خزم و ناسیاوان مارەم كرد و ناوی خوام لێهێناو دوای هەفتەیەك گواستمەوە، نێزیكەی پێنچ شەش مانگی بەسەرداچوو ئەوجا چوومە دادگا گرێبەستی مارەبڕین دەربینم، كە چووم یەكسەر رەوانەی پۆلیسان كردم، لەوێ ئیفادەیان لێوەرگرتم، گوتم: ئەوە چییە، چما من چم كردییە بدرێمە پۆلیسان؟ گوتیان: چۆن؟ تاوانت كردیە و ژنی دووەمت هێنایە و لە دەرەوەی دادگاش مارە كردیە، ملم لەبەر ملیان نەنا، دەمزانی چم پێناكرێ گوتیان: شێلوو مەبە، چ لە گۆڕێ نییە، ئیشەكانت بۆ تەواو دەكەین، ئەوە شتی سەرپێین، رەوانەی دادگات دەكەین و لەوێش زۆر زۆر حكومەت بڕە پارەیەكت لێدەستێنێ و بەڕەڵڵا دەكات .
ئیتر منیش مەسەلەكەم بە هەند وەنەگرت، دوای دوو مانگ و نیو، كە گرێبەستەكەم، ئامادەبوو، رۆژێك پۆلیسێك هات و گوتی: فڵانە رۆژ دادگاییتە، رۆژی مەقسوود چووم، بانگیان كردم و دادوەر گوتی: ژنی یەكەمت هاتییە؟ گوتم نەخێر، ئینجا دەستكرا بە دادگاییكردن گوتم: بە قورئان خراپ پێوەبووم، ئەدی باشە پۆلیسەكان نەیانگوت هیچ نییە، ئەوپەڕی ئەگەر بڕە پارەیەكت لێبستێنن، كەچی وا لە پێش حاكمیان راگرتووم و وەڵڵاهی من بزانم حوكم دەدرێم، حاكمەكە لێی پرسیم، بۆچی ژنت بەبێ پرسی دادگا مارەكردییە؟ منیش سەیرم بە پرسیارەكە هات زۆر لە بە خۆ دڵنیابوونەوە گوتم: مەگەر ئیزنی دادگای بۆ چییە، خۆ من ژن بۆ خۆم دێنم، خۆ بۆ دادگای ناهێنم، دادوەر و ئەوانەی ئەوێندەرێش دایانە قاقای پێكەنین.
ئەوجارە دادوەرەكە گوتی: كوڕم مەبەستم ئەوەیە بۆچی لە دەرەوەی دادگا ژنت مارە كرد و ئەو ماوە زۆرەشی بەسەرداچوو؟ ئەوجا هاتی، پاشان لەبەر ئەوەی ژنی یەكەمیشت ئامادەنییە، لەبەر هەندێ تۆ تۆمەتبار كراوی، نەمزانی چ وەڵامێكی دادوەر بدەمەوە، خۆم كڕ كرد و بزانم مەسەلەكە چی لێدێت.
ئەوەبوو نیوكاتژمێریان لەبەردەم دادوەر راگرتم پاشان بڕیاری دەركرد بە بەندكردنم، بۆ ماوەی دوو مانگ، كە تەواو بوو دادوەر پێی گوتم: دادگا تۆمەتت ئاڕاستە دەكات لەبەر ئەوەی تاوانت كردییە و سەرپێچی یاسات كردووە، دادگا بڕیاری دوو مانگ بەندكردنیتی دا، واقم و ڕما، بردمیانە دەرەوە و (سەبیحە) ش لە پشتمەوە بە پۆلیسەكانی گوت: بۆ كوێی دەبەن؟گوتیان: بەندیخانەی گشتی، هەتا دوو مانگان لەوێ لێی پاڵ بداتەوە، كوڕە هیچی نەكردییە و كوڕە مەیبەن، سوودی نەبوو.
كەلەپچەیان لە دەستی كردم و سواری ئۆتۆمبێلی بەندییەكانیان كردم، گوتم بۆ كوێم دەبەن، گوتیان بۆ بەندیخانە، چ جێگەی تر هەیە، سواری ئۆتۆمبێل بووم و دانیشتم و رووم لە پۆلیسێك كرد و گوتم: بزانە ئەوە چ یاسایەكە، ژنت بمری و ژنێكی تر بێنیەوە، بتگرن و لە كونجی زیندانت بكەن، ئاخر كە پیاو ژنی بمرێ چۆن دەتوانێ ژنێكی تر نەهێنێتەوە، منداڵی چۆن پێ بەخێو دەكرێت، ئەفسەرەكە گوێی لەو قسانەم بوو، گوتی: تۆ ژنی یەكەمت مردووە؟ گوتم: بەڵێ گوتی: ئەی بۆ بە زیندانیكردن حوكم درایی: گوتم: ئەوجا ئەوە دادگا بزانێت، بیرێكی كردەوە گوتی: باشە : دادوەر زانی كە ژنی یەكەمت مردووە؟ گوتم: دادوەر بەمنی گوت ژنی یەكەمت هاتووە، گوتم نەخێر، ئەفسەرەكە یەكسەر تێگەیشت و گوتی: بەخوا كابرا خراپت لە حاكم گەیاندییە و تێكەوتووی بە پۆلیسەكانی گوت: بیهێننەوە خوارەوە، لەگەڵ خۆی بردمی بۆ لای دادوەر و یەكەمجار بە تەنیا چووە ژوورەوە و دیاربوو پێی گوتبوو كە ئەوە ژنی یەكەمی مردووە، دادوەر بانگی ژوورێی كردم و لێیپرسیم ژنی یەكەمت بۆچی نەهاتووە؟ گوتم: گەورەم ژنی یەكمم ماوەیەكە مردووە، دادوەریش گوتی: ماڵت نەشێوێ، ئەدی بۆ وات نەگوت: سەرت لە خۆت و لە كاری دادگاش شێواند، ئێ باشە نابێ بڵێی ژنی یەكەمم مردووە، ئەوجا سەر لە نوێ رایانگرتمەوە و حوكمەكەیان هەڵوەشاندەوە و دووبارە تێی هەڵچوونەوە و دادگایی كرامەوە، ئەو جارە بڕیاریدا شەش مانگان بەند بكرێم، بەڵام بەندكردنەكەم رابگیرێت، دادوەر رووی تێكردم و گوتی:( حەسەن) ئەوە لەسەر ئەو تاوانەی كە ئەنجامت داوە لە دەرەوەی دادگا ژنی دووەمت مارەكردووە شەش مانگم زیندانی كردی و حوكمەكەم راگرت، كە تەواوی كرد گوتی: بیبەنە دەرێ، منیش رووم لە ئەفسەرەكە كرد و گوتم: ئاخر كابرا چ خێرت گەیشتێ وات لێكردم، حوكمەكەم لە دوو مانگان بووە شەش مانگ، هیچ نەبێ دوو مانگەكە زوو دەڕۆێی، ئاخر شەش مانگ نیوە عومرێكە، بەخۆشە خۆش هێناومتەوە بەردەم دادگا و حوكمەكەت لێ زیاد كردم، خوا جەزای خێرت بداتەوە، كە حاكم و ئەفسەرەكە و جەماعەتی ناو دادگا گوێیان لەو قسانە بوو، زانیان لە وشەی (حوكمەكەم راگرت) نەگەیشتمە، دایانە قاقای پێكەنین و كەس خۆی پێنەدەگیرا، منیش وەك مەڕەگێژان دەمم بەش ببۆوە و چاوم زەق واق و ڕما و تەماشایانم دەكرد و نەمدەزانی مەسەلەكە چییە، دادوەر، گوتی: مەترسە، ناتبەنە، بەندیخانە، دەستی ژنت بگرە و بڕۆوە ماڵێ، ئەفسەرەكە پیلی گرتم و لە دەرەوەی هۆڵی دادگا، بە پێكەنینەوە گوتی: كاكە خوا جەزای خێرم هەر دەداتەوە، لە دوو مانگ زیندانی كردن، وام كرد ئازاد بكرێی، دەبڕۆوە ماڵی خۆت، نیو كاتژمێری پێچوو هەتا لە مەسەلەكە گەیشتم، بەڕاستی خەریكبوو بە خۆمیش لەبەر پێكەنینان بمرم، ئەوەش بەسەرهاتی من بوو، وەڵڵاهی هەتا لە دادگا نەهاتمە دەرێ باوەڕم بە خۆم نەكرد.
Top