ئەو وێنـــانەی هەڵاڵـــەیان بە

ئەو وێنـــانەی هەڵاڵـــەیان بە
خۆشەویستی لە ماوەی خوێندنی زانكۆییدا
(خۆشەویستی)، وەفای تیا نەماوە، ئەوەی هەیە ریایی و ناپاكییە، یان كات بەسەر بردن و پڕكردنەوەی دەست بە تاڵییە، یان مەیلێكی هەرزەكارانەیە.. بەو قسانە خاتوو(هەڵاڵە) كە ئێستاكە ئەندازیاری كارەبایە و مێردی هەیە و خاوەن دوو منداڵە، بۆچوونی خۆی لەمەڕ خۆشەویستی دەربڕی، ئەو ئەزموونێكی لەو بارەیەوە هەیە و حەزمان كرد، ئەزموونی خۆی لەم روداوەدا یاداشت بكەین و بۆ خوێنەرانی بگێڕینەوە، (هەڵاڵە) خان سەبارەت بە یەكەم ئەزموونی خۆشەویستی خۆی و دواتر لێكدابڕان و پاشان شووكردنی و تەڵاقدانی لە شەوی زەماوەندیدا و دواتر مێركردنی بە كەسێكی تر، بەمشێوەیە سەربووردەی خۆی گێڕایەوە و گوتی: تازە لە كۆلێژی ئەندازیاری وەرگیرابووم، زۆرم حەز لەو كۆلێژە دەكرد و هەوڵ و كۆششی زۆرم بۆیدا، تا لێی وەرگیرام بەر لەوەرگیرانم، زۆر گەنج دەور و خولیان دەدام، پەیوەندی خۆشەویستیم لەگەڵدا ببەستن بەڵام من هەموویانم رەتدەكردەوە، تاوە چوومە زانكو، لە ژیانی زانكۆیم ساڵی یەكەم و دووەم، تەنیا بیرم لە خوێندنەكەم دەكردەوە، پەیوەندی خۆشەویستی و سۆز و سۆزداریی بە تەواوەتی لەلایەن هەر كەسێك پێشكەشم بكرایە، رەتیم دەكردەوە، لە قۆناخی چوارەمی كۆلێژ، كوڕێكی قوتابی، كە لە بەشەكەی مندا نەبوو، زۆری خۆنیشان دەدام، بەڵكو وەڵامی بدەمەوە، یان یەكتری بناسین، منیش نەك هەر رووم نەدەدایێ تەنانەت ئەو لە هەر شوێنێك بووایە، من دوور دەكەوتمەوە لەو شوێنە و بە هەر هەڵسووكەوتێك هەوڵم دەدا تیێ بگەیەنم كە ئەو بۆ من هیچ شتێك ناگەیەنێ، بەڵام ئەو وازی نەدەهێنا و كۆڵی نەدەدا و بەردەوام بوو لەسەر هەوڵەكانی خۆی، یەك دوو كچە هاوەڵی منی تێگەیاند بەڵكو تەنیا یەكجار لەگەڵی دانیشم و هەندێ قسەی هەیە، من هەر رازی نەدەبووم، رۆژێك لە كافتریای كۆلێژ من و كچێكی هاوپۆلم دانیشتبووین، ئەویش بێ رووخسەت وەرگرتن، لە ئێمە، داخۆ رازین دابنیشێ یان نەء، هات لەسەر كورسییەك بەرامبەرمان دانیشت، سڵاوی كرد و چاك و چۆنی لەگەڵدا كردم و منیش بە كورتی و بە ساردی وەڵامم دایەوە، باسەكەی خۆی كردەوە و بێ پێشەكی گوتی: دەزانم(هەڵاڵە) خان تۆ حەز ناكەی من لەگەڵت دابنیشم و هەتا ئێستاش چەند جارێك رەفزت داومەتێ، بەڵام من مەبەستێكی پاكم هەیە و حەز دەكەم بێمە خوازبێنیت، منیش نەمهێشت درێژەی پێبدات، گوتم: ئەگەر ئەوە مەبەستیشت بێ، بەڵام من رازی نیم و نامەوێ، گوتی: بۆ هیچ عەیبێكت لە من بیستوە یا دیتووە گوتم: نەخێر نە عەیبم لێت دیتووە و نەبیستووشمە، بەڵام من رازی نیم و تەواو، هەستا و رۆیشت، بەڵام هەستم كرد هەر واز ناهێنێ، ئەمجارە بە نەرم و نیانتر، بەڵام بێ ئەوەی من پێی بزانم فێڵاویتر، یەك دووجار بە تەلەفۆن هەمان باسی كردەوە دەنگی تۆماركردم بێ ئەوەی من پێی بزانم، منیش زۆر بە كورتی وەڵامیم دایەوە و تەلەفۆنەكەیم پچڕاند، كە ئەو هەڵوێستانەی لە من بینیبوو دیاربوو، بڕیاری دابوو تۆڵەم لێبكاتەوە، هەر چۆنێك بێت، هەستم بەو رق و كینەی ناخی نەدەكرد، چونكە ئەسڵەن من هەر گرنگیم پێنەدەدا، وا رێكەوتووە لەگەڵ قوتابی دیكە لەسەر مێزێك دانیشتین لە كافتریا یان لە ناو باخچەی كۆلێژ ئەویش لەوێ بووبێ، یان بە خۆی وای رێكخستبێت، وێنەی لەگەڵدا گرتووم، لەو ماوەیەش كوڕێكی قوتابی هەمان بەشمان بەڵام لە پۆلێكی تر، هەوڵی لەگەڵ دام بۆ ئەوەی بێتە خوازبێنیم، ماوەیەك هەوڵیدا و ئەم و ئەوی تێگەیاند و خۆی لێی نزیك كردمەوە و چەند جارێك بەیەكەوە دانیشتین و لەسەر هەندێ شتی گشتی رێككەوتین من مەسەلەی ئەو كوڕەشم لەو گەیاند، پاش دوو سێ مانگ پەیوەندییەكەمان گەرم و گوڕتر بوو، بەڵام، بە هەر حاڵ یەك دووجار لەسەر ئەو مەسەلەیە بووە سووكە مشتوومڕمان، بەڵام من وام لێكدەدایەوە كە ئەوەش جۆرێكە لە (غیرە) كردن و خۆشەویستی بۆیە وا دەكات، ئەو كوڕەی پێشتر بەدەرنگەوە مەسەلەكەی زانی، چونكە ماوەیەك بوو لە كۆلێژ نەمدەبینی، دیاربوو سەفەری كردبوو، كە بە دیار كەوتەوە و بە مەسەلەكەی زانی كێچ كەوتە كەوڵی و ئۆقرەی نەدەگرت.
رۆژی گواستنەوە
(هەڵاڵە)خان لە گێڕانەوەكەیدا بەردەوام دەبێ و دەڵێ: ئێمە وا رێككەوتین كە دوای تاقیكردنەوەكانی نیوەی ساڵ زەماوەند بكەین، كە تاقیكردنەوەمان تەواو كرد، ئێمەش خۆمان سازدا بۆ ئاهەنگی زەماوەند، دیار بوو تاقیبی بەردەوامی زەماوەندی منی دەكرد ئێمە لە دوای زەماوەند شەو چوینە هۆتێلێك تازە چووبووینە ژوری خۆمان تەلەفۆن كرا یەكێك هەندێ قسەی كرد، تەنیا هەندێ وشەی گوت و پرسیاری كرد، دیاربوو پێی گوتبوو ئەگەر لە ژوورەوەی وەرە دەرەوە با ئەو گوێی لە قسەكانمان نەبێت و پرسیار نەكات، پاش نیو كاتژمێر لە تەلەفۆن كردن، چووە خوارەوە و زەرفێكیان پێدا كە وێنەی تێدابوو، بە هەرحاڵ مەسەلەكە ئەوەبوو پێی گوتبوو گوایە پێشتر پەیوەندی لەگەڵ مندا هەبووە و ئێستا كە مێرد بە تۆ دەكات خیانەتی لە من كردووە، هاتەوە سەرەوە، غەزەب لە چاوی دەباری و ێنەكانی فڕێدایە پێشم و كۆڵێك جنێوی پێدام و بووە دەمەقاڵیمان چەندی داوای سەبر و ئارامیم لێكرد تا بوار بدات بۆی روون بكەمەوە و هیچی دیكە، بەڵام ئەو گوێی لە هیچ نەبوو قسەیەك لە من و قسەیەك لەو مشتومڕەكەمان گەرمتر و ناكۆكییەكانمان زیاتر بوو، بەهۆی دروست بوونی دەمەقاڵیمانەوە، هەردوولا هەڵچووبووین، ئینجا خزم و كەسی خۆی و منیشی كۆكردەوە و لە پێشیان گوتی: من نامەوێت هیچیشی نییە بەڵام پێشتر پەیوەندی لەگەڵ كوڕێكی تردا هەبووە منیش لە پێش كەسوكاری هەردوولا بە درۆزنم دەرهێنا و گوتم: ئەگەر ئەو جارێك منی نەوێت، من سەد جاران نامەوێت، لە پاش ئەو قسەیەم تەڵاقی فڕێدا و سێ بەسێ تەڵاقی دام، بەمجۆرە لێكجیابووینەوە هەمووش بەهۆی فیتنەكاری و بوختان و درۆیەكانی ئەو كوڕەوە بوو.
منیش سوێندم خوارد، ببێتە خاك و خۆڵیش، بشمرێت و دنیاشی بەسەردا بڕوخێت مێرد بەو نەكەم.
هەر پاش مانگێك كەسێكی تر هاتە خوازبێنیم، كە ئەندازیار بوو، دوو سێ ساڵان پێش من كۆلێژی تەواوكرد بوو، منیش رام لێبوو، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە رازی بووم، بەڵام من پێشوەخت بەسەرهاتی خۆم و ئەو قوتابییە لاسارەم و چۆنییەتی مارەكردن و تەڵاق دانم، بە وردی لە نووكەوە بۆی گێڕایەوە و هیچ شتێكم لێنەشاردەوە، ئەویش دوای پرسین و لێكدانەوەی مەسەلەكە و تێگەیشتنی لە راستی مەسەلەكە و لە رابردووی چاكی من، قەناعەتی تەواوەتی پێم هاتبوو بۆیە رازی ببوو.
بەمجۆرە ژیانی هاوسەرێتیمان پێكهێنا و ئێستاش دوو منداڵم هەیە و لە خوا بە زیادبێ، من و هاوسەرەكەم یەكـــترمان، زۆر خۆشدەوێت و زۆریــش تەبا و گونجاوین و رێز لە یەكتر دەگرین نەفرەت لـە خــۆشەویستییەكیش بێت كە لەسەر حیسابی رێز و كەسایەتی و حورمەت و كەڕامەتی مرۆڤ بێت.
Top