كوشــتنی پیاوێـك لە بارودۆخێكـ

كوشــتنی پیاوێـك لە بارودۆخێكـ
رووداوێك لە شەوێكی ترسناكدا
(سەمیعە) بە خەمباری و دڵتەنگییەوە، دەستی لە بن چەناگەی نابوو، لەسەرێكەوە غەرقی داڵغە و خەیاڵەكانی خۆی بوو، لەسەرێكی تریشەوە دڵۆپ دڵۆپ فرمێسك بە چاوەكانیدا دەهاتە خوارێ. زۆر بە پەرۆش بووین، بەسەرهاتی بێوەژنێی ئەم ئافرەتە بزانین، كاتێك هاوڕێیەكمان ئێمەی بردە لای كە بەسەرهاتەكەی ئەو بكەینە ریپۆرتاژێك، چونكە لەلایەك بەسەرهاتێكی راستەقینە و دروست بوو، لەلایەكی تریشەوە رووداوێكی تەمومژاوی بوو، كە بە (سەمیعە) خانممان گوت رووداوی كوشتنی مێردەكەیمان بۆ بگێڕێتەوە لەپڕ وەك پەرچەكردارێكی دەروونی ساتێك داڵغە بردیەوە ئێمە زۆرمان لێنەكرد و حەزمان نەكرد برینەكانی زێتر بكولێنینەوە، لەبەر ئەوە تا خۆی قسەی نەكرد ئێمە دەنگمان نەكرد. (سەمیعە) كە ژنێكی تابڵێی جوان و شۆخ و شەنگ بوو لە تەمەنی (30) ساڵیدابوو، مامۆستای سەرەتایی قوتابخانەیەكی سەرەتایی كچان بوو، فرمێسكەكانی سڕی و ئاخێكی قوڵی هەڵكێشا و لەسەر خواستی ئێمە دەستی بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی مێردكردن و كوژرانی مێردەكەشی كرد و گوتی: من و (ئەمجەد) ی هاوسەرم، پێش ئەوەی بێنە خوازبێنم سێ ساڵان بەدڵ و بە گیان یەكتریمان خۆشدەویست، (ئەمجەد) لە تەمەنی (25) ساڵی و منیش لە تەمەنی (23) ساڵی دابووم، گەنجێكی تا بڵێی جوان و كەڵەكەت و رێك بوو، رووخۆش و هەمیشە دەم بە پێكەنین بوو، قسە و گفت و لفتی تا بڵێی شیرین بوو. یەكەمجار بە رێكەوت لە قوتابخانەكەمان ناسیم، ئەویش لە كۆبوونەوەی باوكان و دایكان بوو، ئێمە لە قوتابخانەكەمان بە نیاز بووین هەندێ گفتوگۆ لەگەڵ دایكان و باوكانی قوتابیان بكەین، بۆ رێنمایی كردنیان و چارەسەركردنی گرفتی منداڵەكانیان و ئاگاداربوون لە وەزعی منداڵەكانیان، بۆ ئەم مەبەستە رۆژێكمان بۆ دایكان و باوكانی قوتابی تەرخان كرد كە كۆبوونەوەیان لەگەڵدا بكەین، ئەو رۆژە (ئەمجەد) بۆ برایەكی كە لە پۆلی شەش بوو هاتبوو، كەهاتە ناو قوتابخانە مامۆستایەكمان رێنمایی كردبوو لە نزیك باوكەكان دابنیشێت. ئیتر من و مامۆستاكانی تر و بەڕێوەبەری قوتابخانەش چووینە لایان، سەرەتا ئەو منی دیتبوو، بەڵام من نەمدیبوو. پاشان بە رێكەوت چاوم كەوتە سەر (ئەمجەد) و دڵم چووە سەری. دیتم ئەویش هەر سەرنجی من دەدات، بەهەر حاڵ نەمزانی كۆبوونەوەكە چۆن كرا و چی تێدا گوترا و كەی تەواو بوو. لەكاتی تەواوبوونی كۆبوونەوەكە دایك و باوكەكان لە مامۆستاكان نزیك بوونەوە بۆ ئەوەی لەبارەی منداڵەكانیان پرسیار لە مامۆستاكان بكەن، ئەویش لە من نزیك بۆوە و پرسیاری براكەی كرد، ئیدی بەمجۆرە هەندێك قسەمان كرد و یەك دوو رۆژی تر دووبارە هاتەوە، هەندێ قسەی ترمان كرد و جۆرە پەیوەندییەك لە نێوانماندا دروستبوو، كە جاری سێیەم و چوارەم هاتەوە، ئیتر من بەراستی هۆگری بووم، هەموو شتێكی ئەو لەلام جوان و سەرنجراكێش و تایبەت بوو، پاشان كەوتینە داوی خۆشەویستی یەكتر، هەر وەسف ناكرێت، ئێمە سێ ساڵی رەبەق یەكتریمان خۆشویست، لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا بۆ یەكجاریش دڵی نەشكاندم، یا عاجزی نەكردم، بەخۆی سروشتی وابوو، توڕەیی نەدەزانی، ئەگەر توڕەش بوایە، تەنیا لە دەم وچاویدا بەدەردەكەوت، تۆزێك گرژ دەبوو، بەڵام هەرگیز شتی گەورە نەدەكرد. دوای سێ ساڵ خۆشەویستی هاتە خوازبێنیم و دایك و باوك و براكانم رازی بوون، ئەویش منی مارەكرد و پاش مانگێك گواستمیەوە پێنج ساڵ ژن و مێردایەتیمان بەو پەڕی خۆشی بەسەر برد، تا ئەو شەوەی كارەساتەكە روویدا، شەوێك زستان بوو، ئەو شەوە باران قەت كڕی نەدەكردەوە، ئەو شەوان ئەگەر زۆر درەنگ بگەڕابوایەوە تا كاتژمێر (9) ی شەو بوو، زیاتر نەبوو، بەڵام شەوی رووداوەكە هەتا دوانزە و یەكیش بوو، هەر نەهاتەوە، منیش هەواڵم دایە كەسوكاری خۆی و كەسوكاری خۆشم، بەمشەوە ناچار بووین، بچینە نەخۆشخانەی فریاكەوتن، كە پرسیارمان كرد، گوتیان تەرمێك لێرەیە و بە كوژراوی دۆزراوەتەوە و ناسنامە و شتی وا لە گیرفاندا نەبووە، وەرن تەماشای بكەن بزانن ئەوە هی ئێوەیە یان نە، ئێمەش چووین تەماشامان كرد و دڵیشم خورپەی دەكرد و بە خێرا لێیدەدا، ئێمەیان بردە مەیتخانە و دەرگایان كردەوە و چووینە هۆڵێك و دەرگای ساردكەرەوەیەكیان كردەوە و رایانكێشا و پیشانیان داین، كە سەیرم كرد واقم وڕما، دڵنیا نەبووم، زوو دەستی راستەیم بڵند كرد، كە وەخی خۆی لە ساڵی یەكەمی خۆشەویستیماندا ناوی منی لەسەر باسكی خۆی كوتابوو، ناوی خۆم بینی، یەكسەر پێش چاوم تاریك داهات و رێشكە و پێشكەی كرد و بەربوومەوە، ئیتر نەمزانی چیم لێهات، كە بە ئاگاهاتمەوە دیتم لەسەر قەرەوێڵەیەك درێژكراوم و هەموو لە چواردەوری من دەگرین، منیش تەرمی (ئەمجەد)م بەبیرهاتەوە گوتم: ئەو تەرمە (ئەمجەد) بوو، وانییە؟ هەموویان دەستیان بە گریان كرد، ئینجا ئەفسەری لێكۆڵینەوە هاتە لامان و پێی گوتین كەوا كابرایەك هەواڵی هێناوە و هەر ئەویش رووداوی كوشتنەكەی دیتووە و گێڕاویەتییەوە، ئەو كەسەش ئێستا لای ئێمە دەست بەسەرە تا دادوەر بڕیار لەچارەنووسی دەدات، ئەگەر حەزیشتان لێیە دەتانبەمە لای لە پەنجەرەكەوە، ئێوەش لە دەرەوە بن، با ئەو رووداوەكەتان بۆ بگێڕتەوە.
كوشتنی (ئەمجەد) بەتەورداس
(سەمیعە) لە قسەكانی بەردەوام دەبێ و دەڵێ: من بەو حاڵەمەوە، كەسوكاری (ئەمجەد) و هی خۆشم بە حاڵێكی لەمن خراپترەوە، چووینە بەر پەنجەرەی ئەو ژوورەی كە كابرای لێدەست بەسەربوو، پێمان گوت رووداوەكە چۆن بوو، چۆن كوژراوە كێ كوشتوویەتی؟ ئەویش بەم شێوەیە قسەی كرد و گوتی: كاتژمێر دەوری یانزە و نیو دەبوو، بە كۆڵانێكدا دەڕۆیشتم و سەیوانێكیشم پێ بوو، بارانێكی بەهێز بوو، كە بە كوڵانەكەدا دەڕۆیشتم، نزیكەی سەد مەترێك دوورتر نزیكتر، نازانم، لەسەری كۆڵانێكی تر دوو زەلامی دەمامكدار دەركەوتن، ئەو كوژراوەش لە كۆڵانەكەی تر دەركەوت، پێدەچوو دوو زەلامە دەمامكدارەكە، بۆسەیان نابووەوە، كوڕەكەی ئێوە هەر كە دەركەوت ئەوان تاویان دایێ و هێرشیان كردە سەر، كوڕەكەی ئێوە نەیدەناسین، هاواری لێكردن و گوتی، كوڕە ئێوە كێن؟ چیم كردووە، چیتان دەوێ لێم؟ گوێیان لەو قسانەی نەگرت، بووە شەڕیان، شەڕێكی دەستەو یەخە بوو، ئەوان دەرەقەتی نەدەهاتن، یەكێكیان لە پشتەوە پێی رادەكێشا، تا بەری بداتەوە، ئەوەی تریش لە پێشەوە لەگەڵی بەشەر دەهات، هەندێكجار بەردەبۆوە، بەڵام زوو هەڵدەستایەوە، بە هەرحاڵ منیش چاوم زەق زەق ببوو نەمدەزانی چی بكەم، حەزم دەكرد لەسەری بكەمەوە، بەڵام نەمدەزانی شەڕەكە لەسەر چییە، دەمگوت كێ ناڵێ ئەو دوو زەلامە لەسەر هەق نین، یان ئەو كوڕە دەستدرێژی نەكردۆتە سەر نامووسیان، وەكی دیكەش كە دەمدیت ئەوانە دەیانەوێ وەكو كاوڕ لە عەردی بگەوزێنن، بەدەست خۆم نەبوو، خەریك بووم بچم، بەڵام لە پڕ دیتم ئەوەی پشتەوە تەورداسێكی دەرهێنا و هەتا هێزی تێدابوو تەورداسێكی لە پشتی داو كابرا بەلاداهات و ئەوەی دیكەش، نەمزانی چی بوو، شتێكی لەسەریدا. شەڕەكە زۆر پیس بوو، ئەو كابرایە زۆر دەستكەرەوە بوو، بەراستی بەو پەڕی بوێری و ئازایەتییەوە شەڕی لەگەڵ دەكردن و لێیانی دەدا، بەڵام ئەوان زۆر بە نامەردانە لێیان دەدا، ئەوجا لەبەر ئێش و برینی پشتی هەستم كرد چیتر توانای شەڕی نییە، ئەوانیش ئەوەیان بەدەرفەت زانی و دوو سێ تەورداسی تریشیان لێدا، ئەوجا بە یەكجاری بەربۆوە سەر زەوی و لە پەلوپۆكەوت، پێدەچوو تەورداسەكان كاریگەر بووین، چونكە یەك دوو تەورداسی تریشیان لەدەموچاوی دا، هەر توانای جوڵەی نەبوو، كە زانیان كاری خۆیان كردووە لێیاندا رۆیشتن، منیش بە ئەسپایی لە كەلەشەكە نزیك بوومەوە، دیتم دوو كەسەكە لەناكاو دەركەوتن وبۆم هاتن، بەراستی منیش ترسام، گوتم ئەوانە پیاوكوژی راستەقینەن، من نازانم شەڕ لەسەر چییە و مەسەلە چییە، بۆچی تووشی ئەو چارەنووسە ببم، لەبەر ئەوە یەكسەر هەڵاتم، تاوەكو دڵنیابووم لەوەی كە بەیەكجارەكی رۆیشتوون، ئەوجا گەڕامەوە، كە گەڕامەوەش هەر بە ترس و لەرز گەڕامەوە. هاتمە سەر تەرمەكە و هێشتا روحی لەبەرمابوو، ئاوزنگی دەدا، پێدەچوو زۆر عەزابی هەبوو، چاوی كردبۆوە، تەماشای دەكردم، بەڵام توانای قسەكردنی نەبوو، دانەویمەوە پێم گوت، ئەو پیاوكوژانە كێ بوون، دەیانناسی، ناویان دەزانی؟ هیچی نەگوت، دەشمزانی هیچی پێناگوترێ، بەڵام زۆر بە پەرۆش بووم قسەیەك بكات، بەراستی پیاوێكی بە جەرگ و رەشید و ئازا بوو، زۆر مەردانە بەرەنگاریان ببۆوە، ئەو ناوە هەمووی خوێن بوو، زۆر نامەردانە لە خوێنی خۆیان گەوزاندبوو، بە هەموو دڵمەوە حەزم دەكرد بتوانێ ناوێكیان بڵێ، بەڵام هیچی پێنەدەگوترا، چاوی بڕیبووە من، تەنانەت توانای سوڕاندنی چاویشی نەمابوو، بەتەواوەتی لە جوڵە و لەپەلوپۆ كەوتبوو، دەموچاوی برینی گەورەی لێبوو، زۆر بە خراپی لە دەموچاویشیان دابوو، پشتی برینی گەورەی لێبوو، لەو دەمە مۆبابیلەكەم بیركەوتەوە، دەرمهێنا و تەلەفۆنم بۆ پۆلیسی فریاكەوتن كرد و ناونیشانی شوێنەكەم دانێ و پاش دە خولەكێك گەیشتنە شوێنەكە، منیش بە پەلە و بە كورتی رووداوەكەم بۆ گێڕانەوە، بەڵام هەتا ئەوان هاتن ئەو چاوی لێكنابوو، بەس هەناسەی مابوو، كە بۆم باسكردن، ئەوجا گیانی دا، ئێستا چۆنم بۆتان گێڕایەوە هەمان شتم بۆ ئەوانیش گێڕایەوە، ئینجا تەرمەكەیان هەڵگرت و منیشیان هێنایە ئێرە و وا لێرە گلیان داومەتەوە كە من هیچ سوچ و گوناهێكم نییە، نەئەوان دەناسم نە پیاوكەی ئێوەش، وا لێرە لەو ژوورەیان دەست بەسەركردووم.
لێكۆڵینەوە نەگەیشتە هیچ ئەنجامێك
(سەمیعە) بەردەوام بوو لەسەر قسەكانی و گوتی: كابرا دوای دوو سێ مانگ گیران لەسەر داوای ئێمە بە كەفالەت ئازاد كرا، لێكۆڵینەوە بە هەموو شێوەیەك بەردەوام بوو، بەڵام بكوژەكان هەر نەدۆزرانەوە، تا رۆژێك ئەفسەری لێكۆڵینەوە گوتی: زۆر زەحمەتە ئەو بكوژانە بدۆزینەوە چونكە بەڵگەیەكیان بە جێنەهێشتووە، من تەنیا ئەوەندەی بۆ دەچم مادام دوژمنداری و كێشەی لەگەڵ كەسدا نەبووە ئەم كابرایە بە هەڵە كوژراوە، جۆری كوشتنەكەش ئەوە دەردەخات، ئیتر بەمجۆرە نە بكوژ دەستگیر كرا و نە ئێمەش زانیمان كێ ئەو تاوانەی كرد.
Top