دادگا ئاشتیكردنەوە!

دادگا ئاشتیكردنەوە!
ناكۆكییەكانی ژن و مێردێك
(جەمیلە) لەشەرمان نەیدەزانی چی بڵێ،(دادوەر) كە زانی شتێكی هەیە، بەڵام لەشەرمان قسە ناكات بە (جەمیلە) ی گوت: دەتەوێ بە تەنیا بە دادگای بڵێی؟
ئەم حاڵەتە، بەو پێیەی كە گەنجە و لەسەرەتای تەمەنی لاویەتییەتی كاریگەرییەكی دەروونی زۆری لەسەر بەجێهێشتبوو، هەمیشە توڕە و تۆسن و زوو هەڵچووبوو، بە بچوكترین شت هەڵدەچوو
(یاسین و جەمیلە) لەسەرینی هاوسەرێتیانەوە منداڵێكیان هەبوو، ناویان نابوو(بەهێز)، ژیانێكی ئاساییان بەسەر دەبرد، ساڵێك دووان، بەمشێوەیە وەك ژن و مێردێكی بەختەوەر خەریكی ژیان و ماڵ و حاڵی خۆیان بوون.
تاوەكو رۆژێك(یاسین)بەهۆی رووداوی ئۆتۆمبێلەوە بریندار دەبێ و لایەكی نیچمە ئیفلیج دەبێ، پاش ئەوەی ماوەیەك لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بە تەواوەتی چاك بێتەوە سەفەری دەرەوەی وڵات دەكات و لەوێش ماوەیەك دەخرێتە ژێر چارەسەر و نەشتەرگەری و پاش ماوەیەك لە چارەسەركردن، وردە وردە بەرەو چاكبوونەوە و هاتنەوە سەرەخۆی زیاتر دەچوو، تا والێهات بەپێی خۆی دەڕۆیشت، بەڵام كە هاتەوە لە ژێر ئەو فشارە دەروونییەی كە بەهۆی رووداوەكە بۆی هاتبووە پێش، تووشی كزی سێكسی دەبێ.
هەنجەتی بە هەموو شتێ دەگرت، چەند جارێك(جەمیله) هەوڵی لەگەڵ دا بچێتە لای پزیشكێكی دەروونی و پێی دەگوت، (یاسین) پێشتر و دوای رووداوەكەش چ عەیبت نەبوو، لەوەی لە دەرەوەی وڵات هاتووینەتەوە تووشی ئەو حاڵەتە بووی، من دڵنیام مەسەلەكە تەنیا فشارێكی دەروونییە و هیچیتر وەرە لە كەلی شەیتان وەرە خوارەوە، با بچینە لای پزیشكێكی دەروونی، خۆ دنیا كاول نابێ، نازانم بۆ شەرمت بەخۆیە خۆت نیشانی پزیشكێكی دەروونی بدەی، ئەی پزیشك بۆچییە ئەگەر بۆ چارەسەركردنی نەخۆش نەبێ.. كەچی(یاسین) هێندەی دیكە تووڕە دەبوو، پڕ بەدەمی هاواری دەكرد و پێی دەگوت: (جارێكی تر ئەو قسانە بكەیەوە خۆم دەزانم چیت لێدەكەم،...).
شەڕ و ناكۆكی نێوان(یاسین و جەمیلە) رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبوو، وایلێهات(یاسین) ژنەكەی دەركرد، ئەویش منداڵەكەی لەگەڵ خۆی برد، لەیەك نەگەیشتنێكی قوڵ لە نێوان خۆیان و كەسوكاری هەردوولاش دروست بوو، بەهۆی بەردەوام بوونی ئەو ناكۆكییانە (جەمیلە) رووی لە دادگاكرد و داوای جیابوونەوەی لە (یاسین)كرد،(جەمیل) حەزی نەدەكرد لە(یاسین) جیابێتەوە چونكە دەیزانی ئەو هەموو توڕەییەی لەسەر ئەو حاڵەتە دەروونییەوەیە كە دووچاری بووە، بەڵام بەڕاستی(یاسین) یش ژیانی(جەمیلە)ی تاڵ كردبوو، بێ سووچ و گوناهـ،بێ ئەوەی رەفتارێكی خراپی لەگەڵ كردبێ، كەچی بە هاوار لەسەركردن و بانگ كردن بە جنێودان و هەڕەشەی دەركردن و سووكایەتی پێكردنی زۆر ناشیرینانە، (جەمیلە)ی تەواو هەراسان كردبوو، لەبەر ئەوە پێی باش بوو لێكجیاببنەوە وەك لەوەی لەو ژیانە پڕ لە ئاشووب و هەڵچوون و داچوونەوەی لەگەڵ(یاسین) دا بمێنێتەوە.
كە رۆژی دادبینی داواكەی(جەمیلە) هات، بانگ كرانە ژوورەوە، پێشتر(یاسین)یش لەلایەن دادگاوە لە ناوەڕۆك و رۆژی دادبینیەكەی ئاگاداركرابۆوە،(یاسین) بەر لە وادەی دادگایكردن لەوێ ئامادە بوو هەردووكیان، دوای بانگ كرانیان، چوونە ژوورە، دادبینی دەستی پێكرد ئینجا دادوەر رووی لە ژنەكە كرد و گوتی: كچم هاتووی داوای جیابوونەوە لە مێردەكەت دەكەی، بۆمان روونكەرەوە بۆچی داوای جیابوونەوە دەكەی لە كاتێكدا منداڵێكشتان لە نێواندایە(جەمیلە) لە وەڵامی دادوەردا گوتی: جەنابی دادوەر من و ئەم پیاوە چەند ساڵێكە ژیانی هاوسەرێتی بەسەر دەبەین و هیچ كێشەیەكمان لە نێواندا نەبوو، تاوەكو تووشی رووداوی هاتووچۆ هات و لە رووداوەكە لایەكی جەستەی دووچاری ئیفلیجی هات.
شەش حەوت مانگان لێرە لە نەخۆشخانە بە دیارییەوە بووم، دوایش سەفەری دەرەوەی وڵاتی كرد و لەوەش هەر لەگەڵی بووم، ئەویش مانگێكی خایاند، پاشان لەوساوە تا ئێستا ساڵێك پترە كەوا من بەو حاڵەوە لە دیاری دانیشتوومە خزمەتی دەكەم، كەچی لە جیاتی چاكەم بداتەوە، لە جیاتی سووپاسگوزاری هەموو وەختێ دەمداتە بەر جنێو و قسەی ناشیرین و یەك دوو جاریش دەریكردووم، هەموو ئەو سوكایەتیانەشم لەسەرینی منداڵەكەمانەوە قبوڵ كردووە، بەڵام ئیتر بەڕاستی لەوزەم نەماوە و چیتر نامەوێ لە سایەی ژیانێكدا بژیم كە هەمووی جنێوو سوكایەتی بێت.
هەوڵی دادگا بۆ پێكهێنانەوەیان
كە(جەمیلە) قسەكانی تەواوبوو،(یاسین) دەموچاوی غەزەبی لێدەباری، زیاتریش لەوە تووڕە ببوو كە چۆن دەبێ ژن شكایەتی لە مێردی بكات و رایبكێشێتە، بەر دادگا پوختەی قسەكانی (جەمیلە) لە پەراوی كێشەكە نووسرا ئینجا دادگا نۆرەی قسەی دایە(یاسین) و ئەویش گوتی: من راستە زوو توڕە دەبم و زۆر جاریش لە تووڕەییان خۆم پێ بەر زەوت نەكراوە، بەڵام خۆ ئەو خێزانمە دەبووایە لە وەزعی من بگەیشتایە ئێستاش كە هاتووە داوای جیابوونەوە دەكات، من تەڵاقی نادەم، ئەویش كەیفی خۆیەتی.
(دادوەر) رووی لە(جەمیلە) كرد، كە هۆی راستەقینەی ناكۆكییەكەیان بڵێ، چونكە ئەو تەنیا ئەنجامەكانی باسی كردووە هۆیەكانی باسی نەكردووە .
ئەویش گوتی: بەڵێ، دادوەر داوای چوونە دەرەوەی لە هەمووان كرد(جەمیلە) كە زانی هۆڵەكە چۆڵ بوو ئیدی شەرمی شكا(دادوەر) پێی گوت كچم چیت هەیە بیڵێ ، دادگا نهێنیت بە تەواوەتی دەپارێزێ ئێمە دەمانەوێ لە راستی كێشەت بگەین، بۆ ئەوەی ئەگەر حوكممان لەسەر كێشەكەدا حوكمێكی راست و دروست و دادپەروەرانە بێت(جەمیلە) گوتی: جەنابی حاكم، بەهۆی ئەو رووداوەوە(یاسین) لەسەرەتای چارەسەری پزیشكی لە رووی توانای پیاوەتییەوە هیچ كێشەیەكی نەبوو، بەڵام كە چووینە دەرەوەی وڵات و پاش چارەسەرییەكانی باشتر بوو، كە هاتینەوە توانای پیاوەتی كزبوو، لەو وەختیەوە لەگەڵ من زۆر بە خراپی هەڵسووكەوت دەكات وەك ئەوەی من هۆكاری ئەو حاڵەتەی بم، كەچی لە بەرامبەر ئەو خراپییەیشی هانیمدەدا بچێتە لای پزیشكێكی دەروونی كەچی زیاتر بە روومدا دەتەقییەوە ئیتر منیش چیتر بەرگری ئەو ژیانەیم نەما، من كە خزمەتی دەكەم و نازی دەكێشم لە جیاتی چاكەم، تاڵاوم پێ بنوشێ؟! بۆیە بڕیارمدا لێی جیاببمەوە، پاش ئەو قسانە دادوەر لە مەسەلەكە گەیشت.
ئینجا بانگی(یاسین)ی كرد و گوتی: كوڕم ئەو ژنەت نەهاتووە لێتجیابێتەوە هاتووە دادگا پێكتانبهێنێتەوە من داواكەتان رەت دەكەمەوە تۆش دەستی ژنت دەگری و بە رێز و خۆشەویستییەوە دەیبەیتەوە ، ناوی پزیشكێكیشت دەدەمێ كەوا بچیە لای و حاڵەتەكەی تۆ زۆر سانایە و چارەسەریشی هەر سانایە، خۆت ل خۆت كردۆتە كێشە، ئینجا (دادوەر)كە هەردووكیانی پێكهێنایەوە و (یاسین)یش بەڵێنی دا تەنانەت یەك وشەی ناخۆش و رەق چییە بە(جەمیلە) نەڵێ و دەچێتە لای پزیشكیش بۆ ئەوەی خۆی چارەسەر بكات، بەمجۆرە هەردوولا پێكهاتنەوە و چوونەوە ژێر ساباتی ئەو ماڵەی كە منداڵێكیان لە ناویدا بووە.
Top