گــــیان لەدەســـــــتدانی گە
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
شەوێكی فێنكی وەرزی بەهار بوو كە كارمەندەكەی نەخۆشخانە لەگەڵ دەنگە دەنگی دەرەوەی هۆڵی نەخۆشخانە ئاوڕێكی دەرەوەی دایەوە، ئەو بۆخۆی هەفتەیەك زیاتر بوو كە یاریدەدەری پزیشكی ئێشكگر بوو، پتر پانزەساڵ دەبوو، لەم كارەیدا بوو، بەتایبەتیش كە لەو بەشانەی نەخۆشخانە چەندین ساڵ ئیشی كردبوو، بۆیە دەیزانی ئەگەر ئەو جۆرە دەنگە دەنگە و شڵەژاوییە لەناو حەوشە نەخۆشخانە هەبێ، گومانی تیا نییە، خەڵكی یا ئەوەتا كەسێكی نزیكی خۆیان هێناوە مردووە، یان ئەوەتا نزیكە مردنە، لەبەر ئەوە ئەو برینەی كەلەسەر پێی ئەو نەخۆشە بوو كە لەسەرسەری راوەستابوو خەریكی پێچانەوەی بوو، پەلەی لێكرد و زوو پێچایەوە و رێنماییە پزیشكییەكانی پێداو چووە لای كابینەی پزیشكەكان و ئاگاداری كردن كە حاڵەتێكی كتوپڕ بەڕێوەیە و وا خەریكە دەیهێننە ژوورەوە. (عەتا) ئەو یاریدەدەری پزیشكە كە رۆژی رووداوی مردنی (نەریمان)ی نۆزدە ساڵە لەناو هۆڵی نەخۆشخانە بووە و خۆی و پزیشك و كارمەندەكانی ئەو شەوە ئاگاداری حاڵەتی (نەریمان) بوون، بۆیە وردەكاری ئەو باسە ئەو بۆمانی دەگێڕێتەوە و دەڵێ: ئەو شەوە كە لە نەخۆشخانە ئێشكگر بووم، كە من هەفتەی چوار رۆژ ئێشكگری دەكەم و رۆژانی تر پشوومە، نازانم چۆن بوو كە حاڵەتی كتوپڕ و ترسناكمان تا ئەو ساتە بۆ نەهاتبوو، كاتێك خەریكی تیماركردن و پێچانەوەی برینی نەخۆشێك بووم، دیتم یەك دوو ئۆتۆمبێل لەناو حەوشەی نەخۆشخانە رایانگرتووە، شەش حەوت زەلام لێی هاتنە خوارەوە، ئیتر زانیم كە رووداوێكی كتوپڕی ترسناكمان بۆ هاتووە، پێش ئەوەی ئەوان بگەنە ناو هۆڵی نەخۆشخانە هەموو كارمەندەكانم ئاگادار كردەوە كە خۆیان بۆ حاڵەتێكی وەها ئامادە بكەن ئیتر بە چوار پێنج پیاوان گەنجێكی بێ هۆشی جلوبەرگ خوێناوییان لە ناو یەكێ لە ئۆتۆمبیلەكان هێنایە خوارەوە و بە پەلە هێنایانە ژوورەوە و لەسەر یەكێ لە قەرەوێڵەكانیان دانا، یەكێ لە پیاوەكان هاتە پێشەوە و گوتی: دكتۆر توخوا زوو بگەنە فریای ئەگەر نەمردبێ باشە، هەموو لەشی بەخوێنە و خوێنێكی زۆری لەبەر رۆیشتووە، پزیشكی ئێشكگر و من و یەك دوو كارمەندیش لێی چووینە پێشەوە، جلەكانیان لەبەرداكەند و سەیری سكیمان كرد، دەبینین برینێكی گەورەی هەڵزڕان لەسكی هەیە و هەتا ناوەوەی سكی كوون كردووە. هەناسەی لەبەر بڕابوو، پزیشك پشكنی و ترپەی لێدانی دڵی گرت، رووناكییەكی بەلایتێكی پزیشكی بچووكی لە چاوەدانی دا، فشاری خوێنمیان گرت، هەروەها داوای كرد كە پشكنینی دڵی بۆ بگیرێ و هێڵكارییەكەی بزاندرێ، كەچی هەر هەموو پشكنینەكان نێگەتیڤ و بێ وەڵام بوون، كە فشاری خوێنیم گرت، بە دكتۆرم گوت كە فشاری خوێنی سفرە، ئیدی بە تەواوەتی گەیشتە بڕیاری كۆتایی خۆی و پێی گوتن كەوا مردووە، ئەوان بەخۆیان دەستیان لەسەر دڵیان بوو، كە پێشیان گوترا مردووە بووە غەڵبەغەڵبێك نەبێتەوە. دەنگ و سەدایەكی زۆریان لێبەرز بووە و ئەو ناوەیان بەتەواوەتی هەراسان و شێواند، ئیدی هێندەی پێنەچوو، دایك و باوكیشی بە لەخۆدان و شین و شەپۆڕ گەیشتن، (نەریمان) گەنجێكی مەیلە و لاوازی رەشتاڵە بوو، تەنكە ردێنێكی دەروێشانەی بەردابۆوە و حاڵەتی زوهد و تەركە دنیایی پێوە دیاربوو، هۆی مردنی ئەوە بوو بۆرییەكی تەنكی تیژی لە سكی خۆی راكردبوو، سكی خۆی پێ كون كردبوو، لە ژوورەوەو لە ناو سكیدا برینی گەورەی كردبوو، گەدە و ریخۆڵە و بۆڕی خوێنی گەورەی هەڵزڕاندبوو، ئیتر بە كاریگەری برینەكەی و بەهۆی خوێن لەبەر رۆیشتنی دەرەكی و ناوەكی، كوشتبووی، كاتێكیش گەیاندبوویانە نەخۆشخانە كار لە كارترازابوو، زۆر درەنگی پێچووبوو، كە هاتبوو دەمێك بوو مردبوو، دایكی بە لەخۆدان و خۆڕنینەوە گەیشتە ناو قاوش و رێنماییان كرد بۆ سەر تەرمی كوڕەكەی، بەڵام دیاربوو پێیان نەگوتبوو كەوا مردووە، بەڵكو هەر هێندەیان پێگوتبوو كەوا باری تەندروستییەكەی باش نییە و لە نەخۆشخانەیە، كە لەناو حەوشەی نەخۆشخانە ئەو هەموو خەڵكەی بینیبوو قەناعەتی تەواوی لەلا دروستبوو كە كوڕەكەی بەهۆی ئەو كارانەی كە دەیكات و ئەو و باوكی دەیانزانی بە مسۆگەری ئەمجارە سەری خۆی خواردووە و مردووە. بە خۆڕنینەوە و لەخۆدان هاتە ژوورەوەو و هاتە سەر تەرمی كوڕەكەی و كە دڵنیا بوو مردووە هەر لەوێ لەهۆش خۆی چوو، بە ئاگایان هێنایەوە و خزم و كەس و كاری دیكەیان خڕبوونەوە و دایكەكەیان لە تەرمی كوڕە گەنجەكەی دوور خستەوە، كەسوكارەكەیان لە تەگبیری ئەوە دابوون چۆن و لە كوێ بیشۆن و بینێژن و رێورەسمی كفن و دفن كردنەكە چۆن رێكبخەن، یەكێ لە هاوڕێكانی (نەریمان) كە دیاربوو ئەویش وەكو ئەو وابوو جارجارە یەك دوو دڵۆپە فرمێسكی لەچاویدا دەهاتە خوارەوە و لە نزیك تەرمەكە راوەستابوو، جارجارەش سەیرێكی دەموچاوی (نەریمان)ی گیان سپاردووی دەكرد و سەری خۆی لە ئاست ئەو رووداوە جەرگبڕە دەلەقاند، بانگی ژوورەكەی خۆمم كرد و گوتم، ئەرێ برا چییە ئەوە شەڕی كردووە، شتێكی لە سك راكراوە پێی مردووە، بەسەرهاتی ئەم گەنجە و ئەم هەموو پیاوە قژدرێژ و بەریش و سمێڵانە چییە؟ بۆم باس بكە هەتا تەرمەكەی دەبەن و پۆلیس لێكۆڵینەوەی خۆی دەكات، ئەویش گوتی: چیت پێ بڵێم كاكی دكتۆر ئەو گەنجە كەناوی نەریمانە و مردووە هاوڕێیەكی نزیكی من بوو، رۆژانی پێنج شەممە پێكەوە دەچووینە فڵانە تەكییە، شەوانە بۆخۆمان حەزمان دەكرد خوداناسی بكەین و بچینە تەكیە، جا لەكاتی جێبەجێكردنی سرووتەكاندا ئارەزوویەكی زۆرمان لە بیستنی هەندێ سرووت دەكرد لەوانە زەرگ و شیر و خەنجەر لە خۆدان و ئەو جۆرە شتانە، ئیدی وردە وردە (نەریمان) یش چووە ناو ئەو بازنەیە، تا گەیشتە قۆناغێك ئەویش دەچوو ناو بازنەی ئەوانەی كە ئەم جۆرە كارانەیان دەكرد، پاشان لە شتی سەرەتاییەوە دەستی پێكرد و بەرە بەرە كاری گەورەتر و ترسناكتری كرد، تا گەیشتە ئەوەی شتی تیژ و ئاسنی لە لەشی خۆی دەدا. هەرچەند پێمدەگوت (نەریمان) ئەو شتانە مەكە، تەنانەت ئەوانیتریش پێیان دەگوت كە سنوور نەبەزێنێت و شتی ترسناك نەكات و كاری وا نەكات لە دەرەوەی سروتەكانی ناو تەكییە بێت، بەڵام بە گوێی كەسی نەدەكرد، وەك ئەوەی ئاسنی ساردی بۆ بكوتی وابوو، ئەو هەر بەردەوام بوو، چەند جارێك دووچاری برینداریبوون و نەخۆش كەوتن هات، كەچی لەسەر كارەكانیشی هەر سوور بوو، ئەوە بوو ئەو شەوەی كە كارە ترسناكەكەی كرد و بووە هۆی گیان لەدەستدانی، لە هەموو جارانی تر خراپتر و سەرگەرمتر بوو، شەو كە كۆڕی زیكر و سروتی ئایینی دەستی پێكرد لە هەمووان زووتر گەرمتر و حاڵگڕتر بوو، هێشتا كۆڕی زیكر لەناوەڕاستی خۆیدا بوو كە ئەو هەمووانی بە جۆشتر هێنا و خۆشی زۆر بەجۆش و خرۆشتر كەوتبوو، ئینجا دەستكرا بە شت لەخۆدان بەپێی سرووتی ناو تەكییە، كەچی ئەو دەستی دایە بۆڕییەك كە خۆم نەمزانی چۆن دەستی پێگەیشت یان كێ دایە دەستی یان چۆنی هێنا، بەهەرحاڵ هەر ئەوەندەم دیت كە هاوارێكی گەورەی كرد و بۆرییەكەی لە سكی خۆی چەقاند، ئەوجا لە جاران گەرمتر بەجۆش هات و یەك دوو خولی دیكەی داو هێواش بووە و پاشان بەو كەلەشەوە رمبەی لێوەهات و كەوت، وەختی كەوت كەم كەمە خوێنی لێوە دەهات، كاتێك خەڵكەكەی ئەوێ و ئەڵقەرێزەكە بەخۆداهاتن ئەو دەمێك بوو مردبوو، ئەوەبوو كۆڕەكە راگیراو هەموو سەرنجیان دایە (نەریمان) كە بێ هۆش و بێگیان كەوتبوو، پاشان هەندێك هەوڵیان لەگەڵ دا كە بە ئاگای بێنن، بەڵام ئەو لەمێژبوو بێ گیان كەوتبوو، بۆیە هەموو لایەك كەوتنە خۆ و بڕیاردرا بیبەنە نەخۆشخانە، جا كە هێنامان ئەوەبوو لێرە دەركەوت كە مردووە، ئەوە بوو هۆی مردنی (نەریمان) كە دیارە گەنجێكی جوان و رێك و پێك بوو، جێی داخە كە ئەم كوڕە تاقانەی دایك و باوكیەتی وئەم رووداوەش كەسەرێكی گەورەیە بۆیان و هەردووكیان قەدەمیان شكاوە و هەركەسێك تەماشاشیان بكات بەزەیی پێیان دێتەوە.