نهێنییەكــــانت دەپـــارێزی؟
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
دەڵێن لەگەڵ زانینی هۆیەكەی؟
\نزیكترین كەس لای من دایكمە، پەیوەندی نێوانمان وەك پەیوەندی نێوان دوو هاوڕێ وایە، بۆیە ئەگەر هەر نهێنییەكم لەدڵدا بێت ناتوانم لای دایكم باسی نەكەم، هەست دەكەم لێم تێدەگات و نهێنییەكانم دەپارێزێت و پێی خۆشە هیچ شتێكی لێ نەشارمەوە، زۆر دڵی بەوە خۆشدەبێت كاتێك نهێنییەكانی پێ دەڵێم، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە زۆر كەس نهێنییەكانم دەزانن، تەنیا دایكم دەیانزانێت، زۆر جار رێگاچارەی گونجاوی پێ گوتووم منیش بڕیارم داوە هەموو شتێكی لا باس بكەم، ئەمە قسەی خاتوو جوانی (22)بوو، لەبەرامبەردا كەسانێك هەن نهێنییەكانیان زیاتر بۆ نموونە لەلای هاوڕێی باس دەكەن.
(دیاری)20ساڵ"هەندێ نهێنی تایبەت هەیە كەس نایزانێت لەبەر ئەوەی زۆر تایبەتن و بە كەسم نەگوتووە، بەڵام نهێنی هەیە هاوڕێكانی دەزانن، تا ماوەیەك پێش ئێستا كەسی نەی دەزانی من خۆشەویستم هەیە یان نا، بەڵام ئێستا هاوڕێ نزیكەكانم دەیزانن لەمبارەیەوە دیاری دەڵێت : بەڵام ناوەكەم لایان باس نەكردووە، رقم لەو كەسانە دەبێتەوە كە پرسیاری تایبەتیم لێ دەكەن كە هیچ پەیوەندی بەوانەوە نییە، منیش هیچ كاتێك ئەو نهێنییانەی گرنگن باسیان ناكەم بە هەمان شێوەش داوام لە كەس نەكردووە نهێنیەكانی باس بكات چونكە پەیوەندی بە منەوە نییە و هیچ سوودێكی بۆ من نییە"
(سۆزان) 24 ساڵ" نەخێر نهێنییەكانی خۆم لای كەس باس ناكەم دیارە ئەمەش هۆكاری خۆی هەیە كاتێك قسەیەك یان شتێك تایبەت بێت بە خۆم و پەیوەندی بە كەسی ترەوە نەبێت ئامادەنیم باسی بكەم و لای خەڵك بیدركێنم لەبەر ئەوەی هیچ سوودی نییە.
(دلۆڤان)20ساڵ"بە هیچ شێوەیەك ئامادەنیم تەنها یەك نهێنیش لای هیچ كەسێك باس بكەم لەبەر ئەوەی تایبەتە بە خۆم و پەیوەندی بە كەسی ترەوە نییە، هەندێ هاوڕێم پرسیاری تایبەتیم لێدەكەن بەڵام وەك چۆن نامەوێت كەس نهێنییەكانی باس بكات لای من منیش باسیان ناكەم، سروشتی من وایە حەز دەكەم كەس نەزانێت چی لەناو دڵم دایە یان بەنیازی چیم"
(زیلان)22 ساڵ"نهێنی زۆر شێوەی هەیە، هەندێكی زۆر تایبەتە و هەندێكی تریش كەمتر، بەڵام لەبەر ئەوەی هەردووكیان پەیوەندیان بە یەك كەسەوە هەیە تایبەتی خۆیان هەیە، راستییەكەی هەندێ نهێنی هەیە كە زۆر گرنگن لای خۆم بۆیە كەس نایانزانێت تەنانەت ئەو كەسانەش نایزانن كە هەموو نهێنییەكانیان لای من باس دەكەن، بەڵام هەندێ نهێنی هەیە لای خوشك و هاوڕێكانم باسم كردوون، بەشێوەیەكی گشتی خوشك و هاوڕێ نزیكەكانم بەشێكی زۆركەم لە نهێنییەكانم دەزانن"
پەشێو24 ساڵ"تەنها لای یەك كەس نهێنییەكانم باس دەكەم ئەویش هاوڕێیەكی زۆر نزیكە و زۆربەی كاتەكان بەیەكەوین.
(محەمەد)29 ساڵ"تەنها لای هاوسەرەكەم نهێنییەكانم باس دەكەم بۆ نموونە ئەگەر بەنیازی ئەنجامدانی كارێكی گرنگ بم یان پڕۆژەیەكم لەبەردەست بێت یان بیرۆكەیەكم بۆ بێت ئەوا باسی دەكەم لەبەر ئەوەی بەڵێنمان داوە هیچ نهێنییەك لەیەكتر نەشارینەوە، پێم وایە ئەم بڕیارە لەبەرژەوەندی هەردووكمان دایە لەبەر ئەوەی ئەگەر پرسی پێ نەكەم یان نهێنییەكانی لێ بشارمەوە لەوانەیە واهەست بكات بڕوام پێی نییە، زۆر جار یارمەتیدەرم بووە كاتێك شتێكم لای ئەو باس كردووە"
(ڤیان) 23 ساڵ" نهێنیەكانم لای كەس ئاشكرا ناكەم، لەبەر ئەوەی كەسێك شك نابەم كە ئەوەندە متمانەم پێی هەبێت و دڵنیابم لەپاراستنی ئەو نهێنییانە، ئەوەش زۆر ئاساییە چونكە دەمەوێت هەر بە نهێنی بمێنێتەوە"
(شێرزاد) 23 ساڵ"پێشتر زۆر لام ئاسایی بوو هاوڕێكانم نهێنییەكانی منیان دەزانی بەڵام دواتر گەیشتمە ئەو بڕوایەی كە وا باشترە چیتر هیچ نهێنییەك لای نزیكترین كەسیشم ئاشكرا نەكەم و بیانپارێزم، چونكە ئێستا هەموو كەسێك جێگای متمانە نییە تا قسەی دڵی خۆتی پێ بڵێی ئەگەر لەبارەی هەر بابەتێكەوە بێت، گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی نهێنییەكانم بپارێزم زۆر باشترە لەوەی بیاندڕكێنم"
(هێرۆ)21 ساڵ" تەنها لای دایكم نهێنییەكانم باس دەكەم زۆر كچی تریش دەناسم دەڵێن تەنها دایكمان نهێنییەكانمان دەزانێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیوەندییەی لەنێوانمان دا هەیە، هۆیەكەشی ئەوەیە كە دەیانپارێزێت ئەگەر بزانم باسیان دەكات ئەوا جارێكی تر نهێنی خۆمی پێ ناڵێم، بەڵام ئەوە رووی نەداوە بەپێچەوانەوە یارمەتیدەرم بووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانم"
(سامان)24 ساڵ" بە هیچ شێوەیەك ئامادەنیم نهێنییەكانی ژیانم باس بكەم لای هیچ كەسێك چونكە پێم خۆش نییە كەس لەبارەی ژیانی تایبەتی منەوە بزانێت بەڵكو ئەگەر هەر شتێكم لەدڵدا بێت ئەوا ناهێڵم كەسی پێی بزانێت، هەندێ كەس نهێنییەكانی ئاشكرا دەكات و هەندێكی تریش نا منیش یەكێكم لەو كەسانەی لای كەس نهێنییەكانم ئاشكرا ناكەم"
(هاوژین)21 ساڵ"من كەسێكی زۆر سادەم، ناتوانم هیچ نهێنییەك لای خۆم بهێڵمەوە خوشكەكانم هەروەها ئەو كچانەی هاوڕێی نزیكن زۆربەی نهێنییەكانم دەزانن، پێم خۆشە هەندێ جار نهێنییەكانم باس نەكەم بەڵام نازانم هۆی چییە ناتوانم ئاشكرایان نەكەم، تەنانەت بە بێ ئەوەی داوام لێ بكەن من لایان باس دەكەم و خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ زیانی پێ نەگەیاندووم ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی بە بێ ترس نهێنییەكانم لای ئەو كەسانە ئاشكرا بكەم".