ساندی مۆرگان بۆ گوڵان:
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
پێموانییە تائێستا گەیشتبینە قۆناخی پۆست فێمینیزمەوە چونكە فێمینیزم هیچ شتێك لەپیاو ناسەنێتەوە
ساندی مۆرگان، چالاكڤانێكی بەناوبانگە لەسەر پرسی ئافرەتان و ئێستا بەڕێوەبەری سەنتەری لێكۆڵینەوەكانی ئافرەتە لەزانكۆی ڤانگواردی ئەمریكی و وانەبێژە لەسەر قاچاخیكردن بەمرۆڤ و توندوتیژی ناوخێزان. سەرپەرشتیاری رێكخراوی (Orange County for Human Trafficking)ە، كە لەدژی بازرگانیكردن بەمرۆڤ و ئافرەتان كاردەكات و. هەروەها بەڕێوەبەری دامەزراوەیەكی دیكەشە بەناوی (Lydia Today Foundation). مۆرگان لەچەندین كۆڕ و كۆبوونەوە و كۆنفڕانسی جیهانی سەبارەت بازرگانیكردن بەمرۆڤ بەشداریكردووە و لەیەكەم كۆبوونەوەی كۆشكی سپی دەربارەی قاچاخیكردن بەمرۆڤ و ئافرەت بانگهێشتكرا. مۆرگان وەك پارێزەرێك وانە و وتار بۆ زانكۆكان و گروپی خەڵك و كەنیسەكان پێشكەشدەكات. خانمی مۆرگان لەدەرفەتێكدا بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
\* فێمینیزم وەك بیر و باوەڕێكی یەكسانی ئافرەتان لەبواری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری، بە سێ قۆناخی جیاواز لەسەدەی ڕابردوودا وەك بزووتنەوەیەكی نوێ بەشكڵ و تەوژمێكی بەهێز سەرەتا لەڕۆژئاوا و دواتریش لەرۆژهەڵات خۆی دەرخست، ئێستای ئەو بزاڤانە چۆن دەبینن؟
- لەڕاستیدا دەتوانین بڵێین، بزاڤی فێمینیزم زووتر و لەپێش سەدەی هەژدەم سەریهەڵداوە، لەڕۆژئاوادا و وەك ئەزموونی خۆمان لەئەمریكا سەرەتا فێمینیزم ئامانج و جەختی لەسەر مافی دەنگدانی ئافرەتان بوو، ئافرەتان هەستیانكرد لەناو خەڵك و كۆمەڵگادا بەشداریان هەیە بەڵام ناتوانن لەهەڵبژاردنەكان دەنگبدەن، بۆیە ڕژانە سەر شەقامەكان و دروشمەكانیان بەرزكردەوە و دەستیان بەتوێژینەوە و نووسینی وتار كرد و نامیلكەیان بڵاودەكردەوە، لەكۆتاییشدا ئافرەتان مافی دەنگدانیان بەدەستهێنا. ئەم قازانجكردنی مافی دەنگدانە لەئەمریكا لەساڵی 1922 دا بوو كە تەنانەت ناگاتە سەدەیەك لەمەوبەر، بۆیە ئێمە زۆر لەوڵاتانی تر لەپێش نین. ئەمە ڕێگای یەكەم بوو. دووەم ڕێگا، لەكاتێكدا ئێستا مافی دەنگدانیان هەیە، ئافرەتان هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو شتانەیاندەدا كە دەیانچاند و پیاوان خاوەنی بوون، من وای دەبینم و ڕەنگە كەسانی تر بەشێوەیەكی تر بیبینن، بۆیە داوای یەكسانیان دەكرد لەو شتەی دەیكەن و چۆنیەتی كردنەكەشی، بەڵام چەند كێشەیەك لەمەدا هەبوو چونكە لەكاتێكدا فێمینستێك بڕوای وایە ئافرەت لەگەڵ پیاو یەكسانە و خاوەنی هەمان مافەكانی مرۆڤە، مانای ئەوە نییە ئێمە هاوشێوەی پیاوین، پیاوان خاوەنی چەند خاسیەتێكی جەستەیی تایبەتن كە ئافرەتان نیانە، ئافرەتان منداڵیان دەبێت بەڵام پیاوان منداڵیان نابێت. لەبەرئەوە لەڕێچكەی سێیەمدا تێگەیشتنین كە هەڵمەت و كامپەین كردن بۆ مافەكانی ئافرەت مانای ئەوە نییە دەمانەوێت هاوشێوەی پیاوان بین. بەڵام دەمانەوێت بەهەمان ڕێز و شكۆ و یەكسانیەوە مامەڵەمان لەگەڵدا بكرێت.
* هەندێك پێیانوایە تەنیا فێمینیزم بەس نییە یان لەتوانایدا نییە بۆ رزگاركردنی ئافرەتان لەو زوڵم و ناعەدالیەتەی كە دەرهەقیان ئەنجامدەدرێت و دەڵێن، بەگشتی فێمینیستەكان فەشەلیانهێنا لەو تروحاتانەی كە پێشكەشیان دەكرد، ئێوە لەمبارەیەوە چی دەڵێن؟
- ئەو چالاكی و كۆنگرە و كۆنفرانسانەی لەجیهان و لەكوردستان دەكرێت، لەم دواییە رێكخراوێكی ناحكومی ئەمریكی ئافرەتان بەناوی ئافرەتانی جیهان بۆ ژیان (World's Women for Life) هاتنە كوردستان و كۆنفرانسێكیان سازكرد، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی بەهۆی گلۆبالیزمەوە ئەژێندای فێمینیستەكان و مافەكانی ئافرەت زۆر كاریگەرە و تەوژمەكەی لەگەشەسەندندایە. ئەمەش نەك بەو مانایەی ئافرەتان لەسەرووی پیاوانەوەن بەڵكو لەپاڵ پیاوانن.
* بەشێك لەلێكۆڵەر و چاودێرانی ئەو بوارە بزاڤە فێمینیستەكانی ڕۆژهەڵات بەبزاڤگەلێكی عەفەوی وەسفدەكەن و وا تۆمەتباریان دەكەن كە هیچ ئیزافەیەكیان نەبووە، ئایا لەمبارەیەوە چ كۆمەنتارێكت هەیە؟
- من وەك شارەزایی و ئەزموونی خۆم لەسەر ئەو بەشەی جیهان (كوردستان)، هەستم پێكردووە كە ئەژێندای فێمینیزمی بۆ مافی یەكسانی ئافرەتان سازاندووە، هەلیان بۆ ئافرەت لەبواری پەروەردە ڕەخساندووە، ئەمەش كاتی دەوێت و لە شەو و ڕۆژێكدا نایەتەدی. من زۆر گەشبینم بەداهاتووی مافەكانی مرۆڤ لەكوردستان.
* پێتوایە لەڕێگەی جیاكاریی ڕەگەزیەوە، واتە پۆلینكردنی كێشەكانی كۆمەڵ بەسەر گرفتی ئافرەتان و گرفتی پیاوان بگەینە چارەسەری، یان كێشەكان هاوبەشن و پێویستە وەك موعانات و كێشەی هەموو مرۆڤەكان تەماشابكرێن؟
- بێگومان ئەوە كێشەی هەموو مرۆڤەكانە، ئەگەر پیاوان بەشێك نەبن لەگفتوگۆكان دەربارەی مافەكانی ئافرەت، ئەوا تۆڕێكی بەهێز دروستنابێت بۆ هاریكاریكردن و گێڕانەوەی ئەو ئافرەتانەی دوورەپەرێزكراون. وەزارەتی كاروباری ئافرەتانی حكومەتی هەرێم چەند ڕاپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە كەوا بنەبڕكردنی دیاردەی بەناو كوشتنی ئافرەت بە بیانووی شەڕەف كاتی دەوێت، زۆرم پێ خۆشە كە جەنابی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بە "دیاردەی بەناو كوشتنی ئافرەت بەبیانووی شەڕەف" باسی پرسەكە دەكات، چونكە شەڕەف لەم نێوانەدا بوونی نییە. ئەمەش نموونەیەكی گەورەیە كە بۆچی ئەو پرسە پرسی پیاوانە نەك تەنها هی ئافرەتان.
* هەندێك پێیانوایە ئەو بزاڤ و جیاكاریە ئەوەندەی زیانی لەپرسی ئافرەتان داوە سوودی پێنەبەخشیوە، ئێوە چۆن لەو تەرحە ورد دەبنەوە؟
- بەداخەوە كاتێك كەسێك خاوەنی شتێكە، كە بۆ ماوەیەكی زۆرە خاوەنیەتی، كەسێكی تر بەشێكی لەو شتە دەوێت چونكە هیچی نییە، كاردانەوەی یەكەمی خاوەن شتەكە لە یاتی هاوبەشیكردن بریتیە لەڕەتكردنەوەی داواكاری ئەو كەسە. ئەگەر كەسانێك لەپیاوان و ئافرەتان هەستبكەن ترادیسیۆن و نەریتەكانیان هەڕەشەی لەسەرە، خێزانەكانیان هەڕەشەی لەسەرە ئەوكاتە بەرگری و دژایەتی گۆڕان دەكەن.
* ئێستا بزووتنەوەی پۆست فێمینیزم خەریكە فراوان دەبێت و باس لەو بۆچوونانە دەكات كە لەبەرامبەر فێمینیزم سەریانهەڵداوە. ئەم زاراوەیە بۆ یەكەمجار لەساڵانی 1960 بۆ وەسفكردنی ئەو پەرچەكردارە بەكارهات كە لەدژی دووەم چەرخی فێمینیزم بەرپابوو. هەندێ لەفێمیمیستەكانی ئێستا وەك كاتا پۆڵیت و نادین سترۆسین، پێیانوایە فێمینیزم بەسادەیی بەمانای ئەوە دێت كە "ژنانیش خەڵكن". بەلای ئەو نووسەرانە ئەو تێڕوانینانەی كە ڕەگەزەكان جیادەكەنەوە وەك لەوەی یەكیانبخەن بە دیدێكی راسیست و ڕەگەزپەرستانە دادەنرێن نەك فێمینیست. هەربۆیە دەبینین لێرە و لەوێش دەنگی ناڕەزایی پیاوانیش بەرزدەبێتەوە، ئەوانیش خۆیان بەچەوسێنراو و مەزڵوم دەزانن، ئایا ئێوە چۆن لەمەودای ئەو بزووتنەوانە دەڕوانن؟
- من پێموانییە تا ئێستا گەیشتبینە قۆناخی پۆست فێمینیزمەوە، چونكە فێمینیزم ئایدیۆلۆژیایەكی زۆر سەرەتایی و بنچینەییە كە بڕوای وایە ئافرەتان لەمافەكانی مرۆڤ یەكسانن. لەڕاستیدا فێمینیزم هیچ شتێك لەپیاو ناسەنێتەوە. پیاوان لە شوێن و پێگەی خۆیان دەهێڵێتەوە و ئافرەتانیش دەهێنێتە ڕێزی ئەوان.
* لەدەورانی ئەنتیگەربوونی مرۆڤ لەنێو جیهانی گلۆباڵدا ئایندەی بزووتنەوە فێمینیستیەكانی دنیا چۆن دەبینی؟ ئایا شەپۆڵی نوێی گلۆبالیزم چ كاریگەریەكی لەسەر بزووتنەوە فێمینیستەكانی هەرێمی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین هەیە؟
- كوردستان نموونەیەكی مەزنە لەسەر ئەوەی چۆن گلۆبالیزم دەرفەت بۆ ئەو ئافرەتانە دەڕەخسێنێت كە سەدان ساڵە دوورەپەرێزكراون و هەر هیچ نەبێت لەرێگەی یاساوە مافە یەكسانییەكانیان پێبدرێت. لەگەڵ ئەوەشدا كێشەكە ئەوەیە یاسا بەس نییە، پەروەردەكردنی كۆمەڵگا و كولتوور گرنگترە لەوەی چی بەسەردێت كاتێك یەكیاندەخەیت لەكوردستان بەبەراورد لەگەڵ بۆ نموونە كالیفۆرنیا جیاوازە.
بۆیە شەپۆڵی تازەی گلۆبالیزم وەك كردنەوەی ئاگر وایە لەژێر حكومەتەكان بۆ ئەوەی یاسا دەربكەن و ڕێگەچارە بدۆزنەوە بۆ پەروەردەكردنی خەڵك و پابەند و هاوتەریب بن لەگەڵ پڕۆتۆكۆڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوڕوپا و هەر لایەنێك بیەوێت مامەڵەیان لەگەڵدا بكات سەیری تۆمارەكانیان سەبارەت بەمافەكانی مرۆڤ دەكات. لەڕاستیدا من لە تایبەتمەندیەكەی خۆم كە سەبارەت بەبازرگانی و قاچاغیكردن بەمرۆڤەوەیە لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2009 ڕاپۆرتێك بڵاوكرایەوە، باس لەعێڕاق و بەتایبەتی كوردستان كراوە كە هیچ یاسایەكی لەدژی بەندەیی (Slavery) نییە و 80%ی قوربانیانی ئەو قاچاغیكردنەش ئافرەتانن، چونكە ئەوان مافی هەڵبژاردنیان و دەرفەتیان لەبەردەمدا نییە و ئەوان كەسانێكن لەپەروەردە بێبەشكراون. بۆیە گلۆبالیزم مانای ئەوەیە بۆ نموونە ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بیەوێت مامەڵە لەگەڵ ڕۆژئاوادا بكات ئەوا پێویستە یاساگەلێكی لەدژی قاچاغیكردن بەمرۆڤەوە هەبێت، پێویستە قوربانیەكان بپارێزێت كە زۆربەیان ئافرەتن. بۆیە گلۆبالیزم وا دەكات شتەكان بەخێراییەكی زیاتر بجوڵێن و گەشەبكەن.