شیلان:دایـكم گـوناهــباری مــە

شیلان:دایـكم گـوناهــباری مــە
لەخێزاندا خۆشەویستی و رێزگرتن یەكێكە لەبنەما سەرەكیەكانە، هەمیشە كۆمەڵناسەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە هەرخێزانێك چەمكی خۆشەویستی تێدا نەما ئەوا چاوەڕێی دەرهاویشتە خراپەكانە و سەرجەمی ئەندامانی خێزان بەرەو هەڵدێر و لادان دەچن، چونكە ئەگەر دووهاسەر وەك كاراكتەری سەرەكی نەیانتوانی رۆڵی خۆیان بگێڕن لەپەیوەندییە خۆشەویستیی و لایەنەكانی تر ئەوا ئەو دووكەسە هەوڵ دەدەن لەیەكتر دووربكەونەوە، لەوكاتەشدا منداڵەكان بەپلەی یەكەم باجەكەی ئەدەن و دواتریش خۆیان دەبنە قوربانی كارەكانیان.ئەوەی بەسەر خێزانێكی وەك (شیلان)دا هاتووە نمونەیەكی زیندووی ئەم حاڵەتەیە و لەكۆمەڵگەی خۆماندا بەرجەستەبووە، بەڕاستی بیستنی ئەم رووداوانە مرۆڤ توشی شۆك دەكات، چۆن حاڵەتی لەو شێوە روودەدات؟ بەڵام دەبێت بزانین كە ئێمە مرۆڤین بەدەر نابین لەهەڵە بەڵام ئایا ئەمەی شیلان باسی دەكات دەكرێت بڵێین هەڵەبووە؟
باوكی( شیلان)، لەرووی ئابوورییەوە پیاوێكی دەست رۆیشتووبوو، هەموو پێداویستی خێزانەكەی دابین كردووە، رێگەی نەداوە منداڵەكانی هەست بەكەمتەرخەمی بكەن.
شیلان دەڵێت:كاتێك پەیوەندی دایك و باوكم رۆژ بەرۆژ بەرەوخراپی و ناخۆشی دەچوو ئێمە زیاتر دڵگران دەبووین، چەندێك هەوڵماندا بۆیەك خستنەوەی هەردووكیان بێ سوود بوو، تاكارگەیشتە ئەوەی كەسوكارەكانمان تەداخول بكەن، كێشەی دایكم و باوكم هەمیشە لەسەر ئەوەبوو، دایكم بەردەوام گلەیی لەباوكم دەكرد بۆچی وەك پێویست گرنگیمان پێنادات و زیاتر كاتەكانی لەسەفەركردندایە تا لەماڵەوەبێت، باوكم هەموو شتێكی بۆدابین دەكردین، بەڵام لەرووی سۆز و خۆشەویستییەوە تەنانەت بۆ دایكشم لەئاستێكی گونجاودا نەبوو هەردووكیان خاوەن كەسێتی زۆر تورە و بێ ئارام بوون، لێبوردنیان بۆ یەكتر نەبوو، گوێ بیستی قسەی زۆرناخۆش دەبوین، هەستمان نەدەكرد ئەمە دوو هاوسەرن، هەرچۆن بوو بۆ ئاسودەیی هەردوولایان و دوای چەندین تۆران و شەر بریاری جیابونەوەیاندا بێ ئەوەی گوێ بدەن بەوەی ئێمە دوو خوشك و سێ براین، پێنج منداڵیان كردە قوربانی شەڕی خۆیان.
باوكم دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر جیابوونەوەی لەگەڵ دایكمدا ژنی دووەمی هێنا، رۆژێك باوكم گوتی دمەوێ ئێوارە هەموومان ببینم و كارێكی گرنگی پێمانە. باشە قبوڵمان كرد لەگەڵ باوكم، لەدوای نان خواردن باوكم پێی گوتین ئێوەم خۆش دەوێت چونكە منتان هەڵبژاردوو نەچونە لای دایكتان هەرچەندە دایكتان رازی نەبوو بچنە لای، من ئەمە بەهەند وەردەگرم، بەڵام خۆتان دەزانن من ئاستی ئابووریم زۆرباشە و لەهەمان كاتدا گەنجیشم پێویستم بەیەكێك هەیە بیكەمەهاوبەشی ژیانم، راتان چیە لەسەر ئەمە؟باوكم تەنها پرسە گورگانی پێكردین، چونكە هەموو شتێكی تەواو كردبوو وویستی راستەوخۆ لەدەمی خۆیەوە بیبیستن نەك خەڵك.
باوكم پێی گوتین كچێكی زۆر منداڵتر لەخۆی هێناوە كە (22) ساڵ لەخۆی منداڵترە كچەكە لەدایكبووی (1982)ەو باوكیشم (1960). بەلامانەوە سەیر بوو چونكە براكەم لە دایكبوون (1983) بوو، چۆن باوكم كاری وایكردووە؟ یان چۆن ئەو كچە لەگەڵ باوكمدا زەواج دەكات؟ كچەكە تەنها بیری لەدەوڵەمەندی كردبۆوە و هەروەها باوكم بە رووخسار زۆر گەنج دیاربوو لەتەمەنی خۆی، باوكم دوای هەفتەیەك لەگەڵ ژنەكەیدا چون بۆ توركیا، ئێمە لەخەفەتدا نەمان ئەزانی چی بكەین؟ بەڕاستی ئەو كچەی باوكم هێنابووی هەتا بڵێی شۆخ و شەنگ و جوان بوو، زۆر سەرنج راكێش بوو، كەسێكی زمان شیرین و كۆمەڵایەتی بوو، زوو لەگەڵ ئێمەدا تێكەڵ بوو، باوكم زانی بەو جۆرەیە داوای كرد لەماڵەدا لەگەڵ ئێمەدا بژی، تەواوی خێزانەكەشمان ئەم بریارەی بەدڵ بوو.
جارێكیان باوكم بڕیاریدا بچێت بۆ وڵاتی چین بۆ كاری بازرگانی، رێدەكەوت كە (15)شەو زیاتری پێدەچوو، شادمانی برام لەسەرەتادا زۆر پەیوەندی لەگەڵ رێزاندا باش بەڵام نەبوو لەم دوایەدا پەیوەندیان بەرەو باشی رۆیشت، تەنانەت گەر بیویستایە بچێتەوە بۆ ماڵی باوكی بەشادمانی دەگوت كە بیبات.ئەم نزیكبوونەوە و زمان شیرینیە چەندین مەرامی لەپشتەوەبوو،رێزان بەمە متمانەی لای هەموون دروست كرد، بەڵام هەمیشە خەڵك پێی دەگوتین چۆن باوكتان كچێكی ئەوا مناڵی هێناوە، تەنانەتە لەوەرزی بەهاردا كە دەچوین بۆ سەیران و دەرەوە خەڵك وایان دەزانی كچی خێزانەكەمانە نەك ژنی باوكم بێت.
رێزان بەباوكمی گوتبوو كە دەبێت خانووەكەمان لەسەر ئەو تاپۆ بكات ئەگەرنا داوای جیابونەوە دەكات چونكە گوتبووی كاتێك تۆ لێرە نابیت منداڵەكان هیچ گرنگیەكەم پێنادەن، بەڵام كە دەگەرێیتەوە بەپێچەوانەوەن، باوكیشم باوەڕی پێ كردبوو، من راستی دەڵێم چەندێك پەیوەندیمان لەگەڵیدا خۆش بوو، بەڵام بەدڵ خۆشمان نەدەویست. باوكم بەبێ ئاگاداری ئێمە خانووەكەی لەسەر تاپۆ كردبوو، دەبوو زوو بمانزانیبایە كە باوكم چۆن ئەم كچە هاوسەرگیری لەگەڵدا كردووە ئەگەر مەرامێك لەپشتیەوە نەبێت، لەلایەك هەوڵی دەدا خۆی لەشادمان نزیك بكاتەوە و پەیوەندی لەگەڵدا پتەو بكات و لەلایەكی تریشەوە خانوەكەی لەدەست باوكم دەرهێنا، رێزان تەنها بەمە نەوەستا هەوڵی دانانی بەرنامەیەكی دابوو كە چۆن لەماڵەكە دەرمان بكات، ئەوەبوو كە لەگەڵ شادماندا رۆژێك پاش نیوەڕۆ بوو كە باوكم لەژوورەكەی شادماندا پەیوەندییەكەی ئاشكرا كردن، بەڵام بەداخەوە باوكم شادمانی برامی دەركرد و ئیهانەی كرد، بەڵام لەبەرامبەر ژنەكەیدا هەردەتگوت نەبای دیووە و نەباران، گوتمان لەوانەیە تەڵاقی بدات كەچی لەجاران زیاتر خۆشی دەویست و گرنگی پێدەدا.
شادمانی برام ئەو رۆیشتنەی كە چۆووە دەرەوە تائێستا نەگەڕاوەتەوە و هەرشەوەی لەماڵێكە، ئێمەش ئێستا زۆر بێزارین لەم ژیانەی هەمانە دەمانەوێت هەموومان پێكەوە بچینە دەرەوە، بەڵام باوكم رێگە نادات، بۆیە دەڵێم گوناهی ئەم كارانە لەئەستۆی دایكمدایە نەك باوكم، چونكە ئەو هۆكاری جیابوونەوەیان بوو، لەسەر گرنگی پێنەدان و نەبوونی خۆشەویستی بوو كەخێزانەكەمان بەرەو ئەو ئاقارە رۆیشت ئەمجارەش هەمان شت دووبارەبۆوە، بەڵام قورستر و زەحمەت تر.
Top