جـوانی بـەڵایەكە بۆ خۆی!!

جـوانی بـەڵایەكە بۆ خۆی!!
هەڵەیەكی كوشندە
(رێژین) سەری نابووە ناو هەردوو دەستەكانی و بە كپی، بەڵام زۆر بە كوڵ دەگریا كاتێك (تارا)ی هاوڕێی دەستی لەسەر سەری داناو دڵی دایەوە، داوای لێكرد چیتر نەگری، (رێژین) سەری بڵند كرد و بەچاوی پڕ گریان و ناوەوە، بە هەنسكێكی ناسكی گریانەوە كە بە زەحمەت لە گەرووی دەردەهات گوتی: (تارا) گیان پاش چی؟ دوای ئەوەی نزیكترین هاوڕێم ئەو كەتنەی پێكردوم و پاشان هەر لەناو ئەو دۆخەدا بێ موبالاتانە جێیهێشتم.
ئیتر قەدەرێك بە یەكەوە دانیشتن و پاشان هاتنە دەرەوە و (تارا) پێی گوت كەوا هەوڵدەدات بەهەر شێوەیەك بێت حەقیقەتی مەسەلەكە لەو كوڕە بگەیەنێت و ئەگەر یەك رۆژی تەواویش لەگەڵی دانیشتبێت، بۆ روونكردنەوەی ئامادەیە بیكات.
ناوەڕۆكی كێشەكەی (رێژین) چی بوو؟
(رێژین) لە تەمەنی بیست و دوو ساڵی خۆیدا بوو، یەك دوو ساڵێك بوو پەیمانگای تەكنیكی تەواو كردبوو لە فەرمانگەیەكدا دامەزرابوو، (رێژین) هەر لە قۆناغی یەكەمی پەیمانگاوە هاوڕێیەتی لەگەڵ كچێك پەیدا كردبوو ناوی (شلێر) بوو. (شلێر) ئەوەندە خۆی لە (رێژین) نزیككردبۆوە خۆی بە دڵسۆزترین و ئازیزترین كەسی ئەو دەزانی. (رێژین) یەكێك بوو لە كچە هەرە جوانەكانی پەیمانگا، هەمووان هەموو كاتێ ماشەڵڵایان لە جوانییەكەی دەدا، بەدەیان كوڕ داوای پەیوەندی یا داوای دەستیان دەكرد ئەو رەتیدەكردەوە، هەمیشەش دەیگوت: من پەیوەندی لەگەڵ كەسێك دەبەستم كە بەراستی خۆشم بووێت، ئەگینا پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كەسدا نابەستم. وا رێكدەكەوێت كە یەكێ لە براكانی (شلێر) چاوی بە (رێژین) بكەوێت و شێت و شەیدای بێت، بۆیە زۆر هەوڵدەدا لەرێگەی (شلێر)ی خوشكییەوە لە (رێژین) نزیك بێتەوە، ئیدی (شلێر) چەند جارێك رێكەوتی وەها دروست دەكات كە (رێژین) و براكەی یەكتر ببینن. بەڵكو (رێژین) دڵی بچێتە سەر براكەی، زۆر جار بە بۆنە و بێ بۆنە (شلێر) باس لە براكەی بۆ دەكرد و باسەكەی بەشێوەییەكی زۆر سەرنجراكێش و تەشویقی باس دەكرد، بەڵام (رێژین) دڵی لەسەر نەبوو، بۆیە هیچ كاردانەوەیەكی بۆ قسەكانی نەدەبوو،? ئەی كێشەكەی (رێژین) لە چییەوە پەیدا بوو؟ با (تارا) خۆی ئەو كێشەیەمان بۆ باس بكات چونكە ئەویش لە نزیكەوە ئاگاداری كێشەكە بوو، (تارا) لەمبارەیەوە گوتی: من و (رێژین) لەیەك قۆناغ و یەك بەش بووین لە پەیمانگا. لە نێو كچانی پۆلدا تەنیا من و (شلێر) زۆر لێی نزیك بووین، بەتایبەتیش لە قۆناغی یەكەمدا زۆرتر (شلێر) لێی نزیك بوو، (رێژین) كچێكی تا بڵێی جوان و بەرچاو و بەردڵ بوو، زۆر كەس حەزی دەكرد لێی نزیك بێتەوە، پەیوەندی لەگەڵ ببەستێ، بەڵام ئەو خۆی لە هەموو پەیوەندییەكی عاتیفی و عەشقبازی بە دوور دەگرت. ئەوەبوو ئاگام لێی بوو برایەكی (شلێر) هەوڵی دەدا پەیوەندی لەگەڵدا ببەستێ، بەڵام (رێژین) رەتیكردەوە، لەوەوە (شلێر) رقێكی زۆری لە (رێژین) هەڵگرت و ئیرەیییەكی كوشندەش لە ناخیدا سەری هەڵدا. ئەوەشم بەوەزانی كە چەند جارێك من و (شلێر) پێكەوە دەبووین، یا رێكەوتی دەكرد هەرسێكمان پێكەوە دەبووین و خەڵك و دەوروبەر هەر سەیری قەد و باڵا و جوانییەكەی (رێژین)یان دەكرد و ئەویش بایەخی بەو سەرنجدانانە نەدەدا یان كاتێك چاكوخۆشی لەگەڵ كەسێكی تر دەكرد و تۆزێك لە ئێمە دوور دەكەوتەوە (شلێر) كە بەخۆشی و جوان و سەرنج راكێش بوو، بە چرپە پێی دەگوتم: سەیری بكە نازانی چی لە جوانییەكەی خۆی بكات، نازانم بۆ هێندە لە خۆبایی و رووح گەورە و لووت بەرزە؟ منیش دەمگوت (شلێر) گیان بەخوا ئەگەر واش دەكات چاك دەكات، خۆ هیچ نەبێ خۆی گران رادەگرێ و رێگە نادات بە قسەكردن و نزیكبوونەوە لەم و لەو بواری قسەو قسەڵۆك هەڵبەستی دژی برەخسێ. كەچی ئەو دەیگوت: بەخوا تۆ نایناسی، من ئەو برایەی خۆم پێناساند كە هەموو شتێكی هەیە و شێت و شەیدایەتی و ئامادەشە بیخوازێت، كەچی رازی نەبوو، بزانە چۆن تووشی داوی خۆی دەبێ راوەستە. كە ئەو قسانەی تەواو كرد ئینجا زانیم ئەو كچە چەند ئیرەی بە (رێژین) دەبات و چەند منافق و ناڕاستگۆیە لەگەڵی، لە پشتەوە چۆن قسەی پێ دەڵێ لەبەردەمیشی چۆن بەگیان و قوربان قسەی لەگەڵدا دەكات. چەند جارێك ویستم بە (رێژین) بڵێم كچێ لەم (شلێر)ە دوور بكەوەوە، زۆر رقی لێتە و زۆریش ئیرەییت پێ دەبات، بەڵام پەشیمان بووەوە، ئیتر وا رێكەوت لە قۆناغی دووەمدا (رێژین) و كوڕێك بەناوی (كەمال) یەكتر بناسن، من شتێكی سەرپێیم لەسەر پەیوەندییەكەیان دەزانی. بەڵام لە كۆتاییەكانی قۆناغی دووەمدا بووین و خەریكی سەعی و كۆشش و خوێندن بووین، بۆیە ماوەیەك لێك دووركەوتینەوە، بەڵام كە (رێژین) لە پەیمانگا دەرچوو ئیدی لە فەرمانگەیەكدا دامەزرا، بەڵام پەیوەندی نێوان (شلێر) و (رێژین) و (كەمال) هەرما. (رێژین) بۆ درێژەدان بەپەیوەندییەكە مەرجی ئەوەی هەبوو كە (كەمال) بێتە خوازبێنی ئەگینا پەیوەندییەكەی دەپچڕێنێ. (كەمال)یش ئەوەی لە خەیاڵی نەبوو ژن خواستن بوو چونكە بەخۆی ژنی هەبوو. تەنیا ئامانجێك كە لەگەڵ (رێژین) ی هەبوو، رابواردن بوو بەس. ئیتر (كەمال) بۆ ئەوی بگاتە مەرامی خۆی لەگەڵ براكەی (شلێر) رێككەوتبوون كە دیدارێك لە نێوان (رێژین و كەمال) لە ماڵی (شلێر) رێكبخەن، گوایە دوا قسە لەسەر خوازبێنی و داواكارییەكانی (رێژین) دەكەن. ئەوەبوو دیدارەكەیان رێكخست و (كەمال و رێژین) دوو بەدوو لەو ماڵە دانیشتن كەوا رێكخرابوو ئەو رۆژە ماڵی (شلێر) هەموویان چووبوونە سەردان.
(تارا) لە قسەكانی بەردەوام دەبێ و دەڵێ: من ئاگام لێنەبووە كە ئەوانە پێكەوە چوونەتە ئەو ماڵە، ئەو شتانە هەمووی (رێژین) بەخۆی بۆی گێڕاومەتەوە منیش وەكو خۆی چۆنی گوتووە ئاوا باسی دەكەم. ئینجا (كەمال) بەڵێنی پێداوە كە یەك دوو رۆژی تر دەچێتە خوازبێنی و هەموو داخوازییەكانیشی بۆ مسۆگەر دەكات، (رێژین) بەو پەڕی خۆشباوەڕییەوە باوەڕ بە قسەكانی (كەمال) دەكات، ئیتر لە دانیشتنەكەدا كەشێكی هێمن و بێ كێشە دەخوڵقێنێ، (كەمال) هەوڵدەدا دڵنیاییەكی تەواو لای (رێژین) دروست بكات و وا هەڵسوكەوت و قسەی لەگەڵدا دەكات وەك ئەوەی كە خواویستوویەتی حەڵاڵی خۆیەتی و و تازە هیچ شتێكی تایبەتی لە نێوانیاندا نییە. بەمجۆرە لێی دەچێتە پێش و دەستبازی لەگەڵ دەكات.
سەرەتا (رێژین) بەرگری ئەو شتانە دەكات بەڵام ئیتر لەگەڵ قسەی خۆش و لووسی (كەمال) و سووربوونی لەسەر ئەوەی كە دەزگیرانییەتی (رێژین) غافڵ دەبێ و بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت خۆی بە دەستەوە دەدات، كاتێك بەخۆی زانیوە، دەبینێ خۆی دۆڕاندووە، ئیتر دەست بە گریان و فیغان دەكات و ئۆقرەی لەبەر دەبڕێ، (كەمال)یش بەوە دڵی دەداتەوە كە دەیخوازێت. بەهەرحاڵ چەندین مانگ، ئەو كێشەیە دەمێنێتەوە. نێوانی (رێژین) و (شلێر) دەبێتە دوژمنداری و رقێكی گەورە و ئەستوور. چونكە (رێژین) مەسەلەكە لەسەر ئەو حساب دەكات، بەهەرحاڵ مەسەلەكە بەمجۆرە دەمێنێتەوە. تا رۆژێك دەزاندرێ (كەمال) رۆیشتووە چۆتە ئەوروپا. بەمجۆرە ژیانی (رێژین) دەبێتە یەك پارچە خەم و ئازار و بەو دەردەوە دەتلێتەوە. تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێ بە دەیان كەس خوازبێنی دەكەن، بەڵام ئەوە هەموویان رەت دەكاتەوە و هەر یەكێكیشیان بە بیانوویەكەوە. (رێژین) ئەگەرچی برای نییە تەنیا خۆی و دایكی و باوكێكی پەككەوتە یەكەوە دەژین، بەڵام دایكی لەو هەڵوێستەی كچەكەی سەری سوڕماوە، كە بۆچی ئەو هەموو خوازبێنی كەرە رەتدەكاتەوە. ژیانی ئێستای (رێژین) تەنیا گریان و خەم و خەفەتە. زۆر هەوڵی خۆ كوشتن یان بیری لەخۆ كوشتن كردۆتەوە. بەڵام من پەشیمانم كردۆتەوە. من هەموو جارێ پێی دەڵێم یان دەست لە مێركردن بشۆوە یانیش ئەگەر یەكێك بە راستەقینە خۆشیویستی و ئەویش تۆی خۆشویست حەقیقەتی خۆی پێ بڵێ، ئەگەر بەتۆ رازی بێ ئەویش قبوڵ دەكات ئـــــــەگەر پێشت رازی نەبوو، ئیدی بیرۆكەی مێركردن لە مێشكت بسڕەوە.
Top