كۆرۆنا قەیرانی گەورەی تەندروستی و ئابووری جیهان . . . شەماڵ نوری

كۆرۆنا قەیرانی گەورەی تەندروستی و ئابووری جیهان  . .  .   شەماڵ نوری
كۆرۆنا؛ مرۆڤایەتی خستە بەردەم قۆناغێكی هەستیارو مەترسیدار، بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەی جیهان لە وڵاتی چین بەرەو وڵاتانی دیكەی جیهان نەك تەنیا بووە هۆی مردن و تووشبوونی دەیان هەزار كەس و سنووری وڵاتانی لەسەر یەك داخست، بەڵكو بووە هۆی راوەستانی گەشەی ئابووری جیهانی بەشێوەیەكی زۆر خێرا، بەڕادەیەك زیانە ئابوورییەكان و داراییەكانی بۆ سەدان ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، بەمەش هەڵكشانی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا و قوربانیەكان و لێكەوتە دارایی و ئابوورییەكانی لەسەروو هەموو پێشبینی و پێشهاتەكانەوە بوو، هەرچەندە چاودێرانی رەوشی ئابووری پێشبینی ئەوەیان كردووە كە قەیرانی ئەمجارەی ئابووری جیهان زۆر لەقەیرانی ساڵی 2009 فراوانتر و گەورەترو خراپتر دەبێت، ئەوەتا لەسەرانسەریی جیهاندا بەدەیان كۆمپانیا مایەپووجبوونی خۆیان راگەیاندووە و ژمارەی ئەوانەی كارەكانیان لەدەستداوە بۆ سەرووی 25 ملیۆن كەس هەڵكشاوە. رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش هۆشداری دەداتە حكومەتەكان بەوەی لێكەوتەكانی كۆرۆنا نەك تەنیا قەیرانێكی تەندروستی یەو كورتخایەنە، بەڵكو قەیرانێكی سەختی دارایی و ئابووریشی لێكەوتۆتەوە و ئەگەری هەیە تا كۆتاییەكانی ئەمساڵ بەردەوام بێت و ئابووری جیهان بەرەو پوكانەوە ببات، ئەم پێشبینیە دوای ئەو زیانە ئابوورییانەی جیهان هات كە بەسەروو 865 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، بەرزبوونەوەی زیانە ئابوورییەكانی جیهان لەكاتێكدایە نرخی نەوتیش بەشێوەیەكی خێرا دابەزیوەتە خوارەوە بەجۆرێك لەساڵی 2016 ەوە بەهای نەوتی خاو نرخی بەو شێوەیەی بەخۆوە نەبینیوە، ئەمەش دوای ئەوەی نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ كەمتر لە 29 دۆلار دابەزی، داشكانی بەهای نەوتی خاو بەهۆی راوەستانی گەشەی ئابووری چین و زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە دێت كە بەهۆی كۆرۆناوە ئاستی بەرهەمهێنانیان بۆ خوار نیوەی توانای خۆیان دابەزیوە، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ دەركەوتنی ململانێی توندی نێوان روسیاو سعودییە دوو گەورە بەرهەمهێنەری نەوتی جیهان لەناو ئۆپێك و لەدەرەوەی ئەو رێكخراوە، دوای ئەوەی وڵاتی روسیا ئامادەنەبوو هاوكاری رێكخراوی ئۆپێك بكات بەكەمكردنەوەی ملیۆن و نیوێك بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا كە پشكی روسیا لەو كەمبوونەوەیە تەنیا نیو بەرمیل نەوت بوو لەرۆژێكدا ، ئەمەش وڵاتی سعودییەی ناچار كرد ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی لە 9 ملیۆن و نیو بەرمیل لە رۆژێكدا بۆ نزیكەی 11 ملیۆن بەرمیل نەوت زیاد بكات، بۆ ئەوەی زیان بە وڵاتی روسیا بگەیەنێت، سعودییەو وڵاتانی دیكەی جیهان هەر بەمەشەوە رانەوەستان بەڵكو بۆ كڕیارەكانی نەوتی خاو ئۆفەرێكی داشكانی نرخەكانیشیان پێشكەش كردن، بەمەش وڵاتانی بەهەرمهێنەری نەوت لەدوو رووەوە زیانی گەورەیان بەركەوت بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی بەرێژەیەكی زۆر بەرز ئابووری و داهاتی وڵاتەكەیان پشتی بەبەرهەمهێنانی نەوت بەستووە بەهاوشێوەی وڵاتی عێراق كە بودجەی وڵاتەكەی بۆ جارێكی دیكە رووبەرووی كورتهێنانی گەورە بووەوە. لەم بارودۆخە نەخوازراوەی جیهاندا دۆخەكە لە كیشوەری ئەوروپا بەرەو خراپی دەچێت و هیچ ئاماژەیەكی باشبوونی دۆخەكە ناكرێت، ئەوەتا وڵاتێكی وەكو ئیتاڵیا زیانە ئابوورییەكانی كۆرۆنا مانگانە 100 ملیار یۆرۆی تێپەڕاند ، لەمبارەیەوە فینسینزو بوكیای سەرۆكی فیدراڵی ئەو وڵاتە ئاماژەی بە هەڵكشانی زیانەكان بۆ سەرووی 100 ملیار یۆر كردوو ئاماژەی بەوەش كرد لە ئێستادا ئابووری وڵاتەكەی لە ئابوورییەكی لەناكاو بەرەو ئابوورییەكی سەربازی دەچێت و بەڕێژەی 70%ی كەرتی بەرهەمهێنانی ئیتاڵیا كە ساڵانە سەرجەم بەرهەمهێنانی نیشتمانی دەگەیشتە 1800 ملیار یورۆ لەكار راوەستاوە ، تەنیا ئەو چالاكی و كەرتە بەرهەمهێنانە لەكاردان كە پێویستن و ناتوانرێت دەستی لێ هەڵبگیرێت.

هەر سەبارەت بەكۆرۆناو دەرهاویشتە ئابوورییەكانی سەرۆكی سندوقی درای نێودەوڵەتیش هۆشداری داوەتە حكومەتەكانی جیهان كە بڕە پارەیەكی زۆر بۆ رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا خەرج بكەن، ئەم پێشنیازەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ وڵاتانی تازە پێكەیشتوو كارێكی ئەوەندە ئاسان نییە ئەوان لەبنەڕەتدا گرفتی كەمی سیولەی نەختینەیی و داهاتیان هەیە ، وەنەبێت رێكخراوی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئەمە نەزانێت هەربۆیە هەرزوو رێكخراوەكە لەسەر زاری سەرۆكەكەی رایگەیاند كە رێكخراوی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەتوانایدا نییە قەرز بداتە ئەو 80 وڵاتەی كە داوای قەرزیان كردووە، چونكە داهاتی ئەو وڵاتانە ئەوەندە كەمە بەپێی مەرجەكانی سندوقەكە ناتوانرێت قەرزیان بدرێتێ. هەر سەبارەت بە دۆخی ئابووری جیهان و ئاستی گەشەی لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا بانكی نێودەوڵەتیش لە راگەیاندنێكدا بڵاوی كردەوە كە وڵاتانی تازەپێكەیشتوو پێویستیان بە 2 تریلیۆن و 500ملیار دۆلار هەیە تاوەكو بتوانن رووبەرووی كۆرۆناو دەرهاویشتە سەختەكانی ئابووری ئەو پەتایە ببنەوە. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ئەمەریكا و بەكارهێنانی ئەم پەتا كوشندەیە لەناو ململانێی هەڵبژاردنەكاندا دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەو وڵاتەی ناچار كرد بۆ رووبەرووبوونەوەی كۆرۆناو شوێنەوارەكانی واژوو لەسەر تەرخانكردنی 2 تریلۆن و 200 ملیار دۆلار بكات.

هەرێمی كوردستان بەدەر نییە لەم رەوشە نەخوازاوو سەختەی ئابووری ، هەرچەندە بەپێی ئاماژەكان ئەو راستی یە دەركەوتووە كە رێكارەكانی خۆپارێزی كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەرێمی كوردستان پەیڕەوی كردوو دواتر دەرگای قوتابخانەو مزگەوت و دامودەزگاكانی حكومەت و كەرتی تایبەتی داخست و قەدەغەكردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادەشی راگەیاند هەمووی بووە هۆی كەمبوونەوەی رێژەی تووشبووانی كۆرۆناو چاكبوونەوەی ژمارەیەكی زۆری تووشبووان بەڵام ئابووری هەرێمی كوردستان زیانەكانی ئابووری جیهان و داشكانی بەهای نەوت و كەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ زیانی گەورەی بەداهات و ئابووری هەرێمی كوردستان گەیاندووە، لەگەڵ ئەمەشدا لەتوانایدا هەیە موچەی فەرمانبەران بدات، هەرچەندە ئابووریناسان پێیان وایە ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوخشاندنەوە بەخەرجی و پرۆژەكانیدا نەكات و هەندەك رێوشوێنی دارایی و ئابووریی جێبەجێ نەكات ئەوا رەنگە لەداهاتوودا دووچاری گرفتی دارایی و قەیرانی ئابووری بێتەوە. لەبەرامبەر ئەم هەموو رەشبینیانەشدا هەندێك ئاماژەی باش بۆ هەرێمی كوردستان هەیە لەوانە كەمی رێژەی تووشبووانی كۆرۆناو دانەخستنی خاڵە سنوورییەكان و بەرێژەیی كاركردنی هەندێك لە سۆپەرماركێت و شوێنەكانی دابینكردنی سەوزەو میوەو لە داهاتوویەكی نزیكیشدا ئەگەری كردنەوەی دامودەزگاكانی حكومەت بەشێوەو رێكاری نوێی خۆپارێزی و دووبارە چاوخشاندنەوە بەكەرتی بەرهەمهێنان و رێكخستنەوەی ئابوورییەكەیدا.
Top