یاداشتی لێكگەیشتن بۆ توێژینەوەی زانستی و تواناسازی لەنێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و زانكۆی كوردستان واژووکرا

یاداشتی لێكگەیشتن بۆ توێژینەوەی زانستی و تواناسازی لەنێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و زانكۆی كوردستان واژووکرا
گوڵان- بەهادین جەلال

عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوو دكتۆر محەمەد رەشید موختار سەرۆكی زانكۆی كوردستان- هەولێر لە دیوانی وەزارەت یاداشتێكی لێكگەیشتنی نێوان هەردوو لایان واژووكرد، ئامانج لەو یاداشتە ئەنجامدانی كاری هاوبەشە لە نێوان وەزارەت و زانكۆی كوردستان- هەولێر لە رووی توێژینەوەی زانستی و تواناسازی لە بواری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، سەبارەت بە شێوازی كاركردنیش هەر لایەنێك نوێنەری خۆی دەست نیشان دەكات بۆ رێكخستنی پەیوەندییەكان و پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش بەگوێرەی پسپۆری و تایبەتمەندیی پڕۆژەكان، هەردوولاش هاوكاردەبن بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی دارایی و لۆجیستی لەلایەنە ناوخۆیی و دەرەكییەكان كە پێویست بێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكان، بەپێی ئەو یاداشتە ئەركەكانی زانكۆی كوردستان- هەولێر بریتییە لەوەی كە لە رێگای پسپۆرە ئەكادیمیەكانییەوە بە هاوكاریی پسپۆرەكانی وەزارەت پڕۆژەی سوودمەند دەست نیشان دەكات و ئاگاداری وەزارەت دەكاتەوە و بەشداریی پێدەكات لە سیمینارو كۆنفرانسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ ئەنجامدانی كۆرس و راهێنان بۆ فەرمانبەرانی وەزارەت بەپێی پێویست، لەبەرامبەردا ئەركەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بریتییە لە بەشداریكردن لە داڕشتنی پلانی ساڵانە لە پڕۆژە هاوبەشەكان لەگەڵ زانكۆی كوردستان- هەولێر، هەروەها زانیاری و داتای پێویست پێشكەش بە زانكۆكە دەكات لەسەر پڕۆژەكان، هاوكات هەماهەنگی قوتابی و خوێندكارو توێژەرانی زانكۆ دەبێت لە راهێنان و ئەنجامدانی توێژینەوەكانیان و هاوكاریی زانكۆش دەبێت لە هەماهەنگی كردن لەگەڵ دەزگا نێودەوڵەتی و خێرخوازو كۆمەكبەخشەكان بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی دارایی و لۆجیستی بۆ پڕۆژەكان، شایانی باسە لە رێوڕەسمی واژووكردنەكەدا ژمارەیەك بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت و مامۆستایانی زانكۆی ناوبراو ئامادەی بوون و یاداشتەكەش بۆ ماوەی پێنج ساڵە، لە كۆتاییدا دیاری لە نێوان وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و سەرۆكی زانكۆی كوردستان – هەولێر ئاڵوگۆڕكراو هەردوولاش بۆ دەزگاكانی راگەیاندن بە تێروتەسەلی لە وەڵامی پرسیارەكاندا رۆشناییان خستە سەر ناوەڕۆكی زیاتری یاداشتەكە.
Top