عێراق: لە 2016- 2017 تەنیا گەنمی ورد( گەنمی نان) لە جووتیاران وەردەگیرێت
September 19, 2016
راپۆرتەکان
بەپێی بڕیارێكی هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و بازرگانی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ وەرزی ئەم ساڵ 2016- 2017 سایلۆكانی هەرێمی كوردستان تەنیا گەنمی ورد واتا گەنمی نان لە جووتیاران وەردەگرن، دكتۆر ئەنوەر عومەر قادر بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون و وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەم هەواڵەی پشت راستكردەوەو رایگەیاند: با لە ئێستاوە برا جووتیارەكانی هەرێمی كوردستان ئاگادار بن كە بەغدا بڕیاری داوە تەنیا گەنمی ورد( گەنمی نان) لە سایلۆكان وەردەگیرێت و گەنمی درشت( گەنمی ساوارو بڕوێش) وەرناگیرێت، وتەبێژی وەزارەت زیاتر روونی كردەوە كە ئەو جووتیارانەی بە نیازن گەنم رادەستی سایلۆ بكەن با گەنمی ورد بچێنن و ئەوەیشی دەیەوێت گەنم لە دەرەوەی سایلۆ بفرۆشێت ئازادە لە چاندنی گەنمی ورد یان درشت. دووپاتیشی كردەوە كە وەزارەت لەپێناو بەرژەوەندیی جووتیاران و نزیكبوونەوەی وەرزی چاندن لە ئێستاوە ئەم ئاگادارییە بە جووتیاران رادەگەیەنێت.