رەسمی گومرگی بۆ هەر كیلۆیەك تەماتەی هاوردە لە 250 دینارەوە بۆ 350 دینار زیادکرا

رەسمی گومرگی بۆ هەر كیلۆیەك تەماتەی هاوردە لە 250 دینارەوە بۆ 350 دینار زیادکرا
گوڵان- بەهادین جەلال
بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێشوازی لە نوێنەرانی جووتیارانی پێنجوین و حاجی ئۆمەران و سیدەكان كرد، لە میانی دیارەكەدا كە ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت ئامادەی بوون، بابەتی سەرەكیی بریتی بوو لە كێشەی هاتنەژوورەوەی بەرهەمی هاوردە لە خاڵە سنووریەكان بە تایبەتیش بەرهەمی تەماتە كە جووتیارانی ئەو دەڤەرانە لە ئەنجامی ئەو دزەكردن و رێگاپێدانە نایاساییانە زیانێكی زۆریان كردووە، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەنزیكەوە گوێی لە سكاڵاو داخوازیی جووتیاران گرت و بەڵێنی دا كە ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت تاكو چی دیكە زیان بە بەروبووم و ماندووبوونیان نەگات و هاوسەنگییەك لەنێوان قازانجی ئەوان و هاووڵاتیانی كڕیار درووست ببێت، دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا كە ژمارەیەكی زۆری كەناڵەكانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان ئامادەی بوون،عەبدولستار مەجید لەپێناو پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و زیان نەگەیاندن بەم بەرهەمە و بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە ئەم بڕیارانەی راگەیاند:
1- زیادكردنی رەسمی گومرگ لەسەر تەماتەی هاوردە بۆ هەر كیلۆیەك لە 250 دینارەوە بكرێت بە 350 دینار.
2- لە هەر پارێزگایەك لیژنەیەك بە سەرۆكایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵ یان جێگرەكەی پێكدێت بۆ بەدواداچوونی چۆنێتیی وەرگرتنی ئەو رەسمە گومرگییە لەسەر بەرهەمی هاوردە.
3- پێكهێنانی لیژنەی گومرگی بۆ رێگەگرتن لە بەقاچاخ هێنانی تەماتەو وەرگرتنی رێوشوێن و رێكاری یاسایی دژ بە سەرپێچیكاران.
هاوكات جەختی كردەوە كە وێڕای ئەم رێوشوێنانە وەزارەت بەردەوام لە هەوڵی ئەنجامدانی هاوسەنگیدایە لەنێوان قازانج و زەرەنەكردن و گران نەوەستانی نرخەكە لەسەر هاووڵاتیان، گوتیشی: هەر بەرهەمێك گران بێت بڕیاری دیكەی بۆ دەردەكەین، داواشی لە جووتیاران كرد كە كوالیتی بەرهەمەكانیان چاكتر بكەن تاكو كێبڕكێ لەگەڵ بەرهەمی هاوردەدا بكات، دووپاتیشی كردەوە كە لە سنووری گەرمیان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی دەڤەرەكە رێوشوێنی توندتر دەگرنەبەر بۆ ئەوەی لە سنووری مونزریەی عێراقی نزیك لە خانەقین رێگە نەدرێت بەرهەمی ئەو دیو سنوور بهێنرێتە ناو هەرێمی كوردستانەوە. دواترلەلایەن پەیامنێرانەوە چەندین پرسیاری ئاراستەكرا و وەزیریش بە راشكاوی وەڵامی دانەوە، لەوانە پاراستنی بەرهەم و توندتركردنی مەرزو خاڵە سنوورییەكان بە هاوكاری و هەماهەنگیی لەگەڵ یەكە ئیدارییەكانی ئەو ناوچانە، هەروەها جەختكردنەوە لە سوودوەرگرتنی جووتیاران لە رێنماییە كشتوكاڵییەكان، ئینجاعومەر عەبدوڵا وەك نوێنەری جووتیارانی پێنجوین لەبەردەم كەناڵەكانەوە بە ناوی سەرجەم ئەو جووتیارانەی ئامادەبوون، سوپاسی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی كرد بۆ ئەو بەدەنگەوەهاتنەوەو بەڵێنیان دا كە بەردەوام بن لە خزمەتكردنی كەرتی كشتوكاڵ و چاككردنی كوالیتی بەرهەمەكان و سوودوەرگرتن لە رێنماییەكانی وەزارەت و هیوایان خواست ئەو بڕیارانە بە زووترین كات بخرێنە واری جێبەجێ كردنەوە.
Top