دكتۆر بێوار خنسی: بە رزگاركردنی بیرەنەوتەكانی گەیارە توانای ئابووریی داعش تێكشكێندرا
September 5, 2016
راپۆرتەکان
عەمبارە نەوتییەكان لە كێڵگەكانی گەیارە
لە دوو عەمباردا بەرهەمی نەوتیان هەیە، یەكێكی سەروو كە پەیوەستە بە قیرەبەردی پێوەندیدار بە فوراتی سەردەمی مایۆسین كە تەمەنی جیۆلۆجی لە نێوان 15 بۆ 23 ملیۆن ساڵدایە، عەمباری خواروو كە لە قیڕە بەردی تەباشیریی سەردەمی تەباشیری سەرووە و تەمەنی جیۆلۆجیی لەنێوان 70 بۆ 80 ملیۆن ساڵدایە.
نەوت لە كێڵگەكانی گەیارە لە (گومەز)دامی نەوتی بەرهەم دەهێنرێت كە بە تەوەری زنجیرە تەلانی باریك لە شێوەی پێكهاتەی نەوتی كەركووك درێژدەبنەوە. نەوتی كێڵگەی گەیارە بەوە ناسراوە كە نەوتی قورسە، پلەی (أ،ب،ی)ی نەوتەكە لەنێوان 11.5- 18 پلەدایە، سەرەڕای ئەوەی كە عەمباری سەرەوەی پێكهاتەی فوڕات رێژەیەكی بەرزی گۆگردی تێدایە.
گومەزی بچووكی غاز كەوتۆتە سەر عەمباری سەرووی پێكهاتەی فوڕات، وێڕای بوونی گومەزی غازیی لە كێڵگەی قەسیب لە عەمباری تەباشیری. بوونی شوێنەواری رەنگدانەوەی نەوت لە عەمباری سەرووی پێكهاتەی فوڕات وای كرد كە بە هەزاران تەن قیڕ لە رێگەی درزو دەرچەكانی ئەو كێڵگانەی گەیارە سەر زەوی بكەوێت، لەمیانی ئەو درزانەدا بە درێژایی رێڕەوی رووباری دیجلە لە گەیارەو نەمرودو حەمام عەلیل، هاوشێوەی حەوزی كێڵگەكانی كەركووك.
توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی گەیارە
توانای بەرهەمهێنانی 62 بیری كێڵگەكانی گەیارە لە رۆژێكدا بە 20 هەزار بەرمیل مەزەندە دەكرێت، ئەم كێڵگانە رێژەیەكی بەرزی غازی (كبریتیدی هایدرۆجین)ی ژەهراوی تواوەی نەوتی خاوی تێدایە، كە بە 1200 پێ سێجا دەخەمڵێنرێت لە هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو، بۆیە تیرۆریستان هەڕەشەیان دەكرد بە تەقاندنەوەی بیرە نەوتەكان لە حاڵەتی هێرش بۆ سەر كێڵگەكانی نەوتی گەیارە.
توانای پاڵاوتگەی گەیارە بە 10 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا مەزەندەدەكرێت، ئەم كێڵگەیە بەر لە ماوەیەك لەلایەن فڕۆكەكانی هێزی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی پەكخرا، هەروەها وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەباش بە 750 میگاواتی لێیە، ئەمە وێڕای دوو وێستگەی جیاكردنەوەی غاز لە نەوتی خاو.
لەوەتەی ساڵی 2014 تا 25ی ئابی 2016 كێڵگەكانی گەیارە كە لەژێر دەستی داعشدا بوون رۆژانە 20 هەزار بەرمیل نەوتیان لێ دەردەهێنان، كە هەموو رۆژێك بە 200 تانكەر دەگوازرایەوە بۆ هەندێ پاڵاوتگەی ئەهلی نزیك لە شارۆچكەی حەمام عەلیل، كە بە 25 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری شاری گەیارە.
دابەزینی بەرهەمی كێڵگەكانی گەیارە لە ساڵی 2015
دوای ئەوەی كە هاوپەیمانان لە نیوەی ساڵی 2015دا پاڵاوتگەكانی گەیارەیان بۆردومان كردو پەكیانخست لەگەڵ دوو وێستگەی غازدا، داعش نەیتوانی چیدیكە راستەوخۆ نەوت لەو بیرانە بگوازێتەوە، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی ئاستی رۆژانەی بەرهەمهێنان لە 20 هەزار بەرمیلەوە بۆ 7- 10 هەزار بەرمیل، بۆیە بیرەكانیان كردەوە و نەوتی خاویش بەرەڵای دۆڵەكانی دەوروبەر كرا، دواتر(حەوز) یان دەریاچەی نەوتیان بۆ جوداكردنەوەی غاز لە نەوت درووستكرد، تا بتوانن بە هۆی تانكەرەوە بیگوازنەوە بۆ پاڵاوتگە ناوچەییەكان لە حەمام عەلیل بەمەبەستی پاڵاوتنی نەوتی خاو.
تەقاندنەوەی بیرەكانی نەوت و دامەزراوە نەوتییەكان لەلایەن داعشەوە
هێزەكانی داعش پەنایان بردە بەر تەقاندنەوەی بیرەكانی نەوت و دامەزراوە نەوتییەكان و سووتاندنیان بەدرێژایی ئەو ناوچانەی كە كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتیان لە سوریا و عێراق دوای ئەوەی ترسان كە لە كۆنتڕۆڵی ئەواندا نەمێنن، بۆیە هێڵی نەوتی كەركووك – جەیهان لە ساڵی2014 كە لەو شوێنەی كەوتبووە ژێر دەسەڵاتی ئەوان لەنێوان بێجی و پاڵاوتگەی كسكێ لە نزیك تەلەعفەر تەقێنرایەوە، ئەوە وێڕای سووتاندن و تەقاندنەوەی هەندێ لە بەشەكانی كۆمەڵە پاڵاوتگەی بێجی و بیرە نەوتەكانی ناوچەی رەقەو دێرزور لە سوریا، سەرباری هەندێ كرداری دزەكردنی تێكدەرانە لەوەتەی نیسانی ئەم ساڵدا لە هەندێ كێڵگەی نەوت لە كەركووك و تەقاندنەوەی چەند بیرێكی بای حەسەن و خەبباز، دواتریش تەقاندنەوەی 11 بیری نەوت لە كێڵگەكانی گەیارە، كە تا ئێستاش 30 بیر لە كێڵگەكانی گەیارە هەر لەژێر دەستی داعشدان، بۆیە داعش لە ئایندەدا پەنا دەباتە بەر تەقاندنەوەی هەموو ئەو بیرە نەوتانەی كە ماون دوای هەڵاتنیان لەبەردەم هێزەكانی عێراقی و پێشمەرگەدا.
شەقامەكانی شاری گەیارە بەهۆی ئەو نەوتەی كە دەڕوات گڕیان گرتووە
دواجار داعش پەنای بردەبەر بۆمبڕێژكردنی چەند بیرە نەوتێكی گەیارە و تەقاندنەوەی هەندێك لەو بیرانە دوای ئەوەی هێزەكانی عێراق لە 25ی ئاب دەستیان گرت بەسەر ناوچەی گەیارە( فڕۆكەخانەی گەیارەو و شارەكەو هەندێ لە كێڵگە نەوتییەكان) بۆیە ئەوە 10 رۆژە نەوتی خاو لە 11 بیرەنەوتدا بە هۆی تەقاندنەوەیان لەلایەن داعشەوە دەسووتێت، ئەمە سەرباری سووتانی ئەو نەوتەی كە لە حەوزە نەوتییەكانی نزیك بیرەكاندایە، هەر ئەمەش بووە هۆی سووتانی چەندین كۆگا لە گەیارە كە رۆژانە بە زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار زیانی بە سامانی دانیشتووان گەیاندووە. لەلایەكی دیكەوە داعش نەوتێكی زۆری رژاندۆتە دۆڵ و حەوزەكانی سەر رووباری دیجلە تاكو ئاوەكەی پیس بێت كە ئەمەش مەترسییە بۆ ژیانی هاووڵاتیانی سەر هەردوو كەناری رووبارەكە كە ئەم ئاوە بۆ خواردنەوەو پێداویستیی رۆژانە بەكاردێنن.
راپۆرتی وەزارەتی نەوت ئاماژە بەوە دەكات كە لە ماوەی 10 بۆ 30 رۆژی داهاتوو دەتوانرێت ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت، ئەگەر نەتوانرا بكوژێنرێتەوە ئەوا شەقام و كۆڵانەكانیش پڕدەبن لە نەوت ئەو كاتە دانیشتووانی گەیارە كە ژمارەیان نزیكەی 20 هەزار كەسە شارەكە جێدێڵن، ئەمەش كارەساتێك دێنێتەئاراوە بۆ ئەوانەی كۆچ دەكەن و كاریگەریی بۆ سەر تەندروستیی دانیشتووانی شارەكە دەبێت و ژینگەی ناوەكەش پیس دەكات لە رێی درووستبوونی دووكەڵێكی رەش كە ناوچەكە دادەپۆشێت، كە دواتر ناوچەو شارەكانی دیكەش دەگرێتەوە، ئاوی رووباری دیجلەش كە نزیكە لەو بیرانە بە تەواوی پیس دەبێت.
جێی بیرهێنانەوەیە كە سووتاندنی بۆڕی هەناردەكردنی نەوتی نزیك گەیارە لە ساڵی 2011 بووە هۆی درووستبوونی هەورێكی دووكەڵاوی لە ئاسمانی ناوچەكەدا، كە كاریگەرییەكەی گەیشتە زوممار كە بە 80 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری گەیارە، واتا ماددەی پیسبوو لە ئەنجامی سووتانی نەوتەكە ناوچەیەكی بازنەیی بە تیرەی 160 كیلۆمەتر درووستكرد، بۆیە ئەم جارە رووبەرو تیرەی سووتانی بیرەنەوتەكانی گەیارە لە ئاگرەكەی ساڵی 2011 زیاتر و فراوانتر دەبێت، ئەگەر بێتو بە خێرایی ئاگرەكەی بیرە نەوتەكانی گەیارە كۆتڕۆڵ نەكرێت.
نەوتی كێڵگەكانی گەیارە سەرچاوەی دارایی هێزەكانی داعش بوون
بەرهەمە نەوتییەكانی گەیارە سەرچاوەی سەرەكیی هێزەكانی داعش بوونە لە پارێزگای نەینەوا، هەر بە پشتبەستن بەم سەرچاوەیەش ناوبەناو هێرشیان دەكردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق، هاوكات كارتێك بووە لە دەستی داعش كە هەڕەشەی پێ دەكرد لە حاڵەتی هێرشەكانی هێزەكانی عێراق بۆ سەر گەیارە ئەوان ئەو بیرە نەوتانە بتەقێننەوە. هێزەكانی داعش توانیان لە ساڵی 2014 تاكو 25ی ئابی 2016 واتا بۆ ماوەی دوو ساڵ رۆژانە 20 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنن، ئەگەر نرخی هەر بەرمیلێكمان بە 30 دۆلار خەمڵاند، ئەوا كۆی داهاتی ساڵانە بە زیاتر لە 216 ملیۆن دۆلار دەبێت، بەڵام لە نیوەی ساڵی 2015 بەرهەمهێنانی نەوت رۆژانە بۆ 70 هەزار- 10هەزار بەرمیل دابەزی، بۆیە ئەگەر بە هەمان نرخ ( 30 دۆلار) پارەكە بخەمڵێنین ئەوا داعش لە ساڵانی 2015 بۆ 2016 توانیویەتی 75-108 ملیۆن دۆلاری دەست بكەوێت.
گرنگیی ناوچەی گەیارە بۆ داعش
1. ناوچەی گەیارە و ئەو كێڵگە نەوتییانەی تێیدایە بە ناوەندێكی گرنگی پارەداركردنی داعش دادەنرێت لە ڕووی سووتەمەنی و بەرهەمە نەوتییەكان لە سنووری هەر چوار پارێزگای سەلاحەدین و كەركووك و هەولێرو موسڵ كە لە سنووری گەیارەن.
2. درێژبوونەوەی ناوچەی گەیارە لە رووی جوگرافییەوە بە ئاراستەی ناوچەی تەلەعفەر و لەوێشەوە بۆ سووریا، بە تایبەتی دوای رزگاركدنی شاری شنگال لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە.
3. ئەو سنوورە جوگرافییەی كە لە زنجیرە چیاكانی حەمرین و مەكحول و شێخ ئیبراهیم پێكهاتووە كە بە كاریگەریی تایبەتمەندییەكانی جیۆلۆجی و جیۆمۆرفۆلۆجی- بەرزونزمیی خاك درووستبووە، ئەمەش بریتییە لە زوورگەكانی جەرادو ئەشكەوتەكان و كارێزە قووڵەكان لە ناوچەی گەیارە.
4. هەروەها رێڕەوی رووباری دیجلە بە تەنیشت لای رۆژهەڵاتی ناوچەی گەیارە كە ئاستەنگ بوو بۆ جووڵەی هێزەكانی عێراق و هێزی پێشمەرگەدا، سەرباری شێوەی نیمچە بیابان كە گەیارەو دەوروبەری دەگرێتەوە، كە بریتییە لە وشكەڵان و گەرمای بەتین 45-48 پلەی سیلیزی لە وەرزی هاویندا، هاوكات گەردەلوولی خۆڵاوی و كەمیی سەرچاوەكانی ئاو، كە تەگەرەن لەبەردەم چالاكییە سەربازییەكانی هێزەكانی عێراق لە ناوچەكەدا.
زیانەكانی داعش دوای دەركردنیان لە ناوچەی گەیارە
1. لەدەستدانی ناوچە نەوتییەكانی ژێر دەستی داعش كە سەرچاوەی سەرەكی و دارایی ئەو رێكخراوە بوو بە تایبەتیش لە رووی بەرهەمهێنانی زۆربەی جۆرەكانی بەرهەمی نەوت، دوای رزگاركردنی كێڵگەی گەیارە لەمەودوا داعش ناتوانێت یەك بەرمیل نەوت لەو كێڵگانە دەربهێنێت، هەروەها لە كێڵگەكانی نەوتی پارێزگاكانی نەینەواو كەركووك و سەلاحەدین، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی دەبێت بۆ سەر دابینكردنی سووتەمەنی و بەرهەمەكانی نەوت بۆ هێزەكانی داعش، كە دواتر دەبێتە ئاستەنگ بۆ جووڵەی هێزەكانی لە ناوچەكانی دەوروبەرو گورزێكی كوشندەیان لێدەدات.
2. لە ساڵی 2014دا داعش دەستی بەسەر نزیكەی 40%ی خاكی عێراقدا گرت و لە تەممووزی 2016 بۆ 12% دابەزی، هاوكات رێژەكە بۆ 10% دابەزی دوای رزگاركردنی گەیارە،هەروەها رزگاركردنی 150 كیلۆمەتر دووجا لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە لە مانگی ئابدا كە 3 تەوەری گرتەوە( مەخموور و گوێڕو خازر)، لەلایەكی دیكەوە هێزەكانی هاوپەیمانان لە ئایاری 2016 رایگەیاند كە داعش 45%ی خاكی عێراقی لەدەستداوە وێڕای لەدەستدانی 16-20%ی خاكی سووریا.
3. رزگاركردنی ناوچەی گەیارە دابەشككردنی ئەو ناوچەیەی كەوتبووە ژێر دەسەڵاتی داعشی كردە دوو ناوچە( ناوچەی حەویجە و باشووری مەخموور و رەشادی رۆژهەڵاتی رووباری دیجلە) و ( ناوچەی رۆژئاوای رووباری دیجلە – شاری موسڵ) بەمەش بووە هۆی دابڕانی نێوان هێزەكانی داعش لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوای دیجلە.
4. بەیەك بەستنەوەی ناوچەی هاوبەشی نێوان هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی عێراق لە ناوچەی گەیارە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادكردنی چالاكی و هەماهەنگیی سەربازی و ئەمنی و گەمارۆدانی هێزەكانی داعش، بەتایبەتیش لە حەویجە، كە لەو شوێنەدا داعش لەهموو لایەكەوە لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی عێراق بە تەواویی گەمارۆدراوە، لە ئەنجامدا دەبێتە هەنگاوێك بۆ كەمكردنەوەی ئەو رووبەرە خاكەی كەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی داعش و كەمكردنەوەی چالاكییەكانیان، دواجار ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵ لە ئایندەیەكی نزیكدا ئاسان دەكات.
* راوێژكاری وزە لە ئاژانسی پاراستنی كوردستان