عێراق بەنیازە نەوتی کەرکووک هەناردەی ئێران بکات
August 27, 2016
راپۆرتەکان
فەییاز حەسەن نیعمە، جێگری وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند " بڕیارە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هەناردەکردنی نەوت لەڕێی بۆڕی نەوتی کوردستان-جەیهان دانوستاندن بکات".
نیعمە هەروەها رایگەیاند "ئەگەر دانوستاندنەکان لەسەر ئەو پرسە هیچ ئەنجامێکیان نەبێت، ئەوا بیر لە هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەیەکی دیکەوە دەکەنەوە،جا چ لەڕێی ئێرانەوە بێت یان لە رێی وڵاتێکی دیکەوە"، چونکە پێویستیان بە پارەیە.
ئەو لێدوانەی بریکاری وەزیری نەوتی عێراق لە کاتێکدایە رۆژی هەیینی 26-8-2016 سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی شاندی حیزبەکەیدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەبادیی ئامادەیی خۆیی نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا.
عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپێک و، لە 95%ـی داهاتی عێراق پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێ، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت و بەردەوامیی شەڕی داعش، کاریگەری خراپی ئابووریی لەسەر ئەو وڵاتە دروست کردووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات و عێراق هیچ دەسەڵاتێکی لەسەر ئەو نەوتە نییە، بەڵام دەتوانێت رێگر بێت لە هەناردەکردنی رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک، کە لە کاتی دەستبەکاربوونی وەزیری نوێی نەوتی عێراق لەڕێی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان-جەیهان هەناردەی بازاڕەکانی نەوت دەکرێت.
rudaw