توركيا و رووسيا پشت له‌ دۆلار ده‌كه‌ن

توركيا و رووسيا پشت له‌ دۆلار ده‌كه‌ن
توركيا ئاراسته‌ى سياسه‌تى له‌ خۆرئاواوه‌ به‌ره‌و خۆرهه‌ڵات گۆڕى و له‌ نوێترين پێشهاته‌كانى ئه‌و گۆڕانه‌دا، ئه‌نقه‌ره‌ ده‌يه‌وێت له‌گه‌ڵ رووسيا پشت له‌ دۆلار بكات و ليره‌ و رۆبڵ بكا‌ته‌ دراوى مامه‌ڵه‌ى نێوانيان.

سايتى ڤيستى ئابوورى رووسيايى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 12ى ئاب/ ئۆگستى 2016 بڵاويكرده‌وه‌، كه‌ سه‌رۆك كۆمارى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان پێشنيازێكى نوێى بۆ سه‌رۆكى رووسيا ڤلاديمێر پۆتين خستووه‌ته‌ڕوو.

به‌ گوێره‌ى زانيارى ئه‌و سه‌رچاوه‌يه‌، ئه‌ردۆغان پێشنيازى كردووه‌، هه‌ردوو وڵات كار به‌ دراوى خۆيان بكه‌ن و چيديكه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ى نێوانياندا دۆلار به‌كار نه‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ى دراوى هه‌ردوولا له‌ به‌رامبه‌ر دۆلاردا به‌هاى له‌ده‌ست نه‌دات.

به‌هاى ليره‌ى توركيا بووه‌ته‌ جێى بايه‌خى حكومه‌تى ئه‌نقه‌ره‌ و ده‌وڵه‌ت هه‌موو هه‌وڵه‌كانى خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به‌هاى دراوه‌كه‌ى به‌ شێوه‌يه‌كى هاوسه‌نگانه‌ رابگرێت.

به‌ هۆى دابه‌زينى به‌هاى ليره‌ به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار، رێژه‌ى هه‌ڵاوسان له‌ ساڵێكدا به‌ رێژه‌ى %8 زياديكردووه‌.

پێشنيازه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان له‌ كاتێكدايه‌ كه‌ قه‌واره‌ى ئاڵوێرى بازرگانى نێوان رووسيا و توركيا ساڵانه‌ ده‌گاته‌ 30 مليار دۆلار.

رۆژى 9ى ئاب/ ئۆگستى 2016 ئه‌ردۆغان سه‌ردانى سان پترسبۆرگى رووسياى كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌و وڵاته‌ ڤلاديمێر پۆتين كۆبوويه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌ردۆغان داوايكرد، ئه‌ندازه‌ى قه‌واره‌ى ئاڵوێرى بازرگانى نێوانيان له‌ ساڵێكدا بگه‌يه‌ننه‌ 100 مليار دۆلار.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوو سه‌رۆك له‌سه‌ر ئاساييكردنه‌وه‌ى په‌يوه‌ندى و مامه‌ڵه‌ى بازرگانى و ئابوورى نێوانيان به‌ شێوه‌يه‌كى يه‌كجارى رێككه‌وتن.




k24
Top