بۆ پاراستنی بەرهەمی کوردستان داوا لە عێراق كرا رێگەنەدات بەرهەمی پەتاتەی ئێرانی بێتە ناو وڵاتەوە
August 10, 2016
راپۆرتەکان
بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە رێی نووسراوێكی فەرمی كە ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی فیدڕاڵی كردووە، داوای كردووە چی دیكە رێگە نەدەن بە هێنانەژوورەوەی پەتاتە لە ئێرانەوە لە مەرزو خاڵەسنوورییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، هەر وەك لە نووسراوەكەدا هاتووە كە لەمیانی بەدواداچوونی وەزارەتی كشتوكاڵ و سرچاوەكانی هەرێم لە عەلوەكان و بازاڕەكانی ناوخۆ تێبینی كراوە كە پەتاتەی هاوردە لە ئێرانەوە دێتە ناو عێراقەوە لەڕێی خاڵە سنوورییەكان لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی و خراپی كردۆتە سەر نرخی بەرهەمی پەتاتەی خۆماڵیی كوردستان ، لە نووسراوەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە لەبەر بوونی رووبەڕێكی زۆری زەویی هەرێمی كوردستان كە بە پەتاتە چێنراوە و ئەو بەرهەمە لە پێویستیی هەرێم زۆر زیاترە، بۆیە لەپێناو پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و پاڵپشتیكردنی جووتیاران، داوا لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی فیدڕاڵ كراوە هاوردەكردنی پەتاتە لەم قۆناغەی ئێستادا لە ئێرانەوە بە تایبەتیش لە مەرزی(مونزریە)رابگیرێت، دووپاتیش كراوەتەوە كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە پەتاتەی خۆماڵی بە نرخێكی هەرزان بۆ هاووڵاتیانی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور دابین بكات.