جووتیارێک: بە قسە خۆشەکانی وەزیری کشتوکاڵ 160 هەزار دۆلار زەرەرم کردووە
August 9, 2016
راپۆرتەکان
د.نەوزاد محەممەد، مامۆستای زانکۆ لە کۆلیژی کشتوکاڵ لەبارەی دابەزینی نرخی بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆیی رایگەیاند:"ئێمە هۆشیاری نەتەوەییمان نەگەیشتووەتە ئەوەی بەرهەمی خۆمان زیاتر خۆشبووێ و زیاتر بەرهەمە نێوخۆییەکان بکڕین، تاکی ئێمە کاتێک دەچێتە بازاڕ زیاتر دەست بۆ بەرهەمە هاوردەکراوەکان دەبات لە بری بەرهەمە نێوخۆییەکان".
ئەو مامۆستایەی زانکۆ، ئەمە بەهۆکارێک دەزانێت بۆ ئەوەی جووتیاران زەرەرمەند بن و دەڵێت " ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخی بەرهەمە نێوخۆییەکان دەبێت، لە ئەنجامیشدا جووتیارانن کە زەرەرمەند دەبن".
کاروان رەحیم ئیسماعیل، کە یەکێکە لەو جووتیارانەی بەهۆی دابەزینی نرخی بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆیی زەرەرمەند بووە، دەڵێت: "قسە خۆشەکانی وەزیری کشتوکاڵ بوو وای لە جووتیارکرد بەرەو داڕووخان بچێت".
ئەو جووتیارە،گوتی: "لە سەرەتای چاندنی پەتاتە، وەزیری کشتوکاڵ چەند بەڵێنێکی پێداین، بەوەی بەرەهەمەکانمان بەشێوەیەکی باش هەناردە بکرێت، کەچی ئێستا ئەو بەرهەمانە وەکو پێویست هەناردە ناکرێن، لەگەڵ ئەوەش زۆر کێشە هەیە وەزیر دەتوانێت چارەسەری بکات، بەڵام لایەنی دەسەڵاتدار رێگەرە لەبەردەمی، وەزیر ناتوانێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات".
ئەو جووتیارە، گوتیشی: " وەزیری کشتوکاڵ سنوورەکانی پێداناخرێت، پەتاتەی ئێران دێتە عێراقەوە، کە ئەوەش هۆکارە بۆ دابەزینی نرخی پەتاتەو زەرەر گەیاندن بە جووتیاران".
لەبارەی ئەو زیانانەی لە چاندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەریان کەوتووە، ئەو جووتیارە دەڵێت: "ئێمەی جووتیار یەک تۆن پەتاتەمان لە بازرگانەکان بە 1300 دۆلار کڕیوە، بە چاندنەوە لەسەر ئێمە تەکلیفی 2 هەزار دۆلاری کردووە، کەچی ئێستا تۆنێکی 1200 دۆلاری بۆ ئێمە دەکات، واتە هەر جووتیارێک 800 دۆلاری زەرەرە، من 200 تۆنم چاندووە، جووتیار هەیە 250 و هەیە 450 تۆنی چاندووە".
رووداو