هەولێر بە عەنتابەوە دەبەسترێتەوە

هەولێر بە عەنتابەوە دەبەسترێتەوە
دوای دەستپێکردنی گەشتی ئاسمانی لەنێوان هەولێر و ئامەد، لە هەنگاوێکی نوێدا لە رێگەی گەشتێکی ئاسمانییەوە هەولێر بە عەنتابەوە دەبەسترێتەوە و پەرە بە پەیوەندییە بازرگانی و گەشتیارییەکانی نێوان هەردوولا دەدرێت.

شاری عەنتاب، یەکێکە لە شارە بازرگانییە گرنگەکانی باکووری کوردستان. ئەم شارە کە بە کوردی ناوی دیلۆکە، لەساڵی 1921 ناوەكەی لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە كراوەتە غازی عەنتاب.

هەرچەندە بە درێژایی مێژوو زۆرینەی دانیشتووانی ئەم شارە کورد بوون، بەڵام بە تێپەڕینی کات و بە هەوڵی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەنکەرە، رێژەی کوردانی شارەکە راگوازران، ئێستا کوردەکان لە چەند شارۆچکەیەکی شارەکەدا کۆبوونەتەوە.

عەنتاب کە نزیکەی دوو ملیۆن دانیشتوانی هەیە، یەكێكە لە گەورەترین شارە پیشەسازییەكانی توركیا و ژمارەیەکی زۆر کارگە و کۆمپانیای بەرهەمهێنانی تێدایە.

لەم دواییانەدا بەهۆی کرانەوەی زیاتری شارەکە بەڕووی جیهاندا، بووە بە ناوەندێکی بازرگانی و گەشتیاری، بەجۆرێک کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لەرووی بەرهەمهێنان و بازرگانییەوە شارەکانی تورکیای تێپەڕاندووە.

لەم شارەی باکووری کوردستان، چەند ئاسەوارێکی مێژوویی بەناوبانگ و مۆزەخانەی تایبەت هەیە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار رووی تێدەکەن، ژمارەیەک میوانخانە هەن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران کە توانای لەخۆگرتنی زیاد لە 3 هەزار میوانیان هەیە.

لە عەنتاب فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی دروستکراوە کە هاوشێوەی رێگەی وشکانی، لە رێگەی فڕۆکەوانیشەوە، هاوکات لەگەڵ شارە گەورەکانی تورکیا وەک ئیستەنبوڵ و ئەنکەرە، شارەکەی بە تورکیا و جیهانەوە بەستووەتەوە.

رۆژی هەینی 5-8-2016 یەکەم گەشتی ئاسمانی لەنێوان شاری عەنتاب لە باکووری کوردستان و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەمجۆرە بە رێگەیەکی دیکەش، دوو پارچەی کوردستان پێکەوە دەبەسترێنەوە و لە رووی گەشتیاری و بازرگانییەوە، دەرگایەکی دیکە بەرووی بازرگان و گەشتیارانی ئەم دوو پارچەیەی کوردستاندا دەکرێتەوە.




rudaw
Top